كێشەی كەمی غاز لە هەولێر ڕەت دەكرێتەوە

:: PM:05:14:25/01/2018 ‌

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا بوونی كەمی غاز و گرانبوونی نرخەكەی لەسەر هاووڵاتییان ڕەت دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات هیچ تەنگژەك نییە و خاوەن كارگەییەكی غازیش دەڵێت، كارگەكان وەكو خۆییان غازییان بۆ هاتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی كانوونی دووەم، لەڕوونكردنەوەیەكدا قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر  ڕای گەیاند، هیچ كێشەیەكی كەمی غاز  لە هەولێر بوونی نییە و نرخ گران نەبووە.

زیاتر گوتی، كێشەی كەمی غاز لە هەولێر چارەسەر كراوە و هیچ گران بونێكیش لە نرخی غاز دا ڕووی نەداوە، ئێستە نرخی یەك بوتڵ غاز بە حەوت هەزار و 500 دینارە كە ئەو نرخە حكوومەت دیاری كردووە.

هاوكات هێرش رەشید خاوەنی كارگەی غازی ئەنووس لە شاری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هیچ كێشەیەكمان نەبووە لە پێدانی غاز بە بریكارەكان و هیچ گرانییەك لای ئێمە نییە، دڵنیاییدایە هاووڵاتییان كە كێشەی غاز لە هەولێر بوونی نییە.

خاوەنی ئەو كارگەیە ئاشكرای كرد كە غازی پێویست هەیە، بەڵام كاتێك خەڵك باسی گران بوونی شتێك دەكەن بریكارەكان بە ئەنقەست گرانی دەكەن و ئەمڕۆ 10 ئۆتۆمبێل كە دەكاتە 700 بوتڵ غازی پڕ كراو لە كارگەدا بەڕێ‌ كراوە بۆ فرۆشتن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند ڕۆژێكە لەشاری هەولێر دەنگۆی گران بوونی غاز لەناو هاووڵاتیاندا بڵاو بووەتەوە، بەڵام ئەم دەنگۆیە رەت كرایەوە.



وشە - رامیار جەواد