هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌سه‌ر کتێبی "له تۆپخانه‌وه بۆ عه‌رعه‌ر"
به‌شی یه‌که‌م
پێشه‌کی:
ئه‌وه بنه‌مایه‌کی دروسته که هه‌ر کات بێینه سه‌ر باسکردنی ئه‌نفال بڵێین هێشتا لایه‌نی شاراوه و نادیاری زۆره، ئه‌نفال هه‌م له ڕووی شێوازی جێبه‌جێکردنییه‌وه و هه‌م له‌و ڕووه‌وه که به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست و چاره‌نووس نادیاردا پێڕەو ده‌کرا و هه‌م له‌و لایه‌نه‌یشه‌وه که بێده‌نگییه‌کی قووڵ و فراوانی هه‌رێمی و نێونه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، دروستبوونی ئه‌و بنه‌مایه‌مان بۆ ده‌چه‌سپێنن کە کاڵفامی و ساویلکه‌ییه‌کی لێبوورده هه‌ڵنه‌گره که وای دانێین ئه‌م پرۆژه‌ی پاکتاوکردن و جینۆسایده به‌بێ ئاگاداریی وڵاتانی دەو‌روبه‌ر و هه‌ندێ موفتی و بڕیارده‌ری ئاینی و که‌سایه‌تی جیهانیی و عه‌ره‌بی و فارسی ڕووی داوه، ئه‌مه ته‌نانه‌ت بۆ نه‌زمی زاڵی هاوکێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و پێکهاته‌ی سیاسی و یاسایی جیهانی سه‌رده‌ست و زلهێزه‌کانیش ڕاسته.
نابێ وا بیربکه‌ینه‌وه که ئه‌نفال ده‌بێ ته‌نیا بەپێی هه‌ندێ ماده و بڕگه و بڕیاری یاسایی خوێندنه‌وه و شرۆڤه بکرێت، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵدان بۆ ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ ئه‌نفاللێکه‌وتووان و نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌ک قه‌ره‌بوو ده‌سته‌به‌ری ده‌کات، ده‌بێ یه‌کێک له‌و کار و تێکۆشانه به‌رده‌وام و ماندوونه‌ناسانه بێت تا هه‌م پرسی ئه‌نفال بکه‌وێته ئاقاری کێشه و پرسگره جیهانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و هه‌میش له‌و ڕێڕه‌وه‌وه قه‌ره‌بووی ڕاسته‌قینه و شایسته‌ی برینی جه‌سته‌ی ئه‌نفال بکرێته‌وه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێ له په‌راوێزی پرسیاری "ئه‌نفال چییه؟"دا بمێننه‌وه.
ئه‌م ڕسته پرسیارییه جیا له‌وه‌ی داکۆکیکردنه له‌سه‌ر پرسی ئه‌نفال وه‌ک کێشه‌یه‌کی مێژوویی-سیاسی و ئایدۆلجی که تێڕامان و بیرکردنه‌وه‌ی زۆری پێویسته، پێداگریه‌کیشه له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه و له‌بننه‌هاتووی ئه‌نفال و چرکه‌سات و هاوار و نه‌بوون و قیژه و زریکه و لم و شۆڤڵ و موسته‌شار و نووسه‌ر و پێشمه‌رگه و بڕیاری سیاسی و ئێران و به‌عس و ئیسلام و ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاق و... که کاره‌ساتێکی وه‌ها مه‌زن به‌بێ هه‌ڵوێسته و تێڕامان له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌ن و جه‌مسه‌رانه نه مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه و نه هۆکاره‌کانیشی دیاری ده‌کرێت و نه شتێک له ساڕێژبوونه‌وه دێته ئاراوه و نه‌یش وه‌ک ئه‌گه‌رێک له داهاتوودا پێشی پێده‌گیرێت، به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا و له ڕووی ئه‌خلاق و پراکتیکی سیاسییه‌وه ده‌شێت بپرسین ئایا ئه‌گه‌ر وڵاتانی هه‌رێمی و ده‌وروبه‌ر و ته‌نانه‌ت ناوه‌نده جیهانییه خاوه‌نبڕیار و به‌رپرسه‌کان له‌م بابه‌ته به ڕاده‌ی پێویست له‌سه‌ر ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژیی کورده‌کان له دوو ده‌یه‌ی کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌ڵوێسته‌یان بکردایە، دۆخی مرۆیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جه‌نگه وەکالەت و ناڕاسته‌وخۆ دوورودرێژه‌کان له عێراق، سووریا، یه‌مه‌ن، فه‌له‌ستین، لبنان، ئه‌فغانستان و...له ئارادا بوون؟
ده‌کرێ پرسیاره‌که له‌م سیاقه فه‌رمی و ما‌کیاجکراوه ده‌ربێنین و ڕاسته‌وخۆتر و ڕاشکاوانه‌تر بپرسین ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌نفال به ڕاده‌ی پێویست بخوێنرایه‌ته‌وه و بوونی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست و بێده‌سه‌ڵات و قوربانی له‌لایه‌ن وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ببینرایە، داهاتوویه‌کی شایسته‌تر و دوورتر له شه‌ڕ و مه‌رگ و ئاواره‌یی مرۆڤ و په‌نابه‌ریمان نه‌بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟ واته مه‌به‌ستمه بڵێم نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌نفال و پشتلێکردن له‌و هه‌موو قڕانکردن و پاکتاوکردنه و ته‌نانه‌ت به‌کارهێنانی ئه‌و دۆخه‌ی کورد له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ و جیهانییه‌وه، ئاو‌ها دۆخێکی سه‌رمایه‌دارانه و دژه‌مرۆڤانه و به‌رژه‌وه‌ندیته‌وه‌رانه‌ی به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی نه‌وت و پێغه‌مبه‌ر و کو‌لتووری که‌ونینه‌دا سه‌پاند. نیشانه‌ی ڕزگاره‌ی هه‌روه‌کوو ڕێگای ڕزگاری له ده‌ره‌وه نایه‌ت به‌ڵکو له ناوه‌وه خه‌وتووه و ده‌بێ بێ‌دار بکرێته‌وه و تێچووی بۆ بدرێت.
ئه‌م چه‌ند سه‌رنجه وه‌ک پێشه‌کییه‌کی پێویست باسم کرد تا زیاتر پێ‌داگر بین له دانانی لقێکی گه‌وره‌ی توێژینه‌وه‌یی و ئاکادیمی به ناوی "ئه‌نفالناسی"، ئه‌گه‌رچی ئه‌م باسه پێشتر ورووژاوه و شتێکی تازه نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا چه‌ند له پانتایی واقیعدا جێبه‌جێ کراوه و ئه‌نجامێکی دیار و کاریگه‌ری هه‌بووبێت، جێی مشتومڕی زۆره.
ئه‌نفال وه‌ک هه‌موو دیارده مێژووییه‌کانی ئێمه خراوه‌ته ناو گه‌رداوی سه‌ودا و بازرگانییه‌کی بێ چاووڕوه‌وه، له بازنه‌ی کایه‌ی سیاسی و حزبیدا ماناکانی سنووردار کراون، ئه‌گه‌ر ئه‌نفال له‌م ئاسته‌دا بمێنێته‌وه بێگومان نه‌ته‌وه‌بوونی ئێمه وه‌ک کورد ده‌چێته ژێر پرسیاری له‌وه گه‌وره‌تره‌وه که ئێستە هه‌یه، گه‌ر زامێکی وه‌ک ئه‌نفال نه‌توانێت کۆبوونه‌وه و یه‌کده‌ستییه‌کی گه‌وره به‌ناوی نه‌ته‌وه و شوناسی گشتی دروست بکات، ئه‌وا ده‌لاله‌ت له نه‌بوونی ئاوه‌ز و یاده‌وه‌ری و بوونێکی زیاده‌یه له مێژوودا و بیه‌وێ و نه‌یه‌وێ له‌ناو کایه‌کانی هێز و هاوکێشه‌ی زلهێزه‌کانی شه‌ڕدا له‌ناو ده‌چێت.
هه‌موو ئه‌مانه‌م وت تا بڵێم "ئه‌نفالناسی" ده‌شێت هه‌م "خۆناسی" ئێمه بخه‌مڵێنێت و هه‌م "ئه‌ویترناسی" ئێمه هه‌راوتر و قووڵتر بکاته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چاوێک ده‌خشێنین به هه‌ندێك له‌و دیمه‌ن و ڕستانه‌ی که فه‌ره‌ج محه‌مه‌د عه‌زیز وه‌ک یه‌کێک له هه‌ڵاتووان و ڕزگاربووانی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌نفال له دیمانه‌یه‌کی عارف قوربانی توێژه‌ری ماندوونه‌ناس و چالاکی بواری ئه‌نفالناسی، له کتێبی "له تۆپخانه‌وه بۆ عه‌رعه‌ر" ده‌یخاته ڕوو.
ئه‌م کتێبه له قه‌واره‌ی 57 لاپه‌ڕه و ساڵێک پاش هێرشی هاوپه‌یمانان بۆ عێراق و ڕووخاندنی رژێمی به‌عس، واته ساڵی 2004 چاپکراوه.
فه‌ره‌ج وه‌ک ڕزگاربوویه‌کی ترسا‌و
له شێوازی پرسیارکردنه‌کانی نووسه‌ر و پێداگریی بۆ گرتنه‌وه‌ی وه‌ڵام، بیرکردنه‌وه و وشیارییه‌کی به‌رچاو ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌مه له درێژه‌ی دیمانه‌که‌دا و له چه‌ندان شوێندا خۆی نیشان ده‌دات، به‌ڵام شتێک که له پشتی ئه‌م دیمانه‌یه و له ده‌ره‌وه‌ی کتێبه‌که‌دا به ئاماژه سووکه قامکێکی بۆ ڕاسێندراوه، ئه‌مه‌یه که فه‌ره‌ج ئه‌و دیمانه‌یه‌ی مه‌رجدار کردووه. واته له چه‌ند شوێندا ده‌ڵێت من به مه‌رجێک وه‌ڵامی پرسیاره‌کان ده‌ده‌مه‌وه که تۆش (عارف قوربانی) ڕه‌چاوی ئه‌و شتانه بکه‌یت که پێم وتووی که وه‌ک له دیمانه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و دۆخه‌یه که ئێسته وه‌ک شایه‌تحاڵ هه‌یه‌تی و له ئه‌مەریکا نیشته‌جێ بووه تا بۆ ئه‌و دۆسییه‌یه شایه‌تی بدات.
ئه‌مه لایه‌نی سیاسی و یاسایی بابه‌ته‌که‌یه، به‌ڵام ڕوویه‌کی هه‌ره گرینگی ئه‌م بابه‌ته لایه‌نی سایکۆلۆجییه‌تی که ترسه، من له درێژه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و ترسه ڕه‌مزی و گشتگیره که له که‌سێکی ڕزگاربووی ترسا‌و و ترۆمالێکه‌تووی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان مانیفێست کراوه، زیاتر ده‌ربخه‌م. ئه‌م حاڵه‌ته له دیمانه‌که‌دا له چه‌ندان شوێندا ده‌رده‌که‌وێت و عارف قوربانی به وردی له ئاڕاسته‌کردنی پرسیاره‌کانیدا و ئه‌و "بۆ" لۆجیکی و به‌جێیانه‌دا ئه‌و ترسه ده‌رده‌خات که سایکۆلۆجیای که‌سێکی به جه‌سته ڕزگاربوو له کاره‌سات و ترۆما و شۆکبوونی پاش کاره‌سات (posttraumatic stress disorder) به باشی مانیفێست ده‌کات.
دیاره ترس غه‌ریزه‌یه‌کی ئاسایی هه‌موو بوونه‌وه‌رانه و بۆ مرۆڤ به گشتی و کوردیش به تایبه‌تی، زۆر ئاساییه. به‌ڵام چییه‌تی ئه‌و ترسه و به‌دواداهاتنه‌کانی جێی سه‌رنجی منن و پێوه‌ندی "ترس" و وشیاری و بوێری و به گشتی ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ئەنتۆلۆجی و بوونناسانه‌یه گرینگه که مرۆڤ ده‌توانێت له هه‌مبه‌ر ترس (له مه‌رگ، له کیسدان، ده‌سدرێژی و...)دا بیخاته ڕوو، به هۆکاری دیار و نادیار، نایخاته ڕوو!
له لاپه‌ڕه‌ی 11ی کتێبه‌که‌دا له پرسیار و وه‌ڵامێکدا ده‌خوێنینه‌وه:
پ: تۆ خۆت بێخه‌تا له‌سه‌ر چوونت بۆ که‌رکووک و گه‌ڕانه‌وه‌ت چه‌نێ زیندانی کرای!... زاڵمی له‌وه زیاتر چی...؟
و: کوره له چاو ئه‌نفاله‌وه ئه‌وه کوا زوڵم بوو که له من کرابوو.. ئه‌وه‌ی له ئه‌نفالدا کرا قه‌ت نه‌بوه و قه‌تیش زوڵمی وا له دنیادا دووباره نابێته‌وه... ئه‌وه‌ی من له ئه‌نفال دیم جورئه‌تی ئه‌وێ بیگێڕیته‌وه.
ئه‌مه له ڕاستیدا ڕووه شاراوه‌که‌ی ترس و به‌راوردکردنێکه له زمان و نیگای که‌سێکی ترۆمالێکه‌توو و ترسێنراوه له نێوان گرتنێک لەسه‌ر هێنانی ئاڵف (له قشڵاخه کۆنه‌وه بۆ که‌رکووک به تره‌کتۆر که 5 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پاوه و 15 مانگی له ئه‌بوغرێب و 16 مانگیشی له مووسڵ کێشاوه و دواتر که‌وتووه‌ته به‌ر لێبووردنێک) و ئه‌نفال که ده‌رخه‌ری ئه‌و ململانێیه‌یه که ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ چه‌وسێنراو و قوربانیدا کردوویه‌تی واته ژیانی بەبێ هۆ ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، (گرتن له‌سه‌ر هێنانی ئاڵف) و ڕزگاری ده‌کات (عافوات به بێ هۆیه‌کی ڕاسته‌قینه!).
ئه‌م کایه‌یه خۆی ترسی له قوربانیدا کردووه به تایبه‌تمه‌ندییه‌ک له که‌سایەتیدا، بۆیه ئه‌و شێوازی چه‌وساندنه‌وەکه وه‌ها شۆکی لێداوه و تۆقاندوویەتی، بیر له جه‌وهه‌ری ژیان و بوونی مرۆڤانه‌ی خۆی ناکاته‌وه، هه‌موو ئه‌و به‌ها ئینسانیانه که بوار ده‌دات به ئه‌و که له سه‌رزه‌مینی خودادا هه‌ناسه بکێشێت له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه داگیر کراوه و ئه‌و پێی ڕاهاتووه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ترسه‌که‌ی فه‌ره‌ج ده‌بێ به ترسێکی ده‌سته‌جه‌معی و ئەنتۆلۆجی، نه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تاکه‌که‌سی.
له لاپه‌ڕه‌ی 15ی دیمانه‌که‌دا و له پرسیار و وه‌ڵامێکی تر‌دا ده‌خوێننه‌وه:
پ: جگه له ئێوه که له ناچاریدا په‌ناتان بۆ باره‌گای فه‌وجی (64) برد، ته‌نیا چه‌کداری کوردی لێ بوو. واتا ته‌نیا جاش له‌وێ بوون؟
و: تا دوو ڕۆژ به‌ڵێ...
پ: ئه‌ی دوای ئه‌و دوو ڕۆژه؟
و: هه‌ندێ عه‌سکه‌ری دیکه هاتن بۆ لای فه‌وجه‌که و تێکه‌ڵ به فه‌وجه‌که بوون..
پ: ئه‌و دوو ڕۆژه که هیچ عه‌سکه‌ری لای فه‌وجتان نه‌بوو، هیچ بیرتان له‌وه نه‌کرده‌وه که له‌وێش خۆتان ڕزگار بکه‌ن؟
و: ئێ بۆ کوێ بچین ئه‌وه باشترین شوێن بوو که هه‌ڵمانبژاردبوو..!
پ: ئه‌ی له‌و دوو ڕۆژه‌دا هیچ جارێک قسه‌تان له‌گه‌ڵ مسته‌شاره‌که‌دا نه‌کرد چیتان لێ ده‌کات...؟
و: زۆر خه‌ڵکی لێ بوو ئێمه هه‌ر نه‌ده‌گه‌یشتینه موسته‌شاره‌که تا ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بکه‌ین..
پ: ئه‌گه‌ر بتانویستایا بچن ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بکه‌ن که‌س هه‌بوو ڕێگربێ له به‌رده‌متان..؟
و: وه‌ڵاهی نازانم. ئێمه هیچ بیرمان له‌وه نه‌کرده‌وه که بچین ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بکه‌ین و لێیشی به‌گومان نه‌بووین تا پرسیار بکه‌ین، ئێمه مه‌منوون بووین که داڵده‌مانی دابوو... چیمان لێ ده‌کات، ئێمه په‌نامان بۆ بردبوو له ده‌ستی سوپا بمانپارێزێ، ئه‌ویش مه‌رجی ئه‌وه بوو که به چه‌که‌وه بچین و ده‌مانپارێزێ، ئه‌و کاته‌ی له‌وێش بووین و که‌س به‌لاماندا نەهات، لای ئێمه ئه‌وه بوو که ئه‌و پیاوه (موسته‌شاره‌که) وه‌عدی خۆی بردووەته سه‌ر و پاراستوومانی..
ئه‌م دێڕانه ده‌رخه‌ری ترسێکی سیستماتیک و ده‌قگرتوو له هه‌ناوی فه‌ره‌جن، ترسێک که له زه‌وینه‌یه‌کی گه‌وره و درێژخایه‌نی مێژوویی‌دا دروست بووه و له ئه‌نفالیشدا ڕۆڵی خۆی گێڕاوه و بووه به بێده‌نگی قوربانی له هه‌مبه‌ر جەلاددا و به جۆرێک به‌شدارییه‌کی نه‌خوازراو و هه‌ڵخێزراو له ترس و ترۆما له‌گه‌ڵ ئه‌نفالکه‌ران.
ئه‌م ترسه نابێ وه‌ک ئاوه‌ڵناو و تاوان و تۆمه‌ت و... بخرێته پاڵ که‌سێکی دیاریکراوی وه‌ک فه‌ره‌ج، یان هه‌ر ڕزگاربوویه‌کی تر، به‌ڵکو وه‌ک له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری، ده‌بێ وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌کی گشتی سه‌پێنراو به‌سه‌ر کورددا که جه‌لاد و سێبه‌ر و شمشێره‌کانی له هه‌ناویدا جێگیری کردووه، ببینرێت.
ترسێکه ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاری ببێت مل ده‌دات به گۆڕینی خواست و شێوه‌ژیانی خۆی (واته جاشایه‌تی له ڕێگه‌ی موسته‌شارێک به ناوی شێخ موعته‌سه‌م برای شێخ جه‌عفه‌ر) به‌ڵام ئه‌وه‌ش دادی نادات، له‌مه‌ش گرینگتر بێده‌نگبوون و بێ پرسیاربوونی فه‌ره‌جه هه‌ر له‌و کاته‌وه که سواری سه‌یاره‌یان ده‌که‌ن به‌ره‌و تۆپزاوا، تا کاتی گولە‌بارانکردن له بیابانه‌کانی عه‌رعه‌ر. بۆیه ده‌ڵێم ترسه‌که ترسێکی دژه ئەنتۆلۆجییه، چونکه به درێژایی ئه‌م دیمانه‌یه فه‌ره‌ج و هاوڕێکانی یه‌ک پرسیار یان ناڕه‌زایه‌تی ناخه‌نه ڕوو که بۆ کوێمان ده‌به‌ن؟ چیمان لێ ده‌که‌ن؟ ماڵ و مناڵمان کوان؟
واته یان فه‌ره‌ج و هاوڕێکانی قووڵایی ژیان و ڕه‌سه‌نایه‌تی ژیان به‌لایانه‌وه دیار و زه‌ق نه‌بووه و له به‌رده‌م سێبه‌ری مه‌رگدا ده‌سته‌وسان و ملکه‌چ بوون، یاخۆ وه‌ک ئاماژه‌م به لایه‌نی سایکۆلۆجی و پێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگە دا، ئه‌وان نا‌وێرن بیر له شێوه‌ژیانێک بکه‌نه‌وه که له ده‌ره‌وەی سیستم و سێبه‌ری جه‌لاد بێت. هه‌ردوو ڕووی بابه‌ته‌که شیاوی تێڕامانن. به‌ڵام ئه‌و به‌شێوه‌یه‌کی ته‌وسیفی و باسکارانه ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت:
•خه‌ڵکێکی زۆری لێ‌بوو (مه‌به‌ست لیوای چه‌مچه‌ماڵه)... پڕی ژن و مناڵ بوو... تراکتۆرێکی زۆری لێ‌بوو، شه‌رواڵی ژن کرابووە چه‌نچی عه‌ره‌بانه‌ی ترا‌کتۆره‌که‌وه، که ئه‌و دیمه‌نه‌م بینی وه‌ک ئه‌وه وابوو گوله‌یه‌ک به‌سه‌ر دڵمه‌وه بنێن... ئیتر هه‌موومان نا‌ئومێد بووین...
خاڵی جێی سه‌ره‌نجی تر که ئه‌م باسه پشتڕاست ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌یه که فه‌ره‌ج ئه‌م گێڕانه‌وانه‌ی تا ساڵی 2003 که سه‌دام ڕووخاوه بۆ هیچ که‌س باس نه‌کردووه (جگه له سایه‌قی لۆرییه‌ک نه‌بێ که له به‌غاوه به‌ره‌و که‌رکووک سواری کردووه و نه‌یناسیوه و خه‌ڵکی هه‌ولێر بووه و یارمه‌تی داوه) ته‌نانه‌ت بۆ هاوسه‌ر و منداڵه‌کانیشی باس نه‌کردووه.
له لاپه‌ڕه‌ی 49دا ده‌خوێنینه‌وه:
پ: ...ئه‌وان تاکه‌ی چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی براکانت بوون؟
و: وه‌ڵا ئه‌وان تا سه‌دام ڕووخا هه‌ر به ته‌مابوون بێنه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕۆژه کاتێ ئاویان بۆ گه‌رم کردم و خۆم شۆری... جله‌کانی ژێره‌وه‌م خوێنی پێوه‌بوو. ئه‌وان زۆر ترسان و که‌وتنه پرسیارکردن.. ناچار وتم که بردومانیانه بۆ سجن سه‌یاره‌مان وه‌رگه‌ڕاوه.. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌که‌م بۆ من قورس بوو مایه‌ی مه‌ترسی بوو، چونکه که بڵاو بێته‌وه من گه‌ڕاومه‌ته‌وه هه‌رچی که‌سوکاری ئه‌نفال هه‌یه ڕووی پرسیار ئه‌که‌نه من که‌سوکاریان چی به‌سه‌ر هاتووه؟ به‌مه‌دا ئاشکرا ئه‌بم و حکوومه‌ت ئه‌مگرێته‌وه که چۆن گه‌ڕاومه‌ته‌وه...
ئه‌مه ده‌رخه‌ری زیاتری ترسی ئه‌وه له گێڕانه‌وه و خستنه‌ڕووی ڕووداوێکی گه‌وره و کاره‌ساتاوی که هه‌م به‌سه‌ر خۆیدا هاتووه وه‌ک تاک، هه‌م به سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌یدا. ئایا بێده‌نگی وا ته‌نیا به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی و سیستمی ده‌سه‌ڵاتی خودایانه و تۆتالیتارانه‌ی به‌عسه؟ ئه‌ی به‌رگری و هاواری ژیان له مرۆڤی کورددا نه‌بوو و نه‌مابوو؟
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان:
•عارف قوربانی، له تۆپخانه‌وه بۆ عه‌رعه‌ر، فه‌ره‌ج ئه‌و ئه‌نفالکراوه‌ی دوای گوله‌بارانکردنی له گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه گه‌یشته واشنتۆن، کوردستان، که‌رکووک، 2004
•که‌وه، فریشته، کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، توێژینه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆجی، ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌که‌م 2008
3- پ: پرسیار، و: وه‌ڵام