ئیبراهیم لۆته‌ری
ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌ستكه‌وتی چنینه‌وه‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م بوو له سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، سه‌ره‌تای ده‌ستپێكێكی ئاڵۆز بوو كه ڕێكخستنه‌وه‌ی سنوور و سیسته‌می نوێ بوو بۆ به‌شێك له جیۆگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. كورد خرایه چوارچێوه‌ی ئه‌و سنوور و سیسته‌مه له حوكمڕانیكردن، بوونی كورد له عێراق ئاماژه‌یه بۆ بوونێكی ئاڵۆز و تراجیدی، مێژوویه‌كی پڕ له ئاڵۆزیی له‌سه‌ر ڕاستی و دروستی ئه‌م بوونه، ڕابردووی عێراق پڕیه‌تی له سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان و یهكڕهنگكردنهوهی كۆمه‌ڵگه به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی به‌هێزه‌وه. پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه له‌و ململانێیانه‌ی ده‌گوزه‌رێن، عێراق به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت؟
لێره‌دا ده‌توانین گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق تووشی نه‌خۆشی هاتووه و پێویستی به فۆڕمۆلێكی چاره‌سه‌ری هه‌یه، ململانێكانی عێراق هێنده سه‌خت و دژوارن، هیچ ئاسۆیه‌كی چاره‌سه‌ری نابینرێت، جارێكی تر هه‌لی پێكه‌وه‌ژیان بۆ پێكهاته‌كانی عێراق بوونی نه‌ماوه. له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق شیعه‌كان حاكمی ره‌هان، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه كێشه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر بكه‌ن و هۆی سه‌ره‌كی ته‌نگژه و ململانێ سیاسییه‌كانن.
له‌وه‌ته‌ی كورد به عێراقه‌وه لكێنراوه، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند له كێشه‌دایه، له عێراق ته‌نگژه‌ی متمانه و ناسنامه و پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه. له‌وه‌ته‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته دروست بووه به‌م به‌رپرسانه‌ی ئێسته‌یشه‌وه له ڕوانگه‌ی سه‌ربازییه‌وه سه‌یری پرسی كورد و خواسته‌كانی كراوه، له به‌رامبه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق گه‌لی كورد 100 ساڵ بوو به قوربانی، له هه‌لومه‌رجی كۆتا شه‌ڕی جیهانی داعش و ئه‌و گۆڕانكارییه حه‌تمییانه‌ی له سایه‌ی ده‌ركه‌وتن و ئاوابوونی خۆری خه‌لافه‌ته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، كورد له سه‌رده‌می گڵۆباڵیزم و كرانه‌وه‌دا نابێت له عێراقێكی پڕكێشهدا ئومێدی سه‌وزبوونی خه‌ونه‌كانی بنیات بنێت، دۆخی ئه‌م ده‌وڵه‌ته و ئه‌و ململانێ سه‌خته‌ی تیایدا ده‌گوزه‌رێت، به جۆرێكه قورسه بتوانرێت وێنه‌یه‌كی ڕوونت ده‌ست بكه‌وێت له‌سه‌ر داهاتووی عێراق، چونكه ده‌سته‌بژێری تۆتالیتا‌ر و سه‌ربازیی حوكمی عێراق ده‌كه‌ن و هێز و گرووپی چه‌كدار هه‌ڕه‌شه له داهاتووی وڵاته‌كه ده‌كه‌ن.
هه‌موو ئه‌و ململانێیانه‌ی له عێراق ده‌گوزه‌رێن له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی نین، جگه له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی داهاتووی ئه‌م ده‌وڵه‌ته به‌ره‌و پێكدادانی مه‌زه‌وگه‌رایی ده‌ڕوات و به‌رپرسانی سیاسیی عێراق هیچ ئیراده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیییان نییه, بگره به ته‌واوی گوێڕایه‌ڵ و ده‌سته‌مۆ كراون له وه‌رگرتنی بۆچوونی موفتی و فتواده‌رانی خۆیاندا له رووی مه‌زه‌وییه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی به (قوم) پابه‌ندن به (نه‌جه‌ف)ه‌وه خۆیان گرێ ناده‌نه‌وه، گه‌لی كورد ململانێ و پێكه‌وه‌ی عێراقی چنییه‌وه، چونكه ده‌وڵه‌تی یاسا‌و دامه‌زراوه نییه و ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی نییه یه‌كسان بێت له ئه‌رك و ماف‌دا، گه‌لی كورد ده‌بێت له زهنی خۆیدا بێگومان بێت له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌رگیز برینه‌كانی ساڕ‌ێژ نابێت، كورد له عێراقدا هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی نییه.
به خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت كه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا دۆخی عێراق و هاوكێشه سیاسییه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت و ئه‌م ده‌وڵه‌ته ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی بووه‌ته‌وه, ئه‌و كێشانه وه‌ك بۆمبی چێنراون، به‌ڵام ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دواخستووه، ده‌وڵه‌تی عێراق له ڕوانگه‌ی لۆجیكی هێزه‌وه سه‌یری هه‌رێم ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتدارانیشی له ڕوانگه‌ی فاشیزمی عرووبه‌وه پێیان وایه شتێك نییه بۆ ئه‌وان له هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ باشتر بێت بۆ شاردنه‌وه و داپۆشینی ته‌نگژه‌كانی وڵاته‌كه‌یان له ناوخۆ. بۆیه ململانێ ناوخۆیییه‌كان حه‌یده‌ر عه‌بادی ناچار كرد ده‌ستوور پێشێل بكات و هێز به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی وه‌ك كورد به‌كار بێنێت.
له دوای هێرشه‌كانی حه‌شدی شیعی بۆ سه‌ر كوردستان, ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق تووشی له‌خۆباییبوون هاتوون, ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی سێ فاكته‌ره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، پاراستنی یه‌كپارچه‌یی عێراق و له‌ناوبردنی داعش و به‌هێزكردنی سوپا و هێرشكردنه سه‌ر كوردستان. ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه عێراق له دروستبوونیه‌وه تا ئه‌مڕۆ گه‌ره‌نتی سیاسی و سه‌ربازی تیادا نه‌بووه و له پڕ هاوكێشه‌كان گۆڕاون، بۆیه لهخۆبایبوونیش له سیاسه‌تدا بۆ به‌رپرس و سه‌ركرده‌كان، ڕه‌نگه خۆی و وڵاته‌كه‌یشی بكێشێت به به‌ردی ئهلحهددا.
له ده‌رئه‌نجامدا ئایندهی سیاسیی عێراق له سێ بژارده تێپه‌ڕ ناكات كه بریتین له دیكتاتۆریه‌تی شیعه، دیموكراسی، دابه‌شبوون.
شیعه‌كان دیكتاتۆرییان تا سه‌ر نابێت، هه‌رچه‌ند كاری بۆ بكه‌ن به‌هۆی فه‌شه‌لی حوكمڕانی و ململانێی ناوخۆیی و هۆكارگه‌لی ده‌ره‌كی. مێژوویش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه دیموكراسی دره‌ختێكه هه‌رگیز له عێراق سه‌وز نابێت. ئه‌گه‌ری سێیه‌م حه‌تمییه و ڕوو ده‌دات، كه‌واته كورد بۆچی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی پڕ ململانێی مه‌زه‌وی و نه‌ته‌وه‌یی بژی كه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه و دابه‌شبوونه؟ ئێسته كورد له به‌رده‌م ده‌رفه‌تێكی ڕاگوزه‌ر و مێژوویدایه، ئه‌وه‌ش پێمان ده‌ڵێ جگه له یه‌كڕیزی و خۆڕێكخستنه‌وه، هیچ ده‌رفه‌ت و بژارده‌یه‌كی تری له عێراقدا نه‌ماوه.