كولتوور له داوی لۆجیكی سه‌رمایه په‌رستانه‌ی سه‌رده‌م
PM:06:27:09/12/2018
عادل قادری
كلیلی وشه‌كان: كولتوور، لۆجیكی گشته‌كی، لۆجیكی تایبه‌تی، به‌دنیایبوون (globalization)، سه‌رمایه، پاره
پرسی پێناسه و پانتاییه‌كانی كولتوور
بێگومان باسكردن له‌سه‌ر ئابووری و كولتوور به‌شێوه‌ی جیا له یه‌ك و سه‌ربه‌خۆ به ئاستی خۆی، كارێكی كاتگر و ئه‌سته‌مه، تا بگات به‌وه‌ی بمانه‌وێ پێوه‌ندی و دواتر كاریگه‌ری و كارتێكه‌ری ئه‌و دوو جه‌مسه‌ر و ره‌هه‌نده‌ی دنیای مرۆیی له‌سه‌ر یه‌كتر لێك بده‌ینه‌وه.
پێویست به گوتن ناكات كه له ساته‌وه‌ختێكی مێژوویی و دنیایه‌كدا ده‌ژین كه چه‌مك و ماناكانی دنیای مرۆڤ، له‌وانه‌ش به‌تایبه‌تی كولتوور و ئابووری، سیما و رووخساری فره‌لایه‌ن و فره‌ڕه‌هه‌ندیان وه‌رگرتووه و هه‌ر به‌پێی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌شێ پێناسه‌كردنیان له رێڕه‌وی هه‌وڵ و توانستێكی تیۆری و ئه‌كادیمییانه‌دا ده‌ركه‌وێت، به‌ڵام لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌م ئاسته پسپۆڕانه‌یه له پێناسه (تعریف) و ناساندن نییه.
له‌رووی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌شێ بڵێین پاش هه‌وڵه‌كانی شلایه‌رماخه‌ری ئه‌ڵمانی له سه‌ده‌ی 18ی زاینی بۆ راڤه و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز و فره‌لایه‌ن و دی لایه‌نانه‌ی كتێبی پیرۆز، كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ گۆڕان و گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری، پیشه‌یی و زانستی دنیای رۆژئاوا، ئیتر دنیا و سیسته‌می ناسین و ناساندن و یان به ده‌ربڕینێكی تر لۆجیكی پێناسه‌كردن (منتق تعریف) گۆڕانی بنه‌مایی به‌سه‌ردا هات. بۆیه هه‌نووكه به سانایی ده‌كرێت بڵێین چه‌مك و گوته‌زاكانی ناو كۆمه‌ڵ و دنیای مرۆیی له‌وانه‌ش به‌تایبه‌تی كولتوور و دواتر ئابووری له رووی پێناسه‌وه‌رگرییه‌وه هه‌ڵگر و له‌خۆگری وزه و توانستی فره‌لایه‌ن و فره‌ڕه‌هه‌ند بۆ شیكاری و پێناسه بووگن.
له سۆنگه‌ی لۆجیكی گشتییه‌وه، ده‌كرێت پێناسه (تعریف) به‌سه‌ر دوو شێوه‌ی گشته‌كی و تایبه‌تیدا پۆلێن بكرێن و هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌ش، كولتوور و ئابووری وه‌ك دوو جه‌مسه‌ری بنه‌مایی ناو جڤاتی مرۆیی هه‌ڵگری دوو پێناسه‌ی گشته‌كی و تایبه‌تی پێوه‌ست به خۆیانن.
له پێناسه‌ی گشته‌كی و جه‌ماوه‌ریدا خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی و خواست و مه‌یله مادی و به‌رهه‌سته‌كان له كولتوورێكی هاوته‌ریبی ئه‌م خواستانه‌دا رۆڵ ده‌گێڕن. واته ره‌هه‌ندی گشته‌كی پێناسه‌ی زۆرتر كاریگه‌ریی و شوێندانه‌ریی لایه‌ن و میكانیزمی ماكی و به‌رهه‌ستییانه باس ده‌كات و ده‌یخاته روو، لێره‌دا پێناسه له‌ژێر ده‌ست و كۆنترۆڵی شه‌قامی گشتی و ئاپۆرای خه‌ڵكدایه و كاریگه‌ری سه‌یر و بنه‌مایی له كۆمه‌ڵگه‌دا دروست ده‌كات.
به پێچه‌وانه‌ی پێناسه‌ی گشته‌كی، پێناسه‌ی تایبه‌تی خاوه‌نی لایه‌نی پسپۆڕانه و تایبه‌تی و مه‌عریفییه و له‌ژێر ده‌ست و كۆنترۆڵی گرووپێكی بچووك و دانسقه له بیرمه‌ندان و رۆشنبیراندایه، كه لایه‌نی ده‌رهه‌ست و مه‌عریفییانه و نابه‌رژه‌وه‌ندییانه‌یان میكانیزمی سووڕان و ئیشكردنی تێگه و تێڕوانینیانه بۆ پێناسه و ناساندن و به‌گشتی بابه‌تی ناسكاریی.
دنیای پێوه‌ندییه‌كان
شتێك كه لێره‌دا زۆر گرینكه، شێوازی پێوه‌ندی هه‌ر كام له‌م دوو پێناسه (روانگه)یه‌یه به بابه‌تێك به‌ناوی ده‌سه‌ڵاته‌وه. روانگه‌ی پێناسه‌ی گشته‌كی له‌رووی ئاست و رێژه‌ی "چه‌ندایه‌تی و ژماره‌ی بكه‌ران و رووبه‌ری كرده‌كاران و به‌ركاران" باڵاده‌ست و به‌ده‌سه‌ڵاته، بۆیه ئه‌م روانگه‌یه به‌م قورسایی و بارستاییه‌وه هێزێكی زۆری بۆ كرده‌نیكردن و كارتێكه‌ری فام و تێگه‌ی ماكیی و به‌رژه‌وه‌ند ئامێزانه‌ی خۆی هه‌یه. به به‌راورد له‌گه‌ڵ دۆخ و پێكهات و ئاسته "ده‌رهه‌ست و تاكیی و تایبه‌تییانه و ته‌نانه‌ت مه‌عریفییانه‌كه‌ی" پێناسه‌ی تایبه‌تی، پێناسه‌ی گشته‌كی له مه‌ودایه‌كی زه‌مه‌نی كورتدا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی تاقانه و تاكڕه‌هه‌نده، دیارده و ده‌ركه‌وته‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌ژێر سێبه‌ر و هه‌یمه‌نه‌ی خۆیدا ده‌ستنیشان ده‌كات و ئاست و پله‌ی بابه‌ته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه به‌و سیسته‌م و پێكهاته به‌هاییه‌ی كه له‌سه‌ر به‌رهه‌ستێتی و به‌رژه‌وه‌ندی و... رۆنراوه، دیاری ده‌كات و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی گه‌شاندن و په‌ره‌دانی جه‌وهه‌ر و هه‌ناوی خۆی ده‌دات. له‌و ماوه زه‌مه‌نییه‌ی كه پێناسه‌ی گشته‌كی ئیمپراتۆره ماته‌ریالی و مادییه‌كانه، سیسته‌می به‌رهه‌م هاتنی ماناكانی ناو كۆمه‌ڵگه و ته‌نانه‌ت مانای بوونی ئینسانیش ده‌گۆڕێت. له‌م ناوه‌نده‌دا و پێوه‌ست به باسه‌كه‌مان و بارودۆخی زاڵی ئێسته‌ی كولتووری كۆمه‌ڵگه، پێناسه‌ی گشته‌كی هه‌وڵی داوه به خه‌ستی مانا و تایبه‌تمه‌ندییه به‌ربڵاوه‌كانی كولتوور له قه‌واره و رووبه‌رێكی ته‌سك و ته‌نكی ئابوورییانه (... ماكیی، به‌رهه‌ست، به‌رژه‌وه‌ند...)دا بخاته روو و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا په‌ره‌ی پێ بدات و له هه‌نووكه‌ی بارودۆخی كولتووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تا ئاستێكی باش ده‌سه‌ڵاتدار و بنجوه‌رگر بێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م زاڵێتی و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێناسه‌ی گشته‌كی به‌سه‌ر كولتوور و دیارده‌كانیدا هاوپێوه‌ند بێت، له‌گه‌ڵی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كاتییانه، یان هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵگه‌كانی قۆناغی تێپه‌ڕین و ده‌وره‌ی گوزار یان... خاڵی جێی سه‌رنج و زه‌ق كه ئێسته‌ش له ناو كۆمه‌ڵگه و شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دیار و ئاماده‌یه، ده‌ركه‌وته‌كانی كاریگه‌ری نه‌رێنی و ره‌شی پێناسه‌ی گشته‌كی له‌سه‌ر "كولتوور واته هه‌ڵس و بنیشتی خه‌ڵك و ئاكار و كردار و ئه‌ده‌بیاتی ناو شه‌قام" هه‌یه. پێویست به گوتن نییه ئه‌گه‌ر له رووبه‌ر و پانتاییه‌كی تردا پێناسه‌ی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی گشته‌كیدا نه‌كه‌وێته دیالۆگ و دانوستان و ئه‌و روانگه ئاپۆرایی و خه‌ڵكییانه نه‌خاته به‌رده‌م ره‌خنه و گیروگرفته‌وه (چالش)، ئه‌وا له‌گه‌ڵ كاره‌ساتێكی كولتووری-شارستانییانه و مرۆیی رووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه، هه‌ڵبه‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌م باسه لێره‌دا و له‌سه‌ری چوونی شیاو و زۆر پێویست نییه، لێره‌دا گێڕانه‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌و سیسته‌مه گشته‌كییه له سه‌ر پێناسه‌كردنی دیارده‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه كولتوور و هاوته‌ریبكردنی كولتوور و ئابووری له‌گه‌ڵ یه‌ك، لامان مه‌به‌سته.
هاتنی سه‌رمایه‌یه‌كی شمه‌كییانه بۆ كوردستان نه‌ك به‌رهه‌مهاتنی سه‌رمایه وه‌ك بیر و كرده‌وه!
له‌ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی رابردوو و به‌هۆی گۆڕانكارییه خێرا و فره‌لایه‌نه‌كانی باشووری كوردستان به‌تایبه‌تی له‌رووی ئابوورییه‌وه، كوردستانی ئێرانیش به‌تایبه‌تی شاره بچووكه‌كان و ئه‌و شارانه‌ی له‌سه‌ر رێیه‌كی ژئۆپۆلیتیكی-بازرگانی و گواستنه‌وه و هه‌نارده و هاورده‌كردن بوون، وه‌ك بانه (ته‌نانه‌ت مه‌ته‌ڵێكی كۆنی كوردی هه‌یه كه ده‌ڵێ: هه‌موو رێیه‌كان ده‌چنه‌وه سه‌ر بانه، كه ئه‌مه‌ش پیشانده‌ری هه‌ڵكه‌وتنی بانه له شارێگه‌یه‌كی جیۆگرافیایی- ئابووریدایه)، سه‌رده‌شت، مه‌ریوان، قه‌سری شیرین و... و له‌وێشه‌وه بۆ شارگه‌ل و ناوچه‌گه‌لی نزیك و دوور له‌م شاره هه‌ڵكه‌وتووانه، كه‌وتنه هاوكێشه‌یه‌كی بازرگانی و سه‌رمایه‌دارییانه‌ی رووت و خه‌سته‌وه. ئه‌م كۆمه‌ڵگه (كۆمه‌ڵگه به واتای كۆمه‌ڵ و حه‌شامه‌تێك له جیۆگرافیایه‌كی بچووك یان گه‌وره)یانه كه له مێژووی بوونی گچكه یان مامناوه‌ندی یان گه‌وره‌یاندا ساته‌وه‌ختگه‌ل و قۆناغگه‌لی پڕ له هه‌ژاری و نه‌بوونیان ئه‌زموون كردبوو، پڕحه‌سره‌ت و خه‌مۆك و داماو له دنیای به‌ستراو و بێ ئابووری پێشوویاندا راهاتوو و مۆن و راهیب كرابوون، ئه‌م ساته‌وه‌خت و قۆناغه بۆش و بنجڵه‌ی مێژووی كۆمه‌ڵگه (له‌رووی هه‌بوونی سه‌رمایه و سیسته‌می ئابووری و میكانیزمه‌كانی به‌رهه‌مهێنان) به‌هۆی رووداوێكی جیهانگیر و سه‌رانسه‌ری شه‌قڵیی هه‌ژاریی و ده‌ست ته‌نگی تا ئاستێك ده‌شكێت و له قاوغه پووكاوه پێشووه‌كه‌ی ده‌رده‌چێت، رووداوێك كه خۆی چه‌ندان رووداو و شۆڕشی زانستی و مه‌عریفی و پیشه‌یی له پشت بووه و له سنوور و جیۆگرافیایه‌كی تردا به‌رهه‌م هاتبوو، ئه‌م رووداوه به‌جیهانیبوون (globalization)یان وه‌ك هه‌ندێك ره‌وت ده‌ڵێن دنیای سازی بوو. ئه‌مه‌یش كه ئامێر و كه‌ره‌سته‌كانی جیهانیبوون به ورده‌كارییه‌وه چی بوون و چۆن ئیش ده‌كه‌ن، لێره‌دا جێی په‌رژانه‌سه‌ر و گێڕانه‌وه نییه. به‌ڵام ده‌شێ بگوترێ كه جیهانیبوون له كڵاوڕۆژنه‌یه‌كی "میدیا"یی به‌خه‌ون و خولیا و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی دنیایه‌كی پڕ له ئاسووده‌یی زۆرتر، جوانی زۆرتر، په‌تیتر و ده‌رفه‌تی حه‌سانه‌وه و سه‌یرانی زۆرتر و.. كه هه‌مووی به‌ها و بایه‌خه‌كانی دنیای نوێی به‌رهه‌مهاتوو له شۆڕشه جۆراوجۆره‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا بوون، توانی ئه‌و هه‌ست و نه‌سته‌ی (زه‌ینی وشیار و ناوشیار) به‌رخۆری (مصرفی) و كاڵاگه‌رایی له رۆژئاواوه بۆ رۆژهه‌ڵات بگوازێته‌وه و حه‌ز و چڵێسیی هه‌ناوی مرۆڤ بۆ به‌رخۆریی و فره‌ڕه‌نگی و فره‌بژارده‌یی له بواری كاڵا و شمه‌كی ئاسایش و ئاسووده‌یی هێنه‌ری ژیان، چالاك و بسووڕ بكات. ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا گرینگه كاریگه‌ری ئه‌و دۆخه كاڵاگه‌رێتی و سه‌رمایه‌دارییه به بنه‌مای سیسته‌مێكی ئابووری نوێ له كۆمه‌ڵگه، له‌سه‌ر كولتوور و شێوه‌ژیانی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌یه. كاتێك كۆمه‌ڵگه‌ی داخراوی ئێمه به‌هۆی جیهانیبوون و شلبوونی سنووره‌كان، كراوه‌یی (كه یه‌كێكه له شاڕێیه‌كانی به‌رهه‌مهاتن و گه‌شه‌ی سه‌رمایه و بووژانه‌وه‌ی ئابووری) ئه‌زموون كرد، به‌رواڵه‌ت و رووكه‌ش وه‌ك بكه‌رێكی ئه‌كتیڤ و چالاكی رووبه‌ری به‌رهه‌مهێنان ده‌ركه‌وت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه روونه ئه‌مه‌یه ئه‌و دۆخه بازرگانییه كه لای ئێمه بووه هۆی شكڵگرتن و كه‌ڵه‌كه‌بوونی بڕێك سه‌رمایه (پاره) هیچ رۆڵێكی ئێمه‌ی وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ر و ئه‌ندازیارانی پیشه‌یی و سازێنه‌رانی كاڵا و شمه‌ك و پێداویستی و حه‌وجێیه مادییه‌كانی مرۆڤ تێدا نه‌بوو، رۆڵی ئێمه ته‌نیا جێفرۆش و جامخانه‌ی كه‌لوپه‌ل و شمه‌كی به‌رهه‌مهاتووی دنیای پیشه‌یی رۆژئاوا بوو و جگه له شێوازێكی تر له كرێكاری و جێبه‌جێكاریی له قه‌واره و رووخسارێكی خه‌مڵێنراو و به‌بریقه‌دا هیچ نه‌بووین، واته هه‌ر وه‌ك چۆن كاڵا له شوێنگه و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌رهه‌م نه‌هاتووه، هه‌ر به‌و شێوه‌ش پاره و سه‌رمایه‌ی ده‌ستكه‌وتوو و داهاتوو له‌م كاڵایانه خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی به‌رهه‌مهێنان نین، به‌ڵكو ده‌شێ بڵێین كه پاره و سه‌رمایه لێره‌دا ته‌نیا ده‌كه‌وێته سووڕ و به‌پێی بارودۆخ كه‌ڵه‌كه ده‌بێت یان بڵاویش ده‌بێت، له ئاوه‌ها بارودۆخێكی ئابووری و بازرگانی كه رۆڵی ئیراده‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ته‌نیا وه‌ك جێبه‌جێكار و گوێزێنه‌رانی كاڵا و شمه‌ك له دوبه‌ی، چین، توركیا، باشووری كوردستان و... ئاماده‌یی هه‌یه، سه‌رمایه و پاره بوونێكی ره‌سه‌ن و راسته‌قینه‌یان نییه و وه‌ك كولتووری كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌م تاكه جێبه‌جێكارانه‌ش ده‌ڵێت: "پاره وه‌ك چڵكی ده‌سته"، واته گرینگی پاره و سه‌رمایه لای ئه‌مان ئه‌وه نییه له كوێ و چۆن دێت، به‌ڵكو ئه‌مه‌یه كه دێت و ده‌چێت و هه‌ر ئه‌م چوون و نه‌چوونه‌ش بێ بایه‌خ و كه‌ڵكی ده‌كات و تێڕامان و هه‌ڵوێسته‌ی پێویست بۆ سه‌ر سه‌رمایه شكڵ نه‌گرێت و ئاماده‌یی و بوونی سه‌رمایه وه‌ك لایه‌ن و بگره زاتێكی سه‌ربه‌خۆ و جیا و ره‌سه‌ن نه‌بینرێت.
به‌م پێیه‌ش سه‌رمایه رۆڵی راسته‌قینه و به‌رهه‌مهێنه‌رانه و شارستانی سازانه‌ی خۆی نه‌گێڕێت و كۆمه‌ڵگه و كولتووره‌كه‌ی به‌رواڵه‌ت دیاریكه‌ری رۆڵ و پێگه‌ی سه‌رمایه‌ی گوازراو و هاورده بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه لایه‌نی رووكه‌شییانه و سه‌ره‌تایی بابه‌ته‌كه‌یه، چونكه ئه‌وه‌نده به‌سه‌ر ئاماده‌یی سووڕێنه‌رانه‌ی سه‌رمایه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه تێناپه‌ڕێت كه سه‌رمایه و هه‌موو وزه هێزه‌كی (بالقوه) و كرده‌كی (بالفعل)یه‌كه‌ی جڵه‌و و كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته ده‌ست و یه‌كه‌مین و بنه‌ماییترین بابه‌تێك كه له‌گه‌ڵیدا ده‌كه‌وێته به‌ره‌وڕووبوونه‌وه و ململانێوه، كولتووری زاڵی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه جا به‌هه‌ر ماهییه‌ت و پێكهاتێك بێت. ئه‌م سیسته‌مه له بازاڕ و بازرگانی به‌ها و بایه‌خگه‌لی وه‌ك به‌رخۆریی، ئاسایشی زێده، ئاسووده‌یی، حه‌زیی فره‌چه‌شنی و فره‌ره‌نگی خوازیی و... جێگری به‌ها و بنه‌ما و بایه‌خه‌كانی ئه‌و قه‌واره كولتوورییه ده‌كات كه هاتووه‌ته ناوی و له‌گه‌ڵیدا كه‌وتووه‌ته ململانێ و ئاوقابوونه‌وه. ده‌سه‌ڵاتی سه‌یر و ئه‌فسووناوی سیسته‌می سه‌رمایه و ئابووری له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی ئێمه به ئاستێكه كه ئه‌و زاڵبوونی به‌هایانه‌ی دنیا و پێكهاتی سه‌رمایه كه جێگری كۆڵه‌كه و بنه‌واكانی كولتووری ئاماده‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌بن، له كه‌مترین ئاستدا هه‌ستی پێ بكرێت و وشیاری له‌سه‌ر شكڵ بگیرێت و ئیتر پاش ماوه‌یه‌ك جوێكردنه‌وه‌ی كولتوور و سه‌رمایه، كۆمه‌ڵگه و بازاڕ، بوونێكی فه‌لسه‌فی و ژیانێكی پڕسه‌رمایه و به‌رخۆری و... سه‌خت و نه‌كرده بێ. ئا لێره‌دایه كه كاره‌ساته‌كه روو ده‌دات و كولتوور له‌به‌ر پێی پاره و سه‌رمایه، كۆمه‌ڵگه له به‌رده‌م بازاڕ و پاساژ، تاكی كۆمه‌ڵ له ئاستی گوتاری بازرگانی زاڵ، ده‌بنه قوربانی و ئیتر له باتی كولتووری كۆمه‌ڵگه، بازاڕ و سه‌رمایه رۆڵی ده‌سه‌ڵات ده‌گێڕن و سه‌رمایه دێته جێی كولتووری پێشووی كۆمه‌ڵگه، كولتوورێك كه ئه‌گه‌ری گه‌شه و نه‌شه‌ی به‌هه‌ر پێگه و ماهییه‌تێك له به‌ستێنی زه‌مه‌ن و هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌دا تێدا بوو. به‌گشتی كولتووری سه‌رمایه‌داری و بازاڕپه‌ره‌ستی جێگری كولتوورێك ده‌بێت كه ساڵه‌ها له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ئیشی پێ كراوه و كولتووری سه‌رمایه‌داریش شتێك نییه جگه له نه‌فس و زاتی سه‌رمایه خۆی و په‌رستش و پیرۆزاندنی به‌ها و بایه‌خی خۆی و ته‌نیا خۆی. بۆیه سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر له كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا سه‌رمایه‌دارانێك ده‌بینین كه كتێب ته‌نها كاتێك مانای هه‌یه بۆیان كه پاره‌ی بۆ بكات، رێوڕه‌سمه كولتوورییه‌كان بۆیان له سیرك و ته‌ماشاخانه ده‌چن، كولتوور و هه‌ڵس و بنیشتی مرۆڤه‌كان ته‌نیا به‌رواڵه‌ت و رووكه‌شێكی ماكییانه و ئامێرخوازانه‌وه وه‌ك ماڵ، ماشێن، جلوبه‌رگی ره‌نگاڵه‌یی و گران (له رووی چه‌ندایه‌تییه‌وه نه‌ك چۆنایه‌تی) لایان پێناسه بكرێت و ببینرێت، ئه‌مه ئه‌و ساته تراجیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه كه كولتوور و سه‌رمایه به‌زاڵبوونی یه‌ك سیسته‌می ئابووری ره‌ها و دیكتاتۆر به ناوه‌ندێتی سه‌رمایه‌داری ته‌نیا و ته‌نیا، ده‌بن به یه‌ك و واتای كولتوور واته سه‌رمایه و سه‌رمایه‌ش واته كولتوور. ئه‌مه ئه‌و ساته سامناكه بوو كه فه‌یله‌سووفانێكی وه‌ك ماكس هوركهایمه‌ر و تیۆدۆر ئادۆرنۆ كه له بنیاتنه‌رانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتی ئه‌ڵمان بوون له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، هۆشداریی به‌پیشه‌ییبوونی كولتوور و تاك ره‌هه‌ندبوونه‌وه‌ی مرۆڤ (هێربێرت ماركوزه، ئه‌ندامێكی تری قوتابخانه‌ی ناوبراو) بده‌ن به گوێماندا، كه ئه‌م دۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ی هه‌نووكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، شتێك جگه له ده‌سه‌ڵاتی بازاڕ و سه‌رمایه به‌سه‌ر كولتوور و خستنه جامخانه‌ی كولتوور بۆ فرۆش نییه! وه‌ك له سه‌ریشه‌وه ئاماژه‌م پێ دا له‌م سیسته‌مه‌دا تاكه‌كان و ئه‌ندامان كتێبیان ته‌نیا بۆ ئه‌وه لا گرینگه كه شمه‌كێكی بازاڕه، نه‌ك تێز و په‌یام و هێمایه‌كی شارستانی! كه‌ڵه‌كه و ته‌قینه‌وه‌ی له‌ناكاوی سه‌رمایه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، تاقمگه‌ل و توێژگه‌لێكی دروست كرد كه جگه له سه‌رمایه و ده‌ركه‌وته‌كانی، به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ هیچ دیارده و هه‌بوونێكی تر پێوه‌ندییان نه‌گرت و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان بڕێك جار هێما و دیارده پاشماوه‌كانی كولتوور وه‌ك مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر خۆیان ده‌زانی و به‌شێوازێكی توند و سه‌رمایه‌دارانه‌ی سه‌یر په‌لاماری ئه‌و ره‌هه‌نده كولتوورییه و هه‌ڵگرانییان ده‌دا. بۆیه له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا سه‌رمایه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كراو هه‌یه، به‌ڵام ده‌ركه‌وته‌كانی له وه‌هم و ته‌م ده‌چن و بابرده‌ڵه‌ن، سه‌رمایه‌دار هه‌یه، به‌ڵام كولتووری كراوه‌ی شارستانیخواز نییه! رۆحی سه‌رمایه‌داریی تاكڕه‌هه‌ند هه‌یه، بۆیه كولتوور پیشه‌یی و شمه‌كییانه ده‌بێت!