(تێڕامانێكی كورت له پله و دۆخی خوێنه‌ر و ده‌قی كوردی)
عادل قادری
تیۆری جوانـیناسـیی وه‌رگـرتن ”دریـافـت” (The Aesthetic Theory Reception) پێوه‌ندی خوێنه‌ر و ده‌ق له ئاستێكی باڵا و به‌رهه‌مهێنه‌ردا شكڵ ده‌دات و ده‌یپارێزێت. هۆی ئه‌نگوستدانان له‌سه‌ر ئه‌م رێبازه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق، ئازادییه‌كی به‌رفراوانه كه ئه‌م رێبازه به خوێنه‌ری چالاكی ده‌دات تا ده‌ق و توانسته هێزه‌كییه‌كانی ده‌ق چالاك بكات و هه‌وڵه ماناخوازانه‌كانی له نێوان دوو لایه‌نی مانادۆزیی یان دۆزینه‌وه‌ی مانا و مانائافرێنی یان خوڵقاندنی مانادا پێڕه‌و و پۆلینكاری بكات.
ئه‌م یادداشته هه‌وڵ ده‌دات باسێك له‌سه‌ر تێوری جوانیناسیی وه‌رگرتن یان قوتابخانه‌ی كۆنێستانس بخاته روو و ئه‌گه‌ر و تواناكانی كه‌شف و ئافراندنی مانا له هه‌ناو و دووتوێی ده‌قدا له روانگه‌ی ئه‌م رێبازه‌وه شی بكاته‌وه.
تیۆری جوانیناسیی وه‌رگرتن یان قوتابخانه‌ی كۆنێستانس چۆن شكڵی گرت و ئامانجی چی بوو؟
زه‌وینه و به‌ستێنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م رێبازه، چیرۆكێكی پڕ له ڕووداو و گۆڕانكارییه. پاش شۆڕشی كۆپه‌رنیكی و درككردنی ئه‌م راستییه‌ی كه زه‌وی ناوه‌ندی دنیا و هه‌ستی نییه، مرۆڤ خۆی كرده پێوه‌ر و چه‌قی هه‌موو دنیا و ئیراده‌ی خۆی له سه‌رووی هه‌موو بوون و بوونه‌وه‌رێكه‌وه به‌سه‌ر دنیادا سه‌پاند، شۆكێكی گه‌وره له سێ لایه‌ن و ره‌هه‌ندی جیاواز و له‌رێی سێ بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه‌وه ره‌وتی له گه‌شه‌ی مه‌عریفه‌ناسی و زانستی مرۆڤیان گۆڕی.
ماوه‌یه‌ك پاش ئه‌و ره‌هاخوازی و ناوه‌نددانانه‌ی مرۆڤ كه شۆڕشی كۆپه‌رنیكی بۆ مرۆڤی نوێی به‌دیاری هێنابوو، له ژێر كاریگه‌ریی بیر و ئه‌ندێشه‌كانی سێ بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووف واته كارڵ ماركس، زیگمۆند فرۆید و فریدریك نیچه، ئه‌م ناوه‌نمه‌ندی و به پێوه‌ردانانه‌ی مرۆڤ پووچه‌ڵ بووه‌وه و ئه‌م ره‌وته كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر دنیای ئه‌ده‌ب و تیۆر و فه‌لسه‌فه‌ش دانا. بۆیه سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و رێباز و قوتابخانانه‌ی كه دنیا و مرۆڤیان هان ده‌دا تا له ره‌هاگه‌رێتی و ئه‌بسلووتلیزم دوور بكه‌ونه‌وه و رێژه‌گه‌رێتی و نیسبییه‌ت جێ بخه‌ن، پێویستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گر بوو.
ئه‌م پێویستییه كۆمه‌ڵایه‌تی و شوێن-كاتییه خۆی له قه‌واره‌ی هێرمینۆتیك و راڤه و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر و واڵا و ته‌نانه‌ت دژواز بۆ ده‌ق و نیشانه و دیارده‌كان ده‌رخست. هێرمینۆتیك له ره‌وتی خۆیدا به تایبه‌ت هێرمینۆتیكی مۆدێڕن، گه‌لێك لایه‌ن و لق و پۆپی لێ بووه‌وه، یه‌كێك له‌و لقانه كه به لقێكی تازه و گرینگ دێـته ئه‌ژمار، تیۆری "جوانیناسیی وه‌رگرتن" كه ناسراو به قوتابخانه‌ی كۆنێستانسه كه له هه‌ندێ شوێندا ته‌نانه‌ت له هێرمینۆتیكیش تێده‌په‌ڕێ.
ئه‌م قوتابخانه‌یه به گشتی دووپات له‌سه‌ر رۆڵی خوێنه‌ر ده‌كات به‌مه‌به‌ستی به‌شداریی له سازكردنی مانادا. ئه‌م تێوره ره‌نگه یه‌كه‌م تیۆرییه‌ك بێت كه رۆڵی خوێنه‌ری به‌و شێوه به‌ربڵاو و قووڵه له‌به‌رچاو گرتبێ. هه‌رچه‌نده له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نوێ‌دا و له روانگه‌ی كه‌سێكی وه‌ك تری ئیگلتۆندا سێ ره‌هه‌ند و لایه‌ن واته نووسه‌ر، ده‌ق و خوێنه‌ر له ره‌وتی داهێنان و خوڵقاندنی مانادا رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن، به‌ڵام وه‌ك له سه‌ره‌وه باسم كرد، به‌هۆی ئه‌و ره‌هابینییه‌ی مرۆڤ له به پێوه‌ردانانی خۆی له پاش شۆڕشی كۆپه‌رنیكی، رۆڵی نووسه‌ر وه‌ك راوی (بگێڕ) و دانه‌ر له‌و پله ره‌ها و خودایییه‌ی خۆی داته‌كا و هاوكێشه‌یه‌كی تازه دروست بوو كه تێیدا خوێنه‌ر رۆڵ ده‌گێڕێ، به‌ڵام نه‌ك رۆڵێكی ره‌ها كه پێشتر نووسه‌ر له پله‌ی راویدا هه‌یبوو، به‌ڵكو لێره‌دا خوێنه‌ر وه‌ك یه‌كێك له جه‌مسه‌ر و توخمه‌كان له هاوكێشه و ره‌وتێكی پڕئاڵۆزی خوێندن و راڤه‌ی مانادا به‌شدارییه‌كی چالاك و بێوێنه ده‌كات.
ئه‌ندامانی قوتابخانه‌ی كۆنێستانس بریتی بوون له چه‌ند كه‌س له مامۆستایانی زانكۆی كۆنێستانسی ئا‌ڵمانیا كه گرینگ‌ترین و دیارترینیان (وه‌ڵفگانگ ئایزێر و هانس رۆبێرت یاوس)ن.
له‌لای ئه‌مان ده‌ق بنه‌مایه‌كی هێزه‌كی (بالقوه)یه و خوێنه‌ر به هه‌وڵ و بڕوا و تواناكانی خۆی ده‌یهێنێته بزووتن و مانا لێ سازكردن. له هێرمینۆتیكدا تاقمێك پێیان وایه مانا ده‌بێ كه‌شف بكرێت یان "بدۆزرێته‌وه" و گرووپێكیش پێیان وایه كه مانا ده‌بێت له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه "بخوڵقێت" یان بئافرێنێت. بیرمه‌ندانی تیۆریی وه‌رگرتن پێیان وایه راڤه (ته‌ئویل) به مانا كلاسیكه‌كه‌ی، به دوای دۆزینه‌وه یان كه‌شفی ماناوه‌یه و به واتا تازه‌كه‌یشی تاقانه ئیمكانی هه‌لومه‌رج و چۆنێتیی شكڵگرتنی مانامان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ و ده‌توانین زنجیره‌ی مانا بخوڵقێنین. كه‌واته ئه‌م بیرمه‌ندانه له باتی دۆزینه‌وه‌ی مانا له ده‌قدا، پێ له‌سه‌ر خوڵقاندنی مانا داده‌گرن. لێره‌دایه كه رۆڵی زێڕین و گرینگی خوێنه‌ر به‌دیار ده‌كه‌وێت و خوێنه‌ر به چالاكیی خۆی مانا ده‌ئافرێنێت و خوێنه‌ر ئیتر ئه‌و پێگه به‌رخۆر و مه‌سره‌فییه و هه‌روه‌ها ئه‌و رۆڵ سست و خه‌واڵووه‌ی كه بۆی ده‌ستنیشان كرابوو، به‌جێ دێڵێت.
ئایزێر دوو ده‌سته یان دوو جۆر خوێنه‌ر ده‌ستنیشان ده‌كات: 1- خوێنه‌ری چالاك (فاعل) 2- خوێنه‌ری سست (منفعل).
خوێنه‌ری چالاك كه‌سێكه به‌شداری له ئافراندنی مانادا ده‌كات و ده‌توانێ تواناكانی خۆی له ده‌قدا وه‌گه‌ڕ بخات. له كاتێكدا خوێنه‌ری سست، خوێنه‌رێكه ته‌نیا چاوه‌ڕوان و ده‌سته‌وئه‌ژنۆی ئه‌وه‌یه ده‌ق پێی بڵێ چی بووه و چ ده‌بێ، یان به شێوازێكی تر نووسه‌ر یان راوی بۆی دیاری ده‌كات چی بووێت و چی بخوازێت. به‌گشتی خوێنه‌ری سست توانایه‌كی ئه‌وتۆی نییه كه ده‌قه‌كه بئافرێنێ یان له ئافراندنی مانادا به‌شداری چالاكانه‌ی هه‌بێت.
به‌پێی ئه‌وه‌ی چ جۆر خوێنه‌رێكمان هه‌یه جۆر و شێوازی ده‌قیش ده‌ستنیشان ده‌كرێت، واته 1- ده‌قی چالاك 2- ده‌قی سست و به‌م پێیه له روانگه‌ی ئیمبێرتۆ ئیكۆوه له‌م هاوكێشه و بارودۆخه‌دا چوار جۆر پێوه‌ندی ساز ده‌بێت: 1- خوێنه‌ری سست له به‌رده‌م ده‌قی سست 2- خوێنه‌ری سست له به‌رده‌م ده‌قی چالاك 3- خوێنه‌ر چالاك له به‌رده‌م ده‌قی سست 4- خوێنه‌ری چالاك له به‌رده‌م ده‌قی چالاك.
دیاره باشترین و ماناپژێنترین جۆری پێوه‌ندی، پێوه‌ندی له جۆری چواره‌مینه. له سۆنگه‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌وه ده‌ركه‌وتنی ئه‌م بارودۆخه‌ش به سێ قۆناغ و هه‌رێمدا تێپه‌ڕ ده‌بێت:
قۆناغی "پێش ده‌ق" ئه‌و قۆناغه‌یه وا ئێمه و دیارده‌كان و دنیا و دواتر ئه‌و ده‌قه‌ی كه له‌و دنیایه‌دا ده‌ركه‌وتووه ده‌خوێنینه‌وه.
"ده‌ق"، ئه‌و تێكسته‌ی كه له به‌رده‌ستماندا هه‌یه و به‌ناویدا و له‌ڕێی هه‌موو زانیاریی هاوچه‌رخانه و ئه‌ڤڕۆیی خۆمان سه‌فه‌ر ده‌كه‌ین.
3- ئه‌وپه‌ڕی ده‌ق، ئه‌و قۆناغ یان بارودۆخه‌ی ئێمه به تێپه‌ڕین به ناو دوو قۆناغی پێش، واته پێش ده‌ق و ده‌قدا پێی ده‌گه‌ین، واته ئه‌وپه‌ڕی ده‌ق لێكدان و تێكه‌ڵه‌ی دوو قۆناغی پێشووه كه له رێی خۆێنه‌ری چالاكه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌و قۆناغه قۆناغی گه‌ره‌نتیی رێژه‌گه‌رێتییه كه پێكهاتوو له هه‌ردوو جه‌مسه‌ری پێشووه نه‌ك به ته‌نیا یه‌كیان.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه كورته‌یه‌ك بوو له ئاسۆی گشتی ئه‌م رێباز و ره‌وته كه له‌سه‌ر بنه‌مای رێژه‌خوازی و ره‌ها بێزیی، بواری ئه‌وه به ئێمه ده‌دات له پێگه‌ی خوێنه‌ری چالاكدا ده‌ق چالاك بكه‌ین و له سستی و ره‌هابوونی ده‌ق و خوێنه‌ر پارێز بكه‌ین.
من پێم وایه له هه‌لومه‌رجی ماناخوازی كۆمه‌ڵگه و جڤاتی ئێمه‌دا پێش هۆكاری سستبوونی خوێنه‌ر، ره‌هابوونێتی كه پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی مانا تووشی نسكۆ و گلان ده‌كات، یان ده‌توانم بڵێم ره‌هاخوازی ده‌رئه‌نجام و به‌رهه‌می سستییه.