حەوت هەزار چەكداری داعش لە عێراقدا ماون

:: AM:09:01:29/07/2017 ‌

بەرپرسێكی باڵای هەواڵگریی عێراق ئاشكرای كرد، تا ئێستەش نزیكەی حەوت هەزار چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراقدا ماون، سەرەڕای ئەوەی شاری مووسڵ بە تەواوی لە دەست تیرۆریستان پاك كراوەتەوە.

ئەو بەرپرسە بە ئاژانسی "ئەسیۆشەیتد پرێس"ی ڕاگەیاند، بڕی زیاتر لە چوار تا سێ هەزار چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستی كە لە عێراقەوە پێوەندییان بە داعش كردووە بوونیان هەیە، بەوانەیشی كە لە سووریاوە هاتنە ناو خاكی عێراق، ژمارەی چەكدارانی داعش ئێستە لە عێراق حەوت هەزار چەكدارە كە لە ناوچە جیاجیاكان بوونیان هەیە.

ڕۆژی 10ی تەمووز/یۆلیۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی شاری مووسڵی لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هێزەكان ماوەی حەوت مانگە چوونەتە نێو مووسڵ و بەردەوام بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

ئەو بەرپرسەی هەواڵگری عێراق ئاماژەی دا، كە تا ئێستە ئەبوبەكر بەغدادی لە ژیان ماوە و ئێستەش كاری ئەوەیە ئەو چەكدارانەی داعش لەناو ببات كە پلان بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو دادەنێن، بۆ ئەوەی هیچ كات نەبنە كێشە و فرسەت وەرنەگرن بۆ ئەوەی هێزی خۆیان بەسەر ڕێكخراوەكە بسەپێنن.

لە سەرەتای شەڕی ڕێكخراوی تیرۆریستانی داعش، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ژمارەی چەكدارانی داعش لە عێراق 31 هەزار چەكدار دەبێت.

سەرچاوە/العرب تودەی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د