دنیای میدیا ئیتر دنیایه‌كی ئامرازییانه نییه كه بۆ ڕاگه‌یاندنێكی ئاسایی یان ئامانجداری هه‌واڵ و سیاسه‌تێكی دیاریكراو بێت، به‌ڵكو ئه‌و ڕووبه‌ره‌یه كه ئینسانی ئێسته تێیدا ده‌ژی و بوونی له پانتایی كایه‌كانیدا بیچم ده‌گرێت، واته میدیا له پله‌ی ئامرازێكی ڕووت ده‌رچووه و ژیانی ئێمه‌ی داگیر كردووه و بووه به جۆره بكه‌ر و ئاراسته‌كارێك كه هه‌ست و نه‌ست و تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌ی ئێمه دیاری ده‌كات، ته‌نانه‌ت پێوه‌ندییه‌كانمان له ڕێی میدیاگه‌لی جۆراوجۆره‌وه ئاست و ئاراسته‌یه‌كی جیاوازتر په‌یدا ده‌كات.
بێ هۆ نه‌بووه كه مارشال مه‌ك لۆهان ١٩١١-١٩٨٠، مامۆستای ناوه‌ندی خوێندنه‌وه میدیاییه‌كانی تورێنتۆ و بنیاتنه‌ری چه‌مكی "گوندی جیهانی"، ئه‌و قسه حه‌كیمانه و ورده‌ی گوتووه كه میدیا په‌یامه. پێشتر میدیاكان تایبه‌ت بوون به ده‌سه‌ڵاته‌كان و هێزه جۆراوجۆره‌كانی پانتایی چالاكی سیاسی، به تایبه‌ت له وڵاتانی هه‌ژموونیخوازدا میدیا تاكه‌ئامرازی ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگا و دروستكردنی ڕه‌وایی سیاسه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات له پاڵ مانیفێستكردنی به‌رده‌وامی بنه‌ما و دیسیپلین و ئایدۆلۆجیی ده‌سه‌ڵات بوو، له‌م قۆناغه‌دا میدیاكان له ناو بازنه‌ی سانسۆردا جۆره كۆنترۆڵ و به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌یان به‌سه‌ر جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگا و یار و نه‌یاردا پیاده ده‌كرد.
له قۆناغی میدیاگه‌لی ده‌وڵه‌تی یان میدیا گشتییه‌كاندا ئازادی ڕاده‌ربڕین و ده‌ركه‌وتن مانا و پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو، پێوه‌ری چاك و خراپ چ له ڕووی سیاسییه‌وه و چ له ڕووی ئه‌خلاقی و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ئه‌و دیاری ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته به هاتنی دنیای مه‌جازی و مرۆڤی ئۆنلاین و په‌یدابوونی لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی بۆ تاكه‌كان و لایه‌ن و گرووپه جیاوازه فیكری و سیاسییه‌كان دۆخی میدیایی و كایه‌ی پێوه‌ندیی مرۆڤه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كان فۆرمی تری په‌یدا كردووه، ئێسته سانسۆڕ پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نییه و ناشتوانێت هه‌یبێ، به‌ڵام گۆڕاوه‌ته سه‌ر فۆرمێكی نوێ به ناوی كایه و ته‌كنیك، له‌م دۆخه‌دا ئازادییش كه‌وتووه‌ته ناو كایه‌ی تری هه‌واڵ و شیكاریی بێ سه‌روبه‌ر و ساخته و زه‌رده‌وه، ڕه‌وتی ئازادیی ڕاگه‌یاندن له گێژه‌نی كایه‌ی زۆر و سێڵاوی هه‌واڵ و هه‌ڵوێست و تاوتوێی گوتاره جیاوازه‌كاندا گیری خواردووه، ده‌توانین بڵێین ئازادی له ده‌ربڕینی بۆچووندا هه‌یه، به‌ڵام ئازادییه‌كی سه‌روپێ شكاو و ڕێوێڵكه‌ره، ئازادییه‌كه كه ئه‌وه‌نده‌ی سه‌ره‌گێژه دروست ده‌كات و دیارده‌ی تازه و سه‌یروسه‌مه‌ری لێ به‌رهه‌م دێت، ئه‌وه‌نده وشیاری و ئه‌خلاقی به‌رپرسیارێتی و ئه‌كتی سیاسیی دروست ناكات، ئه‌م حاڵه‌ته به تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌ی كه له بازنه‌ی دنیای دووجه‌مسه‌ریدا ده‌ژین، زیاتر كارایه و تاكه‌كان پێملی بژارده‌یه‌كی به‌رته‌سك و دیاریكراودا ده‌كاته‌وه كه تاكی وشیار و ڕه‌خنه‌گر، ده‌بێ له لایه‌نگری دوو تیپی سوور و سه‌وز خۆ ببوێرێت تا بتوانێت پڕۆژه‌ی ڕه‌خنه‌گریی به ئاراسته‌یه‌كی دروستدا به‌رێت. واته نابێ پێمل بێت له هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌و دووه یان باڵه پاشكۆكانیدا تا بتوانێ به‌و شێوه‌یه به‌شدارییه‌كی ته‌ندروست له پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن و گۆڕانی كۆمه‌ڵگادا بكات.
نیل پۆستمه‌ن ١٩٣١-٢٠٠٣، پسپۆڕی میدیایی ئه‌مه‌ریكی به دروستی گوتوویه‌تی مرۆڤی دنیای كۆن به ئه‌ندازه‌ی یه‌ك گۆزه هه‌واڵی پێ بوو، به‌ڵام هه‌مووی هه‌ڵده‌لووشی، ئێسته له به‌رده‌م ئۆقیانووسێك هه‌واڵ و په‌یامدا ئێمه هێشتا تینووین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌كی ئۆنتۆلۆجیكه بۆ شێوازی پێوه‌ندیی مرۆڤ له‌گه‌ڵ دنیا و دیارده‌كانی، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌شه كه دۆخی ئۆنتۆلۆجیكی مرۆڤ به گوته‌ی هایدیگه‌ر كه‌وتووه‌ته ناو گه‌شته‌ل یان جۆره چوارچێوه و قه‌واره‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه، جۆره ئێسكبه‌ندییه‌ك كه فۆرمی تێڕوانینی دازاین له ناو كایه‌ی ته‌كنه‌لۆجی و میدیایی ده‌سه‌ڵاتدا ئاراسته ده‌كات.
ده‌سه‌ڵات كاتێك میدیا وه‌ك په‌یام كرده‌نی ده‌كات، ئیتر له شكڵه‌كانی پێشووی كایه‌كردن و ئۆتۆریته‌ی سه‌خت و هێزی ماتریاڵ مه‌ودا ده‌گرێت و تێڕوانینێك بیچمبه‌ندی ده‌كات و ئێسكبه‌ندییه‌ك له شێوه‌ی ژیان دروست ده‌كات كه سووژه و دازاین توانای دنیا ژین و ژیانی ڕۆژانه‌ی بكه‌وێته ناو قه‌واره‌یه‌كی بچووكه‌وه و بوونی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه جۆراوجۆره‌كانی تایبه‌تمه‌ندییه ناڕه‌سه‌نه‌كانی دازاینه‌وه. وه‌ك گوتم لێره‌دا كۆمه‌ڵگا دووجه‌مسه‌رییه سیاسییه‌كان زۆرترین گورزی كوشنده و پووكێنه‌ریان به‌رده‌كه‌وێت، له ناو دوو بژارده‌ی ڕه‌ش یان سپی، سه‌وز یان زه‌رد، سوور یان سپی‌دا بوونیان ده‌كه‌وێته مه‌زاد و قوماره‌وه، پێویستی به گوتن نییه ئیشكردن له‌ناو وه‌ها پانتایه‌كدا ئاسان نییه، له حاڵه‌تی وه‌هادا پێوه‌ندیی میدیایی هێزه‌كان ده‌چێته قۆناغێكی ئاڵۆزه‌وه تا زۆرتر حاڵه‌تی ئه‌م بژارده‌كردنه بخه‌نه ته‌نگژه‌وه و ته‌نگ به كه‌سی ڕه‌خنه‌گر هه‌ڵچنن.
بۆ ئێمه‌ی كورد له ڕووی سیاسی و پێوه‌ندیی هێز و ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه ئه‌م كایه‌یه له‌مه‌ش سه‌رووتر ده‌ڕوات و ده‌كرێ یاسای كایه‌كه به‌پێی جیۆگرافیایه‌كی بچووكتر وه‌ها به‌رجه‌سته بكه‌ینه‌وه. به‌شێك له به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌م حاڵه‌ته بۆ ئێمه له ناو كایه‌یه‌كی ناوچه‌یی كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی سیاسی له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ئاراسته ده‌كرێ به‌رجه‌سته و زۆپ ده‌بێته‌وه، نیشانه و هێما و سیستمی مانایی هێزه‌كان به قووڵی دێنه ناو كایه میدیاییه‌كه‌وه و هه‌ر كامه‌یان هه‌ژموون و هه‌یمه‌نه‌ی خۆیان له ناو یاسای كایه‌كه ڕێك ده‌خه‌ن، نموونه‌ی دیاری ئه‌م حاڵه‌ته پێوه‌ندی هه‌رێمی كوردستانه له‌گه‌ڵ دوو وڵاتی وه‌ك ئێران و توركیا.
ئه‌وه‌ی له میدیای ئێرانی وه‌ك فیلم و به تایبه‌تی دراما به‌رهه‌م دێت، له‌هه‌ر كام له دوو زۆنه‌كانی سه‌وز و زه‌رد ده‌ركه‌وتن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه. دیاره به‌گوێره‌ی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی و پێوه‌ندیی ئابووری و سیاسیی زۆنی سه‌وز له‌گه‌ڵ ئێران، به‌رهه‌مه میدیاییه‌كانی ئێران له‌و زۆنه‌ش بووه به به‌شێك له كایه سیاسییه‌كه و جۆره ئه‌ندازیاریی و به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌تێكی كولتوورییان له پشته كه له درێژخایه‌ندا ژێرخانی فیكری و هزری سیاسی و كولتووری باشوور و به‌تایبه‌تی زۆنی سه‌وز ده‌خاته ژێر كاریگه‌ریی خۆیه‌وه. بۆ نموونه له زۆنی سه‌وز كه‌ناڵی سپێده درامای یوزارسیفی ئێرانی یان هه‌مان یوسفی پێغه‌مبه‌ر له ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری ئێرانی؛ فه‌رجوڵا سه‌له‌حشوور، به دوبلاجێكی جێی ڕه‌خنه‌وه بڵاو ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ی كه كه‌ناڵی سپێده چی بڵاو ده‌كاته‌وه به پێی ئایدۆلۆجیای خۆی بێگومان ئازاده، به‌ڵام ئه‌مه‌ی كه ناتوانێ شتێكی خۆماڵی له‌و بواره‌دا به‌رهه‌م بێنێت، ده‌بێت به گرفتێكی بنه‌مایی، چونكه مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه نامێنێته‌وه كه تۆ لایه‌نێكی توانای به‌رهه‌مهێنانت نییه، چونكه هه‌موو جومگه ئابووری و سیاسییه‌كانت خۆنه‌گرتوو و شپرزه‌ن، به‌ڵكو له ئاستێكی تردا ئه‌م نمایشكردنه‌ی به‌رهه‌مێكی فارسی پێشانده‌ری هه‌ژموون و هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌و هێزه و ئه‌و كولتووره‌یه به‌سه‌ر تۆدا.
واته له ڕووی هزری ئاینیشه‌وه تۆ نه‌توانیوه جیاوازی پێناسی خۆت له گه‌ڵ ئه‌ویترێكی شیعه پێشان بده‌یت و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و له پێغه‌مبه‌رێكی عیبری ده‌بێته پێوه‌ر بۆ فام و تێگه‌یشتنی سیستمی چالاكی تۆ و به‌رده‌نگانی تۆ. واته له ناو كێشه و ململانێی خود و ئه‌ویتردا تۆ هیچ ڕۆڵێكت نه‌گێڕاوه، تۆ ئه‌ویترت هه‌یه به‌ڵام خودت نییه! پرسیار ئه‌مه‌یه ئایا له درامای ئێرانی باشتر و جیاوازتر و سه‌ركه‌وتووتر نه‌بوو كه تۆ هه‌ڵیبژێری و گوتاری سیاسی و ئاینیی خۆتی پێ بخه‌مڵێنی و پرۆسه‌ی گه‌شه و نوێكردنه‌وه‌ی بیری ئاینی بئاژوویت؟ ئایا درامایه‌كی ئێرانی كه به‌رهه‌می 12 ساڵ پێش ئێسته‌یه، شایسته‌یه ئێسته و دوای كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی چاره‌نووسساز ده‌ست به وه‌شانی بكه‌ی؟ ئایا بیر له كاریگه‌ریی ئاوه‌ها دۆبلاجێك له‌سه‌ر كوردانی ئاینی ڕۆژهه‌ڵات كراوه‌ته‌وه؟ بێگومان تاقمێكی زۆر له كوردانی ئه‌مبه‌ر قه‌ت ئه‌و جیاوازییه دانانێن كه ئه‌وه كه‌ناڵی سپێده‌یه یان كه‌ناڵی ١ی سه‌رانسه‌ریی ده‌نگ و ڕه‌نگی ئێرانه، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌وان توانای تێگه‌یشتن و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌بێت، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ئاماده‌ییه‌ی درامایه‌كی وه‌ك یوسف له‌وێدا ته‌نیا و ته‌نیا مۆركی ئێرانی له خۆ گرتووه و ته‌نیا جیاوازیی ئه‌وه‌یه كه ئه‌كته‌ره‌كان به كوردییه‌كی موكریانی قسه ده‌كه‌ن! زۆنی زه‌ردیش به هه‌مانشێوه له ژێر كاریگه‌ریی هه‌ژموون و هه‌یمه‌نه‌ی كولتووریی توركیایه.
بۆ نموونه دراما توركییه‌كانی وه‌ك شاردنه‌وه‌ی خیانه‌ت یان لێم ببووره و ژماریه‌كی تر كه له كه‌ناڵه ئاسمانی و ناوخۆییه‌كاندا په‌خش ده‌كرێن، به هه‌مان ئاراسته‌ی سیاسه‌تی كولتووری ئه‌و وڵاته و ڕێبازێك كه پێناسه و گه‌ڵاڵه‌ی كردووه به مه‌به‌ستی كاریگه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له درێژماوه‌دا ده‌ڕوات. كۆی ئاوه‌ها ڕه‌وتێك له خزمه‌تی سیاسه‌تی گشتیی ئێران و توركیایه، به پێی هه‌ندێ باس و گێڕانه‌وه به‌شێك له‌و دراما توركییانه كه ئێسته له هه‌رێم به كوردییه‌كی له‌ق و لۆق دوبلاج ده‌كرێن و په‌خش ده‌كرێن، له ناوخۆی توركیا بڵاو نابنه‌وه، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆداڕێژراو تایبه‌ت و ته‌رخان كراوه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه توركیا ده‌یه‌وێت له ژێر هه‌یمه‌نه و هه‌ژموونی كولتووری و سیاسی ئه‌ودا بێت، واته لێره‌دا كولتوور ده‌كه‌وێته خزمه‌ت سیاسه‌ت و له درێژماوه‌دا نه‌وه‌ی نوێی كورد له‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ریتانه دوور ده‌كه‌وێته‌وه كه له مێژووی كۆمه‌ڵگا و گه‌شه‌ی نه‌شه‌ی ژیان و ژینگه‌ی كورددا بنه‌ما و ڕێنیشانده‌ر بوون.
به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مه كولتوورییه‌كان ئێسته به‌شێكه له كایه‌ی سیاسیی ده‌وڵه‌ت و هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر وڵاتێك سیاسه‌ت له ئاستێكی به‌رته‌سكی ململانێی ئابووری و كێبه‌ركێی ناوخۆییدا ببینێته‌وه، وێنه گه‌وره‌كه‌ی لێوه دیار نییه و تا دێت ڕاكێشی ناو گێژه‌نی ئه‌و پیلان و پلانانه ده‌كرێت كه كایه‌ی سیاسیی هێزه دراوسێكان بۆیان داناون، كورد ده‌بێت سیستمێك له به‌رهه‌مهێنانی كولتووری بنیاد بنێت و شێوازێك له وێنه و مانا بخاته به‌رده‌م كۆمه‌ڵگا كه به‌رهه‌مهاتووی خوێندنه‌وه و ناسینی به‌ها و بایه‌خه كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌كانی خۆی بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به‌و دۆخه بزۆز و پڕ له گۆڕانكارییه‌ی دنیای میدیا و فیلم و دراما ده‌بێت به ئاراسته‌یه‌كی نوێباو و ئه‌مڕۆیی بێت، ئه‌گه‌رنا به شێوه‌ی ئۆتۆماتیكی به‌رهه‌مه‌كان پێشوازییان لێ ناكرێت و به‌رده‌نگ خۆی ده‌چێت به‌دوای فیلم و دراماگه‌لێك كه ڕه‌نگه له ئاستێكی تردا نوێ و تایبه‌ت بن، به‌ڵام هیچ مۆرك و نیشانێكی خودی پێوه نییه و ته‌نیا گوزارشت له ئه‌ویتر ده‌كات كه كورد وه‌ك ئۆبژه له ناو كایه‌كانی خۆیدا ده‌بینێت.
لاوازیی سیاسه‌تی كولتووری له باشوور مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه و ده‌بێ به رژدی سه‌رنجی بدرێت، ئه‌گه‌رنا باجه‌كه‌ی ته‌نیا كۆمه‌ڵگا نایدات، به‌ڵكو كۆی بوون و سیاسه‌ت و مێژوو و نه‌ریتی كورد ده‌كه‌وێته مه‌ترسیی توانه‌وه و نه‌مانه‌وه. ئه‌مه ئه‌و قۆناغه‌یه له عه‌قڵی ته‌كنه‌لۆجی و ته‌كنیكه سیاسییه‌كانی كه كورد هێشتا نه‌یتوانیوه به باشی كه‌ڵكی لێ وه‌رگرێت و به‌رده‌وام له ناو كولتوورێكی سیاسیی وادا بێت كه نه‌توانێ سیاسه‌تێكی كولتووری ئاراسته بكات.