ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە بەڕێوەبەری شارەدێی وارماوا لە شارۆكەی شارەزوور، بەهۆی داگیركاری و رێگەدان بە كاری داگیركاری لەلایەن بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەكە، دەستی لەكار كێشاوەتەوە و تا ئێستە ئەو پۆستە پڕ نەكراوەتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ دەنگدان كۆ نابێتەوە
لە تشرینی دووەمی 2019، كامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری شارەدێی وارماوا، بەهۆی بوونی زیادەڕۆیی و داگیركارییەكی زۆر لە ناوچەكە و بەدەمەوە نەهاتنی هێزە تەناهییەكان بۆ رێگریكردن لە داگیركاریی زەوییەكانی حكوومەت و رێگەخۆشكردن لەلایەن بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەكە بۆ داگیركاری، دەستی لەكار كێشایەوە.
خێزانێكی دەستڕۆیشتووی ناوچەكە، بە پاڵپشتی حزبی دەسەڵات و ئاسایشی ناوچەكە، زیاتر لە 10 دۆنم زەویان بۆ كاری ئاژەڵداری و مەیدانی ئاژەڵ داگیر كردبوو و هیچ لایەنێكیش خۆی لە داگیركاری ئەو زەوییە نەدەگەیاند هەر لە پارێزگار تا بەرپرسانی شارۆكەی شارەزوور، هێزە تەناهییەكانی ناوچەكەیش هاوكار نەبوون و رێگە خۆشكەربوون بۆ ئەو كارە.
كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، داگیركارییەكی زۆر لە سنووری شارەدێی وارماوا هەبوو، خێزانێكی دەسەڵاتدار زەوییەكی زۆریان داگیر كردبوو، گرفتیان دروست كردبوو، ئێستە چەند مانگێك دەبێت ئەو شارەدێیە بەڕێوەبەری نییە.
زیاتر گوتی، بەهۆی ئەو دۆخەوە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەی نەكردووە بۆ دانانی كەسێك بۆ ئەو پۆستە، ئێستە كەسێك دیاری كراوە، بەڵام پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆ ببێتەوە و دەنگ لەسەر ئەو كەسە بدات بۆ ئەو پۆستە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی