كۆمەڵە بڕیارێكی نوێ‌ دەردەچێت

:: AM:09:03:28/11/2020 ‌
بڕیارە ئەم هەفتەیە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆبوونەوەی ئەنجام بدات و كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ دەربكات و پرسی دەستپێكردنەوەی خوێندن و كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان یان دواخستنی یەكلا دەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تشرینی دووەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، لە 48 سەعاتی داهاتوودا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبوونەوەی ئەنجام دەدات و پرسی مانەوەی قوتابخانەكان بە داخراوی یان كردنەوەیان یەكلا دەبێتەوە.

ڕاپۆرتێكمان لەسەر ڕەوشی گشتی تەندروستی ئامادە كردووە و لەو كۆبوونەوەیە دەخرێتەڕوو
پێشتر ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، ڕاپۆرتێكمان لەسەر ڕەوشی گشتی تەندروستی ئامادە كردووە و لەو كۆبوونەوەیە دەخرێتەڕوو.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، داخستنی قوتابخانەكان تا ئاستێك ڕۆڵی هەبووە لە كەمبوونەوەی تووشبوون بە كۆرۆنا، لەگەڵ ئەو ڕێگرییە توندانەی ئەنجام دراوە، تووشبوون كەم بووەتەوە.

باسی لەوەش كرد، ئێستە ڕێژەی مردن لە هەرێمی كوردستان بەرزە، بۆیە دەبێت زیاتر پابەند بین بە ڕێنوێنییەكان تا ڕێژەی مردنیش بەو ڤایرۆسە كەم ببێتەوە و چیتر ئازیزانمان لە دەست نەدەین.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لەو كۆبوونەوەیەدا دووپات لە پابەندبوون و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پێشوو دەكرێـتەوە كە ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە كەمبوونەوەی تووشبووان.



وشە - رامیار جەواد