لەبری پێداهەڵگوتن بە قاسم سلێمانیدا یادێك لە قازی و بارزانی و شێخ بكەنەوە

AM:09:19:07/01/2022 ‌
لەو ڕۆژانەی ڕابردوو كە دووەم ساڵوەگەڕی كوشتنی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو، خەڵكێكی زۆر لە ناوخۆی كوردستان كە خۆیان لە خەڵكانی بەناو ڕۆشنبیر و دەستەبژێر و ژمارەیەك بەرپرسدا دەبینیەوە، كەوتنە «پیاهەڵدان» بە ئاغای سلێمانیدا، هەر ئەمانە ئاڵای كوردستان بە پیرۆز نازانن و لە ساڵوەگەڕی ئەو سەركردە كوردانەیشی كە هەموو تەمەنی خۆیان لەسەر ئەو خاك و نیشتمانە بەخشی، بێدەنگن.

هەمووان باش "قاسم سلێمانی" دەناسین، ئەو فەرماندەیەكی باڵا و بەهێزی ئێران بوو، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە بە گشتیی، ئیشی ئەو ڕاكێشانی سۆزی ئەو حزب و گرووپ و ڕێكخراوانە بوو كە لەگەڵ عەقڵیەتی ئەودا یەكیان دەگرتەوە، سولەیمانی بەهۆی فكری «توندڕەو»ی شیعی و دژایەتی گەلانی سەربەخۆیخوازی ناوچەكە، بەرپرس بوو لە كوشتنی هەزاران كەس هەر لە شەڕی ئێران-عێراقـەوە تا ئەو ساتەی كوژرا، پیلانی مەترسیداری تریشی لە هەگبەدا بوو.

لە كوردستان خكەیفی بەو كەسانە نەدەهات كە بەڕاستی كوردن، سەربەخۆخوازن، مل نادەن بۆ داواكارییەكانی و خۆناچەمێنن بۆ ئەو.
ئەو لەگەڵ ئەو تاقمەی كە سەربە خۆی بوون، سەرپەرشتیاری داگیركردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بوو، تەنانەت خۆیشی ئەوەی نەشاردووەتەوە كە دژی بوونی قەوارەی هەرێمی كوردستانە، كەچی كۆمەڵێك خەڵك كەوتوونەتە پییاهەڵدانی و بە "كۆتری ئاشتی" ناوی دەبەن. پێمان ناڵێن كامە ئاشتی؟ كام ئارامی؟ ئەو ئارامییەی هەر دەوڵەتێك لەژێر هەژموونی ئێراندا بووبێت تەفروتونا بووە؟ تێناگەین ئەمانە ئەم «ماستاوە» بۆ كێ دەكەن؟ خۆ سلێمانی خۆی نەماوە تا ئیشتان پێی هەبێت، یان ئێوە بڕیارتان داوە لە هەر كوێ نەیارێك هەبوو، خزمەتی بكەن؟

كورد دەیان سەركردە و سیمبولی وەك "قازی محەمەد، بارزانی نەمر، و شێخ مەحموودی تەنیا لە سەتەی رابردوودا هەیە كە مێژوویەكی نزیكە، بۆ ساڵانە هۆڵێك تەرخان ناكەن بۆ یادكردنەوەی ئەم سیمبولانەی نەتەوەكەمان؟ لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی ژیانیانەوە بكەن، یان ئێوە هەر فێرن خۆتان بە كەم بزانن و بێگانە بە گەورە ببینن. 

لەو وڵاتەنانەی جەنگیان زۆر تێدا بووە یاخۆ شۆڕشیان تێدا كراوە، توێژی ڕۆشنبیر و تێگەیشتووی كۆمەڵگەكە، كار لەسەر ئەوە دەكەن چۆن گەنجەكانیان و نەوەی داهاتوو لەوە بگەیەنن كە لە ڕابردوودا چۆن وڵاتەكەیان دژی داگیركەر وەستاوەتەوە، بە نموونە لە (ڕووسیا) باسی جەنگی ستالینگراند و بەرگریی ڕووسەكان دەكرێت، لە كوبا و ئەرجەنتین باسی ئازایەتی گیڤارا دەكرێت تەنیا لە كوردستان لەبری باسی شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی سمكۆ و ئازایەتی لەیلا قاسم و تێكۆشانی پێشمەرگە، وەسفی خومەینی و ئەردۆگان و دوژمنەكانی ڕابردوو و ئێستە دەكرێت.

بەڵام راستییەكەی پێویستە ئەم عەقڵیەتە بگۆڕێت، دەبێت هەمەلایەنە بەگژ ئەوانەدا بچینەوە كە شەووڕۆژیان خستووەتە سەر یەك بۆ دژایەتی ئەم خاك و نیشتمانە و هەر ڕۆژەو لە زەلكاوێكدا ئاو لە جۆگەی جاشایەتیدا دەخۆنەوە.