بەهۆی باوەڕ نەبوونیان بە جێبەجێكردنی چوار مەرجە سەرەكییەكەی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن كە لە هەمواری یاسایەكەدا جێی كراوەتەوە، چەندان كەسایەتی و هێز و حزبە سوننەكان داوا لە عەبادی دەكەن رێنوێنی دەربكات بۆ كشانەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگا سوننەكان، بەتایبەت مووسڵ و ئەنبار وەك یەكێك لە مەرجە هەرە بنەڕەتییەكانی سەركەوتنی هەڵبژاردن، كە ترسیان لەوە هەیە مانەوەیان كۆنتڕۆڵی ناوچەكە زیاتر بكات و دەنگی ئەوان ببات.
ئەوەی زیاتر هێزە سوننەكان ترسیان لێی نیشتووە لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەوەیە كە ملیۆنێك دەنگدەری سوننە بەشداری لە هەڵبژاردنەكە نەكەن كە ئێستە ئاوارەن و لە كەمپەكاندا نیشتەجێن، بەمەش سەنگی سوننە لە حكوومەت و پەرلەمان زۆر كەم دەبێتەوە.
ئەو ترسەی سوننە، دوای ئەوە دێت كە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا رۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.
هێزە سوننەكان ئاماژەی ئەوە بە گوێی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی تر دەدەن كە ئەگەر حكوومەت پێش مەرجەكانی هەڵبژاردن كە چوارن جێبەجێ نەكات، ئەوا ئەگەری هەیە بایكۆتی پرۆسەكە بكەن.
لە هەنگاوی یەكەمیشدا بە فەرمی داوایان لە عەبادی كردووە كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگا سوننەكان بكشێنێتەوە بە تایبەت مووسڵ و ئەنبار. ئەو داوایەی هێزە سیاسییە سوننەكان لە هەمان كاتدا داوای شەقامی سوننەشە كە بەدەست ئەو هێزانە بێزار بوونە و ستەمی زۆریان لێ دەكەن.
ئەگەرچی ئۆپراسیۆنی دژ بە داعش كۆتای هاتووە، بەڵام زۆر لە گرووپە میلیشیكانی حەشد بەشێك لە هێزەكانیان لەو شارانە هێشتووەتەوە بە تایبەت لە مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین.
بەهۆی شەڕی داعشەوە، ژێرخانی ناوچە سوننەكان لە هەموو سێكتەرەكان زیانی زۆری بەركەوتووە، هاوكات بە هۆی كەمیی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان و كەمی هەلی كار، ئەوا دواڕۆژێكی دژوار چاوەڕێی ئەو ناوچانە دەكات بەهۆی بەردەوامی كورتهێنان لە بودجەی عێراق.
یەكێكی تر لە ترسی هێزە سوننەكان ئەوەیە كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ببن بە كێبەركێكاری سەختی ئەوان، ئەگەر مانەوەیان لەو ناوچانەدا بەردەوام بێت.
ئەو ترسەش زیاتر لەو كاتەدا تەقییەوە كاتێك خەڵكە بۆیان روون بووەوە كە میلیشیاكانی حەشد سەر بە ئێرانن و پێوەندییەكی خراپیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران هەیە. سەركردە سوننەكانیش هیچ قسەیەكیان بۆ خەڵكی خۆیان نەكردووە و تەنیا بەڵێنی ئەوەیان داوە كە میلیشیاكانی حەشد لە ناوچەكانیان دوور دەخەنەوە.
پێ دەچێ ئەو داواكارییەی شەقامی سوننە، كارتێكی باش بێت بە دەست عەبادی بۆ لێدوان لە میلیشیاكانی حەشد، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە هاوپەیمانیەتیی نەسر بە سەرۆكایەتیی عەبادی بۆ هەڵبژاردن كشانەوە.
ئەگەر عەبادی نەتوانێ ئەوە بۆ سوننەكان بكات، پێ دەچێ خەڵكی ناوچەكە سزای هێزە سوننەكان بدەن و دەنگیان پێ نەدەن.
لێدان لە میلیشیاكانی حەشد لە ناوچەكانی سوننە، رەنگە ببێتە هۆی هەڵسانەوەی پارسەنگی جەماوەریی عەبادی، بە تایبەت دوای ئەوەی میلیشیاكانی حەشد لە هاوپەیمانیەتییەكەی كشانەوە و كاریگەری لەسەر جەماوەریبوونی عەبادی دروست كرد.
عەبادی دوای سەركەوتنی بەسەر داعش لە ئاستی ناوخۆی عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، جۆرێك لە متمانەی بۆ خۆی دروست كرد، بەڵام بە بەستنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشد، لای شەقامی سوننە لە عێراق ئەو متمانەی لە دەست دا كە حەشد بۆ سوننە بە دوژمنی یەكەم دادەنرێت.
دەركردنی میلیشیاكانی حەشد پاسپۆرتی تێپەڕبوونی عەبادییە لە ناوچە سوننەكاندا
ئەگەرچی هاوپەیمانیەتیی عەبادی و میلیشیاكانی حەشد 10 سەعاتی تێپەڕ نەكرد، بەڵام نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر عەبادی بەجێ هێشت بە تایبەتی لای كورد و سوننە و رەوتی سەدر. چاودێرانیش پێیان وایە ئەو گۆڕانكارییە خێرایە، زیانی بە جەماوەریی عەبادی گەیاندووە. بەڵام ئەگەر بڕیاری روون و ئاشكرای دژ بە حەشد دەركرد لە ناوچە سوننەكاندا، ئەوا رەنگە پاڵپشتی جەماوەریبوونی بۆ بگەڕێتەوە.
چاودێران دەڵێن بڕیاری كشاندنەوەی میلیشیاكانی حەشد لە ناوچە سوننەكان، وەك پاسپۆرتی گەشتی عەبادی وایە بۆ چوونە ناو دەنگدەری سوننەوە.
سەرچاوە سیاسییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن كە هێزە سوننەكان بە گشتی لە پارێزگاكانی ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە و كەركووك، كێشەیان لە كاركردن لەگەڵ عەبادی نییە، بەڵام كاتێك هاوپەیمانیەتییەكەیان لەگەڵ حەشد راگەیاند، جۆرێك لە ساردی و بێمتمانەیی كەوتە نێوانیان.
چاودێرێكی سیاسیی عێراقی دەڵێ، عەبادی هێندە بە هێز نییە بتوانێ بڕیار بەسەر حەشدی شەعبی جێبەجێ بكات، ئەگەرچی لە رووكەشدا دەڵێ ئەو هێزە سەر بە سەركردایەتیی گشتیی هێزە چەكدارەكانە كە خۆی سەرپەرشتی دەكات. ئەمە جگە لەوەی كشاندنەوەی میلیشیاكانی حەشد لە ناوچە سوننەكان، دەبێتە هۆی بەهێز بوونی حزبە سوننەكان كە هەمیشە حەشد تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانی تاوان كە سەركردە شیعەكان لە ناویاندا عەبادی خۆی ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە خەڵكی ناوچە ئازادكراوەكان متمانەیان بە سەركردە سیاسییە سوننەكان نەماوە كە دووجار بێ هیوایان كردوون، جارێكیان كە داعش ناوچەكانیان لێ داگیر كردن و تاوانی گەورەی دژ بە خەڵكەكە ئەنجام دا و ناوچەكەی وێران كرد، جاری دووەمیش لە كاتی ئازادكردنی ناوچەكانیان كە هێزە عێراقییەكانیش تاوانیان دژ بەوان ئەنجام دا و ئەوەی مابووەوە وێرانیان كردن.
دووپاتی كردەوە كە خەڵكی مووسڵ و ئەنبار و دیالە و سەڵاحەدین متمانەیان بە سیاسییە شیعەكان نییە، چونكە ئەوان بەرپرسی یەكەمن لەوەی بەسەر شارەكانیاندا هاتووە، بۆیە ئەو بۆچوونە زۆر دوورە كە دەنگی ئەوان بۆ شیعەكان بڕوات.
تا ئێستە عەبادی هیچ بەڵێنێكی بە خەڵكی ناوچە سوننەكان نەداوە بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكانیان، یان كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزیی ناوچە زۆرینە سوننەكان كە هێشتا بەشێكی زۆری خەڵكەكەیان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. پێ ناچێت لەم ماوەیەی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، گۆڕانكارییەكی ریشەیی روو بدات كە كاریگەریی بەسەر گۆڕانكاری لە هاوكێشە سیاسییەكە هەبێت.
یەكێك لە هۆكارەكانی ئەنجام نەدانی گۆڕانكاریی ریشەیی، دەگەڕێتەوە بۆ پێكهاتە و چۆنیەتیی راگەیاندنی هاوپەیمانیەتیی نەسر بە سەركردایەتیی عەبادی كە نەیتوانی هاوپەیمانیەتییەكەی لە تایفەگەرایی بە دوور بگرێت، نەیتوانی لەگەڵ هیچ كام لە هێزە سوننە سەرەكییەكان هاوپەیمانیەتی ببەستێت.
بۆیە چاودێران پێیان وایە عەبادی رەنگە بتوانێت ترسی شەقامی سوننە دژ بە حەشدی شەعبی بەكار بهێنێت و لەو ناوچانە دەریان بكات، بەمەش ئەگەری هەیە بتوانێت دەنگدەری ئەو ناوچەیە بكاتە رەسیدێكی هەڵبژاردن، بە تایبەت كە تا ئێستە جگە لە ئەیاد عەلاوی كە لە بنەڕەتدا شیعە مەزەوە، هیچ سەركردەیەكی تری شیعە نەیتوانیوە دەنگ لە ناوچە سوننەكان بەدەست بهێنێت.