به‌كارهێنانی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوازی نالۆژیكی

ئیدریس عه‌بدول

تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ته‌ پێگه‌یه‌كی فراوان و به‌ربڵاو و پڕبه‌كارهێنه‌ر له‌ سه‌رانسه‌ری دنیا و له‌ ناویشیاندا فیسبووك كه‌ له‌ وڵاتی خۆماندا پێگه‌ی یه‌كه‌می داگیر كردووه‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو مرۆڤه‌ ئاساییه‌كان له‌كاتی به‌كارهێنانی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ره‌چاوی چه‌ند بنه‌مایه‌ك ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها سۆسیال میدیا له‌ چوارچێوه‌یه‌كی زۆر ته‌سكدا به‌كار دێنن  كه‌ ده‌توانین له‌م چه‌ند خاڵه‌دا چڕیان بكه‌ینه‌وه‌.

١- ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌كسێپت ده‌كه‌ن وه‌ك فرێند كه‌ له‌ راستیشدا هاورێیانن، واتا كه‌سێك نه‌یناسن نه‌ داوای هاوڕێیه‌تی لێ ده‌كه‌ن و نه‌ ئه‌كسێپتی ده‌كه‌ن به‌هاوڕێ، هاوكات ئه‌وروپاییه‌كان له‌ رووی ژماره‌وه‌ هاوڕێیه‌تیان زۆر سنوورداره‌ و موجامه‌له‌ ناكه‌ن له‌پێناو هیچ شتێكدا، چونكه‌ هاوڕێیه‌تی حه‌ز و هارمۆنی بوونه‌.

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ كوردستان كه‌سه‌ ئاساییه‌كان له‌ناو تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سایه‌تییه‌كی ته‌واو جیاوازن له‌ كه‌سایه‌تیه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆیان له‌ رووی وێنه‌، بیروڕا، ژماره‌ی هاوڕێكانیان. ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌توانین ناو بنێین "نه‌خۆشیی سۆسێۆلۆجی" چونكه‌ مۆرڤ دیوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌شارنه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت  وێنه‌ی كاره‌كته‌رێكی تر نمایش بكه‌ن .

بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بكه‌ین ده‌بینین رۆژانه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوبه‌شان جۆره‌ها پۆستی نابه‌جێ ده‌كرێت، یه‌كێك  له‌وانه‌ داواكارییه‌ بۆ لایك و كۆمێنت كه‌ زۆرجار وه‌ك ته‌نز ناوی سواڵی (ده‌روه‌زه‌كردن)ی لێنراوه‌ گوایه‌ ئه‌كتیڤی دابه‌زیووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر و بێزاركه‌ره‌ چونكه‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی پێویستی به‌ ئه‌كتیڤ بوون نیه‌ و په‌یجیش ته‌نیا كه‌سه‌ به‌ناوبانگه‌كان famous یاخۆ داوده‌زگا و لایه‌نی فه‌رمی به‌كار ده‌هێنرێت.

له‌له‌یه‌كی تره‌وه‌ پۆست گه‌لێكی زۆر ده‌بینیت وێنه‌ی كارتێكی سووری به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ و هۆشداری ده‌دات له‌ بلۆككردن و unfriend كردنی هاورێكانی به‌هۆی به‌شدار نه‌بوون له‌ لایك و كۆمێنت نووسین بۆ پۆسته‌كانی، ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سانێك به‌شێوازێكی به‌رفراوان و هه‌ڕه‌ه‌ـه‌كی داوای هاورێیه‌تی ئاراسته‌ی هه‌زاران كه‌س ده‌كه‌ن نه‌ ده‌یانناسن و نه‌ له‌ زمانی هه‌ندێكیان تێ ده‌گه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌ له‌ گرنگی ژماره‌ی هاوڕێ كه‌ هه‌ندێك وا ده‌یخوێننه‌وه‌ هاوڕێی زۆر نیشانه‌ی به‌ناوبانگی و گرنگییه‌ یا ده‌یانه‌وێت سه‌رنجی كه‌سانێك بۆ ویست و داواكارییه‌كانیان رابكێشن له‌ رێگای هه‌ڕه‌شه‌كردنێكی ناڕاسته‌وخۆ گوایه‌ پۆسته‌كانیان گرنگیان پێ ده‌درێت له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵ،ك بۆیه‌ ده‌توانن ڕای گشتی دروست بكه‌ن له‌كاتی جێبه‌جێ نه‌كردنی داواكارییه‌كانیان.
 
٢- تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رچاوه‌یه‌كی زانستی و باوه‌ڕپێكراو نین بۆ وه‌رگرتنی زانیاری، بۆیه‌ هاووڵاتییانی ده‌وڵه‌ته‌ پێشكه‌وتووه‌كان ته‌نیا وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی كورتی پڕچێژ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیان به‌كاری دێنن .

ئه‌مانه‌ و چه‌ندان هۆی تر، سۆسیال میدیای كردووه‌ به‌شوێنی ململانێیه‌كی توندی نالۆژیكی و ئامانجه‌كانی به‌كارهێنانی ئه‌و تۆڕانه‌ی له‌ كوردستان گۆڕیوه‌ له‌ به‌سه‌ربردنی كاتی خۆشه‌وه‌ بۆ شه‌ڕه‌ قسه‌ و ململانێ و بوختان دروستكردن و شكاندنی كه‌سانی تر.

PM:02:57:08/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 1344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌