له‌گه‌ڵ چاكسازیی مووچه‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكات پێویسته‌

سۆران ئه‌حمه‌د عه‌بدولكه‌ریم

له‌ ڕۆژانی ڕابردوو پڕۆژه‌یاسایه‌كی حكوومه‌ت بۆ په‌رله‌مان، دوای گفتوگۆكردن و بڕیاردان جووڵه‌یه‌كی باشی خسته‌ شه‌قام و ناوه‌نده‌كانی چاودێری چ به‌ده‌ستخۆشی بێ یا ڕه‌خنه‌گرتن. دواجار گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دادگه‌رییه‌ له‌ ئیمتیازات بۆ خاوه‌ن ماف و به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌ری و لێسه‌ندنه‌وه‌ی له‌ خه‌ڵكی ناشایسته‌ كه‌ ساڵانێكه‌ له‌ژێر هه‌ر ناوێكدا بووبێت، بارێكی قورس بوون به‌سه‌ر بودجه‌ی كوردستانه‌وه‌.

بۆ به‌ئاكام گه‌یشتنی هه‌وڵه‌كانی چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكاتی داوده‌زگه‌ حكوومییه‌كان، پێویسته‌ حكوومه‌ت له‌ ڕێی ده‌زگه‌ی تایبه‌تمه‌ند و پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌وه‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكاتیش بخاته‌ به‌رنامه‌وه‌ و به‌پێی پلانێكی گونجاو میلاكات و هه‌یكه‌ل و ژماره‌ی ده‌زگه‌ حكوومییه‌كان ڕێك بخاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك (به‌ كه‌مترین تێچوون باشترین خزمه‌تگوزاری به‌ ئاستێكی به‌رز و پێویست و شایسته‌ به‌ هاووڵاتییان پێشكه‌ش بكه‌ن) له‌ ڕێی سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو و سه‌ركه‌وتوو له‌و بواره‌دا به‌ هاوكاری ئه‌كادیمیانی كوردستان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌، بۆ دروستكردن و پێكهێنانی چه‌ند ناوه‌ندێكی گرنگ كار بكرێ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكاتی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت و میلاكاتێكی تۆكمه‌ و كارا دابنرێ له‌ بری میلاكاتێكی قه‌باره‌ گه‌وره‌، به‌بێ بوونی ئه‌دایه‌كی باش له‌ زۆر له‌و ده‌زگه‌یانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بوونه‌ته‌ بارگرانی له‌سه‌ر حكوومه‌ت و ڕۆتین بۆ كاری هاووڵاتییان، له‌ ئه‌نجامیشدا هۆی بوونی په‌رته‌وازه‌یی له‌ ئیش و كاره‌كان و ئه‌نجامنه‌دانی خزمه‌تی پێویست و شایسته‌ن.

بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ده‌كرێ حكوومه‌تی هه‌رێم بیر له‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بكاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن و ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكات:

هه‌نگاوی یه‌كه‌م/
دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی ڕاژه‌ و  پێدانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو بۆ پلانڕێژی و دانانی سیسته‌مێكی ورد و گونجاو به‌پێی ڕێژه‌ و چڕی دانیشتووان و به‌گوێره‌ی ئه‌و داتایانه‌ ده‌زگه‌ حكوومییه‌كان دابڕێژرێته‌وه‌. به‌ تایبه‌ت ده‌زگه‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و تێكه‌ڵكردنی ئه‌و ده‌زگایانه‌ی كاره‌كانیان له‌یه‌ك نزیكه‌، وه‌ك باجه‌كان، شاره‌وانی، ئاو، كاره‌با، دادگاكان، فه‌رمانگه‌كانی دادنووس، به‌ڕێوه‌به‌راتییه‌كانی جێبه‌جێكردن، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بانكه‌كان، بانكه‌كانی خانووبه‌ره‌ و دڵنیایی سندووقی نیشته‌جێبوون، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌پێدان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كشتوكاڵ و ڤێته‌رنه‌ری و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ڕۆشنبیری و كتیبخانه‌كان و هونه‌ر و وه‌رزش، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ڕێگه‌وبان و نیشته‌جێكردن و نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی و ده‌زگه‌كانی وه‌به‌رهێنان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ژینگه‌ و خۆپاراستنی ته‌ندروستی و كه‌شناسی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان و ده‌زگه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌ پشكنین و تاقیگه‌ و پاڵاوگه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی بازرگانی و سایلۆكان و دانه‌وێڵه‌، یان ڕێكخستنه‌وه‌یه‌كی گونجاوتر به‌پێی پلانی په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ڕاژه‌.

هه‌نگاوی دووه‌م/
زیادكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێزی كار له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، به‌شێوه‌یه‌ك دوای ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكاتی ده‌زگه‌كان، فه‌رمانبه‌رانی زیاده‌ بگوازرێنه‌وه‌ سه‌ر میلاكی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ و مووچه‌ی گونجاویان پێ بدرێ به‌ سیسته‌مێكی جیاواز له‌ شوێنی كاری پێشوویان.

هه‌نگاوی سێیه‌م/
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هێزی كار به‌پێی داتاكانی به‌رده‌ستیان و پێویستی ده‌زگه‌كان و له‌ رێی دیوانی چاودێری دارایی و وه‌زاره‌تی پلاندانان و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌، خولی ڕاهێنان و پێگه‌یاندن بۆ كارمه‌ندان بكه‌نه‌وه‌ و به‌پێی پێویستی ده‌زگه‌كان خولی شیاندن و گۆڕینی ناونیشان و گواستنه‌وه‌ی ڕاژه‌ی  دووباره‌یان بۆ بكاته‌وه‌ و له‌ بری دامه‌زراندنی گرێبه‌ست ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی سه‌رچاوه‌ مرۆیییه‌كان ده‌بێ بۆ ده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت به‌پێی میلاكاتی پێویست.

هه‌نگاوی چواره‌م/
وه‌زاره‌تی پلاندانان و بازرگانی و ژووره‌كانی بازرگانی وه‌ك مه‌رجی ڕێگه‌پێدانی كۆمپانیاكان، دابینكه‌ری هێزی كاری كۆمپانیاكان بن له‌ ڕێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێزی كار دابین بكه‌ن و له‌ كاتی به‌رده‌ست نه‌بوونیدا بتوانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێزی كار، ده‌ستی كار بدۆزنه‌وه‌. له‌ به‌رانبه‌ردا حكوومه‌ت وه‌ك هاندان هاوكاری كۆمپانیاكان بكات به‌ پێدانی ڕێژه‌یه‌ك له‌ مووچه‌ی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌ ڕێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێزی كاره‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ كۆمپانیاكان.
هه‌نگاوی پێنجه‌م/
دیاریكردنی ماوه‌یه‌كی گونجاو له‌ سێ ساڵ كه‌متر نه‌بێ بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی ده‌گوازرێنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هێزی كار. ئه‌گه‌ر سوود له‌ ڕاژه‌یان وه‌رنه‌گیرا له‌ كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت، له‌ ڕێی پێدانی پێشینه‌یه‌ك بۆ ده‌ستكردن به‌ پڕۆژه‌یه‌كی خۆبژێوی یا خانه‌نشینكردنیان یا پێدانی بیمه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و دوورخستنه‌وه‌یان له‌سه‌ر میلاكی گشتی بۆ هه‌میشه‌، ئه‌ویش به‌پێی شیاوی ته‌مه‌ن و چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیه‌ك.

هه‌نگاوی شه‌شه‌م/
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێزی كار داتای هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ وه‌ك خۆبه‌خش له‌ ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی و هه‌ندێ ده‌زگه‌ی تر كار ده‌كه‌ن و ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان كه‌ خوازیاری كارن، كۆ بكاته‌وه‌ و له‌كاتی بوونی میلاكی پێویست له‌ ده‌زگه‌ حكوومییه‌كان یاخۆ پێویستی كۆمپانیا و ده‌زگه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت به‌هێزی كاری خاوه‌ن بڕوانامه‌ و تایبه‌تمه‌ند و ڕاهێنراو به‌پێی خاڵبه‌ندی و شوێنی جیۆگرافی، هه‌لی كار بڕه‌خسێنێ بۆ ده‌رچووان، به‌وه‌یش ساڵانه‌ هه‌زاران هه‌لی كار بۆ ده‌رچووان ده‌ڕه‌خسێنرێ له‌ڕێی تازه‌كردنه‌وه‌ و تۆماركردنی كارگه‌ و كۆگه‌ و كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت چه‌ندان پارێزه‌ر و ئه‌ندازیار و ژمێریار و هتد كه‌ پێویستی سه‌ره‌كی كۆمپانیاكان، له‌ ڕووی مرۆیییه‌وه‌ پێك دێنن و كارێكی یاسایییه‌، ئه‌ویش له‌ ڕێی بڕگه‌یه‌كی مه‌رجی پێدانی مۆڵه‌تی كه‌رتی تایبه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێسته‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆری كۆمپانیاكان ته‌نیا پشتگیری وه‌رده‌گرن له‌ پارێزه‌ران و ئه‌ندازیار و ژمێریاران به‌رانبه‌ر گرێبه‌ستێك بۆ ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌كانیان به‌رانبه‌ر بڕێك پاره‌ی كه‌م، دواتر كاریان پێ ناده‌ن. یاخۆ سوود له‌ فه‌رمانبه‌رانی دامه‌زراو وه‌رده‌گرن، به‌مه‌ش ڕێژه‌ی بێكاری زیاتر ده‌كه‌ن و ڕێ له‌ بوار ڕه‌خساندن بۆ ده‌رچووانی زانكۆ ده‌گیرێ.