ئوردن: 17 هەوڵی هێرشی تیرۆریستی داعشمان پووچەڵ كردووەتەوە

:: AM:10:31:09/01/2018 ‌

 حكوومەتی ئوردن رای دەگەیەنێت لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، داعش 17 هەوڵی داوە بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە تەناهی و بازرگانییەكان، هەموویان پووچەڵ كراونەتەوە.

ئاژانسی تبرای ئوردنی دوێنێ دووشەم هەشتی كانوونی دووەم رای گەیاند كە تەنیا لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، داعش 17 هەوڵی هێرشی تیرۆریستی داوە بۆ سەر دامەزراوە تەناهی و بازرگانی و پیاوانی ئاینی، بەڵام هەموویان پووچەڵ كراونەتەوە.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوە داوە شانە نوستووەكانی داعش لە رێی پیلانەكانیان بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی ئامانجدار، هەوڵیان داوە ئاسایشی نەتەوەیی ئوردن بشێوێنن و هاووڵاتییان بترسێنن.

سەرچاوەیەكی تەناهی ئوردنی دەڵێ، شانە نوستووەكانی داعش دەمێكە لە ژێر چاودێریدان، ئەمەش وای كرد نەتوانن هیچ كردەیەكی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا لە چەند مانگی رابردوو بە پێی زانیارییەكانی دەست دەزگەی ئاسایشی ئوردنی كەوتووە، هۆشداری ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی دەكرا، دەڵێ ئێستە ئەوان هەموویان گیراون كە لە شاری زەرقا رۆژهەڵاتی عەمانی پایتەخت پیلانگێڕییان دادەنا.

زیاتر گوتی "ئەوان لە ژێر لێكۆڵینەوەدان و پاشان دەبرێن بۆ دادگای سەربازی بۆ حوكمدان لەسەریان".

جێی باسە ئوردن كە بەشداری هاوپەیمانی دژ بە شەڕی داعشە، رۆڵێكی گرنگی لۆجستی و هەواڵگری هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرووپە ئیسلامییە توندڕۆكان لە ناوچەكەدا.

سەرچاوە/ رۆیتەرز


وشە - فه‌رمان سادق