لەسەر كوردستان سەركردەیەكی شیعە هێرش دەكاتە سەر ئەمەریكا

:: AM:09:50:10/01/2018 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ ڕاوێژكاری باڵای ڕێبەڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی دووپاتی كردەوە، ئەمەریكییەكان هەوڵ دەدەن كوردستانی سووریایش لە خاكی سووریا داببڕێنن و هەوڵی جیابوونەوەی دەدەن لە داهاتوودا، بەڵام پێیان دەڵێین، وەك چۆن شسكتیان هێنا لە جیابوونەوەی كوردستانی عێراق لە وڵاتەكەمان، لە سووریاش تووشی هەمان شكست دەبن.

هومام حەموودی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی لە پەراوێزی دیداری لەگەڵ عەلی ئەكبەر ویلایەتی ڕاوێژكاری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران گوتی، ئەمەریكا دەیویست بەهۆی بوونی داعش كوردستان لە عێراق جیا بكاتەوە و بەرژەوەندییەكانی بخاتە مەترسییەوە، بەڵام لەمەدا تووشی شكست هات، كەچی ئێستەیش ئەمەریكا بیر لەوە دەكاتەوە عێراق بۆ سێ بەشی كورد و شیعە و سوننە دابەش بكات.

زیاتر گوتی، كاتێك كوردەكانی عێراق ویستیان جیا ببنەوە، هێزەكانی حەشدی شەعبی بە ورەیەكی بەرزەوە ساز و ئامادە بوون، دواتریش هێزەكانی حەشد ڕێیان لە ئەمەریكییەكان گرت ئەو ئامانجەیان بەدی بهێنن.

ئاماژەی دا، ئێستەیش ئەمەریكا دەیەوێ ئەمجارە جیابوونەوەی كوردستانی سووریا لە خاكی سووریا تاقی بكاتەوە، لە كاتێكدا لە عێراق شكستی هێنا، بەڵام عێراق و سووریا یەك وڵاتن و نابێ ئەمەریكا بە هیچ شێوەیەك دەستوەردان لە كاروباری ئێمە بكات. دووپاتی لەوەیش كردەوە، وەك چۆن شكستیان بە ئەمەریكا هێناوە لە هاوكاربوون بۆ جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق، بەهەمانشێوە شكست بە جیاكردنەوەی كوردستان لە سووریا دەهێنن.

سەرچاوە/بغداد تودەی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د