هەنگاوێكی پێویست بۆ ژیانی منداڵان


منداڵ ئەو بەخششە خواییەیە بۆ هەر خێزانێك و ئایندەی دەستی كار و پێشخستنی هەر وڵاتێك بەهای گەورەی هەیە، بۆیە هەر خزمەت و گرنگیدانێك بە منداڵی وڵات، لە هەنگاوێكەوە دەست پێ بكات، كاریگەری گرنگی دەبێ لەسەر تەندروستی و داهاتووی گەشی منداڵان و نەوەكانی تر.

هەنگاوەكانی وەزارەتی تەندروستی و ناوەندە تەندروستییەكان لە چاودێریكردنی ژن لە ساتی دووگیانبوونەوە تا لەدایكبوونی كۆرپەڵە و گرنگیدان بە ژیانی تا تەواوكردنی پێنج ساڵی تەمەن، كاریگەری باشی هەبووە لەسەر ئاستی هۆشیاری و كەمبوونەوە و تەنانەت نەهێشتنی هەندێ نەخۆشی لەناو ژن و منداڵدا، ئەمە جێی پێزانین و هاوكات مایەی سەربەرزی سەرجەم ئەو كەسانەیە كە لە ناوەندەكانی تەندروستی كار دەكەن. 

سەرەڕای بوونی تێبینی و ڕەخنەی بنیاتنەر لە باشتركردنی ئەو خزمەتگوزارییانە، بەڵام دوای پشكنینی منداڵ بۆ قۆناغی نوێی ژیان لە باخچەكانی ساوایان و ناوەندەكانی خوێندنی بنەڕەتی، گۆڕانكارییەكی گەورە لە ژیانی منداڵ دروست دەبێ. ئەویش لە گۆڕینی ژینگەی خێزان و ماڵ بۆ ژینگەیەكی فراوانتر و تێكەڵی لەگەڵ ژمارەیەكی زیاتر و كۆمەڵگەیەكی فرەوانتر لە خێزان. 

لێرەوە قۆناغی پێویستە چاودێری ورد دەست پێ بكات لە دەرەوەی خێزان، لەبەرئەوەی لەلایەك منداڵە و هەستكردن و درككردنی بە هەر شتێكی نامۆ كە تێیدا ڕوو دەدات، جیاوازە. لەلایەك هەر كێشەیەكی بچووك بە ئاسانی كاریگەری لەسەر تەندروستی و ژیانی دەبێت و رەنگە بشڵەژێت یان دۆخی لەناكاوی بۆ دروست بێت، هەندێك جاریش بەهۆی یارییەكانەوە تووشی رووداو دەبێت، بەڵام كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە مامۆستا و تیمی قوتابخانە هیچ زانیارییان لەبارەی فریاگوزاری سەرەتایی نییە و قوتابخانەیش كارمەندی تەندروستی لەخۆ نەگرتووە. بۆیە پێشنیار دەكەم: 

1- وەزارەتی پەروەردە لە ڕێی وەزارەتی تەندروستییەوە بە خێرایی دەست بكات بە هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ كردنەوەی خولی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ مامۆستایان لە باخچەكانی ساوایان و ناوەندەكانی خوێندنی بنەڕەتی. 

2- لە وەرزی پشووی هاوینی ئەمساڵدا كە نزیكین لە دەستپێكردنی، هەنگاوەكان بە كرداری بكرێن و وەزارەتی تەندروستی لە ڕێی ناوەندە تەندروستییەكانی هەر شار و شارۆكە و شارەدێیەكەوە سەرپەرشتی خولەكان بكات بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لەپێناو گەیاندنی زانیاری تەندروستی بە مامۆستایانی كوردستان. 

3- سەندیكاكانی پزیشكان و مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی و ڕێكخراوە خوێندكاری و منداڵپارێزەكان هاوكار و ئاسانكاری پڕۆژەكە بن.

4- لەمەودوا یەكێك لە مەرجەكانی دامەزراندن بەهەموو جۆرەكانی هەمیشەیی و گرێبەست و وانەبێژی بۆ مامۆستایان بینینی خولی فریاگوزاری سەرەتایی بێت.

5- بەرنامەی خولەكان لە ڕێی پزیشكانی پسپۆڕ دابنرێ و لە ڕێی پزیشكانی پلەبەند بگوترێنەوە. 

6- تا تەواوكردنی خولەكان بۆ هەر ناوەندێكی خوێندن وەك هەنگاوێكی خێرا و سەرەتایی، كارمەندێك یا زیاتری تەندروستی دابنرێ بۆ چاودێری و هاوكاری مامۆستایان بە گرێبەستی كاتی یا وەك مامۆستایانی وانەبێژ بە بڕە پارەیەكی دیاریكراو بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو تا ئەنجامدانی خولەكان. دواتر ئەم كارمەندە تەندروستییانە هاوكار و سەرپەرشتیاری كارە فریاگوزارییەكانی تەندروستی بن.

7- لە ڕێی ناوەندە تەندروستییەكان پێداویستی فریاگوزاری سەرەتایی دابین بكرێ بۆ هەر باخچە و ناوەندێكی خوێندنی بنەڕەتی.

8- دوای سەركەوتنی قۆناغی یەكەم لە باخچەی ساوایان و ناوەندەكانی خوێندنی بنەڕەتی، لە قۆناغەكانی ئامادەییش بەشێوازێكی فراوانتر خولەكان ڕێك بخرێن و گرنگی بە لایەنی دەروونی و گۆڕانكارییە فسیۆلۆجییەكانی فێرخواز بدرێ بەتایبەت لەو قۆناغەدا كە قۆناغێكی ناسك و هەستیاری ژیانی فێرخوازە.