ژنێكی ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ له سلێمانی كه دایكی دوو منداڵه، له‌سه‌ر مێرده‌كه‌یه‌وه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پیاوێكی خاوه‌ن خێزاندا دروست ده‌كات، سێ ساڵ پێوه‌ندیدا ده‌بن، دواتر بڕیار ده‌ده‌ن بچنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات و خێزانه‌كانیان جێ بهێڵن و پێكه‌وه ڕابكه‌ن، به‌ڵام كاتێك ژنه‌كه له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا ده‌بێته‌وه، خۆشه‌ویسته‌كه‌ی پێی ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر خاوه‌ن شه‌ره‌ف بوویتایه، له هاوسه‌ره‌كه‌ت جیا نه‌ده‌بوویته‌وه و ئه‌ویش وازی لێ دێنێت".
"تریفه" ژنێكی باڵابه‌رز، سپی پێستی چاوڕه‌ش، هه‌تا بڵێ هێمن، به له‌ده‌ستدانی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، باری ده‌روونیی تێكچووه، ئه‌و ئێسته له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیی، بڕیاره كۆتای ئه‌مساڵ به‌یه‌كجاری بگه‌ڕێته‌وه كوردستان.
تریفه به‌سه‌رهاتی خۆی بۆ "وشه" ده‌گێڕێته‌وه، "ته‌مه‌نم سێ ساڵ بوو دایكم كۆچی دوایی كرد، باوكیشم ژنی دووه‌می هێنایه‌وه، تا بووم به شه‌ش ساڵ له‌ژێر لێدان و ئازاردانی باوه‌ژندا ژیام، دواتر خاڵم و نه‌نكم منیان برده ماڵی خۆیان، له‌وێ ژیانێكی زۆر خۆشم هه‌بوو، تا ئه‌وكاته‌ی خاڵم ژنی هێنا، ئیتر ژنه‌كه‌ی هه‌ر ڕۆژه و به‌بیانوویه‌ك ده‌یویست به ده‌ستی خاڵم به لێدانم بدات، بۆیه به ناچاری له ته‌مه‌نی ١٧ ساڵیدا هاوسه‌رگیریم كرد".
تریفه شوو به "ئه‌حمه‌د" ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ماوه‌ی چه‌ند هاوسه‌ره‌كه‌ی بێكار بووه، له‌گه‌ڵ ماڵی خه‌زووری ده‌ژین، وه‌ك تریفه ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، "له ماڵی باوكی ئه‌حمه‌د به‌هۆی نه‌بوونی و هه‌ژارییه‌وه زۆر به قورسی ژیاین"، بۆیه نه‌نكی ماڵی بۆ جیا ده‌كاته‌وه و خۆشی هه‌موو خه‌رجییه‌كی بۆ دابین ده‌كات.
تریفه پاش له‌دایكبوونی دوو منداڵ، پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ پیاوێكی تر بۆ دروست ده‌بێت. "ڕێبین شۆفێری تاكسی بوو، منیش ڕۆژێك له‌گه‌ڵ كچ و كوڕه‌كه‌م له بازاڕه‌وه له‌گه‌ڵی گه‌ڕاینه‌وه ماڵ، سه‌یركردنی هه‌ردووكمان بۆ یه‌كتر جیاواز بوو، پێش دابه‌زینم پێی گوتم ئه‌وه كارتهكهمه هه‌ركات پێویستت به تاكسی بوو له خزمه‌تم، ئیتر ورده ورده پێوه‌ندیمان دروست بوو، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د بوو به پاسه‌وانی سنوور، ئیتر ئێمه پێوه‌ندییه‌كه‌مان زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، چونكه ئه‌و چه‌ند شه‌وێك له ده‌وام بوو، منیش كاتی زۆرترم هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕێبین بم"، تریفه وای گوت.
تریفه، ئه‌حمه‌دی هاوسه‌ری و ڕێبین به‌یه‌كتر ده‌ناسێنێت، به ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت "ڕێبین پیاوێكی زۆر ڕێكوپێكه و به نرخێكی زۆر كه‌م هاتوچۆمان پێ ده‌كات، بۆیه زۆر دڵنیام له‌گه‌ڵی چونكه خاوه‌ن ژن و منداڵه".
لێره‌وه پێوه‌ندیی نێوانیان ده‌بێت به پێوه‌ندییه‌كی خێزانی، پێوه‌ندییه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك بووه، چه‌ندان جار به خێزانی سه‌ردانی ماڵی یه‌كتریان كردووه و له ماڵی یه‌كتر ماونه‌ته‌وه.
"مونیره" دایكی ڕێبین، ئاگاداری پێوه‌ندیی كوڕه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ تریفه، به"وشه" ده‌ڵێ، "له سه‌ره‌تای پێوهندییهكهوه ئاگادار بووم، زۆر به كوڕه‌كه‌مم گوت له‌و ژنه و خێزانه‌كه‌ی دوور بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام سوودی نه‌بوو، دواتر ژنه‌كه‌یشی زانی، ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانیشی ده‌یانزانی باوكیان حه‌زی له تریفه‌یه، چونكه هاتوچۆی ماڵی یه‌كتریان ده‌كرد، ژنه‌كه‌ی ڕێبین بێده‌نگ بووبوو، چونكه ڕێبینی كوڕم هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێ كردبوو ئه‌گه‌ر هیچ قسه‌یه‌ك بكات".
"تریفه ژنێكی زۆر باش بوو كوڕه‌كه‌ی من تێكی دا، ئێمه ئێسته‌یش پێوه‌ندیمان هه‌ر هه‌یه له‌گه‌ڵ تریفه، چونكه كوڕی من ژیانی ئه‌وی تێك دا، رێبین ناهه‌قی به‌رامبه‌ر خێزانی خۆی و خێزانی تریفهیش كرد، چونكه من ئاگادارم تریفه له‌پێناوی ئه‌ودا چی ده‌كرد" مونیره وای گوت.
دواجار ڕێبین و تریفه بڕیار ده‌ده‌ن بچنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات و خێزانه‌كانیان جێ بهێڵن. خێزانی ڕێبین به پلانه‌كه‌یان ده‌زانێت، بۆیه ناچێت له‌گه‌ڵی و ڕێگه نادات منداڵه‌كانیشی ببات، ڕێبین به ته‌نیا ده‌چێته توركیا و چاوه‌ڕوانی تریفه ده‌كات، تریفه زێڕه‌كانی ده‌فرۆشێت و خۆی و منداڵه‌كانی ده‌چن بۆ توركیا، ئه‌حمه‌دی هاوسه‌ریشی هه‌موو ماڵه‌كه‌ی ده‌فرۆشێت و دواتر ده‌چێت، له توركیاوه پێكه‌وه ده‌چن بۆ ئه‌ڵمانیا، كاتێك ده‌گه‌نه ئه‌ڵمانیا، هه‌ر له‌ناو كه‌مپدا تریفه له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ناخۆشی دروست ده‌كات و پێی ده‌ڵێ ده‌بێت لێم جیا بیته‌وه.
ئه‌و حه‌ماسه‌ی تریفه له بڕوای زۆری به ڕێبین دروست بوو بوو، تا ئێره زۆرینه‌ی كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ردوو خێزانه‌كه به پێوه‌ندییه‌كه ده‌زانن، ئه‌وه‌ی بێ ئاگا ماوه‌ته‌وه، ئه‌حمه‌ده.
تریفه له‌پێناو رێبین، زۆر ئاسان داوای جیابوونه‌وه‌ی له هاوسه‌ره‌كه‌ی كردووه، به‌ڵام وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات "دوای ته‌ڵاقدانم چوومه لای ڕێبین و پێم گوت ئیتر ئازادم و ده‌توانین بچین بۆ وڵاتێكی تر و پێكه‌وه بژین، ڕێبین زۆری لێدام و پێی گوتم تۆ ژنێكی بێشه‌ره‌فی، ئه‌گه‌رنا دوو منداڵ و مێردت بۆ من جێ نه‌ده‌هێشت".
ئێسته تریفه به‌ته‌نیا له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیی، هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی له لایه‌ك و له‌لایه‌كی تر رێبینی له ده‌ست چووه. تریفه باس له‌وه ده‌كات ئێسته گه‌یشتووه به كۆتا خاڵ و بڕیاره بێته‌وه كوردستان و له‌گه‌ڵ دایكی ڕێبین بژی. چونكه ئه‌ڵمانیا پڕه له‌و برینانه‌ی ئه‌و بیستن یاخۆ بینینیان له‌لایه‌ن تریفه‌وه، ده‌كولێنه‌وه و خه‌می قووڵی ده‌ده‌نێ.
وشه/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان