"نه‌خێر"تان له‌پای چییه‌؟

سامان ڕه‌شید

ئه‌گه‌ر گوزه‌رێك به‌مێژوودا بكه‌ین و له‌ هۆكار و به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ره‌كانی دروستبوونی ده‌وڵه‌تێك بۆ كوردستان بكۆڵینه‌وه‌، ده‌بینین جگه‌ له‌ به‌ربه‌سته‌ ده‌ره‌كییه‌كان، كۆمه‌ڵێك له‌مپه‌ری ناوخۆیی بوونی هه‌بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر نه‌گه‌یشتنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ به‌و مافه‌ ڕه‌وایه‌ی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دنیا پێی گه‌یشتوون.

داگیركه‌رانی كوردستان هه‌میشه‌ ئامرازه‌كانیان له‌ ناوخۆی كوردستان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاراسته‌ كردووه بۆ نه‌گه‌یشتنی گه‌لی كوردستان به‌و ئامانجه‌ی ساڵانێكی دوور و درێژه‌ خه‌بات و به‌رخودانی له‌و پێناوه‌دایه‌. ئه‌مڕۆ له‌ دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆخوازان بڕیاریان دا گه‌لی كوردستان چاره‌نووسی خۆیان دیاری بكه‌ن و داهاتووی خۆیان بنووسنه‌وه‌، ده‌بینین كۆمه‌ڵێك به‌ ئاشكرا دژایه‌تی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم و هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی "نه‌خێر" ده‌ده‌ن دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م گه‌له‌ سته‌ملێكراوه‌. "نه‌خێر"یان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كوردستان هه‌میشه‌ ژێرده‌سته‌ی داگیركه‌ر بێت و چاوه‌ڕوانی جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیاباران و بڕینی مووچه‌ بن.

دروستكردنی كه‌مپین بۆ "نه‌خێر" و بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس له‌ناو هاووڵاتییان، ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ن داگیركه‌ران له‌ڕێی ئامرازه‌كانیانه‌وه‌ له‌ ناوخۆی كوردستان خستوویانه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ شكستهێنانی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. به‌ناوی ئازادی و ئازادی ده‌ربڕین به‌ره‌ی نه‌خێر باشترین خزمه‌ت به‌ داگیركه‌رانی كوردستان ده‌كه‌ن و هه‌وڵه‌كانیان بێگومان به‌شێكه‌ له‌و ئامرازانه‌ی خزمه‌ت به‌ ئه‌جێندای داگیركه‌ر ده‌كات. ئه‌وه‌ی به‌غدا و تاران و ئه‌نكه‌ره‌ و دیمه‌شق بۆیان ناكرێت بۆ دژایه‌تیكردنی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، كۆمه‌ڵێك "به‌ناو كورد" هه‌موو توانایه‌كیان خستووه‌ته‌ گه‌ڕ به‌ زیاده‌وه‌ بۆیان ده‌كه‌ن و ئه‌و داگیركه‌رانه‌ دڵخۆش ده‌كه‌ن.

پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، پرسێكه‌ پێوه‌ندی به‌ چاره‌نووس و ئاینده‌ی تاك به‌ تاكی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، پێوه‌ندی به‌ داهاتووی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ و دوور و نزیك ناكرێت ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك پرسی تری وه‌ك كه‌میی مووچه‌ و ئاو و كاره‌با و ترساندنی خه‌ڵك به‌ برسیبوون، ئه‌وانه‌ كێشه‌گه‌لێكن پێوه‌ندی به‌كاتێكی دیاریكراوه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌توانین بڵێین كاتییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌و كێشانه‌یش بكۆڵینه‌وه‌، ده‌بینین كه‌ هۆی سه‌ره‌كی بۆ چاره‌سه‌رنه‌كردنیان، نه‌بوونی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌، به‌ڵام پرسی سه‌ربه‌خۆیی پرسێكی چاره‌نووسسازه‌ و پێوه‌ندی به‌مێژووی و ئاینده‌ی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و دره‌فه‌ته‌ له‌باره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و ئاوات و ئامانجه‌ی گه‌لی كوردستان هیچ كات به‌م شێوه‌یه‌ی ئێسته‌مان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد نه‌بووه‌، بۆیه‌ نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نكۆڵیكردنه‌ له‌ مێژووی پڕسه‌روه‌ری و قوربانیدانی گه‌لی كوردستان و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌كی شكۆدار و خاوه‌ن كه‌رامه‌ته‌ بۆ كوردستانییان.

ئه‌و پاساوانه‌ی دژه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ده‌یهێننه‌وه‌ بۆ ڕه‌واییدان به‌ نه‌خێر، له‌ سۆنگه‌ی خه‌مخۆری و به‌رپرسیارێتییان هه‌ڵنه‌قوڵاوه‌، به‌ڵكو په‌له‌قاژێی كۆتای ئه‌و ڕه‌وته‌ پۆپۆلیسته‌یه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌و زۆنه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ له‌ دایك بوون، چونكه‌ به‌سه‌ربه‌خۆبوون و ده‌وڵه‌تبوون هێڵه‌ گشتییه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی باڵا له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بینا ده‌كرێن، ئه‌وكات هیچ پانتایییه‌ك بۆ ئه‌و هێز و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییانه‌ نامێنێت تا به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت موماره‌سه‌ی كاری سیاسی و رۆشنبیری بكه‌ن.

PM:01:00:09/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 1083 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌