ئیبراهیم شێخ محه‌مه‌د
سیاسه‌ت به‌درێژایی مێژووی ئه‌وروپا له یۆنان و ڕۆمانی كۆنه‌وه تا ئێسته به داینه‌مۆی سه‌ركه‌وتن و وه‌رچه‌رخانه جۆربه‌جۆره‌كان داده‌نرێت، له سه‌ده‌كانی كۆن و ناوه‌ڕاستدا سیاسه‌ت به ئاراسته‌ی دژهچاكسازی و دیموكراتی له كۆمه‌ڵدا كاری ده‌كرد، به‌ڵام له ئه‌نجامی شۆڕش و گۆڕانكاری بونیادی كۆمه‌ڵگه‌كان، كایه‌ی سیاسی ڕێچكه‌ی گرت به‌ره‌و خزمه‌تكردن و هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن، فه‌یله‌سووفی به‌ناوبانگی یۆنان (ئه‌رستۆ تاڵیس) له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی به‌ناوی "سیاسه‌ت" زۆر به وردی مانای سیاسه‌تی دیاری كردووه به‌وه‌ی بریتییه له چالاكییه‌كی مرۆیی ئامانجی به‌دیهێنانی خێری گشتی هاوبه‌ش و به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هاوبه‌شه. به‌و مانایه سیاسه‌ت بریتی نییه له بیركردنه‌وه له‌باره‌ی شێوازێكی دیاریكراو له كات و شوێنێكی دیاریكراو، به‌ڵكو بریتییه له چوارچێوه‌ی فه‌زا گشتییه‌كه له هه‌موو كات و شوێنێك. ئه‌و فه‌زا گشتییهیش بریتییه له خێری گشتی.
له ساڵی (1651 تۆماس هۆبز) له به‌ناوبانگترین كتێبی خۆیدا به‌ناوی (leviathan) باس له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سروشتی ده‌كات، كه ئه‌م مۆدێله به‌هۆی فه‌وزا و نه‌بوونی یاساوه, ده‌بێت به جه‌نگی هه‌مووان دژ به هه‌مووان "bellum omnium contra omnes، فه‌یله‌سووفی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی (هانا ئارنێت) ده‌ڵێت, دنیا به‌ر له‌وه‌ی هی مرۆڤ بێت پڕیه‌تی له كه‌لوپه‌لی ناڕێك كه هه‌ركه‌س مافی خۆیه‌تی زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت. سیاسه‌ت ناڕێكی و گرفته‌كان ڕێك ده‌خات. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سیاسه‌ت توانی ئه‌و بۆشایییه پڕ بكاته‌وه وه‌ك پرۆسه و شێوازێك بووبوو به ناوه‌ندی بڕیاردانی گرووپ و ده‌وڵه‌ته‌كان.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه پرسیارێكی گرنگ دێته ئاراوه، ئایا له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بۆچی سیاسه‌ت مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی پراكتیزه ناكات؟ ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین هزری سیاسی له سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا له یۆنانی كۆنه‌وه پراكتیزه بووه، له سه‌ره‌تادا سیاسه‌ت ته‌نیا بۆ فه‌یله‌سووف و یاساناس و پیاوانی ژیر بووه، خه‌ڵك زۆر ڕۆڵیان نه‌بووه له پراكتیزه و تیۆریزه‌كردنی سیاسه‌تدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی دیموكراسیی نوێ و ناسیۆنالیزم، به‌تایبه‌ت له وڵاتانی جیهانی سێیه‌م، هێدی هێدی قۆناغێكی نوێ له پێڕه‌وكردنی زانستی سیاسیی هاته ئاراوه، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش به‌ده‌ر نه‌بووه له‌و نامۆبوونه‌ی نێوان زانستی سیاسه‌ت و تاكی كورد.
به بڕوای من ئه‌و جۆره سیاسه‌ته‌ی ئێسته له كوردستان پراكتیزه ده‌كرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پره‌نسیپه‌كانی زانستی سیاسه‌تی لێ به‌دی ناكرێت، ئاخر زانستی سیاسی ئامرازه بۆ خزمه‌تكردنی ئامانجه گه‌وره‌كه كه (خێری گشتییه)، به‌ڵام له كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ تێكدانی ئه‌و زانسته‌یه ئه‌وه‌نده بۆ خزمه‌تكردن و به‌ره‌وپێشردنی نییه، به‌و پێیه هه‌موو ئه‌و ته‌نگژه سیاسی و سه‌ربازی و ئابوورییانه‌ی له‌م وڵاته هه، نامۆن به پره‌نسیپه‌كانی زانستی سیاسه‌ت و ئیداره‌دانێكی سیاسییانه. ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه مه‌یلی شه‌ڕانگێزیان هه‌یه و ده‌یانه‌وێت ته‌نگژه به ته‌نگژه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت به‌های خۆی له ده‌ست بدات، بۆیه هه‌نگاونان بۆ قه‌ده‌غه‌كردن و ڕوونكردنه‌وه و بیركردنه‌وه له پرسیاره گوماناوییه‌كان ترسێكی گه‌وره‌یه له ڕۆحی تاكدا له‌م وڵاتانه‌ی ناوچه‌كه، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكار بووه بۆ ئه‌وه‌ی تاكی كورد له زیهنی خۆیدا سیاسه‌ت به درۆیه‌كی گه‌وره وێنا بكات.
زانستی سیاسه‌ت نه‌یتوانیوه تاكی كورد له بوونێكی لاوه‌كییه‌وه بگۆڕێت بۆ بوونێكی كاریگه‌ر، له دوای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو سیاسه‌ت له كوردستانیش به‌جۆرێك بێبه‌ها كرا تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی تاكی كورد متمانه به‌خۆكردنی لێ بسێنرێته‌وه و چاوه‌ڕوانی فه‌زڵی سیاسییه‌كان بێت به‌ره‌و ئامانجه نادیاره‌كان، ململانێ پرووكێنهرهكان له كۆمه‌ڵگه‌دا كه له بنه‌ڕه‌تدا دوور بوون له هه‌موو مۆڕاڵ و جووڵه‌یه‌كی شارستانی به جۆرێك جڤاتی كوردیان ماندوو كرد له جیاتی ئه‌وه‌ی ئاراسته‌كه‌ر بێت كه‌وته ژێر كاریگه‌ری رووداوه سیاسییه‌كان و ئاراسته‌كراو بوو.
بۆیه ئێسته كۆمه‌ڵگه و تاكی كورد ئه‌وه‌نده له‌ژێر كاریگه‌ری سیاسی و ڕووداوه سیاسییه‌كاندایه تا وای لێ هاتووه خه‌ون و ئامانجه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی بووه‌ته مه‌حاڵ، له كاتێكدا ته‌نگژه‌ی متمانه گرفتێكی سه‌ره‌كییه له نێوان مرۆڤ و پڕه‌نسیپه سیاسییه‌كاندا، له‌و بواره‌دا ده‌توانم بڵێم گرفتێكی گه‌وره هه‌یه بۆ تێگه‌یشتن له زانستی سیاسی و زۆر كه‌من ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان وایه سیاسه‌ت زانسته و خاوه‌ن بنه‌ما و پڕه‌نسیپی خۆیه‌تی، بۆیه له‌كاتی ململانێی سیاسی و هه‌ڵبژاردندا هیچ مانایه‌ك بۆ سیاسه‌ت نامێنێته‌وه، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت زانست بووایه، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كێبه‌ركێ ده‌بوو نه‌ك شكاندن و ساخته‌كاری، ململانێی سیاسی لۆجیكی ده‌بوو له‌پێناو خێروچاكه‌ی گشتیدا.
له‌سه‌ر ئاستی داوده‌زگه‌كانی حكوومه‌تیش ئه‌م زانسته به‌ته‌واوی فه‌رامۆش كراوه له كاتێكدا ده‌بوو حكوومه‌ت پۆسته سیاسی و باڵاكانی به خه‌ڵكی پیشه‌یی پڕ بكاته‌وه و كاری به پره‌نسیپی (كه‌سی شیاو له شوێنی شیاو) بكردایه. هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له زانست و سیاسه‌تدا شاره‌زان له‌ناو سه‌نته‌ره ستراتیجی و ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان كاریان بكردایه، نه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕیی خۆیان، ئه‌مه گرفتێكی سه‌ره‌كی ده‌رچووانی زانكۆیشه، ئه‌وانه‌ی سیاسه‌تیان خوێندووه له ناوه‌ڕۆكی زانسته‌كه تێده‌گه‌ن كه چه‌نده گرنگه بۆ ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی.
ئه‌گه‌ر سیاسه‌تزان ڕۆڵی پێ بدرێت، ترس له ئایندهی میله‌ت نابێت یاسا سه‌روه‌ر ده‌بێت (sovereignty of low) بۆ هه‌موو ئالنگارییه‌كان پلان و چاره‌سه‌ری گونجاو ده‌دۆزرێته‌وه و مانایه‌ك بۆ كاری سیاسی دروست ده‌بێت، له وڵاته پێگهیشتووخوازهكان دوای خوێندنی چه‌ندان ساڵ له زانستی سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی پاڕادایمی ئه‌وكات پێیان ده‌گوترێت (شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی (political analyst) به‌ڵام له كوردستان هه‌موو كه‌سێك ڕووداوه سیاسییه‌كان شی ده‌كاته‌وه جگه له سیاسه‌تزان، ئه‌مه‌ش بێنازكردن و سته‌مێكی گه‌وره‌یه له زانستی سیاسه‌ت، هه‌روا ئاسان نییه كه‌سێك به‌بێ خوێندنی بنه‌ما و تیۆره‌كانی سیاسه‌ت بتوانێت گفتوگۆ و شیكردنه‌وه‌ی سیاسیی بكات، له كاتێكدا زانستی سیاسی كار له‌سه‌ر واقیع ده‌كات و خاوه‌ن شوناسی خۆیه‌تی، لێره‌دا داوا ده‌كه‌م سیاسه‌ت بۆ سیاسه‌توان جێ بێڵن و هه‌ر كه‌س كار و پسپۆڕیی خۆی گرنگی پێ بدات و فراوانی بكات.