ئێران.. شەڕ و پێكدانان لە ڕۆژهەڵاتی تاران بەردەوامە

:: AM:08:46:06/01/2018 ‌
سەرچاوەكان لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئاشكرایان كرد، شەڕ و پێكدادانی توند شەوی ڕابردوو لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان لە ڕۆژهەڵاتی تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە دروست بووە و تا ئێستەیش چەندان كەس كوژراون و بریندار بوون.

بەگوێرەی سەرچاوەكان، شەڕ و پێكدادانەكان دوای ئەوە دروست بووە، هێزەكانی تەناهی بە چڕی بە زەبری فیشەك و هێز ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەتەوە، دوا ئاماری كۆی كوژراوانی خۆپێشاندانەكانیش لە سەرەتای دەست پێكردنییەوە تا ئێستە گەیشتووەتە 50 كوژراو و سێ هەزار گیراو.

بۆ كپكردنەوەی خۆپێشاندانەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی ژیان لە شارەكان، پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران فەرمانی بڵاوە پێكردنی هێزەكانی پاسدارانیان لە سێ ناوچەی جیاجیای ئێران ڕاگەیاند، فەرماندەیەكی سوپای ئێرانیش ئاشكرای كرد، هێزەكانیان بۆ هاوكاریكردنی پۆلیس و كپكردنەوەی خۆپێشاندانەكان دەچنە ناو شارەكانەوە.

سەرچاوەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، سوپا بە چەكی قورس و تانكەوە چووەتە ناو هەندێك لە شارەكان، بەرپرسانیش هەڕەشە دەكەن، كە توندوتیژی قبووڵ ناكەن و پێویستە خۆپێشاندەران بە ئارامی داواكانی خۆیان دەرببڕن.

ڕۆژی پێنجشەم 28ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2017، لە شاری مەشهەد خۆپێشاندان دەستی پێ كرد و دواتریش لە شارەكانی تر ئەنجام درا، تا بوو بە خۆپێشاندانی سەرتاسەری و لە زۆربەی شارەكانی ئەو وڵاتە خەڵكی هاتنە سەر شەقام، داوای باشتركردنی دۆخی ژیان و نەهێشتنی گەندەڵی و كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكارییان دەكرد، بەڵام ڕۆژانی دواتر داوای خۆپێشاندەران لەم داوایانەوە بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕا و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د