(تێڕامانێكی دیلۆزییانه)
كاروانه ژیان، گه‌ره‌ك به‌له‌ز بم، ڕاكه‌م
میوانی شه‌وی درێژی ئه‌م ژێر خاكه‌م
گیانم ده‌رئه‌چوو، وتم وچانێك فه‌رمووی:
دیواری له‌شت شكسته چۆن بار ناكه‌م
خه‌یام (1048-1131) دوای نزیكه‌ی نۆ سه‌ده، هێشتا وه‌ك ئه‌ده‌بێكی وردینه و كه‌مینه له‌ناو مه‌نزوومه‌ی ئه‌ده‌بی فارسی و ناوچه‌كه و دنیادا جێی خۆی پاراستووه، چوارینه‌كانی سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و خوێندنه‌وه و تێڕامانانه‌ی لێی كراوه، هێشتا هه‌ڵگری توێ و لایه‌نی جیاوازه له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌م پێناسه دیلۆزییه: "ئه‌ده‌ب، بوونناسییهكی بێ مه‌عریفه‌ناسییه"، واته ئه‌ده‌ب دیارده و حاڵه‌ت و دهلالهتگهلێك ئازاد ده‌كات كه مه‌رج نییه ئێمه له قه‌واره‌ی چه‌مكگه‌لێكی دیار و چوارچێوه‌دار بیناسین و پۆلێنبه‌ندییه‌كی سیستماتیكی بۆ بكه‌ین.
بێگومان ئه‌م پێناسه‌یه‌ی دیلۆز و گاتاری له تێڕامان له دنیای كافكا هه‌موو به‌رهه‌م و ده‌ق و ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ئه‌ده‌بی له‌خۆ ناگرێ، ده‌كرێ به ئاسانی خه‌یام وه‌ك ئه‌ده‌بی كه‌مینه پێناسه بكرێت، خه‌یامی ئهپیكوری و چێژپه‌رست، خه‌یامی نیهیلیست و ههڵگهڕێنهرهوهی به‌هاكان، خه‌یامی ماتریالیست، خه‌یامی ئاتێئیست و...، به‌ڵام هیچ كام له‌مانه خه‌یام نین و له هه‌مان كاتدا خه‌یام هه‌موو ئه‌مانه‌یه.
ئه‌مه ئه‌و بوونناسی و ئۆنتۆلۆجیایهیه كه مه‌عریفه‌ناسی و چه‌مكه‌كان به‌رده‌وام بۆیان ناگیرێت و له ده‌ستی تێڕامان و وردبوونه‌وه و به سیستماتیككردنیان ده‌خزێت. نابێت تێگه‌یشتنمان له ئه‌ده‌بی "كه‌مینه (وردینه)" گرێ بده‌ین به‌و گه‌ڕه‌لاوژێ دیسكۆرسییهی ئه‌ده‌بی كه‌مینه له قه‌واره‌ی زمان یان كولتوور و قه‌واره‌یه‌كی جیۆگرافیایی بچووك به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵكو ئه‌ده‌بی كه‌مینه "شۆڕشه له‌ناو مه‌نزوومه‌یه‌كی زاڵ و مه‌زنی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌ست، دزه‌كردنه بۆ چه‌قی ئه‌ده‌بی زۆرینه و لێدانه له‌و ڕیتمه زاڵ و باوه‌ی كه ده‌گێڕێته‌وه و مانای سواو و چه‌سپاو و جێگیر به‌رهه‌م دێنێته‌وه، ههژموونییهك له واتای سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتێكی سێبه‌ر به‌رهه‌م ده‌هێنێت".
دیلۆز و گاتاری له كتێبی "كافكا به‌ره‌و ئه‌ده‌بێكی وردینه (كه‌مینه)"، به تێڕامان له كافكا و هه‌ڵكه‌وتنی له فه‌زای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا، جووله‌كه‌بوون، داڵغه‌كانی یه‌كسانی، دڵه‌ڕاوكێ وجوودییه‌كان، نووسین به زمان و ده‌لاله‌تی سه‌رده‌ست، داڕزان و دۆخگۆڕییه به‌رده‌وامه‌كان كه له كۆی كاره‌كانی كافكا و به ڕادیكاڵترین شێوه له مێتامۆڕفیوس و مهسخبووندا ده‌بینرێته‌وه، ئه‌ده‌بی كه‌مینه پێناسه ده‌كه‌ن.
ئه‌وان ئه‌ده‌بی كه‌مینه به ئه‌ده‌بێك ده‌زانن كه له چه‌قی سه‌نته‌ر و ناوه‌ندی لۆجیكی نیشانه و ده‌لاله‌ت و نواندن و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌ست ده‌دات، به هه‌مان ئامێر و ئامرازی زمان و ئه‌ده‌بی سه‌رده‌ست. ئه‌زموونی خه‌یام له چوارچێوه‌ی زمانی كوردی و به وه‌رگێڕانی مامۆستا هه‌ژار قڵپكردن و ڕژاندنی هه‌مان ئونتۆلۆجیای بێ مه‌عریفه‌ناسیی خه‌یام بوو بۆ ناو زمانی كوردی، ئه‌گه‌رچی تا ئێسته وه‌سپ و ستایشێكی زۆری هه‌ژار بۆ وه‌رگێڕانێكی وا دره‌وشاوه كراوه، به‌ڵام لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردكارییه‌كی تۆكمه و ورده‌كارانه له نێوان وه‌رگێڕانه‌كه‌ی و ده‌قی شیعره‌كانی خه‌یام به‌دی ناكرێ.
قۆناغێك كه هه‌ژار چوارینه‌كانی خه‌یامی وه‌رگێڕا، قۆناغێك بوو له تێكشكاندنی ده‌لاله‌تی ڕۆمانتیك و سیاسی و غینایی و سروشتدۆستی له زمان و وێنانواندن و گێڕانه‌وه‌ی زمانی كوردی، زمان لێره‌دا ده‌لاله‌تی فه‌لسه‌فی و حیكمهتئامێز وه‌رده‌گرێت، واته هه‌ژار كۆی ئه‌و ڕووداو و زانیارییه زمانی و مه‌عریفییه‌ی له زمان و كولتوور و كۆمه‌ڵگه و حوجره و نه‌ست و ئه‌ده‌بی زاره‌كی كوردیی هه‌یبوو، تێكه‌ڵ كرد و كردی به ئهنتۆلۆجیایهك كه بۆ ئاخێوه‌ری زمانی كوردیی شۆڕشێك بوو له‌ناو ئه‌ده‌بی ڕۆمانسی و سیاسی و غینایی كوردیدا، بۆیه تا ئێسته وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌كی پته‌و و دره‌وشاوه جێی خۆی له هه‌ست و نه‌ستی به‌رده‌نگ و ئاخێوه‌ری كوردیدا كردووه‌ته‌وه.
هه‌ژار له سه‌رده‌مێكدا ئه‌ندێشه و جیهانبینیی خه‌یامی ماتماتیكزان و حه‌كیم و شاعیری وه‌رگێڕا كه فه‌زای زمان و كۆمه‌ڵگه و ڕۆحی كوردی به سیاسه‌ت و ئایدۆلۆجیا گه‌مارۆ درابوو، تاك و ئاخێوه‌ری كورد ده‌رفه‌ت و هه‌لی بۆ بیركردنه‌وه له پانتایی ئه‌نتۆلۆجی و وجوودا بۆ ئاماده نه‌بوو، ئه‌و هێشتا له شه‌ڕی مان و نه‌مان له ئاستێكی چه‌كداریدا بوو، چیاكان نزیكترین دۆستی بوون، هه‌ژار خه‌یامی له زمانی كوردیدا ته‌قانده‌وه.
چاوجوان نه ده‌می خه‌وه، ده هه‌ڵبێنه سه‌رێ
مه‌ی تێكه له كووپه چه‌ند قومێكم بده‌رێ
هاكا قوڕی خاكی من و تۆش ههڵشێلن
بكرێینه‌وه كووپه مه‌ی له كن كۆزهكهرێك
سه‌رچاوه:
1-ژیل دلوز و فلیكس گاتاری، كافكا به سوی یك ادبیات خرد، ترجمهی رچا سیروان و نسترن گوران، تهران، رخداد ن‌و،1391
2-چوارینه‌كانی خه‌یام، وه‌رگێڕانی هه‌ژار موكریانی