د. هیوا مه‌جید
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی زۆر له هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی پرسی ریفراندۆم تیشكی ده‌خه‌نه سه‌ر، بریتییه له‌وه‌ی كه به گوته‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی نییه.
دوور له ململانێ سیاسییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ده‌كرێت یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌م بانگهێشته بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیایی كوردستان كه به‌شێكه له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، واته جیۆگرافیایه‌كی سیاسیی كه هیچ به‌هایه‌ك بۆ دیموكراسی و مافی نه‌ته‌وه‌یی بوونی نییه. ئه‌مه و سه‌ره‌ڕای دابه‌شبوونی كورد له جیۆگرافیای زۆرتر له چوار ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م جیۆگرافیا سیاسییه ده‌بێت زۆر به وریایی بێت. كه‌تالۆنیا یان سكۆتله‌ندا ده‌توانێت بانگه‌شه بۆ ئه‌وه بكات كه ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، چونكه ده‌زانێت له‌لایه‌ن هیچ ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمی و ناوه‌ندییه‌وه ناخرێته ژێر مه‌ترسی و گه‌مارۆدان.
له لایه‌كی تره‌وه زۆر ئه‌م قسه‌یه دووپات ده‌كرێته‌وه كه هیچ وڵاتێك (جیا له ئیسرائیل) تا ئێسته به راشكاوی ده‌رینه‌بڕیوه كه دان به ده‌وڵه‌تی داهاتووی كوردستان ده‌نێت. ئه‌مه‌ش هۆی تایبه‌تی و یاسایی هه‌یه، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی حه‌ز ناكات خاكی وڵاته‌كه‌ی دابه‌ش بێت، جا ده‌سه‌ڵاته‌كه دیموكراسی بێت یان نادیموكراسی. به‌م جیاوازییه‌ی كه ده‌وڵه‌تی دیموكراسی رێگه ده‌دات كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك موماره‌سه‌ی مافی سیاسیی خۆی بكات.
له‌لایه‌كی تره‌وه دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و رێككه‌وتننامه‌ی ڤێستڤالیا له ساڵی ١٦٤٨ و گشت په‌یمانامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تا ده‌گاته جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ماده‌ی دوو بڕگه‌ی چوار و حه‌وت، باس له‌وه كراوه كه هیچ ده‌وڵه‌تێك مافی ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ده‌وڵه‌تانی تری نییه، ئه‌ویش به‌هۆی رێزگرتن له چه‌مكی سه‌روه‌رییه‌وه، ئه‌گه‌رچی به‌هۆی ئه‌و كردارانه‌ی مه‌ترسین له‌سه‌ر ئاسایش و ئاشتی نێوده‌وڵه‌تی و له دوای ١٩٩١ و به سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی ئه‌م چه‌مكه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه.
لێره‌دا پێویست ده‌كات ئاماژه بده‌م به راپۆرتی كۆمیته‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا كه له مانگی دێسه‌مبه‌ری ٢٠١٥ پێشكه‌ش به حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كرد و تیایدا باس له‌وه ده‌كرێت كه ئه‌گه‌ری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان له باكوری عێراق له ئارادایه. راپۆرته‌كه حكوومه‌ته‌كه‌ی راده‌سپێرێت كه نه دژایه‌تی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم بكات و نه له دژی بووه‌ستێته‌وه، به‌ڵكو خۆی ئاماده بكات كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌واره نوێیه‌دا بكات ئه‌گه‌ر دامه‌زرا.
هه‌روه‌ها له (تقریر مجموعه مستقبل العراق) به سه‌رپه‌رشتی رایان كرۆكه‌ر باڵوێزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له عێراق كه له مانگی ئایاری ٢٠١٧ بڵاو كرایه‌وه، هاتووه كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ده‌وڵه‌تی كوردستان دابمه‌زرێت، بۆیه له‌سه‌ر حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا پێویسته هیچ هه‌نگاوێك بۆ پشتیوانی یان دژایه‌تیكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان نه‌گرێته به‌ر.
زیاد له‌مه‌ش ئیداره‌ی ترامپ له راپۆرتێكدا كه مانگی نیسانی ئه‌مساڵ بڵاو بووه‌وه، باس له پره‌نسیپی (order before border) له سیاسه‌تی نوێ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، به‌و مانایه‌ی كه بۆ ئه‌وان پاراستنی سه‌قامگیری زۆر گرنگتره له پاراستنی سنووره‌كان.