هەڵمەتی ڕزگارکردنی مووسڵ و دەرهێنانی لە دەستی تیرۆریستانی داعش, بەلای زۆربەی عێراقییەکانهوه جێی دڵخۆشیە و داعش مێژوویەکی دڕندانەی خوێنڕێژی لەسەر خاکی عێڕاق تۆمار کردووە، بۆیە هەر کاتیک لەلای هاووڵاتییەکی عێڕاقی ناوی داعش دەبیسترێ لەپاڵیدا (کوشتن ، تۆقاندن ،سووتاندن ، کاولکاری و مامهڵهكردن به ژنانهوه) لە هۆشیدا هاوپێچ دەکرێت.
هەرچەندە زۆر لە چاودێران گەشبین نین بە ئایندەی عێڕاقی دوای داعش و بە دەست پێکی سەرهەڵدانەوە و چەکەرەکردنی ناکۆکی تائیفی و مەزەوبی و نەتەوەیی پێکهاتەکانی عێراقی دەزانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا مرۆڤ بمێنێ هیوا هەر دەمێنێت و هەر چۆنێک بێت ڕزگار بوون لە دەستی گەورەترین گرووپی تیرۆریستی جیهانی بەلای عێراقییەکانەوە جێی ئومێد و سەرکەوتنێکی گەورەیە.
لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی داعش لە عێراق، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی دەژین، ئەمانە لەپاڵ مەترسییەکانیان، سەبارەت بە بەکارهێنانیان لەلایەن داعش وەک قەڵغانی مرۆیی، کەوتنە بەر ئامانجی بۆمبارانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و سوپای عێراقی لەلایەک و هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی لە سەرەتای وەرزی سەرما و ڕوودانی کارەساتی دڵتەزێنی مرۆیی مایەی نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤن.
داعش دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی جیهانە ئێستا، ئەوان نە زمانی گفتوگۆ دەزانن نە ددانپێدانان و خۆبهدهستهوهدان، هەموو تاکتیکەکانی جەنگ دەبەزێنن و لە پێناوی سەرکەوتن هیچ لایەنێکی مرۆڤایەتی و ئاینی لەبەرچاو ناگرن، بۆیە شەڕکردن لەگەڵ گرووپێکی وا کە خۆیان بۆ کوشتن یەکلا کردووهتەوە کارێکی سەختە، لە حاڵی گهمارۆدانیان لەناو خاکی عێڕاق و ڕێگریان لە ڕاکردن بەرەو سووریا مەترسی دووبارەبوونەوەی کارەساتی "ستالینگراد"ی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی دەکرێت، کە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 ههزار كهس بوونە قوربانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری کارەساتێکی لەو شێوەیان داوە.
هەرچەندە سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئامادەکارییەکانی داعش لە سووریا بۆ پاشەکشەی هەزاران تیرۆریستی داعش بەرەو ڕەقە و ناوچەکانی تری ژێر دەستەڵاتیان لە سووریا دەکەن، دەزگا هەواڵگرییەکانی دیمەشق ئاماژەیان بەو لایەنە کردووە و داعش زیاتر لە مانگێکە خەریکی ئامادەکارییە.
سەڕچاوەكانی سەربازی ئەمهریکایش نەیانشاردووهتەوە کە مەبەستی ئەمهریکا وەدەرنانی داعشە لە عێراق، جا چەندە عێراقییەکان دڵخۆشن بە وەدەرنانی تیرۆرستان، سووریا و ڕووسیا و ئێرانی هاوپەیمانیان، دە هێندە نیگەرانن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست شەڕی یەکلاکردنەوەی هاوکێشە سیاسییەکان و بەرژەوەندی زلهێزەکانە نەک شەڕی تیرۆر بە تەنیا، بۆیە هەریەک لە ئەمهریکا و ڕووسیا لە هەوڵی بەهێزکردنی پئگەکەیانن لە ناوچەکە.
ڕۆبەرت فیسک لێکۆڵەری بەناوبانگی بەڕیتانی لە ڕۆژنامەی "ئیندیپیندت" نووسیویەتی: ڕاوەدونانی چەکدارانی داعش بەرەو سووریا سیناریۆیەکە مایەی ڕەزامەندی واشنتن و ڕاکردنی هەزاران تیرۆریست بەرەو سووریا و ئاڕاستەکردنی لولەی تفەنگەکانیان ڕووەو دیمەشق تەنگ بە ئەسەد و هاوپەیمانەکانی هەڵ دەچنێت.
سوپای سووریا و حزبوڵای لبنانی کە هەزاران چەکداری لەناو خاکی سووریا ههیە، بۆ پارێزگاریکردن لە ڕژێمی ئەسەد دژ بە بهرهی نوسڕه و داعش لە شەڕدان و ئێرانیش خۆیان بۆ مەترسییەکانی بەهێزبوون و هێرشەکانی داعش ئامادە کردووە. حهسهن نهسڕوڵا لە ڕێوڕەسمی عاشورادا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هۆشداری دووبارەبوونەوەی ڕووداوی فەلوجەی دا کە دوای شەڕی فەلوجە تیرۆریستان بە کۆمەڵ ڕوویان لە سووریا کرد، هەرچەندە جەنەڕاڵ تاوسند کە سەرکردایەتی پێنج هەزار سەربازی ئەمهریکا لە ناوچەکە دەکات لە بڵاوکراوەی "میڵیتری تایمز"ی نزیک لە پنتاگۆن دەڵیت: مەبەستی ئەمهریکا لەناوبردنی چەکدارانی داعشە لە عێراق و سووریا.
بەڵام بەو لێدوانە دڵی ئەسەد و ڕووسیا و هاوپەیمانانیان ئاوی نەخواردووهتەوە و بە سەرنجدان لەو ڕووداو و پئشهاتانەی سەرەوە، بە دوور نازانرێت سوپای سووریا کە لە سەرەتای ڕووداوەکانی سووریاوە زیاد لە ٦٥ هەزار سەربازی لەدەست داوە، بۆ لێدان لە گرووپە توندڕۆکان و سەرنەگرتنی مەرامەکانی ئەمهریکا لە سووریا، شەڕی دەرهێنانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب لە دەستی تیرۆریستان و گرتنەوەی ناوچەکە لەلایەن سوپای سووریا پێش ڕزگارکردنی مووسڵ، بکەوێت.
زوبێر ڕەسول علی