عادل قادری
هه‌ر شتێك كه ئێمه ئه‌زموونی ده‌كه‌ین، نه زۆرتر له راڤه‌یه‌كه (ته‌ئویلێكه) و نه كه‌متر له راڤه‌یه‌ك، شته‌كانی دنیا له قه‌واره‌ی دیسیپلینه به‌هاییه‌كانی زه‌ینی ئێمه‌دا راڤه ده‌كرێن، به‌م چه‌شنه تاقانه دنیایه‌ك كه ده‌شێت بناسرێت، دنیای جیاوازییه‌كانه واته دنیای راڤه‌كانه. جانی ڤاتیمۆ.
د. ره‌فیق سابیر و نێرڤانا
ئه‌زموونی ئۆنتۆلۆجیكاڵ یان بوونناسانه‌ی د. ره‌فیق سابیر وه‌ك له ناوی شیعرێكی درێژ‌یشیدا واته (مێدیتاسیۆن) ده‌رده‌كه‌وێت، نزیكه له سۆفیگه‌ری و عیرفانی بوودایی.
ئه‌م ئه‌زموونه به قووڵبوونه‌وه و یان باشتره بڵێم تێكه‌ڵاوبوون و واڵاكردنه‌وه‌ی خۆی له هه‌مبه‌ر دنیا و بوون، ده‌ست پێ ده‌كات و به تێپه‌ڕاندنی چوار ئه‌پیزۆد كه هێمایه بۆ چوار قۆناغی تاقیكراوه و پڕهه‌ڵچوون و داچوونی ئۆنتۆلۆجیكاڵ، له زه‌ریای هێوری و پڕسره‌وتی "بوون"دا له‌نگه‌ر ده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر گشتییه‌تی ئه‌م قۆناغه بچه‌مكێنم و تیۆریزه‌ی بكه‌م، قۆناغی یه‌كه‌م به قووڵبوونه‌وه له بوون و سه‌ره‌تای هه‌ڵنیشتنی چه‌مكه‌كانی تر له قۆناغه‌كانی دواتردا ناوزه‌د ده‌كه‌م. هه‌ر له‌م قۆناغه‌شه كه رۆنان و پێكئانینی میتافیزیكێكی زه‌وینی واته؛ ئه‌ڤین، ده‌خرێته روو و به لێكدانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی "تۆ" یه‌كی زه‌وینی و كردنه رووگه‌ی ئه‌م "تۆ"یه، ئه‌زموونێكی تر ده‌ژی، به‌ڵام هه‌رزوو گومان و نیهیلیزم و له هه‌مان كاتدا یاخیبوونێك ده‌رده‌كه‌وێت، كه به‌ره‌و ئاسۆی روون و هه‌رێمی قۆناغی سێیه‌م، چاوبردوو و سه‌رنجڕاكێشمان ده‌كات كه به ده‌سپێكردنێكی نه‌رم و هێواشی گومان و نیهیلیزم كۆتایی پێ دێت. قۆناغی دووه‌م به سه‌ره‌تای فامكردنی "زه‌مان" وه‌ك هاوكێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بوون ده‌زانم و به ده‌ركه‌وتنی ئه‌م هاوكێشه‌یه دازاین ده‌كه‌وێته داوی حه‌قیقه‌تی هه‌بوون و ناسینی خۆی له ئاوێنه‌ی ئه‌وانیدا و چه‌مك و زمانی بوونی دنیا ده‌ئه‌زموێ و پرسیار و گومانی ئاگراوی ئۆقره‌ی لێ بڕیوه، تا شوێنێك سامناكی بوون باوه‌شی دایكی وه‌ك په‌ناگه‌یه‌ك به خه‌یاڵدا دێنێت و دازاین ده‌كه‌وێته گریان و په‌ڵپگرتن. له قۆناغی سێیه‌مدا دازاین به‌سه‌ر ترسی خۆیدا زاڵ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام خه‌مۆكی و پووچییه‌ك جێگری ترسه‌كه ده‌بن و ماوه‌یه‌ك تێیدا په‌له‌قاژه ده‌كات، هه‌ر ماوه‌یه‌ك دوای ئه‌م نیهیلیزمی میتافیزیكییه، دازاین رووگه‌ی خۆی له فه‌زایه‌كی ده‌ره‌زه‌وینیدا ده‌دۆزێته‌وه و روو ده‌كاته ئاسمان و بۆ فڕین له شه‌قه‌ی باڵ ده‌دات. له قۆناغی كۆتادا وه‌گێڕ (راوی) واته "دازاین"ی ناو ئه‌م شیعره، به گه‌یشتن به یه‌قین و كه‌شفی حه‌قیقه‌تی "بوون"، و قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر و واڵاكردنی خه‌ستری خۆی له هه‌مبه‌ر "تۆ"یه‌كی ده‌ره‌زه‌وینی و ئاسمانی، هه‌موو پرسیار و گومانه‌كانی خۆی كه پێشتر بۆی رووی دابوو ره‌ت ده‌كاته‌وه و به گوناه ده‌یاننرخێنێت، له كۆتادا و له هه‌رێم و كه‌نارێكی ئارام و به‌ئیمانه‌وه، له رۆخێكدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت و به مانایه‌ك له ئۆتۆپیایه‌كدا ده‌نیشێته‌وه. واته ده‌كرێت بڵێین گه‌یشتووه‌ته دۆخ و حاڵه‌تی نێرڤانا1.
به‌ختیار عه‌لی و هه‌وڵ بۆ شۆڕشی میتافیزیكی
ئه‌زموونی به‌ختیار عه‌لی له سه‌ره‌تادا وه‌ك ئه‌زموونێكی یاخی‌تر ده‌رده‌كه‌وێت و هیچ كات پرسیار و گومانی لێ ناڕه‌وێته‌وه و قه‌ت ئه‌و ئۆتۆپیا و شاری خه‌ونه‌ی كه لای ره‌فیق سابیر دێته كایه‌وه، لێره‌دا ده‌رناكه‌وێت. "بوون" وه‌ك ناوه‌ڕۆك و تێمێكی سه‌ره‌كی شیعره‌كانی به‌ختیار عه‌لی به‌رده‌وام ئاماده‌یه، به چه‌شنی جۆراوجۆر، ئاشكرا و نهێنی، ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام ئه‌م ئه‌زموونی ئۆنتۆلۆجیكاڵه، له قه‌سیده‌ی "گوناه"دا زه‌قترین لایه‌نی هزری و پرسیار ئامێز و گومان ئالوودی خۆی به شێوازێكی ئیستاتیكی و جوانیناسانه‌ی تایبه‌ت به دنیای نووسه‌رێك به ناوی "به‌ختیار عه‌لی" ده‌خاته روو.
ئه‌م قه‌سیده‌یه كه له هه‌شت ئه‌پیزۆد پێكهاتووه، له‌گه‌ڵ بنه‌ڕه‌تی بووندا كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نییه له سه‌ره‌تادا و ئه‌وه‌ی كه پرسیار و گومان و یه‌خه‌گرتنی "خوا" له‌م قه‌سیده‌یه‌دا تۆخ و خه‌ست ده‌كاته‌وه، شێواز و چۆنێتی بوونه، واته له دیدی وه‌گێڕی ناو دنیای ئه‌م شیعره‌دا میتافیزیكه ئاسمانییه‌كان و ئایدۆلۆجییه ئایدیالیستییه زه‌وینییه‌كان، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پرسیار و گومان و خه‌ون و مۆته‌كه‌كانی نین، بۆیه له‌م روانگه و سۆنگه‌یه‌یه كه بنه‌ڕه‌تی بوون ده‌خرێته ژێر كۆمه‌ڵێك پرسیاره‌وه و به‌هۆی نه‌بوونی وه‌ڵامێكی شیاو، (نیهیلیزمێكی پرسیاری) له‌م ده‌قه‌دا خۆی ده‌رده‌خات.
لێكدانه‌وه و به‌دواداچوونی ئه‌م قه‌سیده‌یه لێره‌دا ناپێورێت، به‌ڵام وه‌ك دوا گوته ئه‌زموونی به‌ختیار وه‌ك چه‌شنێك له "شۆڕش و یاخیبوونی میتافیزیكی" ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌رچی بێبه‌ری نییه له خواست و مه‌یلێك به‌ره‌و داسه‌كنان و نیرڤانایه‌كی عیرفانی بێ خودا.
شێركۆ بێكه‌س و "ته‌سه‌وفی كوردایه‌تی"
ئه‌زموونی شێركۆ بێكه‌س، ئه‌زموونێكه كه زۆر له‌گه‌ڵ چه‌مك و هزر و تێڕامانی ئۆنتۆلۆجیكاڵ گرێ نادرێت، چونكه نه ئاوڕێكی ئه‌وتۆ له بنه‌ڕه‌تی بوون ده‌داته‌وه و نه پرسیارگه‌ل و گومانگه‌لێكی قووڵ رووبه‌ڕووی بوون ده‌كاته‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی شیاوی سه‌ره‌نجه، گێڕانه‌وه و ریوایه‌تێكه له بوونێكی مێژوویی- رۆحی نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه له زۆر له ده‌قه‌كانیدا ده‌یكات و وه‌ك نموونه له رۆمانه شیعری ده‌ربه‌ندی په‌پووله كه دیدارێكی خه‌یاڵی و شیعرییانه‌یه له‌گه‌ڵ "مه‌لا خدری ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی میكایلی" واته نالی، ده‌بێته هۆی هه‌ڵهێنجانی ئیستاتیكای نالی بۆ ناو ده‌قه‌كه‌ی خۆی و سامانێك كه نالی له عه‌شق و "حه‌بیبه" هه‌یه‌تی ده‌قۆزێته‌وه و وه‌ك بوونێكی كوردییانه‌ی ناو هه‌ناوی مێژوو ئیستاتیكایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه.
شێركۆ له روانگه و گۆشه‌نیگای كوردێكه‌وه ده‌ڕوانێته بوون و دنیا و پرسیاریان به‌ره‌وڕوو ده‌كاته‌وه. كه ئه‌م روانگه كوردییه‌ی شێركۆ بێگومان خاڵی نییه له هه‌ندێك پرسیار و گومانی رژد و زه‌ق، كه زۆرتر له سۆنگه و به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه كه به‌سه‌ر كورددا هاتووه، ده‌یخاته روو. كاره‌ساتگه‌لێكی وه‌ك ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه، كۆڕه‌و، نیشتمانی پارچه‌كراو و... زۆرترین میكانیزم و لۆسه‌ن بۆ تێڕامان و پرسیار و گومانه‌كانی شێركۆ بێكه‌س له هه‌مبه‌ر "بوون"دا.
شێركۆ بێكه‌س یه‌كێك له‌و هه‌وڵ و رۆحانه‌یه كه "ره‌سه‌نایه‌تی" له پێگه‌ی كوردێكدا كه له دۆخێكی تایبه‌تی "بوون"دا ژیاوه، به‌شێوازێكی سه‌ركه‌وتووانه گێڕاوه‌ته‌وه. بۆ نموونه له گۆڕستانی چراكاندا كه بۆ ئه‌نفال نووسراوه، ئه‌نفاله كه گومانی شێركۆ بێكه‌س به ئایدۆلۆجییه زه‌وینی و ئاسمانییه‌كان ده‌ورووژێنێت و تووڕه‌ی ده‌كات. یان له ده‌قێكی تری‌دا (خۆم، ئه‌و كاته‌ی كه باڵنده‌م) "عومه‌ری خاوه‌ر" وه‌ك هێما و سیمبۆلێكی چه‌وسێنراو "شه‌هیدكراو"ی كورد (هه‌ڵه‌بجه) به سه‌رتاپای گۆی زه‌ویدا ده‌فڕێت و هاوڕێكانی خۆی له ژاپۆن و كووره‌كانی ئاشۆیتس و بیركناو و داخائۆ ده‌دۆزێته‌وه و گومان له ئومانیزم و ئاینه‌كان ده‌كات.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه زه‌قه‌ی ناو ده‌قه‌كانی شێركۆ، توخمێكی تر كه هه‌رده‌م ژیان و مان به به‌ر ئه‌م "بوونه"دا ده‌كاته‌وه و له پاكتاوبوون و كۆكوژی دایده‌ته‌كێنێت، حه‌ماسه‌تێكه كه وزه‌ی هیوابه‌خشی شێركۆ ده‌یداته ده‌قه‌كانی. بۆیه عومه‌ری خاوه‌ر له‌و گێڕانه‌وه خه‌یاڵییه‌دا و له رێی فڕینه‌وه دواتر وه‌ك رێبه‌رێك داوه‌تی گه‌وره مرۆڤدۆستانی دنیا ده‌بێت و له كۆتادایه كه "نێلسۆن ماندێلا" و "حوسێن حوزنی موكریانی" دیاری تاقانه‌ی خۆیان پێشكه‌شی ده‌كه‌ن.
ده‌كرێ شیعری شێركۆ به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه له ژێر رێبازێكی گشتی "بوونی مێژوویی – رۆحی" كورد به ناوی "ته‌سه‌وفی كوردایه‌تی" وێنا بكه‌ین. دنیای شێركۆ زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده كه ده‌بێت ئیشی زۆری له‌سه‌ر بكرێت و لێره‌دا به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رفه‌ت درێژدادڕی ناكه‌م.
ده‌بێ له دواجاردا بڵێم كه ناوهێنان و ریزكردنی ئه‌م شاعیرانه لێره‌دا ته‌نیا له‌سه‌ر پێوه‌ری "ره‌سه‌نایه‌تی"، "بوونه" كه له ده‌قه‌كاندا ده‌ركه‌وتوون، نه‌ك به‌گوێره‌ی مێژووی ده‌رچوون و نووسینی ئه‌م ده‌قانه‌وه. با ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت كه وشه‌ی "بوون" هه‌رچه‌نده پاشگر بگرێته خۆی و له‌گه‌ڵ وشه‌گه‌ل و چه‌مكگه‌لی تردا لێك بدرێت و تێكه‌ڵاو بێت، ره‌سه‌نایه‌تی خۆی له ده‌ست ده‌دات. بۆ نموونه بوون لای ره‌فیق سابیر بوونێكی بنه‌ڕه‌تییه، به‌ڵام لای شێركۆ بێكه‌س بوونێكی نه‌ته‌وه‌ییه كه ئه‌مه واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه بوون له دنیای شێركۆوه له بنه‌ڕه‌ت و مرۆڤه‌وه، هاتووه‌ته سه‌ر كۆمه‌ڵگه یان گرووپێكی كۆیی له مرۆڤ كه نه‌ته‌وه‌یه.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
1- نێرڤانا، دوایه‌مین قۆناغی عیرفانی بووداییه و له عیرفانی ئیسلامی‌دا هاوتای پله‌ی كه‌ماڵ دێت، نیرڤانا به واتای "رزگار بوو' دێت.
2- هایدگر- جف كالینز، هاوارد سلینا- ترجمه صالح نجفی
3- به ته‌نیا جێی مه‌هێڵن، سه‌رجه‌می شیعره‌كانی ره‌فیق سابیر
4- تا ماته‌می گوڵ تا خوێنی فریشته، به‌رهه‌مه شیعرییه‌كان- به‌ختیار عه‌لی
5-دیوانی شیركۆ بێكه‌س