دەست بە دابەشكردنی وەجبەی سێیەمی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت

:: AM:10:30:28/11/2020 ‌
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، لەم هەفتەیە بڕێكی تری پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەكرێت، کە وەجبەی سێیەمی پارەکەیە و بەمەوە دەبێتە 34 ملیار زیاتر.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تشرینی دووەم، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بەوەكالەت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕی سێ‌ ملیار دیناری تری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی، ئەو پارەیەی لە عێراقەوە هاتووە بۆ پارەی گەنمی ساڵی 2020ی جووتیاران  و بۆ هەر شارێك بڕی یەك ملیار دینارە كە بڕەكەی زۆر كەمە.

باسی لەوەش كرد، بڕە پارەیەكی زۆری جووتیاران ئێستە لە عێراق ماوە و چاوەڕوانین دەست بكرێت بە خەرجكردنی تا جووتیاران شایستەكانی خۆیان وەربگرن كە بەرهەمی ماندووبوونی خۆیانە.

ڕوونی كردەوە، ئەگەر هیچ پێشهاتێكی نوێ‌ ڕوو نەدات، ئەم هەفتەیە دەست بە خەرجكردنی ئەو پارەیە دەكرێت.

نەوزاد شێخ كامل بەرێوبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە”ی ڕاگەیاند،  حكوومەتی عێراق لەو پارەیەی قەرزی كردووە بەشێكی بۆ پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان داناوە و پشكی هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیار و400 ملیۆن دینارە بۆ هەرسێ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و چاوەرێ دەكەین چەكی پارەكە بگات بۆ ئەوەی دەست بەدابەشكردنی بكرێت.

نەوزاد شێخ كامیل گوتیشی، ئەوەی دێت وەجبەی سێیەمە، چونكە لەماوەی ڕابردوو دوو وەجبە هاتووە بەمەی كە دێت دەبێتە 34 ملیار زیاتر.

ساڵانە جووتیارانی هەرێمی كوردستان گەنم ڕادەستی عێراق دەكەن و بڕێكی زۆری پارەی ئەو گەنمە تا ئێستە لەلایەن عێراقەوە بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان خەرج نەكراوە.

بڵند ئیبراهیم



وشە - رامیار جەواد