27%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانە

:: PM:02:12:28/11/2020 ‌
ئێران گیانێكی خوای لە عێراق و هەرێمی كوردستانە و بەشێكی بەرچاو لەو شتانەی بەرهەمی دەهێنێت لەم بازاڕە ساغی دەكاتەوە. لە حەوت مانگی رابردوودا ئێران بە قەبارەی پێنج ملیار دۆلار هەناردەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان هەبووە و ئەمەش 27%ی كۆی قەبارەی هەناردەی پێك دەهێنێت.

لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا 17 ملیۆن و 600 هەزار تۆن كاڵا و شتومەك لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان نێراوە
فەرزاد پیلتەن بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقای فەرمانگەی پەرەپێدانی بازرگانی و هەناردەی ئێران ئاماژەی دا، لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا 17 ملیۆن و 600 هەزار تۆن كاڵا و شتومەك لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان نێراوە و بەمەش عێراق و هەرێمی كوردستان لە پشكی هەناردەی ئێران پێشی چین كەوتووەتەوە.

قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ چین چوار ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە، پشكی 24%ی هەناردەی ئێرانی بەركەوتووە و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیش بە دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی سێیەمدا دێت كە 12%ی كۆی هەناردەی ئێرانی پێ بڕاوە.

توركیا بە بەهای ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار هاوردەی لە ئێرانەوە هەبووە و 8.2%ی كۆی پشكی هەناردەی ئێرانی بەركەوتووە. ئەفغانستان بە ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار و پشكی 7.3% لە ریزبەندی پێنجەم وڵات دێت كە ئێران زۆرترین هەناردەی بۆی هەبووە.

هەناردەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لەو ماوەیەدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیادی كردووە
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت كە هەناردەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لەو ماوەیەدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیادی كردووە و لە رووی كێش و قورسایی 26% زیادی كردووە.

ئەم گەشەیەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە كە ئەمساڵ بەهۆی رێوشوێنەكانی كەرەنتین و توندوتۆڵكردنی دەروازە بازرگانییەكان، رەوتی خێرایی جووڵەی بارهەڵگرەكان دابەزیبوو و ئەگەر نەخۆشی كۆرۆنا لە ئارادا نەبوایە، پێ دەچوو هەناردەكە زۆر زیاتر ببێت.

بەڕێوەبەرە گشتییەكەی ئێران گوتوویەتی جگە لەو گاز و كارەبایەی بە عێراقیان فرۆشتووە، شیش و كەرەستەی بیناسازی، كاشی و سرامیك، موبەڕیدە و پارچەكانی تۆرباینی هەڵمی، تەماتە، شووتی و پەنیر و خۆراك لە گرنگترین ئەو كاڵایانە بوون كە هەناردەی عێراق كراون.

بەگوێرەی ئیرنا عێراق ساڵانە 90 ملیار دۆلار هەناردە و 32 ملیار دۆلار هاوردەی لە وڵاتانی دنیا هەیە. گرنگترین بەرهەمی هەناردەی عێراق بریتییە لە نەوت و بەرهەمی پێترۆكیمیایی و هەندیك جۆری خۆراك و گرنگترین ئەو كاڵایانەش لە دەرەوە هاوردەی دەكات بریتین لە گەنم، برنج، رۆن، شەكر، دەرمان، پێداویستی پیشەسازی و كانزایی، ئۆتۆمبێل، پێداویستی و پارچەی وێستگەكانی كارەبا و گەیاندن.

قەبارەی بازرگانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دنیا 38 ملیار و 278 ملیۆن دۆلار بووە.
لە حەوت مانگی رابردوودا ئێران 85 ملیۆن تۆن شتومەكی هەناردە كردووە و قەبارەی بازرگانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دنیا  38 ملیار و 278 ملیۆن دۆلار بووە.

پشكی هەناردەی ئێران لە كۆی بازرگانی بیانی 65 ملیۆن و 573 هەزار تۆن بە بەهای 18 ملیار و 238 ملیۆن دۆلار بووە، پشكی هاوردەش 19 ملیۆن و 332 هەزار تۆن بە بەهای 20 ملیار و 40 ملیۆن دۆلار بووە، لە كۆی ئەو بڕەی هاوردەش 13 هەزار و 800 تۆن تایبەت بووە بە پێداویستییە سەرەكییەكان و ئەوەی تر پێداویستی لاوەكی بووە.

كورتهێنانەكە خوارووی دوو ملیار دۆلارە.
ئامارەكانی ئێران پێشانی دەدات هێشتا ئەو وڵاتە لە بواری بازرگانی دەرەكی كورتهێنانی هەیە و كورتهێنانەكەش خوارووی دوو ملیار دۆلارە.

گرنگترین هۆكاری دابەزینی بەهای هەناردەی ئێران بۆ زۆرێك لە وڵاتان بۆ ئەو سزایانە دەگەڕێتەوە كە ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون. 

لە ساڵی 2018ەوە كە ترەمپ لە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە، بەڵێنی دا هەناردەی نەوتی ئێران بە سفر بگەیەنێت و رێ نەدات ئێران بە ئاسانی لە وڵاتان پارەی دەست بكەوێت، ئەوەش بەو ئامانجەی رێگری لەوە بكات بە پارەكەی پەرە بە بەرنامەی ناوكی و پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیكی بدات.

ئەمەریكاش لە پرسی پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان ئەم لایەنانە كەمتر دەستوەردانی كردووە
بە گشتی ئەوەی لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەر وڵاتێكی تر فریای ئێران كەوتووە و بووەتە هۆی ئەوەی بەشێك لە دراوی بیانی بۆ دابین بكات عێراق و هەرێمی كوردستان بووە، ئەمەریكاش لە پرسی پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان ئەم لایەنانە كەمتر دەستوەردانی كردووە و تەنانەت مۆڵەتی بە عێراق داوە پێداویستی گاز و كارەبا لە ئێران بكڕێت.

زۆرینەی رەهای ئەو كەلوپەل و شتومەكانەی ئێران هەناردەی عێراقیان دەكات لە دەروازەكانی هەریمی كوردستانەوەن و هەرسێ دەروازەی حاجی ئۆمەران، پەروێزخان و باشماخ لە گرنگترینیان هەژمار دەكرێن.


وشە - سلێمان تاشان