مه‌رگی هه‌ر كه‌سێك له كۆمه‌ڵگا ده‌شێ هه‌ڵگری ڕاڤه و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر بێت، له‌سێداره‌درانی مسته‌فا سه‌لیمی و ئه‌و باس و خواسانهی به‌دوای خۆیدا هێنای، چه‌ندان شتی زیاتر ئاشكرا كرد، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئاشكرای كرد كه ئێمه وه‌ك مرۆڤ له كۆمه‌ڵگاگه‌لی ناجێگیر و چه‌قیو له‌ناو دۆخی ئاوارته‌دا چه‌نده ئاسان ده‌خرێینه ناو كایه‌كانی ده‌سه‌ڵات و میدیاكانیان، وه‌نه‌بێ وابزانین ئێمه مادام له‌ناو ده‌سه‌ڵات نین و سه‌ربه لایه‌نێكی دیاركراو نین و ته‌نانه‌ت دژبه‌ر و ڕهخنهگریشین، ئازاد بین له لۆجیكی بیركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵات وه‌ك كۆرۆنا له هه‌موو شوێنێك هه‌یه و تایبه‌ته به جووڵه و ئه‌كت و چالاكیی هه‌موو ئینسانێك.
له وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه ده‌سه‌ڵات و كولتووری گشتیی دهسهڵاتساز هه‌بیتۆس (ئهخلاقشێوه) و كردارێكی ده‌روونیی تۆتالیتا‌ر و تهواوخوازنهی هه‌یه، گه‌ڕیانی ئازادی زانیاریی و دۆزینه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان له سنووری مه‌حاڵ نزیك ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌یش كه ڕوانینی چاو‌دێر و ڕه‌خنه‌گره، ته‌نیا گومانه‌كانی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌م پێیه‌ش له‌سه‌ر خۆی و تێگه‌یشتنه‌كانی له ڕووداوه‌كه "ده‌بێ" قووڵ ببێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مه‌رگی مرۆڤی كورد مه‌رگێكی ئابووری یان سیاسییه، شوناسی وجوودیی ئه‌م مرۆڤه و هه‌بوون و ئهزموونكردنهكانی دنیا –ژینی ده‌چێته خانه‌ی نیشانهسازییهكی دژه ژیان كه پاره و سه‌رمایه له پشتییه‌وه ئیش ده‌كات. ده‌سه‌ڵاتێك كه مه‌رگه‌كان و شێوه‌ی مردنه‌كان وا لێ بكات بێگومان ژیانیشی به‌لاوه گرینگ نییه و دژی ژیان ده‌جووڵێته‌وه.
له‌سێداره‌دان یه‌كێك له‌و مهرگانهیه ئێمه وه‌ك كورد زۆر ئه‌زموونمان كردووه و ده‌كرێ وه‌ك شێوه‌یه‌ك ئه‌شكه‌نجه‌ی ڕه‌مزی و سیمبۆلێك بخوێنرێته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ركوتكار به‌رهه‌می دێنێت، ئه‌گه‌رچی به‌دواداهاتی له‌سێداره‌دان خۆی ناكرێت به شوناسێكی وجوودیی و له قه‌واره‌ی ئۆنتۆلۆجیدا جێ ناگرێت، چونكه كولتوورێكی ته‌واو سیاسی به ماهییهتێكی توتالیتاره‌وه ته‌نیا مه‌رگ و ناوجوود به‌رهه‌م دێنێت تا ژیان و وجوود، به‌ڵام ده‌كرێ خوێندنه‌وه‌ی ئێمه بۆ ئه‌و مه‌رگه هه‌ڵگری توخمێك له تێگه‌یشتنی ژیان و وجوود بێت، چ وه‌ك مرۆڤێك كه له دنیاداین و چ وه‌ك كوردێك كه له جیۆگرافیایه‌كی چوارمێخهكێشراو و له‌ناو هاوكێشه‌یه‌كی پڕتهنگژهی سیاسی‌دا.
خوێندنه‌وه‌ی له‌سێداره‌دانی مسته‌فا سه‌لیمی به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی چه‌مكی هه‌ڵاتن له گرتووخانه، ڕوون نابێته‌وه. چاره‌نووسی ئه‌كتێكی هه‌ڵاتن له گرتووخانه و داڕزانه‌وه به‌ره‌و ژیان مانادار و دڵخۆشكه‌ره، به‌ڵام هه‌ڵاتن تا چ سنوورێك ده‌پێورێت و ئیمكانی هه‌یه؟ ئایا له‌ودیو سنوور ژیان له باوه‌شی ده‌گرێت؟ یان هه‌موو جیۆگرافیاكه به تۆڕی هاوپه‌یمانێتی مه‌رگدۆستان ته‌نراوه؟ تۆڕێكی مه‌رگ كه ژیانێكی هه‌ڵاوساو له پاره و چێژ و به‌رخۆریی زێده‌ڕۆیانه و خه‌ونی ئاڵاوواڵای ده‌سه‌ڵاتێك ته‌نیویه‌تی؟
ئه‌م هه‌ڵاتنه جۆره ههڵاتنێكه كه ده‌سه‌ڵاتی توتالیتار وه‌ك نیشانه‌ی شۆڕش ده‌یخوێنێته‌وه، چونكه كوردێك كردوویه‌تی و پرۆسه و پلانی گرتن و له‌سێداره‌دانی زووبهزوویشی هه‌م سه‌لمێنه‌ری ئه‌مه‌یه و هه‌میش ده‌ربڕی ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵاتن مانای نییه له‌ناو تۆڕه‌كانی مندا، هه‌موو هه‌ڵاتنێك سزاكه‌ی به زووترین كات و به توندترین شێوه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له سێداره‌دان مه‌رگ و كوشتنێكی ڕه‌مزی و كه‌ونینه، كۆماری ئیسلامی ده‌ڵێت هه‌ر ئه‌مه له‌ڕێی ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه ده‌كه‌م كه به زمانی تۆ قسه ده‌كات و له كولتوور و ڕه‌چه‌ڵه‌كی تۆیه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌م بابه‌ته به ته‌واوی ڕوون كرابێته‌وه یان نا، ئیشی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌ر ئه‌وه‌یه، به‌ڵام لێره‌دا ده‌سه‌ڵاته‌كان ڕووت و قووتن، چونكه مرۆڤ ڕووت و قووته. به‌و مانایه‌ی هه‌موو شتێك ده‌شێت دیار بێت، كارهساتهكهت بۆ دروست ده‌كات، له گێڕانه‌وه و ئه‌نجامدانی مه‌رگدا هاوبه‌شیی یه‌ك ده‌كه‌ن، كۆنوانسیۆنهكان پێشێل ده‌كه‌ن، هیچ یاسایه‌ك بۆ پۆشته‌كردنی مرۆڤ نامێنێت و ته‌نیا یاسایه‌ك كه پارێزه‌ری خۆی بێت، جێبه‌جێی ده‌كات.
ته‌نیا شتێك كه ده‌لاله‌تی ڕووت و قووت جیاواز ده‌كات به نیسبه‌ت مرۆڤ و ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه ڕووت و قووتی مرۆڤ ده‌شێت ببێته هۆیه‌ك بۆ پشتگیری ده‌سه‌ڵات و پۆشته‌ی بكاته‌وه، كاتێك ئه‌مه ڕوو نادات، ده‌سه‌ڵات ماهییه‌تی خۆی ڕوون ده‌كاته‌وه و هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه ئێمه ئێسته بێ هیچ گومان و دوودڵییه‌ك تێده‌گه‌ین و به‌و فامه گه‌یشتووین زۆرینه‌ی كاره‌ساته‌كان ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسه.
به‌م پێیه، له‌سێداره‌دانی مسته‌فا سه‌لیمی به‌ر له‌وه‌ی كوشتنی تاكێكی كوردزمان بێت، په‌یامێكی مه‌رگئامێزه بۆ هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی به ئه‌كتێكی به‌رگری یان ناڕه‌زایه‌تی و خه‌بات یاخۆ.. ده‌ژین، لێره‌دا سنوور و تۆڕی مه‌رگ و ژیان به‌شێوه‌ی ڕه‌مزی و ده‌روونناسانه تێك ده‌ئاڵێن و گورزێك به‌ر ڕۆحی كوردانه و زمانی كوردیی ده‌كه‌وێت، هاوكاریی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له سلێمانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئاستێكی نۆرماتیڤ و ئاسایی شتێكی جیۆپۆڵه‌تیك و عورفییه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی یاسا و كۆنوانسیۆنه یاساییه ئاساییه‌كانیش ڕه‌چاو نه‌كرێت، نیشانه‌ی كایه‌یه‌كی ترسناكه و ده‌بێ به گومانێكی زیاتر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی كه چه‌ند ده‌یه‌یه چاوی كوردانی پارچه‌كانی تر له سه‌ریه‌تی.
شتێكی تر كه ئه‌م مه‌رگه له باس و خواسهكاندا زه‌قی كرده‌وه، نه‌بوونی ڕۆژنامه‌نووسی ئازاد و سه‌ربه‌خۆیه، به‌و واتایه‌ی ته‌نیا له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك و مرۆڤی ڕووت و قووت بێت، ڕه‌نگه هه‌ڵه نه‌بێ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌مان له باشووری كوردستان و هه‌موو ئه‌و كورده ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی چوونه‌ته ده‌ره‌وه هه‌بێت.
مردنی ئازادیی گه‌ڕیانی زانیاریی و ڕاستییه‌كان له مه‌رگی ڕۆژنامه‌نووسی ئازاد ده‌ست پێ ده‌كات، نه‌بوونی ڕۆژنامه‌نووسی ئازادیش له مه‌رگی ڕۆژنامه‌نووسیی ئازاده‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كایه‌ی حزبی، مرۆڤی ئێمه‌ی ته‌واو ته‌كاندووه له ئیمكان و ئه‌گه‌ره وجوودییه‌كانی و له‌ناو كه‌وانه و قاڵبێكدا جێگیر و لغاوی كردووه.
لایه‌نێك به ناوی ڕۆژنامه‌نووسه‌وه كه كادرێكی یه‌كێتییه، دێت ده‌یه‌وێ ڕاستییه‌كان باس بكات و به لایه‌نی به‌رانبه‌ر كه عه‌لی جهوانمهردییه ده‌ڵێ، "تۆ شاباشت له پارتی وه‌رگرتووه". ئه‌م قسه‌یه‌ش وه‌ك ڕۆژنامه‌نووس ده‌كات، ڕۆژنامه‌نووسێك كه ده‌بێت خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی ڕا و ئازادی و بوێری بێت، نه‌ك دا‌نیشێت پاكانه بۆ هه‌ڵه‌یه‌ك بێنێته‌وه كه به گوته‌ی خۆی "هێشتا هه‌موو كه‌یسه‌كه به ته‌واوی ڕوون نییه".
جیا له‌وه‌ی ئه‌مانه ڕاست بن یان نا ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه شێوه‌یه‌ك له ده‌سه‌ڵات هه‌یه كه ته‌نیا و ته‌نیا به یه‌ك ئاراسته‌دا و به یه‌ك شێواز شته‌كان ده‌خاته ڕوو و ده‌یئاژوێ، شته‌كان یان ده‌بێت ڕه‌ش بن یان سپی، تیمی تۆپی پێ یان سلێمانییه یان هه‌ولێر، ڕۆشنبیریی یان ئه‌ملایه یان ئه‌ولا، گۆڤاری دیاریكراو یان هی ئه‌ملایه یان هی ئه‌ولا، هه‌موو ئه‌مانه و زۆر حاڵه‌ت و نیشانه‌ی تر ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن كه كۆمه‌ڵگای كوردیی و مرۆڤی كورد خراوه‌ته ناو قاڵبێكی ڕووتی دوو جه‌مسه‌رییه‌وه كه ڕزگاربوونی ئه‌سته‌مه. ڕزگاربوونی ده‌بێت به خه‌ونێك كه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا نییه، خه‌ونێك كه دۆخی ئابووری و سیاسی به ئاسانی له‌باری ده‌بات، دیسان كایه‌كه دێته‌وه سه‌ر ئه‌و سیستمه‌ی نیشانه‌سازیی و ماناسازییهوه كه هه‌بووه و له سه‌رده‌می براكوژییه‌وه عه‌بدوڵا په‌شێو تا ئێسته شیعر دژی ده‌ڵێت.
مرۆڤی ڕووت و قووت لێره‌دا ده‌بێت به‌و بوونه‌وه‌ره‌ی هیچ لایه‌ن و هێزێك كه هه‌ڵگری ڕه‌گه‌ز و توخمی ده‌سه‌ڵاته نایگرێته خۆی و لێره‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌ردوو لاوه به‌رپرسی كه‌یسه‌كه‌یه، بێگومان هێزی سیاسیی كوردی ناشوبهێت به هێزێكی توتالیتاری وه‌ك كۆماری ئیسلامیی، به‌ڵام پشتچۆڵكردنی كوردێك كه وه‌ك نیشتمانی دایك داڵده‌ی بۆ هێناوه له ڕای گشتیدا به‌ره‌و جۆرێك یه‌كانگیری و هاوڕیزیكردنی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ده‌بات، ئه‌مه خه‌سارێكی گه‌وره‌یه كه له چه‌مكی ئینتیما و باوه‌ڕی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌كه‌وێت و لایه‌نی ڕادیكاڵی پانتایی گشتیشی هێناوه‌ته ده‌نگ و سیستمی بێڕێزیكردن و جنێودان ڕابووهتهوه كه ئه‌گه‌ر به هه‌ڵوێسته‌وه له‌و جنێودانانه بڕوانین-سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جنێودان به‌هه‌ر بارێكدا بێت هه‌ڵه‌یه و شایانی به‌رگریی نییه-تێده‌گه‌ین رژدی و كاردانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه چه‌نده به‌هێز و هه‌ستیار بووه، لێره‌دا جنێو جیا له‌باره به‌هایی و نرخدانانییهكهی، ده‌بێت به په‌یامێك بۆ كایه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ڕابوون و دژكرده‌وه‌یه‌كی گشتی له ئاستی جه‌ماوه‌ریدا دێته ئاراوه، كه یه‌كگرتوویی و خه‌ونی یه‌كانگیری و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی به نیشانه ده‌گرێت.
جنێودان و جنێوسازیی هه‌ڵه‌یه و نه‌شیاوه، به‌ڵام ماناداره و ئاماژه به مه‌ترسیی داهاتنی قهڵشتێك له نێوان خه‌ڵكی كورد و خه‌ونێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سیستمێكی سیاسیی به‌خوێن دروستكراو ده‌كات، كه مرۆڤی ئێمه وه‌ك كورد زیاتر ده‌خاته ناو گێژه‌ن و ته‌نیایی و كوشتن و قوربانیكردنه‌وه.
مرۆڤی ڕووت و قووت به‌م شێوه‌یه به‌رهه‌م دێته‌وه و ئیتر مه‌رگیشی شیمانه‌ی گێڕانه‌وه و باس‌وخواس له‌سه‌ری، له كیس ده‌دات و وه‌ك ده‌ڵێن: مه‌رگیشیان داگیر ده‌كرێت و له‌ناو سیستمێكی مانایی و نیشانه‌یی ماناداردا جێی نابێته‌وه.