ئیبراهیم شێخ محه‌مه‌د
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له مێژوو بده‌ینه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ره‌تاى دروستبوونى ده‌وڵه‌ت، یه‌كه‌م جار به "ده‌وڵه‌ته‌شار" ده‌ستى پێ كردووه و دواتر قۆناغبهندى فۆڕمى ده‌وڵه‌تیان تێپه‌ڕاندووه تا ده‌گاته ده‌وڵه‌تى پۆست مۆدێرن، هه‌موو شتێك له گه‌ردووندا ده‌رئه‌نجامى بوون (وجود)ى قۆناغه مێژوویییهكانه، تێكه‌ڵبوونى مرۆڤ به كۆمه‌ڵگه و په‌یدابوونى هێز و ده‌وڵه‌تیش به‌شێكى گرنگه له چوارچێوه‌ى ڕێسا و مۆڕاڵه و فه‌لسه‌فییه‌كاندا.
ده‌وڵه‌ت ئاستێكى باڵاى به‌ڕێوه‌بردنه، ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ى (گرێبه‌ستى كۆمه‌ڵایه‌تى) شی بكه‌ینه‌وه ده‌وڵه‌ت دۆخێكه بۆ نه‌هێشتنى ترس، كه‌واته ترس ئاماده‌یه له هه‌موو كاتێك. هیگڵ ده‌ڵێت: هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تى نه‌بێت له ده‌ره‌وه‌ى مێژوودایه. لاى هیگڵ كۆمه‌ڵگه‌ى بێ ده‌وڵه‌ت وه‌ك ڕۆحى بێ جه‌سته وایه. ده‌كرێت گه‌لێكى چه‌ند ملیۆنى له ده‌ره‌وه‌ى مێژهودا بێت؟ ترس له دۆخى بێ ده‌وڵه‌تى زۆر ترسناكه، كاتێك له دۆخى بێ ده‌وڵه‌تى ڕا ده‌كه‌ى ده‌چیته ترسێكى تره‌وه، به هه‌بوونى ده‌وڵه‌ت هه‌موو هێزه‌كان ملكه‌چى سازان و یه‌كخستن ده‌بن، ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌ڵات و پێوه‌ندى نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك ڕێك ده‌خات و هیچ هێزێك له هێزى ده‌وڵه‌ت به‌هێزتر نابێت.
"تۆماس هۆبز" ده‌ڵێ كه ده‌وڵه‌تمان هه‌بوو ترس و به‌ها مۆڕاڵییه‌كان پارێزراو ده‌بن، كێشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى سیسته‌ماتیك ڕێ ده‌گرن، ده‌وڵه‌ت بۆ ڕزگاربوونه له دۆخى سروشتى كه هۆبز وێناى ده‌كات به جه‌نگى گشتى دژى به‌هه‌مووان، نه‌ته‌وه‌ى بێ ده‌وڵه‌ت جه‌سته‌یه‌كى بێ سه‌ره تا كۆمه‌ڵگه له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تدا ڕێك نه‌خرێت ئاینده‌ى نابێت، ده‌وڵه‌ت شوناس به تاكه‌كانى ده‌به‌خشێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه هێزێكى واتایی گه‌وره‌یه.
ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به كورده‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌یه له دواى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م، هاوپه‌یمانانى براوه‌ى جه‌نگ ناوچه‌كانیان له نێوان خۆیاندا دابه‌ش كرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا باشوورى كوردستان به‌بێ ڕه‌زامه‌ندى خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌عێراقى عه‌ره‌بییه‌وه لكێنرا، ددان به مافه سیاسى و نهتهوهیییهكانیدا نه‌نرا، له‌وكاته‌وه له سایه‌ى ڕژێمه یه‌ك دوای یه‌كه‌كانى عێراق، گه‌لى كورد له خه‌بات و تێكۆشاندا بووه، بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه زه‌وتكراوه‌كانى، هه‌موو شێوازه‌كانى خه‌باتى تاقى كردووه‌ته‌وه له‌و پێناوه‌شدا هه‌زاران قوربانى داوه، كورد هه‌ر له دێرینه‌وه ئامانجی به‌سه‌ربه‌خۆیی بووه، تا ئێسته نه‌یتوانیوه وه‌ك خۆى گوزارشتى لێ بكات یا میكانیزمى گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیى له زه‌وینه‌ى پڕاكتیكدا دیارى بكات.
ئێمه‌ى كورد ساڵه‌هایه ئامانجه‌كانمان زینده به‌چاڵ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هاوارێكیش بۆ سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ین، هه‌ر جاره و به‌جۆرێك ده‌نگمان ده‌تاسێنن، ئێسته ده‌نگى سه‌ربه‌خۆیی له شه‌قامى كوردى به‌رز بووه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێت ببێته هاوارێك گوێى زلهێزه‌كانى دنیاى كه‌ڕ بكات، پێم وایه كورد كارتى ده‌ستى به هێزه‌و ده‌بێت بیر له سه‌ربه‌خۆیی بكاته‌وه و بیخاته به‌رنامه‌ى كاریه‌وه، هێنده باسى پێكه‌وه‌ژیانمان كرد وه‌ك كوردێك گومان ده‌كه‌م له‌و كه‌سانه‌ى له عێراقدا پێكه‌وه ده‌ژین یان ده‌چنه كۆنگره‌كانه‌وه و باسى پێكه‌وه‌ژیان ده‌كه‌ن، ڕاستییه‌كه‌ی ناتوانن له‌گه‌ڵ خۆیان بژین نه‌ك له‌گه‌ڵ دهوروبهرهكهیاندا، ئیتر ئێمه‌ى كورد بزانین بهرامبهرێكمان هه‌یه كێشه‌ى له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌یه چاوه‌ڕوانى چى لێ بكه‌ین؟
ئێسته باس له دروستبوونى ده‌وڵه‌ت و مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كرێت، نه‌یارانى كورد كۆمه‌ڵێك گریمانه‌ى بێ بنه‌ما دێننه‌وه گوایه كورد ده‌یه‌وێت له عێراق جیا ببێته‌وه و پارچه پارچه‌ى بكات، ئه‌مه‌ش به پلانێكى ده‌ره‌كى، ناوى ده‌نێن ئیسڕائیلى دووه‌م، له كاتێكدا ئه‌مه خواسته و داوا ده‌كات، چیتر ژێرده‌ستى سیسته‌مێكى هاوشێوه‌ى سه‌دام نه‌بێت و بچه‌وسێنرێته‌وه و ببێته هاووڵاتى پله دوو، هه‌روه‌ها نایه‌وێت ببێت به قوربانى سیاسه‌ته‌كانى شیعه و سیاسه‌تى ئه‌و ڕژێمهى دێته سه‌ركار له عێراقدا، باشتر وایه ئێمه جیاخواز بین و شه‌رم له كه‌س نه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش ماناى دابه‌شكردنى خاكى عێراق نییه، به‌ڵكو ماناى وه‌رگرتنه‌وه‌ى خاكى كوردانه له داگیركه‌ران.
ئه‌گه‌ر هه‌ر پرسێكى سیاسى وابه‌سته‌ى چاره‌نووسى كورد بوو، باشتر وایه به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بێت بیر له ریفراندۆمی خه‌ڵكى كوردستان بكه‌نه‌وه تا بزانن ئێمه‌ى شه‌قامى كوردى چیمان ده‌وێت، ئێسته له ناوه‌نده سیاسى و ئه‌كادیمییه‌كان و ته‌نانه‌ت شه‌قامى كوردیش، ده‌نگى سه‌ربه‌خۆیی به‌رز بووه‌ته‌وه. كاتێك كورد ده‌وڵه‌تى كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێت، دڵنیام بێكێشه نابێت، به‌ڵام هێنده‌ى ده‌وڵه‌تى جوو ناڕه‌حه‌ت نابێت كه له ساڵى (1948) جوو له‌ناو كۆشك و ڤێلاكانهوه له ئه‌وروپاوه گه‌ڕانه‌وه ژێر خێوهتهكانى ئه‌لئه‌بیب، سه‌رئه‌نجام ئه‌و مافه‌ى سه‌رده‌مانێكى دوور و درێژ لێیان زه‌وت كرابوو له ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل به‌ده‌ستیان هێنایه‌وه، سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زایى سه‌رجه‌م وڵاتانى عه‌ره‌بى و چه‌ندان كێشه‌ى تر، یان لانى كه‌م چاوه‌ڕوانى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌ر هێنده‌ى سه‌ربه‌خۆیی ئهریتریایهكى كیشوه‌رى ڕه‌شى بێ نه‌وت و كه‌مده‌رامه‌ت و پڕ كێشه‌ى هه‌ژارى و نه‌خۆشى ده‌بێت كه ئێسته ئه‌ندامى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه، هه‌ر هێنده‌ى ته‌یموورى خۆرهه‌ڵات ئهستهمهكه (شانانا گۆسماو) هه‌موو دنیاى گه‌یانده ئه‌و بڕوایه‌ى كه ده‌بێت ته‌یموورى خۆرهه‌ڵات ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى هه‌بێت.
لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئهنجامگیرییهى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى باس كران له خۆوه ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیییان به‌ده‌ست نه‌هێناوه، هه‌ڕه‌شه‌ى زۆریان له‌سه‌ر بووه، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تى سیاسى و ئیراده‌ى جه‌ماوه‌ر و جه‌وروسته‌مى ڕۆژگار و فاكته‌ره ناوخۆی و ده‌ره‌كییه‌كان ڕۆڵى گرنگیان هه‌بووه، ده‌وڵه‌ت ئاستێكى باڵاى به‌ڕێوه‌بردنه كاتێك گه‌لێك خۆى له ژێرده‌سته‌یى ڕا بێنێت، ئه‌وا ئازادى بۆ ئه‌وان هیچ به‌هایه‌كى نییه، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى كه دروست ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى هاوبه‌شه و ده‌بێت ئامانجێكى هاوبه‌شیش بێت، ده‌بێت ده‌وڵه‌ت ئه‌و گرێبه‌سته بێت هه‌مو هاووڵاتییان تیایدا یه‌كسان بن.
له پێناو ده‌وڵه‌تى كوردستاندا، ده‌بێت هه‌موو پێكه‌وه كار بكه‌ین و هه‌مووانیش بڕیارى له‌سه‌ر بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌سێك مافى ئه‌وه‌ى نه‌بێت داوا له كه‌سێكى تر بكات خۆى ئه‌نجامى نه‌داوه، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى كورد ئه‌كته‌رێكى به‌هێزه كورد له به‌رده‌م ده‌رفه‌تێكى ڕاگوزه‌ر و مێژوویدایه، مێژوویی به‌و مانایه‌ى ئه‌و جۆره سه‌رده‌مه قورسه دووباره ببێته‌وه، ڕاگوزهریشه چونكه ده‌وڵه‌تانى هه‌رێمى و ئه‌و ناكۆكییه‌ى له ناوچه‌كه هه‌یه وه‌ك ئه‌مڕۆ دووباره نابێته‌وه، عه‌قڵى سیاسیی كورد نابێت خۆى له‌و ده‌رفه‌ته دووره‌په‌رێز بگرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌مووان له پێناو هه‌مووان هه‌وڵ بۆ فهراههمكردنى خواسته‌كانمان بده‌ین.
كورد سه‌ركردایه‌تى هه‌یه و گه‌لیش ئیراده‌ى به‌هێزه و خاوه‌نى پایه‌كانى ده‌وڵه‌ته و فاكته‌رى سیاسى و ده‌ره‌كى هاوسۆزییه‌كى گه‌وره‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ كورددا، به‌ڵام باشترین فاكته‌ر ئه‌و فاكته‌ره‌یه كه ئێسته عێراق خوڵقاندوویه‌تى.