فەتاح ئەمیری: لە رۆمانەکانی پێشوومدا نووسەرێکی گوندیم

وشە/هەولێر-هیدایەت جان

فەتاح ئەمیری، نووسەر و رۆماننووسی کورد، لەو چاوپێکەوتنەدا بۆ "وشە" باس لە دۆخی ئێستای رۆمانی کوردی و گرفتەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە رووبەڕووی نووسەر دەبێتەوە و دەڵێ: "لە رۆژهەڵاتی کوردستان چاپکردنی کتێبێک موسیبەتە، هەتا تەواو دەبی و لێی دێیە دەر و دەکەویە بەر رەخنە و ئیرادی ئەو هەموو روناکبیرە کە هەریەکەو ئاوازێک دەژەنن و هەریەکەو ئیرادێکی لێ دەگرن، دواییش بەو چه‌رمه‌سه‌رییه‌ چاپ بکرێت". هاوکات تیشک دەخاتە سەر ئەو سانسۆر و ئاستەنگانەی لەبەردەم نووسەری کورد هەیە لە رۆژهەڵات بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چاپی بەرهەمەکەی و پێی وایە "هەرێمی کوردستان نەک ئاوڕی لە نووسەری جدی پارچەکانی تر نەداوەتەوە بگرە هاوکاری قەڵەمە جدییەکانی باشووریشی نەکردووە". 

*لە هەردوو رۆمانی "هەوارەبەرە و میرزا"دا زمان دەوری سەرەکی دەبینێ، ئەو زمانەی بەکارت هێناوە زمانی گوندە، بۆچی ئەو شێوازە زمانەت کردووە بە تەکنیکی نووسین، ئایا تەنیا هۆکار ئەوە بووە کە کەمتر بەو ستایلە کار کراوە؟.
- ئێمە دوو جۆرە ستایلمان لە رۆماندا هەیە، یەکیان رۆمانی گوندییە کە من لەو دوو رۆمانەدا نووسەرێکی گوندیم، هەر بەو زمانەم نووسیوە کە لە دێهاتەکاندا قسەی پێ دەکەن. ئەگەرچی خۆم زۆر کەم لە گوند ژیاوم، بەڵام پێم وابوو ئەو شێوازە پێویستە. ئەو وشە و دەستەواژانەی لەناو هەوارەبەرە و میرزادا هەیە، لە ئەدەبیاتی ئەوڕۆی شارستانیدا نییە، پێم خۆشبوو ئەوانە بمێننەوە و هەر لەبەرئەوەش هاتمە سەر ئەو رێبازە. دواتر هەندێک کە هەڵیان دەسووڕاند و لێکیان دەداوە لایان وابوو رەنگە ئەو نووسەرە زمانی شار نەزانێ. هەر ئەوە وایکرد بیر لەوە بکەمەوە رۆمانێک بە زمانی شار بنووسم، نووسین بە زمانی شار بۆمن زۆر خۆشتر و ئاسودەترە، دەستم کرد بە نووسینی رۆمانی "زیندەخەو" کە لەرووی زمان و داڕشتنەوە جیاوازییەکی یەکجار زۆری هەیە لە رۆمانەکانی ترم.
هاوارەبەرە کاری ٣٠ ساڵ لەوەو پێشی منە، ئەوکات تەنانەت لەودیویش "باشووری کوردستان" ژمارەی رۆمان یەکجار زۆر کەم بوو، لە رۆژهەڵاتیش رۆمان هەر نەبوو. یەکەم کەس کە دەستی بۆ رۆمان نووسین برد من بووم، منیش لە فەرهەنگی گوندیڕا دەستم پێکرد. ئەو شێوازە بۆ ئەو سەردەمە گونجاو بوو, بەڵام، رۆژ بەڕۆژ و بەپێی سەردەم شێواز و خواستەکان دەگۆڕێن. ئەو زمانەی من کارم پێکردووە کوردییەکی رەسەنە, بەڵام زمانێکی گوندییە.

*بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئاماژەتان پێدا پێشتر رۆمانی کوردی زۆر کەم بووە، دۆخی رۆمانی کوردی لە ئێستادا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟.
لەچاو پێشووتر ئێستا دۆخی رۆمان زۆر باشتر بووە، بەڵام ئایا بۆ دنیای ئەوڕۆ ئێمە دەتوانین وەڵامدەر بین و بڵێین ئێمە سەرێکین لەنێو سەران. ئەگەرچی ئێستا رۆماننمان لەچاو ساڵانی پێشوو زۆرترە, بەڵام دیسانیش رۆمانمان زۆر نییە و لەناو ئەوانەشدا هەندێکیان زۆر بێ ناوەڕۆکن و ئەوەش ناتوانێ وەڵامدەر بێت بۆ دنیای ئەوڕۆ. ئەگینا زۆر رۆمانی باشمان هەیە و کۆمەڵێک کەس زۆر ماندوو بوون و ئەرکی زۆریان کێشاوە و کاریان کردووە, بەڵام ئەوە بەس نییە. ئێستا لە دنیادا زمان باڵی گرتووە و لەوانەیە ئەگەر ئاوا بڕۆین زمانی ئێمە لە ریزی زمانەکان بچێتە دەرەوە، لەکاتێکدا ئێستا لە روانگەی نێودەوڵەتییەوە زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە زیدووەکانی دنیا و ئەگەر کاری لەسەر نەکەین بەو شێوەیە نامێنێتەوە.

*ئەگەر ئەدیبێک لە نەتەوەیەکی ترەوە ناوی چەند رۆمان و نووسەری کوردت لێ بکات، ئەو رۆمانانە کامانەن کە پێی دەناسێنی؟.
مەرج نییە رۆماننووس هەموو ئەو رۆمانانەی دەینووسێ نایاب بن، هەندێک نووسەر هەیە جوان دەنووسن، رۆمانێکی بەختیار عەلیم خوێندەوە بەناوی جەمشیدخانی مامم، ئەو رۆمانە بەلای منەوە یەکجار زۆر جوانە، لەکاتێکدا دوایەمین هەناری دنیای ئەو نووسەرە دەنگدانەوەی زۆر زیاتری هەبووە، بەڵام من پێموایە جەمشیدخانی مامم کتێبێکی یەکجار باشە و زبانەکەشی خۆشترە لە زبانی کتێبەکانی تری. هەروەها رۆمانەکانی شێرزاد حەسەن و حەمە موکری و مامۆستا حوسێن عارف زمانی نووسینیان بەلای منەوە یەکجار جوانە. لە رۆژهەڵاتیش هەندێک کەس هەیە کە ماندوو بوونە و رۆمانی جوانیان نووسیوە و زمانی نووسینیان باشە.

*ئێستا ژمارەی رۆمانی کوردی بە بەراورد لەگەڵ دەستپێکی نووسینی ئێوە زۆر زیاترە، تێبینیت لەسەر زمانی نووسینی ئەو رۆمانە کوردیانەی ئێستا چاپ دەکرێن چییە؟.
ئێمە کێشەمان لەسەر زمان زۆرە، تا ئێستا ساغ نەبووینەتەوە کاتێک کوردی دەنووسین، بە چ زمانێک دەنووسین، جا ئەوە چ رۆمان بێ یان هەر کتێبێکی تر بێت. ئێستا زمان بۆخۆی کێشەیەکی زۆر گەورەیە لە کوردستاندا. ئایا ئێمە کامە شێوەزارمان قبووڵ بێت، زۆر وشە هەیە لەناو هەولێر کە پایتەختە، رەچاو ناکرێ. زۆر دەستەواژە هەیە کە جێگە و مانای خۆی هەیە ناینووسن و دەستەواژەیەکی تری لەجیاتی بەکار دێنن. بۆ نموونە وشەی "پێ دەچێ"، ئەو وشەیە لە روانگەی کاتەوە گەر لێکی بدەیەوە تۆ دەڵێی من لەو سەفەرە ١٠ رۆژم پێ دەچێ، یان دەگوترێ ئەو کەسە بەو نەخۆشییە پێ چوو، واتا مرد. ئەوە لەکاتێکدا لە موکریان بۆ ئەو وشەیە دەڵێین "وێ دەچێ" ئەوە لە زمانی فارسیشدا هەر بەم شێوەیەیە. وێ دەچێ هەمان "وەش"ە، وەک قەرەواش کە لە تورکیشدا هەیە، یان لە هەندێک شوێندا لە موکریان لە جیاتی وێ دەچێ دەگوترێ، "لێ دەچێ"، ئەوە بەو مانایەیە کە شتێک لە شتێکی تر دەچێ. ئێمە زۆر دەستەواژەمان هەیە کە مانای خۆی هەیە و دەبێ لەجێی خۆی بەکار بهێنرێت. 
بەداخەوە ئەوهەموو گرفتەی بۆ کوردستان هاتووەتە پێش رێگەی ئەو دەرفەتەی نەداوە بتوانین لە جێگەیەک کۆ ببینەوە و ئەو گرفتانەمان چارەسەر بکەین. کێشەی زمانمان زۆرە، میدیاکان کاتێک هەواڵ بڵاو دەکەنەوە، بە کوردییەکی زۆر عەیبدار دەینووسن و دەیخوێننەوە، ئەو تابلۆیانەی لە هەولێر و سلێمانی دەیانبینین بەسەر دووکان و بازاڕەکانەوەن زۆربەیان هەڵەن. ئەوانە دەبێ کاریان لەسەر بکرێت، ناتوانین لە ماوەیەکی کەمدا ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین، دەبێ کۆمەڵێک کۆ بکرێنەوە لە هەموو زاراوە و بنزاراوەکانی کوردی و فەرهەنگستانێکیان بۆ درووست بکرێت، ئەوانە بە یەکەوە دابنیشن و هەر وشەیەک لە هەریەک لە زاراوەکان هەیە بەکاری بێنین و ئەو وشانەیش کە نیمانن درووستی بکەین.

*لەسەر دروستبوونی زمانی ستاندەری کوردی ئەوانەی لەگەڵ دیالێکتی سۆرانی بوون بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبوون، هەندێکیان پێیان وابوو دەبێ شێوەزاری سلێمانی دەستنیشان بکرێت و گونجاوترە لە هەموو شێوەزارەکانی تر و رایەکی تریش هەبوو جەختی لەسەر شێوەزاری موکریانی دەکردەوە، ئێوە پێتان وایە لەرووی دەوڵەمەندی وشە و ئاخاوتنەوە کام یەک لەو شێوەزارانە توانایی زیاتری هەیە بۆ نووسین؟.
- ئەگەر سەیری شێوەزاری هەورامی بکەی بۆت دەردەکەوێ لە هەندێک روو شێوەزارێکی سەربەخۆیە، لە سۆرانیدا شێوەزاری موکریانی بنزاراوەیەکی سۆرانییە، بەڵام ئەوەندە گەورەیە خەریکە سۆرانی وەبن خۆی دەدات، ئەوکات کە هاوارەبەرەم چاپ کرد پێوەندیکردن و نامەگۆڕینەوە ئەستەم بوو، مامۆستا حسێن عارف نامەیەکی بۆ ناردم و تیایدا نووسیبووی ئەگەر بە ئینسافەوە قسە بکەین، زمان واتا زمانی موکریان. شێوەزاری سلێمانی هەندێک لە موکریانی نزیکە، لەبەرئەوەی موکریان لە نزیک سلێمانی تەواو دەبێت، ئەوە لەکاتێکدایە من لە بۆکانم و نیو کاتژمێر لە سەقزەوە دوورم، شێوەزارمان لەگەڵ سەقز جیاوازییەکی یەکجار زۆری هەیە. موکریان خۆی ناوچەیەکی تایبەتی خۆی هەیە. پێم وایە شێوەزارێکی یەکجار زۆر شیاوە بۆ ئەوەی ئێمە بیکەین بە بنەما، نەیکەینە ئەسڵ و لە هەموو زاراوە و بنزاراوەکان کێشەوەی وشە و دەستەواژەی بۆ بکەین و دەوڵەمەندتر و جوانتری بکەین. ئەگەر وشە، یان دەستەواژەیەکی ناحەز و لەشانان ناخۆش و نالەباری هەبوو، هیچ پێویست ناکا دەمارگرژیمان بۆ موکریانی هەبێ و لێی دەرهاوێژین، پێویستە خەمخۆرییەکە بۆ زمانی کوردی بێت نەک زاراوەیەک، رەنگە ئێستا ئەگەر من ٦ مانگ لە هەولێر بمێنمەوە، بتوانم وەک هەولێرییەکان قسە بکەم، بەڵام بابەتەکە ئەوەیە کە ئەو شتەی بۆ ئێمە دەبێتە دەستمایە و بنەما، کارێکی رێکوپێک بێت, ئەوەش کاری نەفەرێک و دوو نەفەر یان رۆژێک و دوو رۆژ نییە.
ئەو کات ئێمە لەناو کۆڕی زانیاریدا زۆرمان باس لەسەر ئەو بابەتە کردووە و بە پێویستی دەزانم ئەو کارە لە کتێبی دەرسییەوە دەست پێ بکا، ئەگەر لە قوتابخانەکانەوە منداڵان لەسەری را هاتن و خوێندییان ئەوە دەبێتە فەرهەنگ و عادەت. موکریانی لە هەموو شێوەزارەکان تاسوو لووستر و رێکوپێکتره‌ و کەسی زۆر گەورەشی لێ هەڵکەوتووە. 

*رۆمانی "زیندەخەو" کە دوا بەرهەمی ئێوەیە، لە باشووری کوردستان چاپ کرا، دۆخی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە رۆژهەڵات وای کردووە کە نووسەرێکی وەک ئێوە پێشتر بەرهەمەکانت بە تیراژی زۆرەوە چاپ دەکرا و هەمووی دەفرۆشرا ئێستا بێن لە باشوور کتێب چاپ بکەن؟.
- دوو رۆمانی پێشووترم لە رۆژهەڵات چاپ بوون و بەدەست هەموو کەسێکیش گەیشتبوو کە مەبەستی خوێندنەوەی هەبووبێت، ئێستا لە رۆژهەڵات تا مۆڵەت بۆ چاپی کتێب وەردەگری زۆری پێ دەوێ، دوای مۆڵەت وەرگرتن تا چاپی دەکەیت گرفتی خۆی هەیە و چاپخانە پێشەکی پارە وەردەگرێت. نووسەرێک ئەو هەموو ئیمکانیاتەی نییە و دەبێ یارمەتی بدرێ و بن پیلی بگرن و بۆی چاپ بکەن، کە ئەوە نەبوو و خۆی پارەی چاپخانەکەی جێبەجێ کرد، ئینجا گرفتەکە لەوێڕا دەست پێدەکات کە چۆن بڵاوی بکاتەوە، من ئەگەر کتێبەکەم بخەمە بن باڵم و بڕۆم لە شارێکی وەک سنە بە کتێبخانەیەکی بفرۆشم و دواتر کابرای کتێبفرۆش پارەکەی بۆ دابین نەکرێ چی دەکەی؟. ئینجا تەواوی ئەو خەرجیانەی نووسەر لەو رێگەیەدا دەیبێ ناهێڵێ هیچی بۆ بمێنێتەوە، ئەی ئەو نووسەرە بە چی بژی؟. دەبێ دەسەڵات پشتی ئەو نووسەرە بگرێت ئەگینا ئەوە کاری نووسەرێکی بێ دەرەتان نییە بە ٥ ساڵ کتێبێک بنووسێت و بەو شێوەیەی لێ بەسەر بێت.
ئێمە ئێستا لە رۆژهەڵات هێڵی سوورمان زۆرە، لە نووسیندا خۆمان هەندێکی رەچاو دەکەین و هەندێکیشی لەلایەن حکوومەتەوە بژار دەکرێن و دەڵێن ئەوانە دەربهاوێ و رێکوپێکی بکەوە بۆ ئەوەی مۆڵەتی چاپکردنت پێ بدەین, بەڵام مۆڵەتی چاپت پێ بدرێ سەرەتای کێشەکەیە، ئەی پارەی چاپخانە چۆن دابین بکەم؟، کە ئەویشم پەیدا کرد ئینجا چۆنی بڵاو بکەمەوە؟.

 *ئاماژەت بەوەدا کە سانسۆر و هێڵی سوور زۆرە بۆ چاپی کتێب، دنیای رۆمان و فەرهەنگی زمانی کوردی فەرهەنگێکی کراوەترە بۆ دەربڕین، بۆ نموونە عەلی ئەشرەفی دەروێشیان لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا وشەی مەمک قەدەغەیە و من دەبا بمنووسیایه‌، مناڵەکە دەمی بە سنگی دایکییەوە نا، ئەو سانسۆرانە چەندە کێشەی لەو شێوەیە بۆ نووسەر درووست دەکات؟.
نووسین وەک توێکارییەکە کە خوێندکارێکی پزیشکی بۆ مەیتێکی دەکات. تەرمەکە لەت لەت دەکات بۆ ئەوەی هۆکاری مردنەکەی بدۆزێتەوە، هۆ چییە کە نەیانتوانیوە چارەسەری نەخۆشییەکەی بکەن. ئەو دەردە بۆچی نەناسراوە؟ لەوانەیە تەرمی پیاوێک بێت و بیدەن بە دکتۆرێکی ژن، دەبێ رووتی بکاتەوە، لەتی بکات و بی پشکنێ و بیدۆزێ. یان لەوانەیە تەرمی ژنێک بخرێتە بەر دەستی پیاوێک. لێرەدا نووسەریش کە دەست بۆ قەڵەم دەبا مەبەستی ئەوە نییە کۆمەڵگە بەرەو لاڕێ ببات, بەڵکو مەبەستی تێگەیشتنە لە شتەکان. بەداخەوە ئەو هێڵە سوورانە هەیە. ئەگەر بتەوێ کتێبێک چاپ بکەیت دەبێ لەپێشدا بیدەی بە لایەنی پێوەندیدار، ئەگەر خۆت نەتتوانیبێ ئەو خاڵانە پێڕەو بکەیت و بە جۆرێک بیان گەیەنیت کە هەم مانای خۆی بگەیەنێت و هەمیش هێڵەکەی نەبەزاندبێ، دیسانیش رەنگە لە هەندێک جێگە لێت تێک چووبێت، بانگت دەکەن و پێت دەڵێن لەو شوێنە خاڵەکانت پێڕەو نەکردووە، یاسا لەو مەملەکەتەدا بەو شێوەیەیە و تۆ لەو چوارچێوەیەدا دەنووسی، جێگەی گلەییش نییە و دەبێ یان نەنووسی یان دەبێ ئەو چوارچێوەیە بپارێزی، ئەگینا مۆڵەتی چاپت پێ نادرێ.

*تیراژی کتێبەکانی هەوارە بەرە و میرزا لە سەرووی ٣ هەزاردانە بوو، ئێستا تیراژی کتێب لە رۆژهەڵات چۆنە؟.
تیراژی کتێب لە رۆژهەڵات سەرباری ئەو چەرمەسەرییانەی ئاماژەم پێ کرد, هێشتا زیاترە لە هەرێمی کردستان. من لە باشووری کوردستان دەبینم تیراژی هەندێک کتێب زۆر کەمە و لە نێوان ٥٠٠ بۆ هەزار دانەیە، ئەگەر بەو پێیە بێت خۆ لە رۆژنامەدا بڵاوی بکەیەوە باشترە. کتێبی سەربەخۆ لانیکەم دەبێ ٥ بۆ ٦ هەزار دانەی لێ بفرۆشرێت هۆکاریش ئەوەیە کە خەڵکەکەشمان ناخوێننەوە. ئەوانە هەمووی کێشەن بۆ نووسەری کتێبەکە.
*لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەرباری ئەوەی خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغەیە، چۆنە تیراژی کتێبی کوردی دەگاتە ٣ هەزار دانە؟.
لە کتێبە فارسییەکانی ئێراندا تیراژی کتێب هەر ٣ هەزار دانەیە، بەڵام کتێبی وا هەیە ٢٠ جار لە چاپ دەدرێتەوە و دەشفرۆشرێت. لە رۆژهەڵات لەبەرئەوەی رێژەی کورد زۆر نییە و ئەوپەڕی ١٠ ملیۆنە، تیراژی ٣ هەزار دانە تا رادەیەک باشە و هەر ئەوەندە کتێب دەخوێننەوە، بەڵام کتێبی فارسی کە دەردەچێ فرۆشی زۆرە، لەبەرئەوەی منی کورد و ئازەری و بەلوچ و هەموو نەتەوەکانی تر دەیخوێننەوە. ناکرێ کتێبی کوردی بەراورد بکەین لەگەڵ فارس کە مێژووی هەزاران ساڵەی حوکمڕانی هەیە، رۆژنامەگەری کوردی ئەوپەڕی ١٢٠ ساڵی تەمەنە، ئێمە درەنگمان دەست پێکردووە، بەڵام پێموایە خراپمان دەست پێ نەکردووە و نووسەرەکان کاری خۆیان کردووە، ئەوە حکوومەتەکانن کە کاری خۆیان ناکەن، ئاخر ئەو بێ سەرەوبەرییە بۆچی؟ بەڕاستی چاپکردنی کتێبێک موسیبەتە، هەتا تەواو دەبی و لێی دێیە دەر و دەکەویە بەر رەخنە و ئیرادی ئەو هەموو روناکبیرە کە هەریەکەو ئاوازێک دەژەنن و هەریەکەو ئیرادێکی لێ دەگرن، دواییش بەو چه‌رمه‌سه‌رییه‌ چاپ بکرێت. ئێستا بۆ رۆمانی زیندەخەو کە لە باشووری کوردستان چاپم کرد، لە واشنتنەوە تەلەفۆنم بۆ دەکرێ و دەڵێن کتێبەکەمان خوێندەوە و دەستخۆشیم لێ دەکەن، بەڵام من یەک دانەم لەماڵەوە نییە، ئەوە نموونەیەکە لە کێشەکانی ئەمڕۆی نووسەر لە رۆژهەڵات. ئێستا من سی ساڵە دەنووسم، نە کتێبەکانی پێشووترم کە چاپ کرابوون دووبارە چاپ بوونەتەوە و دوا کتێبیشم کە لە باشوور چاپم کرد دانەیەکی نەپەڕییەوە رۆژهەڵاتی کردستان، ئەوە وای کردووە کە بمێنمەوە، مرۆڤ لەخۆیەوە دڵخۆشی لەدەست دەدات و هومێدەکانی لاواز دەبێت.

*کاتێک حکوومەتی هەرێم لە باشووری کوردستان پێک هات، چاوەڕوانی ئەوە دەکرا لانیکەم پشتگیری نووسەرانی کوردی پارچەکانی تر بکرێت بۆ چاپی کتێبەکانیان، ئایا ئەو پاڵپشتییە دەستەبەر بوو بۆ نووسەرە جدییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان؟.
- پێش ساڵی ١٩٩١ هەندێک گۆڤار و بڵاوکراوە لەلایەن کۆڕی زانیارییەوە لە بەغدا دەردەچوو زۆر کەڵکیان لێ وەردەگیرا و کتێبی جدی و باش چاپ دەبوو، بەڵام دواتر کە حوکمڕانی کەوتە دەست کوردەوە، کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە. بەداخەوە کتێبی زۆر بێ ناوەڕۆک چاپ کراوە، ئینجا بۆ ئاوڕدانەوە لە نووسەرانی رۆژهەڵات من پێم وایە ئاوڕێکی ئەوتۆی لە نووسەرە جدییەکانی باشووریش نەداوەتەوە چ جای نووسەرانی پارچەکانی تر، لە حاڵێکدا کە دەبوو کتێبیان بۆ چاپ بکرایه‌، بەڵام نەکراوە. کە بمانەوێ بڵێین با لە ئێستاوە دەست پێ بکەن، کارێکی ناحەزە، لەبەرئەوەی شەڕی تیرۆریان هەیە و کێشەی ئابووری و مووچەی خەڵک هەیە، لە وەها دۆخێکدا درووست نییە باس لە هاوکارییەکی لەو شێوەیە بکرێت.

*لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەند ساڵ دوای گۆڤاری "سروە" لە مهاباد گۆڤاری "مهاباد" دەستی بە وەشان کرد، ئەو گۆڤارە توانی ببێت بە ئەڵتەرناتیڤی سروە؟، یان لانیکەم  ئەو رێچکەیە درێژە بدات کە سروە گرتبوویە بەر؟.
- هەردووک گۆڤارەکە توانیویانە کاری خۆیان بە باشی بکەن، مامۆستا هێمن کە گۆڤاری سروەی داهێنا و دواتر ئەحمەدی قازی درێژەی پێدا، هەردووکیان کاری گەورەیان کرد. ئەو سەردەمە هیچ گۆڤار و بڵاوکراوەیەکی کوردی لە ئێراندا نەبوو. ئەوان کە گۆڤاری سروەیان دەرکرد، زمانی کوردیان هێنا ناو ماڵەکانەوە، منداڵ لێیەوە فێری کوردی بوون. چەند ساڵ تێپەڕبوو ئینجا گۆڤاری مهاباد هاتە دەرێ، گومان لەوەدا نییە کە گۆڤاری مهاباد گۆڤارێکی بەهێز و باشە، بەڵام ئەوکات کە سروە دەرچوو، بە تەواوی موکریان یارمەتیان دەدا و بابەتیان بۆ دەنارد و لە تیراژی ١٥ هەزار دانەدا چاپ دەکرا و یەک دانەشی لە بازار نەدەماوە، دواتر وردە وردە لاواز بوو و پاش ئەوەی گواستیانەوە سنە هەر لەوێ گۆڤاری سروە مرد. گۆڤاری مهابادیش هەوڵ و ماندووبوونی زۆری تێدایە و ئێمەش هەموومان پێشنیاریان پێ دەکەین و ئەوانیش قسەکانمان بە سنگێکی فرەوانەوە لێ قبوڵ دەکەن. بە بڕوای من مهاباد ناتوانێ جێگەی سروە بگرێتەوە لەبەرئەوەی رەسەنایەتی و گەورەیی سروە لەوەدا بوو کە بۆ یەکەمجار بابەتی زمانی هێنا گۆڕێ. ئێمە رچەمان هەیە و کوتەمان هەیە و پێ پێمان هەیە. ئەو کەسەی یەکەمجار دەڕوا هونەری کردووە، سروەش یەکەمجار رۆیشت و خەڵکەکەی فێر کرد و بەدوای خۆیدا رای کێشان. ئێمە ئێستا بەبێ ئەوەی بە زمانی کوردی بخوێنین، تا رادەیەک فێری بووین و کاری پێ دەکەین.
*ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ماڵپەڕ یان دەزگایەک هەیە کە نووسەران بتوانن وەک سەکۆیەک تیایدا بابەت و وتارەکانیان بڵاو بکەنەوە؟.
- بە شێوەی تاکەکەسی کەسانێک هەن کە وێبلاگیان درووست کردووە و بابەتەکانی خۆیانی تیادا بڵاو دەکەنەوە بەڵام، ئەگەر بڵێی بنکەیەک هەبێ بۆ ئەو مەبەستە، من شوێنی ئاوام پێ شک نایە.

*دۆخی ئێستای رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵات، جا چ لەرووی ئازادی و چ لە رووی پیشەیی و زمانەوە چۆن هەڵدەسەنگێنیت، پێت وایە کرانەوەیەک لەو رووەوە هەیە یان هەر لە دۆخی پێشووتردا ماوەتەوە؟.
لەو بابەتەوە هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و هەر وەک جارانە، لە ئێراندا بابەتی راگەیاندن زۆر بەهێزە، بەڵام لێپرسینەوەشی هەیە و گرفتی خۆشی لەدوایەدا دەبێ. ئەو گرفتانە وەک خۆیان ماون و چارەسەر نەبوون. ئەوە هەر بۆ کورد نا, بەڵکو بۆ فارس و تورک و.. هەیە، بەڵام سەرباری ئەو کێشانە هەندێک کەس هەر کار دەکەن. نایشکرێ پێشی پێ بگیرێ، هەر هەواڵێک هەبێ دەتوانی هەموو دنیای لێ تێ بگەیەنی، بەڵام هەموو دنیا چی لەو هەواڵە بکات.


PM:12:06:07/07/2015




ئه‌م بابه‌ته 1174 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زیاتر ...