لیژنەكەی پەرلەمانی عێراق تا چەند هەولێر و بەغدا لە یەكتر نزیك دەكاتەوە؟

:: PM:10:35:28/11/2020 ‌

لە ماوەی رابردوو تەنگژەیەكی سەختی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتەوە، وای كرد مووچە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دوابكەوێت، لەوناوەدا پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی بۆ لێكنزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا پێكهێنا، پەرلەمانتارێكی كورد ئاماژە بۆ كاریگەریی ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق و هۆكارەكانی پێكهێنانی لیژنەكە دەكات.
مووچەی فەرانبەران شتێكە كە بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێ
سەلیم شوشكەیی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، وەك زۆرینەی فراكسیۆنەكان تێبینیمان لەسەر ئەو لیژنە هەیە كە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقەوە هاتووەتە دامەزراندن، لەوانە ئەندامی كوردی تیادا نییە، هەروەها پێكهێنانی نەخراوەتە دەنگدان و تەنیا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دروستی كردووە.

زیاتر گوتی، جیا لەوە پەرلەمان لایەنێكی یاسادانان و كاری چاودێرییە و لایەنێكی جێبەجێكار نییە تا بچێتە ناو گفتوگۆكانەوە، بەڵام ئەو لیژنەیە دەتوانێ شتێك بكات لەناو پەرلەمان لەگەڵ لایەنەكانی تر و لایەنی كوردیش دابنیشێت تا بۆ 2021 بۆچوونەكان لێكنزیك بكاتەوە بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن پشكی كورد بپارێزین و دەنگ لەسەر بودجەی 2021 بدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە دووپاتی كردەوە، بۆیە ئەگەر دادوەرانە لەگەڵ لایەنەكان كار بكەن و ئەو تەنگژەی دروست بووە، كە بەشێك لە لایەنەكان بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە، بتوانن لێكیان نزیك بكەنەوە، دەتوانن ئەو پێشنیازانەی هەیە رادەستی هەردوو حكوومەتی هەرێم بە عێراقی بكەن، بۆ ئەوەی لە یاسای بودجە بەو شێوازانە بودجەكە بۆ پەرلەمان رەوانە بكەن و بتوانین لەسەری رێكبەكەوین.

سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لە گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی پێوەست بە بودجە و دۆسیەی نەوت، ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی كرد، پێم وایە هەركێشەیەكی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستانی هەبێت، هەموو رەهەندەكانی هەیە، واتە رەهەندی سیاسی و یاسایی هەیە، ئێمە چەندان كێشەمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵدا هەیە، بەشێكیان سیاسین و بەشێكیان یاسایین و بەشێكیان دەستووری، ئەوانە هەموویان وەك كێشە هەن.

روونی كردەوە، بۆیە هەر شتێك بەرانبەر بە هەرێم دەكرێت، چەند رەهەندێكی یاسایی هەیە، ئەوەندەیش بە نەفەسێكی تر و بابەتێكی سیاسیشە، پێویستە بۆ چارەسەركردنیان وەك كورد هەوڵە سیاسی و یاساییەكانیش بەكاربێنین.

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی كاریگەریی هەڵبژاردنی عێراق بۆ سەر گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا گوتی، هەموو جۆرە لێدوانی پەرلەمانتارێك لەناو پەرلەمان و هەموو جۆرە بڕیارێك بۆ شەقام، وەك چۆن بەشێكی بابەتێكی یاساییە، ئەوەندەیش بۆ راكێشانی دەنگە، زۆرجار هەیە ئەوانەی هەندێك بابەت دەرووژێنن، مەبەستیان ئەوەیە دەنگیش بەدەست بێنن، ‌وئەوەیش رەنگە مافی خۆی بێت بۆ ئەوەی بزانن نوێنەری خەڵكە و كار دەكات.

"دەبینین كە پەرلەمانی عێراق یان حكوومەتی مستەفا كازمی بابەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی لەبەرچاو نەگرتووە، چونكە مووچەی فەرانبەران شتێكە كە بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێ و پێویستە ئەو مووچەیە بدرێت، چونكە هاووڵاتی هیچ دەسەڵاتێكی نییە تا بكرێتە بەشێك لە ململانێی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێمەیش هەر ئەو داوایانەمان هەیە، دەتوانرێ هەر ململانێیەكی دروست بكرێ، چۆن دەكرێ ئەوان ئازادن، بەڵام ئازاد نین لەوەی كە فەرمانبەرانی هەرێم بكەنە قوربانی ململانێ سیاسییەكان"، سەلیم شوشكەیی وای گوت.    
 
هەفتەی رابردوو محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رێنوێنی دا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەیش بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا.

بەپێی ئەو رێنوێنییەی لە حەلبووسی دەرچووە، ئەركی لیژنەكە ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا و هەولێر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانیان، بەپێی یاسا و دەستوور و دابەشكردنی داهات بەشێوەیەكی دادوەرانە و رێكخستنی ئەو بابەتە بە دەقی یاسایی و جێگیركردنی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق.

لای خۆیەوە دیار بەرواری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە پێكهێنانی ئەو لیژنەیە كرد و گوتی، پاڵپشتی لە چارەسەركردنی هەر كێشە و ناكۆكییەكی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم دەكەین، بەپێی یاسا و دەستوور.

روونی كردەوە، دەستوەردانی هەر لایەن و كەسێك بۆ ئەو مەبەستە پێشوازی لێكراوە، بۆیە پاڵپشتی لە كاری لیژنەكە دەكەین، بەتایبەتی بۆ گەیشتن بە میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پێوەست بە نەوت و دارایی بەپێی دەستوور لە بودجەی 2021. 

بەرواری روونی كردەوە، كێشەی نێوان بەغدا و هەولێر لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم نییە، بەڵكو چەند لایەنێكی سیاسی گوشار دەخەنە سەر حكوومەتی عێراق و دەیانەوێ ئەو دۆسیە وەك هەڵمەتێكی هەڵبژاردن و بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەكار بێنن.

شایەنی باسە ئەندامانی لیژنەكە بریتین لە پەرلەمانتاران، محەمەد شەیاع سوودانی و عەدنان زورفی و محەمەد ساحب دەراجی و موزاحم تەمیمی و عەبوود عیساوی و هیشام سوهێل و حەسەن شوێرد و فەیسەڵ عیساوی و هیچ ئەندامێكی كوردیان تیادا نییە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل