عادل قادری
یه‌كێك له‌و سه‌رنجه فه‌لسه‌فییه رژدانهی كه له سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌سه‌ر خوێنه‌ر چڕ كرایه‌وه، بیردۆزیی خوێنه‌ر ته‌وه‌رانه‌ی مارتین هایدیگه‌ر بوو كه له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕوانگه‌ی (بهرههستخوازانهی) ئیدمۆند هووسرێل (فه‌یله‌سووفی بنیاتنه‌ری دیارده‌ناسی 1859-1938 و...)دا خۆی مانیفێست كرد. هووسرێل چونكه چه‌قی تێڕوانینه‌كه‌ی له‌سه‌ر دیارده‌ناسی ڕۆنا بوو، ته‌نیا له‌سه‌ر ڕۆڵی بنه‌مای وه‌رگر له فامكردن و وه‌رگرتنی دیارده‌كاندا "تا ئه‌و شوێنه‌ی له ئێمه‌وه دیارن" پێی داگرت، به‌ڵام هایدیگه‌ر به لێكدانی دیارده‌ناسی و ئۆنتۆلۆجی هه‌رچه‌شنه عه‌ینییه‌ت و بهرههستبوونی ڕه‌ت كرده‌وه و پێداگری له "دازاین" یان "له‌وێنده‌رێ بوون" كرد. به‌م پێیه لای هایدیگه‌ر وشیاری ئێمه شته‌كانی دنیا ئهوپهڕهاوێژی (projection) ده‌كات1 و به‌پێی ئه‌وه‌ش كه خۆی له‌خۆیدا له ناو دنیادایه، پێڕه‌وی یاسا و نۆرمه‌كانی دنیایه، ئێمه خۆمان تووڕدراو (Geworfenheit/thrownness) له دنیادا ده‌بینینه‌وه، له كات و ساتێك‌دا كه ئێمه بژارده‌مان نه‌كردووه، به‌ڵام تا ئه‌و شوێنه‌ی كه زه‌ینی ئێمه ئه‌وپه‌ڕهاوێژیی ده‌كات، دنیای ئێمه‌یه. پێداگری و سووربوونی هایدیگه‌ر له‌سه‌ر بوون له دنیا به‌و شێوه‌یه له قه‌واره‌ی چه‌مكی دازاین(dasein) كه بۆ سووژه‌یه‌كی ئۆنتۆلۆجیكی ده‌یباته كار، دیاره. لێره‌دا و له ڕووی پێكهاتی زمانه‌وه، ئێمه له‌گه‌ڵ ئاوهڵكردارێك ڕووبه‌ڕووین تا بكه‌رێك، ئاوهڵكردارێك كه رۆڵی بكه‌ر ده‌گێڕێت، واته "له دنیادا بوون/گ"ێك، كه‌واته دازاین ئاوهڵكردارێكه كه دواتر ئێمه باسی خۆمان به ئه‌وپه‌ڕهاوێژیی دنیا ده‌گێڕینه‌وه و ده‌بین به "بكه‌ر"ی، به‌ڵام سه‌ره‌تا ئێمه له‌وێین... له‌ناو دنیاین... پاشان ده‌یهاوێژینه ناو زمان و خانه‌ی بوون و تۆپۆس(Topos)...ئه‌مه‌یه كه لای هایدیگه‌ر چڕترین ده‌ركه‌وته‌ی بوون له زمانی شیعردایه. ئه‌م هاوكێشه‌یه بۆ ده‌قێكیش هه‌روایه، ئێمه(دانه‌ر) له‌وێنده‌رێ بوونمان له‌ناو ده‌قێكدا به‌دیار خستووه و له پرۆسێسی بوونمان (خوێنه‌ر-وه‌رگر) "لهمێندهرێ" ده‌ق به‌پێی پێگه‌ی وشیاری و مێژوویی و... خۆمان ده‌خوێنینه‌وه... ده‌ق دیسان ئهوپهڕهاوێژی یان "دی"هاوێژیی ده‌بێت و له پێگه‌ی ئۆنتۆلۆجیكدا دالی وجوودی به‌رده‌وام كراوه‌یه. وه‌رگر ده‌شێت خاوه‌نی میتۆد بێت كه خۆشی ئاگای له هه‌ندێك له توخمه‌كانی نه‌بێت، بۆیه ده‌كرێ خوێنه‌ر وه‌ك نڤیسكاری دووباره‌ی ده‌ق له پله‌یه‌كی تری ئۆنتولۆجیك ببینرێته‌وه. كاتێك ده‌قێك ده‌خوێنینه‌وه به‌پێی ناوه‌ڕۆكی شوناسمه‌ندانه(identity theme)ی خۆمان دایده‌ڕێژینه‌وه... به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی بۆ هێمایین كردنی شوناسی خۆمان ده‌شكێنین و دایده‌ڕێژینه‌وه2. ڕه‌گوڕیشه فهلسهییهكانی مه‌رگی دانه‌ر لێرهوهڕان، مه‌رگی سووژه و سووژه‌ی ماشینی و كۆچهرییانهش لێره‌دان... خوێنه‌ر مه‌كینه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئاره‌زووه(desire) 3...ئاره‌زووی ژیان... مه‌رگ... زه‌مان... ئاره‌زووی ئاره‌زوو... ئه‌و شته‌ی كه تاریكه وه‌ك دۆزه‌خ و هاوتایه به ناوشیار"بوون"مان له دنیادا.
من وه‌ك خوێنه‌رێك كه لێره تووڕ دراوم به دوای نهیزهكدا ده‌گه‌ڕێم... به ڕۆحی رۆژهه‌ڵاتییانه‌ی خۆم... بۆیه كاری من له‌م هایكۆیهی "باش‌و"دا ده‌بینرێته‌وه:
چه‌نده ستایش ئه‌نگێزه
كه‌سێك كه وا بیر ناكاته‌وه: (ژیان ناجێگیره)
كاتێك كه نه‌یزه‌كێك ده‌بینێت!4
شتێك كه له‌م هایكۆیهدا هه‌یه چه‌شنێك له دڵه‌ڕاوكێیه... جۆرێك له ترس... كه ده‌زانێت دنیا ناجێگیره (زه‌ینی ناوشیار) به‌ڵام نه‌یزه‌ك (زه‌ینی وشیار) وه‌ك نیشانه‌یه‌كی دره‌وشاوه پێی ده‌ڵێ هیوادار به... ئه‌مه هه‌ر هه‌مان لۆگۆسهنتریسمی دریداییه كه ئێمه به‌مه‌به‌ستی داسهكنان و هه‌ستی دڵنیایی له بوون هه‌رچییه‌ك ده‌كه‌ین له پێناو گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌نته‌ر و ناوه‌ندێكی لۆجیكی كه ده‌توانین له پێكهاتیدا بشكێین یان بیشكێنین! كه‌واته وه‌ك بارتی پاش پێكهاته‌خواز ده‌ڵێ: نیشانه شكستێكه كه هه‌رگیز، جگه له‌سه‌ر ڕوخساری نیشانه‌ی تر نانیشێته‌وه.5
بۆیه من هێشتا هیوادارم!
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
1- رامان سلدن، پیتر قیدسون ترجمه عباس مخبر، نڤریههای معگوف به خواننده، پدیدارشناسی: هوسرل، هایدگر، گادامر ص 73
2--سه‌رچاوه‌ی پێشوو هه‌مان به‌ش، نورمن هالند و دیوید بلیچ: روان‌شناسی خواننده ص89
3- ئۆنتۆلۆژیای ئاره‌زو و پرۆسێسه‌كانی به سوژه‌بوون، وتارێكی ئینته‌رنێتیی ئه‌بوبه‌كر جاف كه له كهلتوورمهگهزیندا بڵاو بووه‌ته‌وه. لاپه‌ڕه‌كانی 1 و2
4- رولان بارت، امپراتوری نشانه‌ها، ترجمهی ناصر فكوهی ص107
5- سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 84.