ئیبراهیم لۆته‌ری
پێش باس
گۆڕانكارییه جیۆگرافییه‌كانی سه‌ده‌ی 21ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له كوردستانه‌وه بڵێسه‌یان هه‌ڵده‌ستێت، هه‌رێمی كوردستان وا بڕیاره له 25ی ئه‌م مانگه ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدات، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و 15 حزبی سیاسی بڕیاری ژماره 106ی لێ كه‌وته‌وه له 8/6/2017 كه تیایدا واده‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم دیاری كرا، ئه‌مه‌ش له دوای بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان و داواكردنی ڕیفراندۆم. كورد له ماوه‌ی دوور و درێژی خه‌باتی خۆیدا دروشمی جیاوازی به‌رز كردووه‌ته‌وه له ئۆتۆنۆمی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و فیدڕاڵی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له شه‌قامی كوردی بڵێسه‌ی سه‌ندووه ئاواتی سه‌ربه‌خۆبوونه كه تا ئێسته نه‌یتوانیوه وه‌ك خۆی گوزارشتی لێ بكات.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت بیخه‌ینه به‌رباس، ناڕه‌زایی ئێران و توركیایه له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه و هێرشه‌كانی هه‌ردوو وڵات, كوردستان ڕۆژ به‌ڕۆژ سوورتر ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته باش له‌و ڕاستییه گه‌یشتوون كه له ماوه‌ی داهاتوویه‌كی نزیكدا كورد ده‌بێته خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، بۆیه هه‌وڵی نه‌زۆك ده‌ده‌ن ئه‌و پرسه په‌ك بخه‌ن و كۆسپ بخه‌نه به‌رده‌م ئه‌نجامدانی له ڕێی هه‌ڕه‌شه و هه‌ندێك كه‌سایه‌تی سیاسی، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه چۆن ئێران و توركیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوردستاندا ده‌كه‌ن؟ لێره‌دا گریمانه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه ده‌خه‌ینه به‌رباس.
مه‌ترسی ئێران دوای به‌ده‌وڵه‌تبوون
له ڕوانگه‌ی ئێرانه‌وه ده‌وڵه‌تی كوردستان واته دابه‌شبوون و پارچه‌كردنی عێراق و شكستی سیاسی ئێران له ناوچه‌كه و به‌فیڕۆچوونی ئه‌و هه‌وڵه سیاسی و ئابوورییانه‌ی له عێراق داویه‌تی، چونكه ئێران ئه‌كته‌رێكی سیاسیی عێراقه و هه‌ژموونی ته‌واوی به‌سه‌ردا هه‌یه و خۆی به خاوه‌نی به‌غدای پایته‌خت ده‌زانێت و ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاردانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته هه‌یه.
ئێران هه‌وڵی (ئیحتیوا)كردنی هه‌موو هێزه عێراقییه‌كان ده‌دات له‌ڕێی به‌كارهێنانی ئه‌و ئامرازانه‌ی له‌ژێر ده‌ستیدان بۆ گه‌ره‌نتیكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی و مامه‌ڵه پێكردنیان له هه‌ر سیناریۆ و هاوكێشه‌یه‌كی هه‌رێمی و ناوخۆیی، له‌ڕووی مه‌زه‌ویشه‌وه ئێران به‌شێوه‌یه‌ك سه‌یری ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كات پێی وایه ده‌وڵه‌تێكی سوننی له ناوچه‌كه دروست ده‌بێت، ترس له‌ڕووی ئابوورییه‌وه بریتییه له ده‌ستگه‌یشتنی كورده‌كان به ده‌ریا له‌ڕێی پێكه‌وه گرێدانی باشوور و ڕۆژئاوا، به‌م كاره‌یش گورزێكی سه‌خت به‌ر ژێرخانی ئابووری ئێران ده‌كه‌وێت.
شاراوه نییه كورده‌كان دۆستی ئیسڕائیلن له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یه‌كێك له بنه‌ما فكرییه‌كانی دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامی بریتییه له دروشمی (مه‌رگ بۆ ئیسڕائیل) و له‌و پێناوه‌دا یارمه‌تییه‌كی زۆری گرووپه چه‌كدارییه‌كان ده‌دات. ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر باسی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش، ئه‌و پارچه‌یه گڕوتینێكی نوێی له خه‌باتی سیاسی و سه‌ربازی وه‌رچه‌رخاندووه، سه‌ره‌ڕای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه كوردییه‌كان و ده‌ست پێكردنی چالاكی له قووڵایی خاكه‌كه‌یاندا. ئه‌و مه‌ترسییانه له‌و ڕووه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن ده‌وڵه‌ت له باشوور كاریگه‌ریی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له ڕۆژهه‌ڵاتیش، له ڕوانگه‌ی ئێرانه‌وه ده‌وڵه‌تی كوردستان واته كۆتوبه‌ندكردنی له گه‌مه‌ی سیاسیی ناوچه‌كه و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی هیلالی شیعی.
مه‌ترسی توركیا دوای به‌ده‌وڵه‌تبوون:
مه‌ترسی توركیا له‌و ڕووه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه عێراق له ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه له‌ژێر كۆنتڕۆڵ و هه‌ژموونی شیعه‌دایه به‌ناوچه‌كانی سوننه‌یشه‌وه، ئه‌وه له كاتێكدایه توركیا له نێوان دوو پاڕادۆكسی دژبه‌ردا ده‌ژی سه‌ره‌ڕای خه‌ونی به ڕۆژئاوایبوون ده‌یه‌وێت له ناوجه‌رگه‌ی دنیای ئیسلامی و خه‌لافه‌تێكی عوسمانی زیندوو بكاته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش ئاراسته‌ی سیاسه‌تی له ئه‌وروپاوه ڕووه و دنیای ئیسلامی گۆڕیوه، به له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان ئه‌و خه‌ونه‌ی توركیا زیانی گه‌وره‌ی به‌رده‌كه‌وێت، له هه‌مان كاتدا سه‌ره‌ڕای پێوه‌ندی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و باشوور و باكور، ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بێته چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی كوردان و هه‌وڵ ده‌دات كه‌ركووك نه‌كه‌وێته ژێر هه‌ژموونی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌وه، كار ده‌كات تا كه‌ركووك له‌گه‌ڵ عێراق یا وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بمێنێته‌وه، ئه‌م هه‌وڵه‌ش خۆی له‌و سامانه‌ی كه خۆی له نه‌وت ده‌بینێته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. له ڕووی ستراتیجیشه‌وه ده‌وڵه‌تی كوردستان زیانی ده‌بێت بۆ توركیا و ئه‌و وڵاته سنووردار ده‌كات له گه‌مه‌ی سیاسیی ناوچه‌كه.
توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌كته‌رێكی به‌هێز بێت له ناوچه‌كه به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ڕوو ده‌ده‌ن. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه، توركیای ئێسته توركیایه‌كی ئابووریخوازه نه‌ك شه‌ڕخواز، به‌و مانایه‌ی هه‌وڵی به‌كارهێنانی هێزی نه‌رم (SOFT POWER) ده‌دات و هێزی ڕه‌قی پشتگوێ خستووه، به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ندێك ئاسۆی ستراتیجی به‌ده‌ر له گوتاری نه‌ژادپه‌رستانه و له چوارچێوه‌ی چه‌مكی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شدا كه تیایدا فاكته‌ره ئابوورییه‌كان رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینن، توركیا هه‌رگیز سه‌ركێشی سیاسی ناكات و تاكلایه‌نانه ته‌حه‌كوم به پێوه‌ندییه دوالیزمییه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ كوردستاندا ناكات.
سه‌رئه‌نجام:
پێوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئێران له هه‌ردوو حاڵه‌تی باش و خراپیدا باكگڕاوندێكی مێژوویی قووڵی هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌و پێوه‌ندییانه له قۆناغه جیاجیاكاندا گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه، له دوای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو به تایبه‌ت دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق ئه‌و پێوه‌ندییانه ئاستێكی به‌رزی دیپلۆماسی و پێشڤه‌چوونێكی به‌رچاویان به‌خۆوه بینیوه، كۆمپانیاكانی ئه‌و دوو وڵاته پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت له وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه له كوردستان، زۆر كه‌من ئه‌و بازاڕانه‌ی شوێنه‌واری كاڵای ئه‌و دوو وڵاته‌یان پێوه دیار نه‌بێت، له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كان گاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر پرسه سیاسییه‌كان.
به‌بڕوای من هیچ كام له‌و دوو ده‌وڵه‌ته سه‌ركێشی سیاسی ناكه‌ن، چونكه به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش لێكیان گرێ ده‌دات، پێویستی كوردستان به ئێران و توركیا یه‌كسانه به پێویستی توركیا و ئێران به كوردستان، به ئاوڕدانه‌وه له مێژوو خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌و دوو وڵاته بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ردووكیان سیاسه‌تیان به‌رامبه‌ر به كورد نه‌گۆڕ بووه، به‌ڵام هه‌ر كاتێك دیفاكتۆیه‌ك خۆی ده‌سه‌پێنێ به ناچاری ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه، ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی دوورمه‌ودای سیاسییه‌وه سه‌یر بكه‌ین، دوور نییه به‌رژه‌وه‌ندی وا بكات ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته باشترین دۆستی ده‌وڵه‌ته كوردییه‌كه بن.
ئێران و توركیا له پێشینه‌ی هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌بن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوردستاندا ده‌كه‌ن و له دوو ده‌وڵه‌تی نه‌یاره‌وه بۆ دوو دراوسێی باش خۆیان ده‌گۆڕن، بۆیه پێویسته سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد شاند ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكات تا بۆ دنیا و دراوسێكانی ڕوون بكاته‌وه كه ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بێته هه‌وێنی سه‌قامگیری و هێمنی ناوچه‌كه.
له‌سه‌رمان پێویسته بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌ی بسه‌لمێنین كه ده‌وڵه‌تی كوردستان نه‌ك هه‌ر هه‌ڕه‌شه نییه بۆ دراوسێكانی، به‌ڵكو هێمایه‌كه بۆ پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێویستییه‌كی مێژوویییه، لێره‌دا گرنگه كورد هه‌موو شێوازه‌كانی هێزی نه‌رم (SOFT POWER) به‌كار بێنێت تا ئه‌كته‌رێكی به‌هێز بێت له ناوچه‌كه‌دا. لایه‌نی ئابووریش وه‌ك فاكته‌رێكی به‌هێز ڕۆڵی (خۆگونجاندن و هاریكاری) ده‌بینێت له نێوان ده‌وڵه‌تی كوردستان و ده‌وڵه‌ته دراوسێكانیدا.