ئیبراهیم شێخ محه‌مه‌د
له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا زۆرن ئه‌و ڕووداوانه‌ی به‌خاڵی وه‌رچه‌رخان داده‌نرێن، به‌هۆی ئه‌و گرنگی و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هه‌یانبووه، تا ئێسته‌یش كاریگه‌رییان به‌رده‌وامه، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 21دا ڕووداوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو ڕووی دا و كاریگه‌رییه‌كه‌ی هێنده گه‌وره بوو، دنیای دابه‌ش كرد بۆ دوو به‌ره‌ی (تیرۆر و دژ به تیرۆر). زۆر له نووسه‌ر و پسپۆڕان به جه‌نگی چواره‌می جیهانی ناو ده‌به‌ن له دوای جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌م و جه‌نگی سارده‌وه Cold war، ئه‌م ڕووداوه ته‌نگژه‌یه‌كی جیهانی بوو، چونكه چه‌ندان وڵات پێوه‌ست بوون به‌و پرسه‌وه و كاریگه‌رییه‌كه‌ی تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه، ئه‌ویش ڕووداوی 11ی سێپتێمبه‌ری 2001 بوو له ئه‌مه‌ریكا.
له‌و ڕۆژه‌وه جه‌نگی دژ به تیرۆر به‌رده‌وامه، له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا به‌تایبه‌ت دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش، به‌شێوه‌یه‌كی كۆنسێپتی تیرۆریزم دێته باسكردن، چونكه تیرۆر نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، به‌ڵكو بووه‌ته به‌شێك له ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كان به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ڕووداوه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ری ئه‌مه‌ریكا گۆڕانی ڕیشه‌یی و بنه‌ڕه‌تی له دنیادا دروست كرد، به‌شێوه‌یه‌ك ڕوانگه نه‌رێنییه‌كانی زۆر زیاتر بوون له ڕوانگه ئه‌رێنییه‌كانی، چونكه سه‌رۆك بۆشی كوڕ دنیای دابه‌ش كرد بۆ دوو به‌ره‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و دژ به ئه‌مه‌ریكا، بۆیه تیرۆریزم بابه‌تێكی گرنگ و بنچینه‌یییه له پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و سیاسه‌تی جیهانیدا، به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی له هه‌موو وڵاتانی دنیا ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كی پێ به‌خشراوه.
11ی سێپتێمبه‌ر چۆن ڕووی دا؟
له به‌ره‌به‌یانێكی ئاسایی‌دا كه هه‌موو شتێك وه‌ك خۆی بوو، رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده به پیلانێكی تۆكمه له ڕۆژی 11ی سێپتێمبه‌ری 2001 چوار هێرشی كرده سه‌ر ئه‌مه‌ریكا، دوو فڕۆكه‌ی جۆری (بیۆنگ) خۆیان به‌هه‌ردوو تاوه‌ری بازرگانی شاری نیویۆركدا كێشا، فڕۆكه‌یه‌كی تریش باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا (پنتاگۆن)ی كرده ئامانج و فڕۆكه‌ی چواره‌م به‌نیاز بوو خۆی به كۆشكی سپی‌دا بكێشێت، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت، له‌لایه‌ن هێزه ته‌ناهییه‌كانه‌وه له ویلایه‌تی (په‌نسلڤانیا) خرایه خواره‌وه.
به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساته‌وه زیاتر له سێ هه‌زار هاووڵاتی له 90 وڵاتی جیاواز بوون به قوربانی كه له‌و ژماره‌یه دوو هه‌زار و 750 كه‌سیان خه‌ڵكی شاری نیویۆرك بوون، ئه‌مه كۆی ئه‌و ڕووداوه‌یه كه بیرمه‌ندی ئه‌مه‌ریكایی (نوام چۆمسكی) له ناونیشانی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: 11ی سێپتێمبه‌ر... تیرۆر دژی تیرۆر.
هه‌رچه‌نده ئوسامه بنلادن له دووی ئایاری 2011 له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆك ئۆباما هاته كوشتن، به‌ڵام 17 ساڵ دوای ئه‌و ڕووداوه، هێشتا نه‌ك هه‌ر تیرۆر كۆتایی نه‌هاتووه، به‌ڵكو له شێوه‌ی نۆرم و نواندنی جۆراوجۆردا خۆی نیشان ده‌دات و له‌سه‌ر ئاستی لۆجستی و سه‌ربازی چالاكییه‌كانی فراوانتر و به‌هێزتر بووه.
ئه‌مه‌ریكا و 11ی سێپتێمبه‌ر:
ئه‌م ڕووداوه خاڵی وه‌رچه‌رخان بوو له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا، هێشتا دووكه‌ڵ و تهموخوماری ڕووداوه‌كه دانهمركابووهوه ئه‌مه‌ریكا جه‌نگی دژ به‌تیرۆر ڕاگه‌یاند. یه‌كه‌م جار بوو ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن دوژمن و ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تییه‌وه هێرشی بكرێته سه‌ر. پێش ئه‌م ڕووداوه ئه‌مه‌ریكا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا ده‌كرد، به‌ڵام دوای ئه‌و ڕووداوه به‌ناچاری سیاسه‌تی خۆی گۆڕی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان.
ئه‌مه‌ریكا به‌هێزترین و گه‌وره‌ترین هێزی بێ ڕكابه‌ری دنیا بوو، ده‌مێك نه‌بوو (جه‌نگی سارد) كۆتایی هاتبوو و واشنتن ته‌حه‌كومی به سیسته‌می تاكجه‌مسه‌ری ((Unipolarity دنیاوه ده‌كرد، بۆیه ڕووداوه‌كه كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو بۆ به‌هێزترین ده‌وڵه‌تی گۆی زه‌وی، یه‌كه‌م جار بوو پایته‌خته سیاسی و ئابوورییه‌كه‌ی بكرێته ئامانج له‌سه‌ر خاكی خۆی و ئه‌م ڕووداوه ئه‌مه‌ریكای كرده (ده‌وڵه‌تی لاسار(Rouge states، له ڕووی سایكۆلۆجییه‌وه، یه‌كه‌م جار بوو هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ستیان به نائارامی ده‌كرد.
ئه‌م ڕووداوه كۆتایی به‌و تیۆره هێنا كه ئه‌مه‌ریكا (ڕێزپه‌ڕه) واته دووره له هه‌ر هێرش و په‌لامارێكی ده‌ره‌كی، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م جار بوو هه‌ردوو باڵی كۆتر و هه‌ڵۆكان (Hawks and doves) هاوڕا بن و بتاوێنه‌وه له‌مه‌ڕ پرسێكی ئاوا گرنگ، ئه‌وه وای كرد به‌شێك له كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكا له‌و باوه‌ڕه‌دابن كه ده‌بێ وڵاته‌كه‌یان كاردانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی هه‌بێت وه‌ك ڕووداوی به‌نده‌ری (بیرل هاربه‌ر) له ساڵی 1941 كه ڕاسته‌وخۆ چووه جه‌نگی دووه‌می جیهانه‌وه و به بۆمبی ئه‌تۆم هێرشی كرده سه‌ر هێرۆشیما و ناكازاكی. ئه‌م ڕووداوانه هه‌موو ئه‌و ده‌رگایانه‌ی كرده‌وه تا ئه‌مه‌ریكا هه‌ژموون و فراوانخوازی خۆی ئه‌نجام بدات.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه، زیانێكی زۆر به ئابووری ئه‌مه‌ریكا كه‌وت و له ده‌رئه‌نجامیدا وڵاته یه‌كگرتووه‌كان چووه جه‌نگێكی درێژخایه‌نه‌وه دژ به تیرۆر كه تا ئێسته‌یش كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌رده‌وامه.
11ی سێپتێمبه‌ر بۆ كورد چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
مانگی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ر مانگێكی گرنگه بۆ كورد و كوردستان، سێ ڕووداوی گه‌وره‌ی تێدا تۆمار كراوه، یه‌كه‌میان ڕۆژی شه‌شی سێپتێمبه‌ری 1930 له سلێمانی كه به "شه‌شی ره‌شی ئهیلوول" ناسراوه كه ڕووداوێكی گرنگ بوو بۆ كورد، به تایبه‌ت دوای ڕووخانی ئپمپڕاتۆریی عوسمانی و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق كه تێیدا ده‌نگی ناڕه‌زایی دژ به نادادی و سته‌م و پێویستییه‌كی قۆناغه‌كه بوو، جارێكی تر كورد وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه خۆی وێنا كرد.
دووه‌میان سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی مه‌زنی ئهیلوول له 11ی ئه‌یلوولی 1961 كه وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره بوو له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردیدا و تا ئێسته‌یش كاریگه‌ریی هه‌یه و به‌رهه‌مه‌كه‌ی دیاره، سه‌ره‌ڕای وه‌دیهێنانی چه‌ندان ده‌ستكه‌وتی گه‌وره بۆ كورد.
سێیه‌میان ڕووداوی 11ی سێپتێمبه‌ری ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه‌ش بۆ كورد گرنگ بوو، به‌تایبه‌ت كه ئه‌مه‌ریكا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له یارمه‌تیدانی كورد له دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991. له‌لایه‌كی تره‌وه كورد له‌سه‌ر ئاستی گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی له به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكا و دژ به تیرۆر وێنا ده‌كرێت و ڕۆڵی كارای هه‌بووه له‌و رووه‌وه.
ئه‌نجامگیری:
ئه‌سته‌مه له مێژووی ئه‌مه‌ریكادا ڕووداوێك هه‌بێت له وێنه‌ی 11ی سێپتێمبه‌ر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه دانابێت. ئه‌م ڕووداوه خه‌ونی پراكتیزهبوون و به ئیمپڕاتۆربوون و تاكڕه‌هه‌ندی ئه‌مه‌ریكای هه‌پروون هه‌پروون كرد، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر بوو به كاری یه‌كه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌م، رووداوه‌كه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌تان و ئاسایشی جیهانی به‌سته‌وه به ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، تا ئێسته كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و به‌شێك له ده‌وڵه‌تانی گۆی زه‌وی به‌رده‌وامه.