عەفرین لە بەرانبەر ئیدلب

:: PM:11:29:24/01/2018 ‌

كردەوەگەلی سەربازی توركیا بۆسەر شاری عەفرینی كوردنشین لە سووریا بەردەوامە و لێكدانەوەكان بۆ هۆكار و لێكەوتی جەنگەكە تا دێت زیاتر دەبێت، عەریب رەنتاوی، نووسەری عەرەب لەو بارەوە دەڵێت، دەست پێكردنی (چڵە زەیتوون)ی توركیا بۆسەر عەفرین هاوكاتە لەگەڵ پێشڕەوی سوپای سووریا لە میحوەری ئیدلب، ئەوەش ئاماژەیەكن كە هەردوو پڕۆسە هاوڕێك بەڕێوە دەچن لە چوارچێوەی دەستەوارەیەكی ناوچەیی بە سەرپەرشتی رووسیا كە دەتوانرێت ناوێكی كورتكراوەی لێ بنێین، ئەویش (عەفرین لە بەرانبەر ئیدلب).

رەنتاوی لە وتارێك لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی دەستووردا دەڵێت، سەرچاوەی گومانەكان بۆ هاوڕێكی و بوونی پێوەندی لە نێوان هەردوو هەڵمەتە سەربازییەكەی توركیا بۆسەر عەفرین و سووریایش بۆسەر ئیدلب بێدەنگی رووسیایە لەبارەی كردەكە كە هاوكات دۆستی كورد و توركیایە بەیەكەوە و تەنیا داوای دانبەخۆداگرتنی لە توركیا كرد، بۆیە ئەو هەڵوێستەی گومانی خستە سەر بوونی دەستەوارەكە. 

هەرچی دیمەشقە كە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی بەڵێنی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوژمنكارییەی توركیای دا تەنیا هەڕەشە و سەركوتكردنی لە بەرانبەر كردە سەربازییەكە هەبوو بەوەی سەروەری خاكی سووریای بەزاندووە، كەچی كردە سەربازییەكەی سووریا چووەتە پێنجەم رۆژی و دیمەشق یەك گولەیشی بە فڕۆكەكانی توركیا نەناوە.  

هەرچی ئێرانە وا دەردەكەوێت كە تەنیا چاودێری دەكات، چونكە لەلایەك لەگەڵ هەر كردەیەكە بۆ لاوازكردنی كورد و نەهێشتنی خەونە نەتەوەی و جیاخوازییەكانیان لە ناوچەكەدا لە ترسی گەیشتنی ئاگرەكە بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە، لەلایەكی تر لەگەڵ رووسیا و توركیا لێكگەیشتنی هەیە لە چوارچێوەی ئەستانا و سوچی، لەلای سێیەمیش پێوەندی ئابووری و ستراتیجی لەگەڵ توركیا هەیە، بەتایبەتی لەسایەی پەرەسەندنی هەڵوێستەكانی ئەمەریكا لە بەرانبەری و ئەگەری سەپاندنی سزاكان بەسەریدا. 

لە بەرانبەردا توركیا دووپاتی دەكاتەوە كە كردە سەربازییەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رووسیا بەڕێوە دەچێت و گڵۆپی سەوزی لەوەوە وەرگرتووە و دیمەشق و تارانیشی ئاگەدار كردووەتەوە، مۆسكۆ لای خۆیەوە هەوڵ دەدات كە خۆی لەو ململانێیە بەدوور بگرێت، بەڵام ئەوەی زیاتر لای مۆسكۆ گرنگە لەو قۆناغەی ئێستە بەهێزكردنی دەسەڵاتی دیمەشقە بەپێی هاوكێشەی (عەفرین لە بەرانبەر ئیدلب) لەلایەك و لەلایەكی تریش سەرخستنی كۆبوونەوەكانی ئەستانە-سوچییە لەپاڵ جنێڤ، چونكە توركیا یاریكەرێكی گرنگە لەهەردوو هۆكاردا و بەڵێنی بە مۆسكۆ داوە بەگرتنەبەری رێگەی سوچی، بۆیە رووسیا هەوڵ دەدات لە دوای (قەلغانی فورات) لە رێگەی (چڵە زەیتوون)ەوە هەندێك دەستكەوت بە توركیا بدات. 

ئەمەریكا خۆی لەناو كێشەیەكی گەورە دەبینێتەوە بەهۆی جەنگی هاوپەیمانەكانییەوە كە ناتوانێت دەستبەرداری هیچیان بێت، بۆیە بەم دواییە وازی لە نەیارییەكەی هێناوە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام وەك ئەوەی توركیا پێشتر داوای دەكرد لە سووریا، بەڵام دەتوانینی بڵێین كە ئەو پەرەسەندنەی هەڵوێستی ئەمەریكا بۆ بەرژەوەندی توركیا زۆر دواكەوت.

هەرچی كوردە كە خاوەنی كێشەكەن پێدەچێت ئەوان جارێكی تر باج شەرمەزاركردنیان لەلایەن دۆست بدەن وەك ئەوە وایە كە لە وانەكانی رابردوو فیر نەبووبن وەك ئەوەی لە ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان رووی دا، بۆیە ئەوان بەدوای خواستەكانی خۆیان كەوتن، بەڵام بەبێ رەچاوكردنی رەوایی ئەو خواستەیان، ئەوان پشتیان بە ئەمەریكا بەست، بۆیە پێ دەچێت دووبارە ببنەوە قوربانی بەهۆی یاری نەتەوەكانەوە.

دیمەنەكە لە باكوری سووریا لە بنەڕەتدا ئاڵۆزە و ئاڵۆزتریش دەبێت، بۆیە وای نابینم كە براوەیەك هەبێت لەو جەنگەی ئێستە، بەڵام ئەوەی دووپاتكراوەیە كە دۆڕاوی گەورە كورد بێت، چونكە ئەنكەرە دەبێتە ناوچە ئارامەكەی داوای دەكات و دیمەشقیش كۆنتڕۆلی ئیدلب دەكاتەوە و ئێرانیش لەو رێگەوە وانەیەكی سەخت دەدات بە كوردەكانی بەبێ ئەوەی هیچ ئەركێك بكێشێت یان دڵۆپێك خوێن یان قرووشێك بدات، واشنتۆن تا دوا شەڕوانی كورد دەجەنگێت و مۆسكۆیش هەنگاوەكان بەرەو سوچی بەهێزتر دەكات بە بەشداری دوو گەورە هاوپەیمانی لە ناوچەكە ئێران و توركیا.

بۆیە دەڵێین كە كەس براوە نابێت لەو جەنگەدا، چونكە تەنانەت دۆڕانی كوردی سووریایش مانای كۆتاهاتنی دۆزی كورد نییە نە لەسەر ئاستی ناوچەكە و نە لەسەر ئاستی نەتەوەیی لەهەر دەوڵەتێك لەو چوار دەوڵەتەی تیایدا دەژین، بەڵكو پێوەست دەبێت حكوومەتی ئەو چوار دەوڵەتە یان هەر قەوارەیەك كە لە منداڵدانی دۆخی پێشوی ناوچەكە دروست دەبێت، دەبێت بەدوای چارەسەری رەوای سیاسی بۆ نەتەوەی كورددا بگەڕێن، چونكە ئەوان لە مێژە تیایدا دەژین و بەشیان هەیە لە میراتی شارستانی و ئاوەدانی و كولتوورییەكەیەوە، ئەو چوار نەتەوە عەرەب و تورك و فارس و كورد، بۆیە لێخستنی هەریەكەیان یان فەرامۆشكردنی بەهۆی ستەمی و بەكۆیلەكردن تەنیا زەوینەیەك دەبێت بۆ گەڕی تری جەنگی بەدوایەكداهاتوو. 

سەرچاوە: ئەلدەستوور 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل