فه‌رهاد سه‌نگاوی به نموونه..
(تحزب) یان حزبایه‌تی وه‌ك جۆره ئیشكردنێك له پانتای سیاسه‌ت و ئاراسته‌كردنی هێزدا، خۆی له بنه‌مادا یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سیستمی دیموكراسییه، واته فره‌حزبی و كێبه‌ركێی ئازاد و گوتاری جیاوازی سیاسی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه، خۆی پێشانده‌ری جۆره كه‌شێكی دیموكراسییانه‌یه كه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات پێوه‌ندی نێوان خه‌ڵك و حكوومه‌ت، له ئاستێكی نزیك و دیالۆگئاسا و فه‌زایه‌كی ڕه‌خنه‌ئامێزدا بێت و خه‌ڵك به هه‌ڵبژاردن به‌شدار بێت له به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه، له‌ڕێی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی پێ،ڕه‌و و پرۆگرام و پلانی حزبێكی دیاریكراو ئامانج و خه‌ونی ئایدۆلۆجیی خۆی جێبه‌جێ بكات.
ئه‌گه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا پێوه‌ندیی خه‌ڵك و حزب ئاراسته‌یه‌كی نادیموكراتییانه وه‌ربگرێت، ئه‌وا خه‌ڵك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به هێزی ده‌نگ و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ر شه‌قام و جه‌ماوه‌ر، پاڵه‌په‌ستۆ بخاته سه‌ر ئه‌و حزبه تا پابه‌ند بێت به‌و به‌ڵێنانه‌ی كه داویه‌تی. لێره‌دا لادان و چهوتكاریی حزب به‌شێكی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی خه‌ڵك، لانیكه‌م له‌و ڕووه‌وه كه ئه‌م حزبه له ناو هه‌مان خه‌ڵك و هه‌مان زه‌وینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مێژوویی‌دا ڕسكاوه و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه و به‌شداری حكوومه‌ته. راستییه‌كه‌ی ده‌بێ حزب له هه‌ڵوێستی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژاردنیان بترسێت نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه.
مێژووی حزبایه‌تی له كوردستاندا قۆناغی زۆر و جیاواز و سه‌یری بڕیوه كه هه‌م برینی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه و خه‌ڵك و نیشتمانماندا هێشتووه‌ته‌وه، هه‌میش مسۆگه‌ركه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كوردییه‌یه كه ئێسته له باشوور به پایته‌ختیی هه‌ولێر، بووه‌ته ڕووگه‌ی هه‌موو كوردانی نیشتماندۆستی دنیا. حاشا له‌وه ناكرێت كه حزبایه‌تی سه‌ره‌ڕای هه‌موو قوربانیدان و گیانبه‌ختكردنی تاكه‌كانی كوردستان له قه‌واره‌ی حزبدا بۆ ئازادی كوردستان، مێژوویه‌كی ڕه‌شی له شه‌ڕی ناوخۆش تۆمار كردووه، هه‌موومان له هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له دادگای مێژووی وشه خوێناوییهكانیدا به‌رپرس و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ین، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه وانه و ئه‌زموونی مێژوویی ئێمه‌ن تا هیچ كات و به هیچ شێوه‌یه‌ك و له هیچ ئاست و پێگه‌یه‌كدا تۆوی هه‌ڵخڕانی شه‌ڕی ناوخۆ و لێدان له كورد ته‌نانه‌ت به خه‌یاڵیشماندا نه‌هێنین.
ئه‌گه‌ر به وردی و بابهتییانهش سه‌رنجی ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ بده‌ین، ده‌بینین كه هه‌ڵگیرسانی ئه‌م شه‌ڕه هێنده لایه‌نی خێڵه‌كی هه‌بووه و كێشه‌ی نێوان چه‌ند كه‌سێكی ئاسایی بووه، ئه‌وه‌نده جیاوازی قووڵ له نێوان حزبه‌كانی باشوور و تێڕوانینی ئه‌وان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان و پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی نه‌بووه. سه‌ركردایه‌تی كوردی له باشووردا له زۆربه‌ی قۆناغه سه‌خت و دژواره جیاوازه‌كان و له ساته‌وه‌ختی پێكدادانی ناوخۆییدا، به‌رده‌وام دووپاتی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و دووربوون له شه‌ڕی براكوژی كردووه. نموونه‌ی هه‌ره دره‌وشاوه‌ی ئه‌م گوتاره، وته‌یه‌كی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانییه كه شه‌ڕی براكوژی به هێڵی سوور ناو ده‌بات.
دوای ساڵانێك كه به‌سه‌ر ئه‌زموونی حزبایه‌تی و سیاسه‌تكردن و ده‌ركه‌وتنی كورد وه‌ك هێزێكی ناوچه‌یی و كاریگه‌ر، هه‌ندێ لایه‌نی دیاریكراو به زیندووكردنه‌وه‌ی خیتابی توندئاژۆی حزبی، بیروه‌رییه ناخۆشه‌كانی سه‌رده‌می خۆكوژی و شه‌ڕی ناوخۆمان به‌یاد دێننه‌وه، ئه‌م خیتابانه بێگومان له پانتای واقیعدا هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت، چونكه هه‌م سه‌ركردایه‌تی و مه‌رجه‌عی سیاسیی له هه‌ولێر و هه‌م حكوومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌م خه‌ڵكیش ئه‌مه‌یان پێ قووت ناچێت، راستییه‌كه‌ی خیتابێكی مردوو و نه‌زۆكه، به‌ڵام هه‌ندێ كارئه‌كته‌ر كه ڕووخسار و سیمایه‌كی سیاسی‌یان بۆ خۆیان پێناسه كردووه و له ناو و ناوبانگێك كه له سه‌رده‌می شۆڕش و خه‌بات و خوێندا بۆ خۆیان كۆیان كردووه‌ته‌وه، به ئاراسته‌یه‌كی دزێو و نه‌زۆكی وادا خیتابه‌كانیان ئاراسته ده‌كه‌ن، وه‌ك بڵیی هێشتا له‌سه‌ر شاخن و له‌باره‌ی حكوومه‌تێكی ئه‌نفالچی و كوردكوژی وه‌ك به‌عس قسه ده‌كه‌ن! ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی نالۆجیكیبوون و سه‌رلێشێواوی گوتارێكی به‌رته‌سكی تاكه‌كه‌سییه، به‌ڵام لانیكه‌م هه‌لێكی میدیاییان بۆ ڕه‌خساوه كه خراپ كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرن! فه‌رهاد سه‌نگاوی نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌م تراجیدییهیه.
فه‌رهاد سه‌نگاوی له سه‌رده‌می شاخدا وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك و بێژه‌رێكی ڕادیۆی كوردی له دروستكردنی جۆش و خرۆش و حه‌ماسه‌تی كوردانه‌دا - هه‌ڵبه‌ت به پلان و سیاسه‌تداڕێژیی میدیایی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش - ڕۆڵێكی دیار و مێژوویی گێڕا. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له ده‌نگه‌كانی وه‌ك زایه‌ڵه‌یه‌كی به‌رزی كوردانه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان گوێی لی ده‌گیرا و ستایشیش ده‌كرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه جووڵانه‌وه‌ی ده‌ڵه‌مه و ناشاره‌زایانه‌ی له پانتای كایه‌ی سیاسیی هه‌رێمدا له "بێژه‌رێكی سه‌رده‌می شاخ"ه‌وه كردوویه‌تی به خۆراكی هه‌ندێ میدیای سێبه‌ر و ناسێبهر بۆ خیتابدان دژی پارتی دیموكراتی كوردستان!.
فه‌رهاد سه‌نگاوی له سه‌روبه‌ندی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستاندا ئه‌م جووڵه پاشڤهچوونانه و به‌ره‌ودوا ڕۆیشتنه‌ی ده‌ست پێ كرد، له كاتێكدا كه چووه ڕیزی كه‌مپینی "نه‌خێر بۆ ڕیفراندۆمه‌وه". هه‌ر ئه‌وكات یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك حزبی خۆی بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی دا و به‌م شێوه‌یه هه‌ڵوێستی له ئاستی كرده‌وه‌ی سه‌نگاویدا پێشان دا. خودی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتیش به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ مێژوو كه چۆن پاڵپشتی ڕیفراندۆم بووه و دواتر و له هه‌ر كوێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان كه‌وته مه‌ترسییه‌وه، بێده‌نگیی لێده‌كه‌ن – لانیكه‌م باڵێكی بچووكی- و خۆیان ناكه‌ن به خاوه‌نی ئه‌و بڕیاره مێژووییه و ئه‌و ئه‌كته سیاسییه بێوێنه‌یه، بۆیه تا ئێسته‌ش ئه‌م سه‌روه‌رییه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ پشكی پارتییه و شانازییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ هه‌موو كوردێك له سه‌رانسه‌ری دنیادا. بۆ مێژوو با ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له سه‌روبه‌ندی ڕیفراندم و گشت‌پرسیی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان لێره‌دا بهێنمه‌وه:
بڕیارنامه
مافی چاره‌نووس و ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ستراتیجی نه‌گۆڕی یه‌كێتی بوون و هه‌ن. بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی نه‌خشه‌ڕێی یه‌كێتی؛ ڕێككه‌وتنامه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان و..تاد، هه‌موویان دووپات له‌م ستراتیجه‌ی مافی چاره‌نووس و ڕیفراندۆم ده‌كه‌نه‌وه. بۆیه لادان و بادان له‌م بڕیاره، به‌پێی پێڕه‌وی ناوخۆ، توندترین سزای حزبی له‌سه‌ره.
له‌م ڕۆژانه‌دا بێژه‌رێكی سه‌رده‌می شاخ، به‌ناوی (فه‌رهاد سه‌نگاوی) كه به هۆی لیستی یه‌كێتییه‌وه كاندید كراوه بۆ په‌رله‌مان، له شارۆكه‌ی سه‌نگاوی كوردپه‌روه‌ری خۆیدا، سه‌ره‌ڕای سیاسه‌تی لیستبازی و گوتارسازی، ته‌نیا و ته‌نیا 23 ده‌نگی هێناوه، باقی ده‌نگه‌كانی له كوردستاندا یه‌كێتی بۆی دابین كردووه؛ ئه‌م زاته له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه به‌رده‌وام ده‌ڵێت: "باشترین هه‌ل بۆ كورد هه‌ڵكه‌وتووه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان نا‌وێرن بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن".
ئه‌م سیاسه‌ته‌ش سه‌راپا دژی بیروباوه‌ڕی یه‌كێتی و پرۆگرامهكهیهتی
كه‌چی كاتێك سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم ده‌دات، ده‌چێته ڕیزی كه‌مپینی (نه‌خێر له ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم) ئه‌م سیاسه‌ته‌ش سه‌راپا دژی بیروباوه‌ڕی یه‌كێتی و پرۆگرامهكهیهتی، بۆیه مه‌كته‌بی سیاسی له كۆبوونه‌وه‌ی ئێواره‌ی 9/8 /2017دا بڕیاری داوه له ڕیزی یه‌كێتی وه‌ده‌ری بنێت، كه په‌رله‌مانی كوردستانیش ئاسایی كرایه‌وه، په‌یگیری ده‌كرێت پشتبهندی په‌رله‌مانی لێ بسێنرێته‌وه، هه‌رچیش به‌هۆی یه‌كێتییه‌وه ده‌ستی كه‌وتبێت، له‌ڕیی یاسایه‌وه هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی بۆ یه‌كێتی ده‌درێت.
ڕاگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
ئه‌م ڕاگه‌یه‌نراوه‌ی یه‌كێتی جیاواز له‌وه‌ی كه به‌رچاوڕوونییه‌ك له شێوازی ئیش و چالاكیی ئه‌و كه‌سایه‌تییه له پانتای سیاسی، وه‌ك گوتارسازی و لیستسازی ده‌خاته ڕوو، وه‌ك بێژه‌رێكی سه‌رده‌می شاخیش ناوی ده‌بات، ره‌نگه خۆی ئه‌و پێناسه‌یه‌ی به‌لاوه زۆر ناخۆش بێت و وه‌ك سووكایه‌تی و بێڕێزی بینیبێتی، به‌ڵام ڕاستییه‌ك له‌و قسه‌یه‌دا هه‌یه كه ئه‌گه‌ر سه‌رلێشیواوی و گوتاره ڕقئامێز و توندئاژۆكانی ئه‌و زاته نه‌بوایه، ده‌یتوانی پله و پێگه‌ی بێژه‌ر و شاخ به‌هۆی سه‌نگاوییه‌وه نزم پێشان نه‌درێت، بێژهربوون له سه‌رده‌می شاخدا یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانی ڕاگه‌یاندنی شۆڕش بووه، خیتاب و گوتاری كوردایه‌تیی به حه‌ماسه‌ته‌وه بڵاو كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و پله و پێگه‌یه ئێسته له ناو هاوكێشه‌یه‌كی تردا ده‌بێ مانا بكرێته‌وه، سه‌رده‌می شاخ ئێمه له‌گه‌ڵ به‌عس و كرده‌وه قێزه‌ون و كوردقڕانهكانی به‌ره‌وڕوو بووین، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێسته‌دا جیاواز له‌وه‌ی كه به‌عس وه‌ك سیستم و ده‌سه‌ڵات ڕووخاوه و گۆڕبه‌گۆڕ بووه، قۆناغی ئیداره‌ی سیاسیی هه‌رێم و گوتاری سیاسی و كایه‌ی سیاسی زیاتر له 30 ساڵه ئیش ده‌كات و تۆ ناتوانی هه‌مان خیتاب و پێگه بۆ خۆت قایل بیت، باشترین ئه‌نجامێك كه له وه‌ها دۆخێك‌دا ده‌شیت بگیرێت، ئه‌مه‌یه كه ئه‌م كه‌سایه‌تییه له ساتێكی به‌سه‌رچوو و نۆستالۆجیك و بیره‌وه‌رییانه‌دا ده‌ژی، ئه‌مه به‌و مانایه نییه خه‌ون و خولیاكانی سه‌رده‌می شاخ ئێسته‌ش ئاماده نین، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه كه‌ش و دۆخێكی سیاسی ئاماده‌یه كه تۆ پێویستت به گۆڕانی ته‌كنیكی و فۆرمی ده‌ربڕین و كایه‌كردن هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌ی خۆته‌وه دوور بخرێیته‌وه و بێی به خیتابێكی حهماسهتئامێزهوه دژی ئه‌م حزب و ئه‌و حزب قسه بكه‌ی و بقیڕێنی و هاوار بكه‌ی و وابزانی له شاخ دانیشتووی و بته‌وێ به‌و شێوه‌یه متمانه‌ی حزبه‌كه‌ی خۆت وه‌رگریته‌وه.
ئه‌م هه‌ڵوێسته و كرده‌وه میدیاییانه‌ی فه‌رهاد سه‌نگاوی جگه له كاڵكردنه‌وه و كوشتنی ئه‌و ده‌نگه حهماسهتئامیزه كوردپه‌روه‌ره‌ی سه‌رده‌می شاخ، ده‌رخه‌ری كه‌شێكی دۆنكیشۆتی و ماوه‌به‌سه‌رچووه له كه‌سایه‌تیی ئه‌ودا كه جگه له هه‌ڵخڕاندنی هه‌ستێكی كاتی بۆ خۆی و نۆستالوجیا و هه‌ندێ به‌رده‌نگی كه‌م، نه خزمه‌تی یه‌كێتی و حزبه‌كانی تر ده‌كات و نه هیچ زیانێكیش ده‌توانێ بگه‌یه‌نێته پارتی! ئه‌و له ڕابردوویه‌كی خه‌یاڵی و وه‌همیدا ده‌ژی، ڕابردوویه‌ك كه نه‌یتوانیوه درێژی بكاته‌وه بۆ زه‌مه‌نی ئێسته و خه‌ونه‌كانی داهاتوو! ڕابردوویه‌كی تاكه‌كه‌سی نه‌ك ڕابردوویه‌كی كۆ و ده‌سته‌جه‌معی! ئه‌م تێكهوتنهی فه‌رهاد سه‌نگاوی و خیتابدانی حه‌ماسه‌تئامێزی نۆستالوجیك ده‌رخه‌ری دژوازییه‌كی ترسناكه له چالاكی حزبیدا كه جگه له پووكاندنی كه‌سایه‌تی و بهدۆنكیشۆتبوونی كارئه‌كته‌رێك كه سه‌رده‌مێك وه‌ك هه‌ر تاكێكی ئه‌م وڵاته سه‌ر به شاخ بووه، هیچتر نییه و ئه‌وه‌نده مایه‌ی خه‌م و حوزنه، قه‌ت مایه‌ی تێڕامان و سه‌رنج نییه! ئه‌م جۆره كارئهكتهرانه له ناو بازنه‌یه‌كی یاده‌وه‌ریدا گیریان خواردووه‌ته‌وه و قه‌تیس بوونه كه وه‌همی سهرپشكبوونی ڕه‌وت و پێشه‌نگبوونی جووڵه‌یه‌ك، وا چاویانی نابینا كردووه كه نازانن له‌سه‌ر شانۆ و شاشه چ لیبۆكێكیان لێ ده‌رچووه! بریا بۆ ئه‌م جۆره كهسیاتییانه كه سه‌رده‌مێك سه‌ربه شۆڕش بوون، وێستگه‌یه‌ك له بێده‌نگبوون و خانه‌نشینبوون هه‌بوایه و به لۆجیكی وه‌ریان بگرتایه و تۆزێك بحاوانایهتهوه!