11 هەنگاوی گرنگی ئەمەریكا بۆ داننان بە رۆژئاوای كوردستان

:: PM:03:18:07/01/2018 ‌

چاوەڕوان دەكرێت واشنتن لە ماوەی داهاتوودا چەند هەنگاوێك بنێت بۆ داننان بە رۆژئاوای كوردستان كە سەرەتاكەی بە دیپلۆماسیی دەستپێ دەكات.

رۆژئاوای كوردستان كە لە ماوەی رابردوودا لە شەڕی دژ بە داعش، هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریكا هەبوو بەهۆیەوە توانی پایتەختی داعش لە سووریا كە رەقە بوو، رزگار بكات، دواتر رێككەوتنی لەگەڵ رووسیا كرد و دێرزووریشی لە چنگی داعش دەرهێنا.

 ئێستەئەو رووبەرەی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە سووریا ئیدارەی دەدەن، سێ هەندەی وڵاتی لبنانە و دەگاتە 28 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە.

بەرپرسێكی باڵای رۆژئاوا ئاشكرای دەكات كە ئیدارەی كۆشكی سپی لە هەوڵی داڕشتنی ستراتیجێكی نوێیە بۆ سووریا، بەگوێرەی ناوەڕۆكی ستراتیجییەتەكەش بێت ئەمەریكا دەیەوێت ددان بە رۆژئاوای كوردستان بنێت.

ئەو بەرپرسە باڵایە دەڵێ یەكەم هەنگاوی كردەیی ئەمەریكا ناردنی دەیان دیپلۆماتكارە بۆ رۆژئاوای كوردستان بۆ كاركردن لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات، ئەمەش جیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پشتڕاستی كردووەتەوە.

رۆژئاوای كوردستان، لەماوەی دوو چوار مانگی رابردوو دوو هەڵبژاردنی خۆجێی ئەنجامداوە و چاوەڕوان دەكرێت لەم ماوەی نزیكی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانیش ئەنجام بدات بۆ راگەیاندنی هەرێمی رۆژئاوای كوردستان.

بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، ئەمەریكا بۆ بەهێزكردنی ئەنجوومەنە خۆجێییە هەڵبژێردراوەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان و راهێنانی دامەزراوە حكوومییەكان و دابینكردنی پاسەوانی بۆ ناوچەكە و بنكە سەربازییەكانی، چەندان دیپلۆماتكار رەوانەی رۆژئاوای سووریا دەكات و ئەمەش یەكەم هەنگاوی دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان هەنگاوەكانی تری ئەمەریكا لە داهاتوودا ئەمانە دەبن، یەكەم، زیادكردنی پشتیوانی سەربازی بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات. ئەمەش دوای ئەوە دێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بڕیاری درێژەدان بە پڕچەككردنی هێزەكانی سووریای دیموكراتی دا و بڕەكەشی لە 25 بۆ 30 هەزار تۆن زیاد كرد.

بڕیارەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە توركیا زۆر بە توندی دژی پڕچەككردنی رۆژئاوای كوردستانە، بەڵام ترەمپ نیگەرانییەكانی ئەردۆغانی لەبەرچاو نەگرت.

دووەم، بەردەوامی راهێنان پێكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە دوای داعش، بە ئامانجی كردنیان بە هێزێكی رێكخراو تا بتوانێت دوای داعش سەقامگیری ناوچەكە بپارێزێت. جگە ئەمەریكا راهێنان بە پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشیش دەكات.

سێیەم، بەهێزكردنی ئەنجوومەنە هەڵبژێراوە خۆجێییەكان كە حوكمی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەستی داعش دەكەن، لەوانە ئەنجوومەنی رەقە و تبقە.

چوارەم، ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانی دەستی داعش، كە هەوڵ هەیە رەقە بكەن بە لاس فیگاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پێنجەم، باشتكردنی خزمەتگوزارییە ژێرخانییەكان و سوود وەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەكانی ناوچەكە كە نەوت و غاز و كشتوكاڵ و ئاو دیارترین سەرچاوەی داهاتی ئەو ناوچانەن، كە زۆرترین كێڵەی نەوت و غاز و گەورەترین بەنداوی ئاوی لە سووریا دەكەونە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات.

شەشەم، راهێنان پێكردنی دامەزراوە حكوومییەكان و دادییەكان. بنجامین گریفۆ گوتەبێژی حكوومەتی فڕەنسا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە بارەی ژنە داعشە فڕەنسییە گیراوەكان لە رۆژئاوای كوردستان، دەڵێ ئەگەر دادگاكان لەوێ توانای ئەوەیان هەبێت كە دادگایییەكی دادپەروەرانە بەڕێوە ببەن، لەگەڵ ئەوەداین ئەوان هەر لەوێ دادگایی بكرێن.

حەوتەم، پاراستنی ئاسمانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئەمەریكا. ئێستە ئەمەریكا بنكەیەكی سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان هەیە كە لەناوخۆیدا پێنج بنكەی بچووك هەن كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات، لەو بنكەیەدا دوو هەزار سەرباز و شارەزای ئەمەریكی هەن و ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات هەیە.

هەشتەم، ددانپێدانانی دیپلۆماسی بە رۆژئاوای كوردستان، بەگوێرەی زانیارییەكان هاوپەیمانان لە هەوڵی ئەوەدان كە فڕۆكەخانەی رمێلان بەرفراوان بكەن و بنكەیەكی تری سەربازیش بۆ پێشوازی دیپلۆماتكارە ئەمەریكییەكان لە چەند هەفتەی داهاتوودا بكەنەوە.

نۆیەم، ئەمەریكا لە هەوڵی ئەوەدایە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات بكاتە بەشێكی گرنگ لە هەیكەلیەتی سووریای داهاتوو، دەیەوێت لە رێی دانیشتنەكانی جنێڤ كە نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكات، ئەو هێزە بەشدار پێ بكات لە پرۆسەی سیاسی.

دەیەم، پشتگیریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن كە بڕیارە لە 19ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت بۆ دامەزراندنی یەكەم پەرلەمانی هەرێمی رۆژئاوای كوردستان. ئەگەرچی بەگوێرەی بەرپرسێكی ئاگادار لە رۆژئاوای كوردستان، زانیاری هەیە كە هەڵبژاردنەكە بۆ كاتێكی تر دوا بخرێت.

یانزە، دابینكردنی پشتیوانی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی بۆ هەرێمی رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات- یان رۆژئاوای كوردستان، هەروەها پاراستنی عەفرین و منبەج كە ئێستە هێزەكانی سووریای دیموكرات لەگەڵ رووسیا ناوەندی سەربازیی هاوبەشیان هەیە.


سەرچاوە/ شەرق ئەوسەت



وشە - فه‌رمان سادق