دوای ئەوەی بەبێ مكیاج هاوسەرەكەی بینی لێی جیا بووەوە

:: AM:11:19:20/10/2016 ‌

پیاوێكی تەمەن 30 ساڵی دانیشتووی وڵاتی ئیماڕات، بڕیاری دا لە هاوسەرە تەمەنی 24 ساڵەكەی جیا ببێتەوە، تاكە هۆكاری جیابووەنەوەكەش بینینی ژنەكە بوو لەلایەن پیاوەكەوە بەبێ مكیاج.

رۆژنامەی میترۆی بەریتانیایی لە میدیا ئیماڕاتییەكانەوە گواستوویەتییەوە، هەردوو هاوسەرەكە بەیەكەوە چوونەتە مەلەوانگە و ژنەكە بەهۆی مەلەكردنەوە، لەناو ئاوەكە، مكیاج و برژانگە دەستكردەكانی لێ بوونەتەوە، ئەمەش وای كردووە رووخساری ئاسایی خۆی بەبێ جوانكاری دەربكەوێت، بۆیە پیاوەكە بڕیاری داوە لێی جیا ببێتەوە، چونكە وای هەست كردووە كە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە فێڵی لێ كراوە و بە جوانیی دەستكرد هەڵخەڵەتێنراوە.

عەبدولعەزیز ئەلعەساف، پزیشكی دەروونییە و دوای رووداوەكە لەلایەن ژنەكەوە داوای هاوكاریی لێ كراوە، رای دەگەیەنێت كە هەوڵی داوە لەبارەی رووداوەكە لەگەڵ ئەو پیاوە گفتوگۆ بكات، بەڵام پیاوەكە ئەوەی رەت كردووەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك رازی ببێت بە چارەسەركردنی كێشەكە و گەڕانەوەیان بۆ ناو پێوەندییە هاوسەرییەكەیان.

جێی ئاماژەیە ئەو ژن و پیاوە ماوەی هاوسەرگیرییەكەیان تەنیا شەش مانگی خایاندووە.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی