عادل قادری
مه‌سیح تابۆكانی پێش خۆی تووڕ دا، سزای به خاچه‌وه بۆ كێشرا، هه‌نووكه مه‌سیح تابۆیه‌كی پۆڵایینه... (به‌شێك له فیلمێك له‌باره‌ی ژیانی عیسای ناسری).
تابۆ شكاندنی یه‌كه‌مینی ئاده‌م (مه‌به‌ست ئاده‌م و حه‌وایه) له كولتووره ئاینی و میتافیزیكی و ئه‌ده‌بییه‌كاندا گێڕانه‌وه‌ی جۆراوجۆر و فره‌چه‌شنی بۆ كراوه، به‌ڵام هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین قه‌ده‌غه و بڤه بووه كه مرۆڤ ده‌ستی لێ داوه و شكاندوویه‌تی. هه‌نووكه لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی جۆراوجۆر و ته‌نانه‌ت دژ به‌یه‌كیش بۆ ئه‌م كرداره له ئارادایه، كه ئه‌م جۆراوجۆری روانینیشه گرێدراوی هه‌مان ویسته و ناو و كرۆكی هه‌ر كام له‌و میتافیزیك و كولتوورانه‌یه.
شتێك كه گومانهه‌ڵگر نییه ئه‌وه‌یه، روودانی ئه‌م كرده‌یه له ناو هاوكێشه و بگره‌وبه‌رده‌یه‌كی ئاڵۆز و پڕ پێچدا ده‌خوێنرێته‌وه و دێته هه‌ڵسه‌نگاندن كه ئه‌ویش هه‌ر وه‌ك گوتم: ناوزه‌ده به هاوكێشه‌یه‌كی تابۆیی. ده‌توانین وه‌ك ئه‌زموونكردن و تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌م گوته‌یه یه‌كێك له گێڕانه‌وه‌كان به نموونه بێنینه‌وه و جه‌مسه‌ر و ره‌هه‌نده دیار و نادیاره‌كانی بخه‌ینه روو. به‌ڵام به‌ر له‌وه ده‌شێت بڵێم كه گوناهی یه‌كه‌م مه‌رج نییه كرده یان ره‌فتارێكی كرده‌نی بێت له‌لایه‌ن بوونه‌وه‌رێكه‌وه كه ئاده‌م بێت، به‌ڵكو زۆرتر وێنا و میتافۆڕ (خوازه) و گێڕانه‌وه‌یه‌كه كه خۆی به ئاراسته‌ی میتۆلوجی و ئه‌ده‌بیات و ئاینه كۆنه‌كانه‌دا ده‌ناسێنێت.
ده‌گێڕنه‌وه باری ته‌عالا بوونه‌وه‌رێكی تاقانه‌ی به ناوی "ئاده‌م و حه‌وا" له باغێكی جاویدان و خه‌یاڵیدا هێنایه بوون. ئه‌وه‌ش هه‌ر ته‌نیا به هێنانه زارێك بۆ "بوون" (كن فیكون)2. باغێك كه هه‌نووكه‌ش خه‌یاڵدانی ئۆنتۆلۆجیكاڵ و هزری جوانیناسانه‌ی ئێمه ناتوانێت ره‌نگڕێژ و نیگاری بكات. باری ته‌عالا به‌و یه‌كه تاقانه‌یه فه‌رمووی: له تامكردنی ئه‌و دره‌خته بێوه‌ری بن. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ده‌ستوور یان ئه‌مر یان پێشنیاره..
وه‌سوه‌سه و تامه‌زرۆیییه‌كی له ناخیاندا چاند و ئاڵاهه‌ڵگر و "رچه‌شكێنی" ئه‌م كرده‌یه‌ش حه‌وا بوو نه‌ك.. جا تۆ بڵێی هه‌وا (حه‌وا)ی نه‌فس بووه یان حه‌وای ئاده‌م بووگه؟ هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا رۆڵی "تاوس" وه‌ك وه‌سوه‌سه هه‌ڵگر و نیشانێك بۆ جوانی و رۆڵی ئیبلیس وه‌ك فریشته‌یه‌كی (نادان و نافه‌رمان یان زانا و پرسیارساز و یاخی) و ده‌وری مار وه‌ك ده‌مامكی ئیبلیس، هه‌موو له‌م رووداو و هاوكێشه گرینگه‌دا جێی باس و لێكدانه‌وه‌ی زۆرن.
ئه‌گه‌ر ئه‌م كرده و رووداوه وه‌ك ئاراسته‌یه‌كی درێژه‌دار دابنێین و به‌شێوه‌یه‌كی زنجیره‌یی حه‌ڵقه‌كانی دیاری بكه‌ین، ده‌شێت ره‌هه‌ند و لایه‌نه‌كانی ئاوا نیگار بكرێن: 1- باری ته‌عالا 2- ئاده‌م و حه‌وا 3- شه‌یتان 4- حه‌وای ئاده‌م 5- مارێكی درێژ 6- فه‌رمان یان ئه‌مر یان پێشنیارێك له‌ژێر ناوی "مه‌خۆن" 7- خواستی بوون له قه‌واره‌ی (كن فیكون)دا 8- زمان (كه ناوی هه‌موو ئه‌م شت و كرده و فه‌رمان و ئامێر و بوون و بوونه‌وه‌رانه‌ی تێدا نه‌خشێنرا).
لێره‌دا قورسایی لێكدانه‌وه‌كه‌م ده‌خه‌مه سه‌ر چه‌ند ره‌هه‌ندێك كه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ماناكانی گوناه باسی ده‌كه‌م. بۆیه له دواجاردا ده‌ڵێم هه‌موو ئه‌و رووداوانه له هه‌رێم و شوێنگه‌یه‌ك هاتنه ئاراوه كه پێی ده‌ڵێن زمان. درێژی و كورتی گێڕانه‌وه‌كانی ئێمه له‌و گوناهه یه‌كه‌مینییه، به‌نده به كورتی و درێژی زمانێك كه ئه‌و جه‌مسه‌ر و ره‌هه‌ند و ئه‌ڵقانه پێكه‌وه گرێ ده‌دات و وێنه‌یه‌كی لێ ده‌كێشێ. ئێمه به هۆكارگه‌لی زۆر و زه‌وه‌نده‌وه، ئاسمانی و زه‌وینییه‌وه و.. هه‌ندێ جار له باسكاری و توێكاری ئه‌م رووداوه زمانگۆ و لاڵ بووگین و له هه‌ندێ جار و چركه‌ساتی كورتی مێژوویشدا، زماندرێژ بووگین.
واته ده‌كرێت زمانگۆیی و زماندرێژی وه‌ك دوو دیارده‌ی بوولێڵی خه‌لیقه‌ت له دوای گوناهی یه‌كه‌م چاو لێ بكه‌ین. هه‌بوونی ئه‌م دوو دیارده‌یه له پانتایی و درێژایی مێژووی كولتوور و ئاینه‌كاندا سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه خواست و ئاره‌زووی كولتووری مرۆیی به تابۆسازییه‌وه فرچك كراوه تا تابۆشكێنی، ده‌ڵێی ئاده‌م هێشتایش له شۆك و داچڵه‌كینی ئه‌و تابۆشكێنییه‌ی یه‌كه‌م نه‌بووبێته‌وه و له هه‌وڵی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یدا بێت، وه‌ك چۆن له سروشتی رووداوه تابۆییه‌كاندایه. واته هه‌ر تابۆ شكێنێك دواتر تابۆ سازێكی لێ ده‌رده‌چێت. ئایا هه‌ر تابۆشكاندنێك پێشمه‌رجی تابۆ سازدانی له ناخی خۆیدا هه‌ڵنه‌گرتووه؟ ئه‌گه‌ر نوڤلێتی "حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم"ی شێرزاد حه‌سه‌ن بخوێنینه‌وه ئه‌م راستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. له‌و نۆڤڵێته‌دا ئێمه پاڵه‌وانێكمان هه‌یه "بێ‌ناو" كه هه‌موو هێما تابۆیی و دیارده قودسییه‌كانی ده‌ور و ته‌نیشتی كه بریتی بێت له ئاپۆرا و ژماره‌یه‌كی زۆر له دایك و خوشكی ته‌ژی له گرێی سێكسی و ره‌وگه و مۆڵگه‌یه‌ك له ئاژه‌ڵ و گیاندارانی خه‌سێندراو و.. هانی ده‌ده‌ن بۆ تابۆشكاندنێك كه لێره‌دا كوشتنی باوكێتی، دوا به‌دوای ئه‌و كوشتنه‌ی باوك، هه‌موو دایك و خوشكه‌كان و.. واته هه‌ر هه‌مان هانده‌رانی پاڵه‌وانی چیرۆك (ده‌بن به سزاده‌ر و جه‌نگاوه‌رانی تابۆ).
ده‌توانین له رووبه‌ری مێژوودا ئاماژه به بڕێك له‌و تابۆشكێنانه بده‌ین كه سڵیان له تابۆ - ناسین نه‌كردووه‌ته‌وه، واته روویان له تابۆ شكاندن وه‌رنه‌گێڕاوه چونكه پێشمه‌رجی هه‌ر جۆره ناسین و مه‌عریفه‌تێك با مه‌عریفه‌تی تابۆییش بێت، شكاندنیه‌تی! واته پێشمه‌رجی هه‌ر ناسین و مه‌عریفه‌تێك كرده‌یه‌كه با ناوی شكاندنی لێ بنێین. له رووبه‌ر و گێڕانه‌وه‌ی درامایی و سینه‌مایشدا ده‌توانین ئاماژه به فیلمگه‌لی (خه‌یاڵوانان) به ده‌رهێنه‌ری بێرناردۆ بێرتۆلووچی، (قه‌ڵه‌مپه‌ڕه‌كان) به ده‌رهێنه‌ری فیلیپ كافمه‌ن بكه‌ین.
به گشتی و كورتی، رووبه‌ری مێژوو شایه‌تحاڵی ده‌ركه‌وتن و هاتنه‌مه‌یدانی كۆمه‌ڵێك زماندرێژ بووه كه ئه‌گه‌رچی به‌جاره‌ها و له چركه‌ساته مێژووییه‌كاندا ئه‌م زماندرێژانه زمانگۆ و زمانبڕ كراون، به‌ڵام هه‌نووكه زمانی مرۆڤ درێژتر و ئازادتر له سه‌رده‌مێك بووه كه تێیدا مرۆڤ و ئازادیخوازانیان له‌سه‌ر هاوردنه زاری په‌یڤی ناباو و ناقودسی و ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕكێكردنی پیرۆز و ناپیرۆز له ئاگره‌كاندا ده‌سووتان یان ره‌وانه‌ی سه‌رداب و عه‌ڵه‌و خانه‌كانی كه‌نیسه و حوجره‌كانی مزگه‌وت ده‌كران، به‌ڵكو زماندرێژی نه‌كه‌ن و به‌و زمانه‌ی كه هی ئاین، نه‌ریت، كولتوور، دیسیپلین و به‌ها خێڵه‌كییه‌كان بووه، ئیمان بهێنن و وه‌ڵامه‌كانی خۆیان وه‌رگرن و له پرسیارداڕێژی و زماندرێژی بكه‌ون.
ئه‌مڕۆ ئێمه خاوه‌نی سامانێك له گوناهی جوان و ناجوانین كه بوونی وزه و توانایی مه‌عریفه‌تی مرۆڤی تۆكمه‌تر و جڵه‌ودارتر و له هه‌مان كاتدا یاخی‌تر و لاسارتر كردووه. ده‌یگێڕنه‌وه لێره و له‌وێش، له‌وێ و لێره‌ش!، كه گوناهی یه‌كه‌مین هاوكێشه‌یه‌كی سێ ره‌هه‌ندی ساده‌ی له پشت بووه، هه‌رچه‌ند ئه‌مڕۆكه خوێندنه‌وه و شرۆڤه‌كان له‌وه ئاڵۆزترن كه ته‌نانه‌ت باسی ره‌هه‌ندداربوونی ئه‌م رووداوه بكه‌ین. ئه‌و سێ ره‌هه‌نده بریتی بوون له خودا، شه‌یتان، ئاده‌م و حه‌وا. خودا له سۆنگه‌ی ره‌حمه‌ت و فه‌یزی ناكۆتایییه‌وه و به "كن فیكون" بوونی هێنایه گۆڕ.
موقه‌ڕه‌بانی باری ته‌عالا گوتیان: تۆ مرۆڤێك ده‌ئافرێنی و ده‌ینێریته زه‌وین كه خوێن بڕێژێت و گه‌نده‌ڵی بكات؟ ئه‌ویش فه‌رمووی: (من شتێك ده‌زانم ئه‌نگۆ بێ به‌رین لێی)3. تا هه‌نووكه‌ش له تێڕامان له‌م فه‌رمایشه قودسی و رازئاوییه به ئاكامێكی ته‌واو و ره‌ها نه‌گه‌یشتووین و ره‌نگیشه سروشت و جه‌وهه‌ری بوون بۆ به‌رده‌وامێتی و درێژایه‌تی هه‌ر ئه‌وه بێت كه له نهێنی و رازی ئه‌م گوڵه سووره4 دا شه‌ڵاڵ و ون ببین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی چه‌سپاو و سه‌لمێنراوه ئه‌وه‌یه له دنیای كه‌وناراو سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی دیرۆك و ئه‌فسانه و حه‌ماس تا رۆژگاری سه‌روه‌ری زانست و ته‌كنۆلۆجیا و قه‌ڵشتاندنی ئه‌تۆم، گوناه و بڤه و توتم و تابۆ یه‌كێك له گوته‌زا و بابه‌ته هه‌میشه ئاماده‌كانی كولتوور و شارستانیی و زمان و بوونی ئاده‌م و به‌گشتی هه‌ناوی میتافیزیكه كه له‌گه‌ڵ مرۆڤدا بووگن و ده‌بن، ئه‌م گوته‌زایه خۆی به‌ئاڵۆز و ساده، به گه‌وره و بچووك، سه‌غیره و كه‌بیره‌یه‌وه و.. پێمان ده‌ناسێنێت و دێته گێڕانه‌وه.
میتافیزیك لێره‌دا به واتای هایدیگه‌ر واته گشتیه‌تی شتێك خۆی له خۆیدا. هه‌ندێك له‌م میتافیزیكانه بنه‌ما و جه‌وهه‌ریان هه‌ر له‌سه‌ر خوێندنه‌وه و پێناسه‌كردنی گوناه رۆناوه. گوناه له لایان به واتای موجه‌ڕه‌د خراپه و نه‌ده‌بوو بكرایه، به‌ڵام وه‌سوه‌سه و شه‌هوه‌ت و چڵێسی مرۆڤ ئه‌مه‌ی كردووه و بۆ تاهه‌تایه ئینسان ناتوانێت ئه‌م كرده‌یه قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. هه‌ندێكی تر به نه‌رم و نیانی ده‌ڵێن: ئه‌وه گوناه نه‌بوو، به‌ڵكو مه‌عریفه‌ت بوو. مه‌عریفه‌تێك كه بۆ بوون و هه‌ستی پێویسته و به‌بێ ئه‌وه بوون نه‌ده‌هاته هه‌بوون. واته ده‌ڵێن: ئه‌و میوه كه گه‌نم بووبێت یان سێ‌و، میوه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو نییه به ته‌نیا یان ته‌نیا ره‌هه‌ندی قه‌ده‌غه‌بوون و بڤه‌ئاویبوونی نییه، به‌ڵكو میوه‌ی مه‌عریفه‌ت و زانیاری په‌یداكردن له‌سه‌ر چاكه و خراپه‌ش بووه.
واته مرۆڤ ره‌نگه له ململانێی نێوان خودا و شه‌یتان و خۆیدا كرده‌یه‌كی ساده – ئاڵۆزی كردبێت، به‌ڵام خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه ئاده‌م (مرۆڤ) به‌م فریوخواردنه‌ی له ئیبلیس، له حه‌وا، به‌م شه‌هوه‌ت و چڵێس به‌ردانه‌وه له خۆی بۆ عیشوه‌ی حه‌وا، بۆ زمانی لووس و درێژی مار وه‌ك بیچم و قه‌واره و ده‌مڕاستێك له شه‌یتان و هتد.. له پرۆسه و داهاتنی بوون و كن فیكوندا به‌شداری رژدی هه‌بووه. راستییه‌كی مێژوویی – عه‌قڵیشمان به‌رده‌وام له به‌رده‌مه كه "بوون" تا هه‌نووكه‌ش گرێدراوی ئاڵۆزی و سڕئاوی بوونه و ئه‌وه‌ش له پێوه‌ست له‌گه‌ڵ چه‌مك و گوته‌زا و پرسگه‌لی وه‌ك پرسی بوون، رازی بوون، مانای بوون، چییه‌تیی بوون، جه‌وهه‌ری بوون و ئامانجی بوون، ده‌ریده‌خات كه له ده‌قه ئاینی و میتۆلۆجییه‌كانه‌وه بۆ وتار و گوتاره عه‌قڵی و زانستییه‌كانه‌وه پرسی بوون به‌رده‌وام ئاماده‌یه.
هه‌ر له یۆنانی كه‌وناراوه تا فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیستی ئه‌فلاتوون، له‌وێشه‌وه بۆ دیكارت و سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری و دواتر به‌ره‌و رۆژگاری مۆدێرنه و جه‌نگه جیهانییه‌كان و دواتر پۆست مۆدێرنیته و وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن: سه‌روبه‌ندی ئاپۆكالیپس و ئاخرزه‌مانیدا، "بوون" هه‌ر بووگه و ده‌شبێت. بوون شاكلیل و زێڕه‌ته‌وه‌ری وجوود بووه، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ به پرس و بابه‌تی مه‌عریفه‌ت و گوناهه‌وه هه‌ڵواسراوه. به‌م پێیه له رۆژگاری ده‌ركه‌وتنی بوونه‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ گوناه و مه‌عریفه‌تدا هاوزا و هاوده‌مین. له‌و رۆژگاره تا ئێسته كه سامان و بارستایییه‌كی قه‌به له گوناه و مه‌عریفه‌تمان كۆ كردووه‌ته‌وه كه به پرسی بوونه‌وه گرێ دراوه، به‌ڵام بڕیار و لێبڕانێكی ره‌ها و ته‌واومان بۆ پرسی گوناه نییه كه شاكلیلی بوونه.
واته به گشتی، بوونی گوناه ره‌هایه، به‌ڵام چۆنبوون و چییه‌تیی ئه‌م بوونه دابه‌شكارییه‌كی بۆ مه‌عریفه‌ت و گوناه و هه‌موو گوته‌زاكانی بوون به گشتی دروست كردووه. میتافیزیكی یۆنانی و مه‌سیحی و ئیسلامی و نیچه‌یی و غه‌یری ئاینی و هتدی.. لێ كه‌وتووه‌ته‌وه. ره‌نگه یه‌كێك له چڕترین حاڵه‌ته‌كانی هاوكێشه‌ی داهاتنی بوون و به‌شداری مرۆڤ له پرۆسیس و ره‌وتاندنی "بوون"دا له لای هیگل بووبێت. ئه‌و له كتێبی دیارده‌ناسی رۆح و له به‌شی "خودا و به‌نده"دا ده‌ڵێت: به‌نده حه‌ریفێكی دۆڕاوه و له گیانبازیدا بۆ سه‌ركه‌وتن تا ناكۆتا نه‌ڕۆیشتووه و یاسای خودا، واته سه‌ركه‌وتن یان مه‌رگی قبووڵ نه‌كردووه. ئه‌و به‌نده‌یی به‌سه‌ر مه‌رگدا سه‌پاند و به‌م هۆیه و به‌م پێیه‌ش به زیندوو مان و ژیاندن، ژیانی وه‌ئه‌ستۆ گرتووه.
په‌راوێزه‌كان:
1ـ- ناوبردنی ئه‌نجامدان یان روودانی شتێك كه ئاده‌م و حه‌وای له ئاسمانه‌وه به‌ره‌و زه‌وی تووڕدا به "كردار"، نیوه‌چڵ و بگره هه‌ڵه‌شه، بۆیه له درێژه‌ی نووسینه‌كه‌دا من به كردار، ئاوه‌ڵكردار، كردار و ئاوه‌ڵه‌كانی و هتد.. ناوزه‌دم كردووه و بۆ خۆبواردن له هه‌ر جۆره هه‌ڵنیشتنی به‌ستێنێكی ره‌ها و موتڵه‌ق له راڤه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌دا من به گشتی ئه‌وه‌م به "شت" ناوزه‌د كردووه.
2ـ- ئاماژه‌یه به ئایه‌تێك له سووره‌تێكی قورئانی پیرۆز
٤ـ- بڕگه‌ی دووی په‌راوێز بخوێننه‌وه
٥ـ ئاماژه‌یه بۆ چه‌ند ئایه‌تێكی سووره‌تی به‌قه‌ره له قورئاندا
٦ـ- خوازه‌یه‌كه وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سوور و پرته‌قاڵی و له‌ژێر كاریگه‌ری شیعره‌كانی سوهراب سیپیهری و كتێبی رازی گوڵی سووری كارل گوستاڤ یونگ ده‌روونناسی گه‌وره‌ی سویسری وه‌رمگرتووه.