ئیبراهیم شێخ محه‌مه‌د
ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن گه‌ڕانه‌وه‌ی پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاته بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتییان، جۆرێك له كایه‌ی سیاسی نێوان ده‌نگده‌ر و دهنگپێدراوه له‌پێناو نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یمانه یاسایی و ئه‌خلاقییه‌ی تیایدا ده‌نگده‌ر ئازاد بووه له تاقیكردنه‌وه‌ی متمانه‌ی ئیراده‌ی تاكه‌كه‌سی خۆی و پێدانی به‌شێك له‌و ئیراده‌یه و به‌خشینی مافی نوێنه‌رایه‌تی به‌ده‌نگ پێدراو بۆ سه‌ر ڕێچكه‌ی نوێنه‌رایه‌تی له موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا.
ئه‌و په‌یمان و به‌ها مۆڕاڵییه‌ی نێوان ده‌نگده‌ر و ده‌نگ پێدراو كاتێك كار ده‌بێت كه شه‌رعیه‌ت و مه‌شروعیه‌ت ئامانجه‌كه‌ی بێت و به‌دوایدا بگه‌ڕێت، ئه‌و ڕهوایهتییهیشی دروست ده‌بێت گه‌ل سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی بۆ سه‌رده‌مێكی دیاریكراو له‌پێناو خێری گشتیدا، له چوارچێوه سیاسییه‌كه‌یدا ئه‌م چه‌مكه دداننانه به ماف و بنه‌ما سروشتییه‌كان كه مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێك ئازاده له موماره‌سه‌كردن و نه‌كردنی، بۆیه هه‌ڵبژاردن ئه‌لته‌رناتیڤی جه‌نگ و توندوتیژییه بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له نێوان گرووپه سیاسییه‌كانی وڵات به‌مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی سیسته‌مێكی نوێی حوكمڕانی له داهاتوودا.
له زانستی سیاسی‌دا ڕێیه‌كانی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات گرنگییه‌كی زۆری پێ ده‌درێت، چونكه پێوه‌سته به پرسی حوكمڕانی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه، له هه‌موویشیان گرنگتر هه‌ڵبژاردنه كه به مه‌ده‌نیترین ئامرازی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات داده‌نرێت، كه‌واته هه‌ڵبژاردن ناوبژیوانێكی بێلایه‌نه بڕیار له‌سه‌ر سه‌نگ و قورسایی حزبه‌كان ده‌دات، به‌و جۆره ده‌توانین له ماهیه‌تی هه‌ڵبژاردن بگه‌ین، واته تایبه‌تمه‌ندی و ڕه‌گه‌زه جیاكاره‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه چۆن وێنا بكه‌ین؟ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه ده‌گه‌ین به‌و واقیعه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له قۆناغێكی ته‌واو جیاوازدا به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌تایبه‌ت كه سیسته‌می جیهانی و دۆزی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی چه‌ندان فاكته‌ر، له‌وانه:
فاكته‌ری یه‌كه‌م: له ڕووی ناوخۆیییه‌وه
1– هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی هه‌رێمی كوردستان به قۆناغێكی جیاوازدا گوزه‌ر ده‌كات، به‌هۆی پلۆڕالیزمی سیاسی و فره‌یی له ده‌ركه‌وتنی هێزی تازه‌ی سیاسی‌دا كه بۆ یه‌كه‌مجاره به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن. جگه له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌تی توندی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌گه‌ری پێكدادانی هێزه‌كان ده‌كرێت له ئاست و شێوازی جیاوازدا، به‌هۆی ناكۆكی ناوخۆیی حزبه‌كان و حزبێك له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر.
2- زیادبوونی ده‌نگی ناڕازیی گه‌ل به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، زۆربه‌ی هاووڵاتییانی كوردستان به‌ده‌ست (گه‌نده‌ڵی و ته‌نگژه‌ی سیاسی و دارایی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و سه‌روه‌ر نه‌بوونی یاسا و ئازادی سیاسی) ده‌ناڵێنن، له ڕابردوودا ئه‌گه‌ر كۆمۆنیست و رادیكاڵه‌كان ده‌نگی ناڕازی بوون، ئێسته هاووڵاتییان به پاڵپشتی چه‌ندان حزب و ده‌زگه‌ی میدیایی شه‌قامیان كردووه‌ته سه‌نگه‌ری به‌دیهێنانی داواكارییه‌كانیان.
3- له ڕووی ته‌كنیكی و ڕۆتینی كارگێڕییه‌وه پرۆسه‌كه گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، بۆ یه‌كه‌مجاره كار به سیسته‌می بایۆمه‌تری ده‌كرێت كه له ئیسپانیاوه گواستراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری به‌رچاوی ده‌بێت و دڵنیایییهكی ڕێژه‌یی ده‌دات به هاووڵاتییان و لایه‌نه سیاسییه‌كان له كه‌مكردنه‌وه‌ی فێڵی هه‌ڵبژاردندا، سه‌ره‌ڕای دانانی كه‌سی شیاو و تایبه‌تمه‌ند له‌باره‌ی ئه‌و پرسه.
4- كاتێك به‌رژه‌وه‌ندیی تاك و لایه‌نه‌كان ده‌بن به سه‌نته‌ر و ئامانج، سه‌رجه‌م هاووڵاتییان و پرسه گرنگه‌كان ده‌بن به ئامراز، له‌وێوه ته‌نگژه‌ی متمانه و سه‌رجه‌م گرفته‌كان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن كه ئاسۆی چاره‌سه‌ری نابینرێت. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له كاتێكدایه ئه‌خلاقی سیاسی له ئاستێكی نزمدایه و سیاسییه‌كان و حزب نه خاوه‌نی دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی ئهفلاتۆنن و نه خاوه‌نی خۆشگوزه‌رانییه‌كه‌ی ئه‌رستۆن. به‌شێوه‌یه‌ك هێڵه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه شێوێنرا و شكێنراون، ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له داهاتوودا به‌دیار ده‌كه‌وێت.
فاكته‌ری دووه‌م: له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه
له دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عێراقه‌وه بۆ یه‌كه‌مجاره هه‌رێمی كوردستان به خراپترین دۆخدا گوزه‌ر ده‌كات، چونكه سێیه‌كی خاكه‌كه‌ی له ده‌ست داوه و گوشار و گه‌مارۆی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ره، له‌ڕووی دیپلۆماسییه‌وه به‌ته‌واوی په‌راوێز خراوه، ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بایه‌خی ته‌واو به پرسه‌كانی گه‌نده‌ڵی و ئازادی سیاسی و مافی مرۆڤ ده‌ده‌ن له هه‌رێمی كوردستان، به تایبه‌ت له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كه هه‌وڵی خۆپیشاندانی سه‌رانسه‌ری هه‌بوو به‌هۆی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر پووكانه‌وه، ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕوون بووه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ناوه‌نده جیهانییه‌كان زیاتر گرنگی به پرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن.
له‌لایه‌كی تره‌وه پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ له خراپترین ئاستیدایه، هه‌ریه‌ك له ئێران و توركیا جیا له به‌زاندنی سنووری ئاسمانی و وشكانی هه‌رێم هه‌وڵی داگیركردنی ده‌ده‌ن، هه‌موو ئه‌و پرسانه ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان له قۆناغێكی ته‌واو جیاوازدا به‌ڕێوه ده‌چێت.
له‌و بواره‌دا ده‌توانم بڵێم ئه‌زموونێكی دوور و درێژمان له هه‌ڵبژاردندا نییه، هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2005ی عێراقیش سه‌ره‌تای گۆڕانكارییه‌كی نوێ بوو به‌ئومێدی بنیاتنانه‌وه‌ی وڵاتێكی نوێ كه ماوه‌یه‌كی دوور نه‌بوو كۆتای به‌حوكمی دیكتاتۆر و تۆتالیتا‌ر هاتبوو، هیوای گه‌لی كورد ڕزگاربوون و گه‌ڕانه‌وه‌ی خاكی كوردستان بوو، به‌ڵام دوای دوو خولی په‌رله‌مانی ئه‌و ئامانجه تا ئێسته نه‌هاتووه‌ته دی، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له كاتێكدایه كه دۆخی ناوخۆی كورد و بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نییه، بۆیه جیاوازی و ماهیه‌تی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه جێی گرنگی پێدانی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه به‌شداره‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه و ئه‌زموونێكی باشیشه بۆ زانینی سه‌نگ و قورسایی لایه‌نه به‌شداره‌كان.