عادل قادری
فه‌رهاد پیرباڵ یه‌كێك له‌و نووسه‌ر و رۆشنبیرانه‌یه كه له سه‌ره‌تای بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمان و شیعر و لێكۆڵینه‌وه‌كانیه‌وه توانیویه‌تی خوێنه‌رانی باش بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌و مامۆستای زانكۆیه و پێشتریش گۆڤارێك به‌ناوی "وێران"ی به‌ده‌سته‌وه بوو. كار و نووسینه‌كانی هه‌مه‌جۆرن و له ئه‌ده‌به‌وه تا نیگاركێشان و لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی و هونه‌ری و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فیش له‌خۆ ده‌گرن. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه له پانتای گشتی (حوزه‌ی عموومی) و رووبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیشدا هه‌میشه ئاماده و چالاك بووه، واته پیرباڵ ته‌نیا به رووخساری ئه‌دیب و ئاكادیمی ده‌رنه‌كه‌وتووه و شتێك كه هه‌میشه لای پیرباڵ ئاماده بووه هه‌ڵوێست و په‌رچه‌كردار بووه، كه له زۆر حاڵه‌تدا دژوار و ناله‌بار بووه و له حاڵه‌تێكیشدا پڕ به‌پێست و شیاو بووه. ئه‌و هه‌ر له نووسینی رۆمان و شانۆنامه جیاوازه‌كانی له‌وانه "مولازم ته‌حسین و شتی تریش...!"، "حه‌شیشه‌كێشه‌كان"، "منداڵباز" و "سانتیاگۆ دی كۆمپۆستیلا" تا شیعره پێرفۆرمێنسن و نواندن ئامێزه‌كانی خاڵی جیاوازی و رچه‌شكێنانه‌ی تێدا به‌رجه‌سته بووه، زۆر له‌و شتانه‌ی ئه‌و ده‌یشكێنێت، ده‌كرێت وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له دژی كولتووری چه‌قبه‌ستوو و دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی پێناسه بكرێت، واته كاتێك له رۆمانی مولازم ته‌حسین و شتی‌تریش ره‌وایه‌تێكی تازه له ئه‌خلاق و ته‌نگژه‌ی ئه‌خلاق ده‌كات، ئێمه له‌گه‌ڵ دنیای ئه‌ده‌ب و ئیمكاندا به‌ره‌وڕووین و كارێكی تایبه‌ته و له‌سه‌ر جوانی و ناجوانییه‌كانی ده‌شێت به پارێز و تێڕامانه‌وه قسه بكه‌ین، ئه‌گه‌رچی هه‌ر ئه‌و كاتیش كه ئه‌م كتێبه‌ی بڵاو كرده‌وه، كه‌وته به‌ر كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه و پاڵه‌په‌ستۆی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیش و تا ئاستی رێگرتن و مه‌ترسی گیانیش رۆیشت تا به بڕیاری مام جه‌لال له قه‌واره‌ی نامه‌یه‌كدا كێشه‌كه هێور بووه‌وه و لانیكه‌م پشتگوێ خرا. ئه‌م حاڵه‌ته له زۆربه‌ی نووسین و چالاكی و هه‌ڵوێست و كرداری پیرباڵدا به‌دی ده‌كرێت. كاتی ئه‌وه‌یه به بیر خۆمانی بهێنینه‌وه كه ئه‌و له هه‌ولێر له دایك بووه، به‌ڵام له پاریس خوێندوویه‌تی و له پێكدادانی دوو كولتوور و دوو وڵات و دوو شاردا كه‌سایه‌تی رۆشنبیرانه‌ی دروست كراوه و گه‌شه‌ی كردووه. كولتووری كوردی له زۆربه‌ی شار و به‌شه‌كانی كوردستان كولتوورێكی شه‌قڵ نه‌شكا و بیكره و ئێسته‌ش به تۆخی له ژێر كاریگه‌ریی ئاین و روانینی كولتووری كۆنباوه. كولتووری فڕه‌نسا ئه‌و كولتووره پێشكه‌وتوو و واڵایه‌یه كه زۆر له هێماكانی دنیای هاوچه‌رخ و سه‌ده‌كانی پێشوویشی به ناوی خۆی تۆمار كردووه، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه له كولتووری فڕه‌نسادا زۆر باس و خواسی له‌سه‌ر كراوه و لای ژان پۆل سارته‌ری (١٩٠٥-١٩٨٠) فه‌یله‌سووفی فڕه‌نسی ده‌گاته چڵه‌پۆپه و ته‌شقی خۆی، مانا و واتای "ئازادی"(freedom)یه، ئه‌و تا شوێنێك ده‌ڕوات كه بۆ به‌رگرییه‌كی فه‌لسه‌فی و وجوودی له ئازادی ده‌ڵێت: من وه‌ك مرۆڤ هێنده ئازادم كه ده‌توانم خۆشم بكوژم! ئه‌مه لایه‌نێكی فه‌لسه‌فی روانینی سارتێره و ناكرێت به ساده‌یی و له‌م یه‌ك رسته‌یه‌دا راڤه و شرۆڤه بكرێت، به‌ڵام نیشانه‌یه‌كه بۆ چه‌شنێك له كراوه‌یی و رێژه‌خوازییه‌كی شێتانه له كولتووری فڕه‌نسادا، بۆیه هه‌ندێك له كولتوورناسان ئه‌م حاڵه‌ته‌ی كولتووری فڕه‌نسایان به چه‌شنێك له عه‌یاشی و بێ سه‌روبه‌ری و ره‌شۆداماڵین له قه‌ڵه‌م داوه، كه له هه‌ندێ حاڵه‌تدا باشه و خزمه‌ت به ئازادی ده‌كات! به‌ڵام له زۆر حاڵه‌تیشدا و به‌تایبه‌ت له وڵاتانی پێش نه‌كه‌وتوو و دنیای سێیه‌مدا ده‌توانێ گێچه‌ڵساز و كێشه‌دار بێت. دیاره ده‌توانین بڵێین كه فه‌رهاد پیرباڵ سه‌ر به رێبازی رۆشنبیرانی فڕه‌نسای سه‌ده‌ی بیسته‌م بووه! هه‌ڵبه‌ت ئێسته روون نییه كه سه‌ر به چ رێبازێكه! مه‌به‌ست له باسكردنی گرێدراوێتی پیرباڵ به ئه‌ڵقه‌ی فیكری رۆشنبیرانی فڕه‌نسای سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌وه‌یه كه ئه‌و یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو كه له كولتووری ئێمه‌دا هیچ له‌مپه‌ر و به‌ربه‌ستێكی بۆ خۆی دانه‌ناوه و هه‌موو كار و هه‌ڵوێستێكی له پانتای گشتی و شه‌قامی كوردیدا هه‌ڵگیرسێنه‌ر و هه‌واڵساز بووه، هه‌ر له میزكردنی به دیواری زانكۆوه بگره تا ده‌گاته راشكاوانه كردنی هه‌موو قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان. كاتی خۆی له وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه پرسیان بۆ میزت كردووه به دیواری زانكۆدا؟ گوتی كه میزی من پیتی هه‌یه، ئه‌وه‌تا میزیشیم كردووه به خاكی توركیادا خه‌ریكه پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌ست پێ ده‌كات! راستییه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باسی هه‌ڵوێست و كردار و ته‌نانه‌ت نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌كانی پیرباڵ بكه‌ین، ده‌بینین كه هه‌موویان توخم و ره‌گه‌زێك له دژه‌باوییان تێدا هه‌یه، هه‌موو ئه‌م شتانه كه وه‌ك دژه‌باوی له پانتای گشتیدا ده‌ركه‌وتن، ده‌شێت له ژێر چه‌شنێك هه‌ڵسوكه‌وت و كرداری ئازادانه‌ی رۆشنبیر پێناسه بكرێن (هه‌ڵبه‌ت به ته‌ساموحه‌وه) كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو و پێش نه‌كه‌وتوودا ئه‌نجام دراون به‌مه‌به‌ستی راكێشانی رای جه‌ماوه‌ر بۆ گۆڕان یان پاڵه‌په‌ستۆ خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات یان دروستكردنی فۆرمێكی تر له مۆراڵ و ده‌ره‌وه‌ستی به هه‌ندێ شتی دیاریكراوه‌وه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی پیرباڵ كاتێك له‌م چوارچێوه و ئاقاره ده‌رده‌چێت و له خشته‌ی خۆی ده‌ترازێت كه جنێو و سووكایه‌تیكردن به لایه‌نی به‌رانبه‌ر و به به‌رچاوی جه‌ماوه‌ر ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌وپه‌ڕی خۆی! جوێنی نامووسی و تفكردن و سووكایه‌تیكردن به هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن شتێك نییه كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراوی وه‌ك كوردی و له كولتوورێكی وه‌ك باشووردا به سانایی به‌ته‌نیشتیدا تێپه‌ڕین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌م كردارانه له زۆربه‌ی كولتووره‌كاندا نادروست و بگره قێزه‌ونیشن، ره‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌و له فڕه‌نسا یان ئه‌ڵمانیا یان ئه‌مه‌ریكا و بژیایه، قه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ گرینگ نه‌بووایه ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی بكردایه، به‌ڵام له به‌رچاونه‌گرتنی شوێن وه‌ك چوارچێوه و پێكهاتێك له كولتوور، ته‌ندروستی عه‌قڵێك كه هه‌ڵگری ئه‌م كردارانه‌یه ده‌خاته به‌رده‌م گومانه‌وه، ته‌نانه‌ت ره‌نگه ئه‌م گومانكردنه له‌لایه‌ن دۆستانی هه‌ره نێزیكیشیه‌وه بێت، قه‌ت ناكرێت رۆڵی ئه‌م پیاوه له داهێنانه ئه‌ده‌بی و لێكۆڵینه‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كانی نكوڵی بكرێت، به‌ڵام وه‌ك گوتم كۆمه‌ڵێك هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ئه‌و، گومان له‌سه‌ر عه‌قڵی وا پیاوێك دروست ده‌كات، كاتی خۆی له شوێنێكدا و ساڵانی له‌مه‌وپێش كه هێشتا گه‌نج بوو، گوتبووی: كاتێك كه من گه‌یشتمه ته‌مه‌نی 40 ساڵان، ئیتر به مرۆڤێكی عاقڵم مه‌زانن و حیسابێكی وا بۆ قسه‌كانم مه‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌م بابه‌ته له لایه‌ن پێشكه‌شكارێكی به‌رنامه‌یه‌ك به ناوی "به‌ڕاشكاوی" كه‌ناڵی ئێن ئار تی لێی كرا، كاك رێبوار پرسی: تۆ گوتووته ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نم له ٤٠به‌ره‌و سه‌ره‌وه رۆیشت ئیتر گوێم بۆ مه‌گرن و عه‌قڵم ره‌نگه ته‌واو نه‌بێت، ئێسته تۆ له سه‌رووی 40ی ئێمه گوێت بۆ بگرین؟ نه‌یگرین؟ باوه‌ڕ به عه‌قڵت بكه‌ین؟ نه‌یكه‌ین؟ پیرباڵ له وه‌ڵامدا گوتی: به‌ڵی من ئه‌م قسه‌یه‌م كردووه، به‌ڵام ئێسته كه بیر ده‌كه‌مه‌وه وا تێده‌گه‌م "هێشتا هه‌ر به‌كاره مێشكم"!
ئه‌م دۆخه‌ی كه به‌گشتی له لایه‌نی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و داهێنه‌رانه‌ی پیرباڵ تیشكمان خسته سه‌ری و ئاماژه‌مان به لایه‌نی دژه‌باو و ناباوی هه‌ندێ هه‌ڵسوكه‌وتیشی دا، ئه‌م پرسیاره‌مان لا دروست ده‌كات كه ئایا پیرباڵ كامه‌یه؟ ئه‌دیبێكی داهێنه‌ر و نیگاركێشێكی جیاواز و چالاكێكی رچه‌شكێنه؟ یان ده‌م هه‌راشێكی تووڕه و جنێوفرۆشێكی ئاژاوه‌گێڕه؟ ئێمه هیچ بڕیار یان داوه‌رییه‌ك ناده‌ین و ناكه‌ین، به‌ڵام مافی خۆمانه پرسیار ئاراسته‌ی دوو جۆره هه‌ڵسوكه‌وتی دژله‌یه‌ك و پێچه‌وانه بكه‌ین. به‌ڕاستی فه‌رهاد پیرباڵ كامه‌یه؟