عێراق.. دوای گۆڕەپانی تەحریر هەوڵی چۆڵكردنی گۆڕەپانەكانی تر دەدرێت

:: PM:09:23:28/11/2020 ‌

دوێنێ رۆژێكی تری پڕ لە ململانێ و ئاڵۆزی لە عێراق تێپەڕ بوو، كاتێك شاری ناسڕییە بووە گۆڕەپانی بەریەككەوتنی خۆپێشاندەرانی تشرین و لایەنگرانی موقتەدا سەدر، ئەو خۆپێشاندەرانەی سەدر بە ركابەری خۆی لەناو شەقامی شیعەیان دادەنێ و بە لادەر و تێكدەر و تیرۆریست ناویان دەبات، چونكە ئامادە نین بە رابەری خۆیانی بزانن، دوێنێ لە ناسرییە چوار خۆپێشاندەر كوژران و ئەمڕۆیش لە كوت سێی تر، دەیانیشیان بریندار بوون.
خۆپێشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی كازمی دەكەن
دوێنێ دەیان هەزار لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغدا و لە ناسڕییە لە نمایشێكی هێز و وەك هەڵمەتێكی خۆپێشاندانەكان و پێشاندانی بەهێزیی بنكەی جەماوەری و كۆنترۆڵكردنی شەقام بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، كە بڕیارە لە شەشی حوزەیرانی 2021 بێتە سازكردن، لە بەغدا و ناسڕییە، گردبوونەوەیان ساز كرد.

لایەنگرانی سەدر پەیامیان گەیاندە سێ لایەن، یەكەم خۆپێشاندەران بەوەی شەقام هی سەدرە و ئەوەی بیانەوێ دەیكەن، دووەم بۆ هێزە سیاسی و میلیشیاكانی شیعە بەوەی هەروەك خۆمانین و شەقام بەدەست ئێمەوەیە و داهاتوویش بۆ ئێمە دەبێت، سێیەم بۆ حكوومەت كە دەتوانین بە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بچینە ناو پەرلەمان و تەلاری حكوومەت، بۆیە دەبێ یارییەكە بە ویستی ئەوان بەڕێوە بچێت. 

ئەوەی دوێنێ رووی دا بە بەشێك لە كێبەركێی ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتوو دادنەرێت، كاتێك لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانی حەبووبی لە ناسڕییە هەڵیان كوتایە سەر خێوەتی مانگرتووانی تشرین و ژمارەیەك خێوەتی ئەوانیان سووتاند، بەوهۆیەوە بەریەككەوتن دروست بوو و بووە هۆی كوژرانی چوار خۆپێشاندەر و برینداربوونی 90یتر، كاتێك لایەنگرانی سەدر بە دەمانچە و چەكی ترەوە هێرشیان كردە سەر خۆپێشاندەران.

شاری ناسڕییە لە پارێزگای زیقاڕ بە بارەگەی سەرەكیی ناڕەزایەتییەكانی تشرین لەدوای گۆڕەپانی تەحریری بەغدا دادەنرێت، ئەوان پێشتر بارەگای هەموو حزبەكانیان سووتاند و دەیان كوژراو و برینداریان لە ناڕەزایەتییەكان بەخشیوە. 

دوێنێ هەینی هەزاران لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغدا و لە ناسڕییە چوونە ناو گۆڕەپانەكانی مانگرتنی خۆپێشاندەرانی تشرین و بەوهۆیەوە بەریەككەوتن رووی دا، لە ناسڕییە چوار كەس كوژران و 90ی تریش بریندار بوون، سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای واست دووپاتی كردەوە ئەمڕۆ سێ خۆپێشاندەر لە شاری كوت كوژراون.

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، ژمارەی كوژراوانی خۆپێشاندانەكان بەهۆی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەكانی دژ بە پشێوی لە شاری كوت بۆ سێ خۆپێشاندەر بەرز بووەتەوە، یەكێكیان خۆی سووتاندووە و دووەم ئۆتۆمبێلێكی هێزە تەناهییەكان بەسەری كەوتووە و سێیەمیان بۆمبێكی فرمێسكڕێژی پیادا تەقیوەتەوە.

روونی كردەوە، هێزە تەناهییەكان قەدەغەی هاتوچۆیان لە پارێزگاكە تا كاتێكی نادیار راگەیاندووە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و نەهێشتنی رووبەڕووبوونەوەكە، لەوكاتەی بەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی نەهێشتنی پشێوی هەڵیان كوتایە سەر گۆڕەپانی مانگرتنی شاری كوت و دەستیان بە لابردنی خێوەتی مانگرتووان كرد، ئەوەیش وای كرد رووبەڕووبوونەوە دروست ببێت.

رووداوەكەی كوت دوای رۆژێك لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان لایەنگرانی سەدر و خۆپێشاندەرانی تشرین لە گۆڕەپانی حبووبی لە شاری ناسڕییە دێت، كە كوژراو برینداری لێ كەوتەوە، لەوكاتەی ئەمڕۆ شەموو مانگرتووانی ناسڕییە داوای دەستلەكاركێشانەوەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كرد بەهۆی شكستهێنانی لە پاراستنی گیانی خۆپێشاندەران، ئەوەیش دوای رووداوەكەی دوێنێی گۆڕەپانی حبووبی.

بەپێی بەیاننامەیەكی خۆپێشاندەرانی ئەو گۆڕەپانە، دوێنێ میلیشاكانی سەر بە رەوتی سەدر هەڵیان كوتایە سەر گۆڕەپانەكە، ئەوان لە رێگەی چەند بەیاننامەیەك دانیان بە تاوانەكانیان داناوە و چەكی جۆراوجۆریان هەڵگرتبوو و هەموو خێوەتەكانی گۆڕەپانی حبووبیان سووتاند و تێكدا، هەروەها بە چەكەوە كۆنترۆڵی سەنتەری ئەو پارێزگایەیان كرد و شاری ناسڕییەیان گرت، ئەوە لەبەرچاوی هێزە تەناهییەكان و حكوومەتی بەغدا و پارێزگاكە، كە تەنیا سەیریان دەكرد. 

خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی حبووبی داوای دەستلەكاركێشانەوەی كازمیان كرد، ئەوەیش بەهۆی شەو شكستە گەورەی لە پاراستنی شكۆی دەوڵەت و پاراستنی گیانی گەل و پاراستنی مافی خۆپێشاندەران و دەربڕینی رای خۆیان، هەروەها داوایان لە مەرجەعیەتی باڵا كرد بێتە ناو بابەتەكە بۆ پاراستنی گیانی گەنجان و و سزادانی میلیشیاكان لە رێگەی تاوانباركردنیان لە رووی شەرعییەوە، و گوشارخستنە سەر حكوومەت و نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو تەنگژە.

ناڕازیانی ناسڕییە وریاییان لە بەردەوامبوونی ئەو كوشتارگانە دا كە دژ بە خۆپێشاندەران ساز دەكرێ ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان نەیەتە ناو بابەتەكەوە، بۆیە مردن و وێرانكاری چاوەڕوانی خۆپێشاندەران دەكات لە سایەی بوونی چەكی بەڕەڵاوە. 

دوای ئەوەی دوێنێ زۆرینەی خێوەتەكانیان سووتێنرا، بەیانی ئەمڕۆ شەموو مانگرتووانی ناسڕییە هاتنەوە گۆڕەپانی حبووبی و خێوەتیان چەقاندەوە، كەچی بەیانی ئەمڕۆ هێزە تەناهییەكانی عێراق لە شاری كوت هەڵیان كوتایە سەر گۆڕەپانی مانگرتن و خێوەتەكانیان تێكدا، ئەوەیش دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو گۆڕەپانی تەحریریان لە خۆپێشاندەران چۆڵ كرد و ژیان لەوێ ئاسایی بووەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل