ئیبراهیم لۆته‌ری
پێشه‌كی
ململانێكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕیشه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌رچه‌نده ئێسته زۆر توند بووه و نزیك بووه‌ته‌وه له به‌ریه‌ككه‌وتنی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌كان، كه بنچینه‌ی ڕاسته‌قینه‌یان بریتییه له ململانێی ئاینی و مه‌زه‌وی، چونكه وڵاتانی كه‌نداو له‌لایه‌ك و ئێران و یاریكه‌ره‌كانی تر له‌لایه‌كی تر، وڵاتگه‌لێكی ده‌وڵه‌مه‌ندن. به مانایه‌كی تر، ململانێكان له نێوان وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاردا نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی له نێوان باكور و باشووری گۆی زه‌ویدایه.
هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌و خێرایییه تێده‌په‌ڕن، ئه‌گه‌ر درێژ كراوه یان باكگڕاوندێكی مێژوویی قوو‌ڵی هه‌بێت، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی داعشه‌وه تا ئێسته له‌ناو یاری و سیناریۆ و تاكتیكه‌كاندا، ئێران توانیویه‌تی وه‌ك نوێنه‌ری هیلالی شیعه باشترین یاریكه‌ر بێت و هه‌موو جووڵه و گۆڕانكارییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی، له به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تێكی ڕوونی نییه نه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه نه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌بێ هه‌بێت له‌م ناوچه‌یه‌دا، كه‌واته بۆچی ده‌بێ ئه‌مه‌ریكا پێش به په‌لهاویشتنه‌كانی ئێران بگرێت له ناوچه‌كه‌دا؟
په‌لهاویشتنه‌كانی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا
له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی (1979) و چه‌سپاندنی سیسته‌می كۆماری ئیسلامیی، ئه‌م ده‌وڵه‌ته به‌رده‌وام له هه‌وڵدا بووه تا وه‌ك كاره‌كته‌رێكی به‌هێز ڕۆڵی هه‌بێت له گۆڕین و ئاراسته‌كردنی ڕووداوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، خه‌ونی (هیلالی شیعی) و به‌نارده‌كردنی شۆڕش له ڕێی سوپای (قودس)، ئێرانی كرد به یاریكه‌رێكی به‌هێز له چوارچێوه‌ی وڵاتانی (عێراق، سووریا، لبنان، باشووری یه‌مه‌ن و به‌حرێن). ئێران خۆی به به‌شێك له پایته‌خته‌كانی ئه‌م وڵاتانه داده‌نێت، ئه‌گه‌ر ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك نوێنه‌ری شیعه كاری كردبێت، ئه‌وا خه‌ونی ئیمپڕاتۆریی سه‌فه‌وی بۆ ئێران ڕۆژ به ڕۆژ نزیك ده‌بێته‌وه له نائاماده‌یییه‌كی كارای ئه‌مه‌ریكادا له ناوچه‌كه‌دا.
جه‌نگ و ناسه‌قامگیری له هه‌ندێك وڵاتانی عه‌ره‌بی وای كردووه ئێران وه‌ك ئه‌كته‌رێكی چالاك سوود له‌و ناسه‌قامگیرییه وه‌ربگرێت له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای خۆیدا، بۆ ئه‌وه شێواز و ستراتیجی تایبه‌تی به‌كار هێناوه له ده‌ستتێوه‌ردانه‌وه تا ده‌گات به به‌كارهێنانی گرووپه چه‌كداره‌كان. به‌و پێیه‌ی ئێران نایه‌وێت ڕاسته‌وخۆ به‌شداری له شانۆی سیاسیی ڕووداوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بكات، به‌ڵكو له ڕێی شوێنكه‌وتووه‌كانی یان جه‌نگی به‌وه‌كاله‌ت (Proxy War) هه‌وڵ ده‌دات هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێت، بۆیه هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییه خێرایانه‌ی ڕوو ده‌ده‌ن له‌م ناوچه‌یه‌دا، تایبه‌تتر له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی داعشه‌وه له‌ناو سیناریۆ و تاكتیكه‌كاندا ئێران توانیویه‌تی وه‌ك نوێنه‌ری هیلالی شیعه باشترین ڕۆڵ بگێڕێت، ئه‌گه‌ر هاوسه‌نگی هێز (Balance of Power) له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا تێك بچێت به‌بێ پشكی شێری ئێران، كارێكی مه‌حاڵه.
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چه‌قی ململانێ و پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان
ئه‌م ناوچه‌یه خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌كه له هیچ ناوچه و جیۆگرافیایه‌كی گه‌ردوون نییه، شوێنی له‌دایكبوونی شارستانییه‌ت و هاتنه خواره‌وه‌ی ئاینه‌كانه، ناوه‌ندی لێك گرێدانی هه‌رسێ كیشوه‌ری (ئاسیا و ئه‌وروپا و ئه‌فه‌ریقا)یه، هاوكات كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایش و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، خاوه‌نی 23% دانیشتوانی دنیا و 74% یه‌ده‌گی نه‌وتی دنیا و 50% گازی سروشتیی دنیایه، بۆیه ئه‌گه‌ری پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كانی لێ ده‌كرێت، چونكه هه‌ریه‌كه و به جۆرێك ده‌یانه‌وێت ئاراسته‌ی ڕووداوه‌كان بگۆڕن و یاریكه‌ریی چالاك بن له هاوكێشه‌كاندا.
ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تێكی پراگماتیكی پێڕه‌و ده‌كات، به‌ڵام زۆر له شاره‌زایان له‌و باوه‌ڕه‌دان واشنتن سیاسه‌تێكی ڕوونی نییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێسته ناتوانێت ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌كان بگۆڕێت و سنوورێك بۆ به‌ره‌نگارییه‌كانی به‌رده‌می دابنێت. هه‌ندێكی تر پێیان وایه له كاتی پێویستدا ئه‌مه‌ریكا به ڕۆڵی خۆی هه‌ڵده‌ستێت و دووره‌په‌رێزییه‌كه‌ی داوێكه (تاكتیك) بۆ نه‌یاره‌كانی، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌رگیز ئه‌م ناوچه‌یه بۆ ئێران و نه‌یاره‌كانی چۆڵ ناكات.
فۆكۆیاما له كتێبی (كۆتای مێژوو) له ساڵی 1989 جاڕی نه‌مانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی (USSR) دا و ئه‌مه‌ریكای به‌تاكه زلهێز داناوه و ئه‌زموونه‌كه‌شی وه‌ك باشترین ناوزه‌ند كرد، پاش 10 ساڵ (بریجنسكی) ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌رگیز ئه‌مه‌ریكا ڕێ نادات زلهێزێكی تر سه‌رهه‌ڵبدات و ته‌نیا خۆی وه‌ك ده‌وڵه‌تی گه‌وره ده‌مێنێته‌وه. له‌ناو ئه‌مه‌ریكا خۆیشی بۆچوونێك هه‌یه كه ئێران براوه‌ی جه‌نگی عێراق بوو له دوای 2003، بۆیه په‌لهاویشتنه‌كانی ئێران دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه و ده‌بێت زلهێزه‌كه به ڕۆڵی خۆی هه‌ستێت، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی سێ فاكته‌ر:
1-به‌هێزبوونی ئێران واتای پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا، په‌لهاویشتنه‌كانی ئێران و خه‌ونی هیلالی شیعی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت به‌تایبه‌ت پرسی ئاسایش و وزه و به‌رنامه‌ی ناوكه‌یی ئێران.
2-دروستبوونی هیلالی شیعی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل ده‌كات و ده‌توانێ وڵاتی جوو گه‌مارۆ بدات، یه‌كێك له دروشمه‌كانی كۆماری ئێران بریتییه له (مردن بۆ ئیسرائیل).
3-زیادبوونی ڕۆڵ و هه‌ژموونی ئێران له ناوچه‌كه‌دا ده‌بێت به‌هۆی لاوازیی كورد و سوننه و دۆسته‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مانه له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكادان، بۆیه بێده‌نگی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت به‌هۆی نه‌مان و دووركه‌وتنه‌وه‌ی دۆسته‌كانی له ناوچه‌كه‌دا.
4-ئه‌مه‌ریكا كۆمه‌ڵێك ئامانجی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه، له‌وانه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ڕێگرتن له هه‌ژموونی نه‌یارانی وه‌ك رووسیا و چین و سنوورداركردن و كۆتاهێنان به قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئێران و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسلامی توندڕۆ، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌م دووره‌په‌رێزییه به‌رده‌وام بێت، گۆڕه‌پانی سیاسیی ناوچه‌كه به ته‌واوی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت.
ده‌رئه‌نجام
له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامییه‌وه، ئێران له هه‌وڵدا بووه بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی شۆڕش و به‌هێزكردنی پێگه و هه‌ژموونی خۆی، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا یه‌ك ناگرێته‌وه، هه‌رچه‌نده واشنتن سیاسه‌تێكی پڕاگماتی پێڕه‌و ده‌كات، به‌ڵام ڕۆڵی به‌ره‌و پاشه‌كشێ ده‌چێت له‌م ناوچه‌یه‌دا، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ستراتیج و ئامانجه باڵاكانیدا یه‌ك ناگرێته‌وه، بۆیه هه‌ر دێت و رووداوه‌كان گه‌رمتر ده‌بن و ئێران زیاتر خۆی ده‌نوێنێ، به‌ڵام دیار نییه ئه‌مه تا كه‌ی و كوێیه و له كوێدا ئه‌مه‌ریكا به كاریگه‌رییه‌كانی سنووری بۆ داده‌نێت، دوور نییه گه‌رمبوونی رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ته‌قینه‌وه‌ی راسته‌وخۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی لێ بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام زۆر پرسیار ماونه‌ته‌وه داهاتوو وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه.