"ئەمەریكا هاوڕێی هەمیشەیی خیانەتكردنە"

:: AM:09:10:06/01/2018 ‌
وەزیری دەرەوەی پاكستان ئاشكرای كرد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هاوڕێی هەمیشەیی خیانەتكردنە و هاوڕێی هەمیشەیی هیچ كەسێكی تر نییە، ئەمەیش دوای ئەوە دێ، واشنتن هاوكارییەكانی بۆ پاكستان ڕاگرت، ئەمەیش دوای ئەوەی واشنتن پاكستانی تۆمەتبار كرد، بە هاوكاریكردنی تیرۆریستان و تۆڕی تیرۆری حەقانی لە ناوچەكە.

سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی ئەفغانستان عومران خان نەجم پێشتر دووپاتی كردەوە، ئێستە كاتی ئەوەیە تەواوی پێوەندییەكانمان لەگەڵ واشنتن هەڵبوەشێنینەوە و ئاستی دیپلۆماسی و هەواڵگری ئەمەریكایش لە وڵاتەكەمان كەم بكەینەوە.

هاوكات واشنتن تۆمەتی ئەوەی خستووەتە پاڵ پاكستان كە یارییەكی دووڕووانە دەكات و لەلایەكەوە پشتیوانی و هاوكاری پێشكەشی ڕێكخراوی تیرۆریستی تالیبان و تۆڕی حەقانی دەكات، بۆ ئەوەی لە ئەفغانستان توندوتیژی و كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لە بەرانبەریشدا حكوومەتی پاكستان بە توندی ئەو تۆمەتانەی ئەمەریكای ڕەت كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، ئیسلام ئاباد بەردەوام دژی تیرۆر جەنگاوە و هەزاران قوربانیشی لە پێناوی لەناوبردنی تیرۆریستان داوە.

خواجە ئاسف وەزیری دەرەوەی پاكستان ئاشكرای كرد، مامەڵەكانی ئەمەریكا بە هیچ شێوەیەك مامەڵەی نێوان دوو هاوپەیمان و دوو هاوڕێ نییە، ئەوان تاكە هاوڕێی هەمیشەیی خیانەتكردنن.

دوێنێ هەینی دوای تەواوی نوێژی هەینی، خەڵكی پاكستان لە هەندێ ناوچە هاتنە سەر شەقام و دروشمی مردن بۆ ئەمەریكا و مردن بۆ ترەمپیان دەگوتەوە و ئاڵای ئەمەریكا و وێنەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵاتەكەیان سووتاند.

ئەمەریكا لە ڕۆژانی ڕابردوو تەواوی هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ پاكستان وەستاند، كە خۆی لە 900 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی دەبینێتەوە، هاوكات هۆكاری بێمنەتی پاكستان و تۆمەتباركردنی ئەمەریكا بە هاوڕێی هەمیشەیی خیانەت، بۆ پشتیوانی چین لە ڕووی دیپلۆماسی بۆ پاكستان دەگەڕێنرێتەوە، هەرچەندە ئەو وڵاتە ڕەتی كردووەتەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د