بەهۆی عەفرینەوە ئەمەریكا وریایی دەداتە توركیا

:: PM:09:21:25/01/2018 ‌

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا داوا لە توركیا دەكات كە كۆتایی بەو ئاڵۆزییە بێنێت كە بەهۆی دەستوەردانی سەربازی لە شاری عەفرین لە باكوری سووریا دروستی كردووە، ئەوەیشی بە بیر توركیا هێنایەوە كە ئەو دۆخەی ئێستەی ناوچەكە لە بەرژەوەندی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارییەكان نییە و لە سەروویانەوە داعش. 

بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ئەمڕۆ پێنجشەم بە كەناڵی "حورە"ی راگەیاندووە كە ئەمەریكا گرنگی بەوە دەدات كە گفتوگۆكانی لەگەڵ توركیا لەبارەی دۆخی عەفرینەوە پێشكەوتنێكی وا بەدەست بێنێت هەموو لایەنەكانی پێی رازی بن و دووپاتی كردەوە كە ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا تایبەتە بە جەنگی داعش و پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانەكانی لەوانەیش كورد كە پابەندن بە جەنگی داعش.

ئەدریان رانكین گالاوی، گوتەبێژ بەناوی پنتاگۆن روونی كردەوە كە ئەمەریكا هیچ راوێژكارێكی سەربازی یان مەدەنی لە عەفرین نییە و رەتیشی كردەوە كە هیچ راوێژكارێكیان لەوێ كوژرابێت، كە ئێستە توركیا هێرشی سەربازی دەكاتە سەر. 

لای خۆیەوە تۆم بۆسەرت، راوێژكاری كاروباری ئاسایشی ناوخۆیی سەرۆكی ئەمەریكا لە داڤۆس لە سویسرا وریایی دایە توركیا و رای گەیاند كە وڵاتەكەی پێی باشترە توركیا لە عەفرین پاشەكشە بكات و داوایشی لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كرد كە گرنگی بە جەنگی داعش و گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ سووریا بدات، وەك ئامانجێكی ستراتیجی و هاوبەشی واشنتن و ئەنكەرە.

دوێنێ لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە ئەردۆگان كرد كە وریا بێت لەبارەی كردە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر عەفرین بۆ دروست نەبوونی ئەگەری بەریەككەوتنی سەربازی نێوان هێزەكانی توركیا و ئەمەریكا. هاوكات داوایشی كرد بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و سنوورداركردنی جموجۆڵی سەربازیی توركیا لە سووریا، چونكە زیادبوونی ئاستی توندوتیژی لە عەفرین ئامانجە هاوبەشەكانی هەردوولا دەخاتە مەترسییەوە.

سەرچاوە: شەفەق نیووز 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل