به‌پێی یاسایه‌ك كه پێنج ساڵ پێش ئێسته په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندی كردووه و حكوومه‌تی پابه‌ند كردووه به جێبه‌جێكردنی، به‌پێی یاساكه هه‌موو ههڵهبجهیییهك كه ئاواره‌ی ئێران بووبێت یان عه‌ره‌بی باشوور كه ئاواره‌ی سعوودیه بووبێت، قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه و مووچه‌ی مانگانه‌یان پێ ده‌درێ، به‌ڵام نه په‌رله‌مانتارانی كورد و نه هه‌ڵه‌بجه‌یییه‌كان ئاگایان له‌و یاسایه نییه.
یاساكه ساڵی 2013 ده‌رچووه و دواتر حكوومه‌تی عێراق رێنوێنی جێبه‌جێكردنی به وه‌زاره‌تی دارایی وڵاته‌كه‌ی داوه، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌یییه‌كان تازه بیستوویانه یاسایه‌كی وا هه‌یه و ده‌یان گومانیان لا دروست بووه.
ئاراس عابید جێَگرى سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانییانى هه‌ڵه‌بجه به"وشه"ى راگه‌یاند، نیگه‌رانن له‌وه‌ی تازه به تازه په‌رله‌مانتارێك ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه له‌وه‌ی یاسایه‌كی وا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ڵه‌بجه‌یییه‌كان ده‌رچووه. وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، "وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌یی بێ ئاگاین له‌و یاسایه و به بیستنى تووشی شۆك بووم، چونكه پێنج ساڵه له‌و مافه بێبه‌ش كراوین".
ئاراس كه ته‌واوى ماڵباته‌كه‌ی له كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه شه‌هید بوون و خۆی ئاواره‌ى ئێران بووه، زیاتر گوتى " به‌داخه‌وه پێنج ساڵه ئه‌و یاسا dmده‌رچووه، غه‌درێكى زۆر له خه‌ڵكى هه‌ژار و بێ پشتیوانى هه‌ڵه‌بجه كراوه و به‌مافی خۆیان نه‌گه‌یشتوون تا ئێسته".
"به‌پێی زانیارییه‌كانى ئێمه ساڵانى رابردوو پاره‌ى قه‌ره‌بووى هه‌ڵه‌بجه خه‌رج كراوه، به‌ڵام ژماره‌یه‌كى كه‌م له خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه قه‌ره‌بوویان وه‌رگرتووه، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وان فۆڕمه‌كانی قه‌ره‌بوو ده‌سكاری كراون و قه‌ره‌بووی شوێنی تری پێ كراوه، ته‌نانه‌ت فۆڕمه‌كه فرۆشراوه و به‌رتیل دراوه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و مافه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یییه‌كان كه 20 ملیۆن دیناره بۆ هه‌ر خێزانێك" ئاراس وای گوت.
له‌باره‌ى ئێسته چی ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و مافه، ئاراس عابید گوتى "له ڕێی چه‌ند په‌رله‌مانتارێكه‌وه ده‌مانه‌وێ بگه‌ین به چاودێری دارایی عێراق بۆ ئه‌وه‌ى بزانین ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ كراوه؟ پاره دراوه چه‌ند بووه و به كێ دراوه، چه‌ند هه‌ڵه‌بجه‌یی سوودمه‌ند بوون لێی، دواتر داوا له دادگا ده‌كه‌ین به‌دواداچوون بكه‌ن و مافه‌كه‌مان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه".
هه‌ڵه‌بجه له 16ی ئاداری 1988 له‌لایه‌ن رژێمی عێراقه‌وه كیمیاباران كرا و به‌هۆیه‌وه پێنج هه‌زار كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و هه‌زاران بریندار و بێسهروشێنی لێ كه‌وته‌وه، تا ئێسته‌یش ژماره‌یه‌ك بریندار ماونه‌ته‌وه چاره‌سه‌ریان پێویسته.
خالید باباڕه‌سووڵ به‌ڕێوه‌به‌رى كۆچ و كۆچبه‌رانى سلێمانى به"وشه"ى راگه‌یاند، رۆژی شه‌شی نیسانی 2016 ده‌ستبه‌كار بووه و ئه‌و بابه‌ته پێش ده‌ست به‌كاربوونى ئه‌و له ساڵی 2013 هه‌بووه كه قه‌ره‌بووى ئاواره‌كانى ئێران كراوه، ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك بڕی 20ملیۆن دیناریان وه‌رگرتووه، دواتر بڕیاره‌كه راگیراوه و گوتی، " له‌م ماوه‌ى ده‌ست به‌كاربوونى من، به نووسراوى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ناوخۆی هه‌رێم، ئاگاداری كردین كه دۆسیه‌ى قه‌ره‌بوو وه‌رگرتنه‌وه ڕاگیراوه به‌هۆى نه‌بوونى پاره و نه‌ناردنى بودجه له‌لایه‌ن به‌غدا و هاوكات كاركردنى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى له‌و دۆسیه‌یه‌دا.
باباڕه‌سووڵ له‌باره‌ى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه روونی كرده‌وه كه له ماوه‌ی رابردوودا هه‌ندێك كه‌سی هه‌ڵه‌بجه‌یی هاتنه لامان و یاداشتیان نووسی له‌باره‌ى دۆسیه‌ى قه‌ره‌بووه‌كانیان، ئێمه‌ش ئاراسته‌ى سه‌ره‌وه‌مان كرد و پاشان لیژنه‌یه‌ك پێك هات و وه‌ڵامى دانه‌وه له‌وباره‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ئه‌وه‌ی له2013 هه‌بووه، تایبه‌ت نه‌بووه به هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵكو به‌گوته‌ی ئه‌و "به‌پێی ڕێنوێنی بوو بۆ ئه‌وانه‌ی ئاواره‌ی ئێران بوون".
به‌ڵام به‌پێی به‌دواداچوونى "وشه" ده‌ركه‌وت ئه‌و یاسایه له2013 له په‌رله‌مانی عێراق ده‌رچووه و تایبه‌ته به‌و هاووڵاتییانه‌ی له راپه‌ڕینى باشوورى عێراق ئاواره‌ى كه‌مپی رفحاو له سعوودیه بوون و ئه‌و ههڵهبجهیییانهی ئاواره‌ى ئێران بوون، ئه‌مه پێوه‌ندی نییه به‌و قه‌ره‌بووه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كۆچ و كۆچبه‌رانى هه‌رێم به به‌شێك له هاووڵاتییانى كوردستانی داوه كه ئاواره‌ى ئێران بوون، ئێسته دۆسیه‌كه له ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ به‌هۆی هه‌بوونی گومان له‌سه‌ر جۆری سوودمه‌ندانی قه‌ره‌بووه‌كه.
عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌و یاسایه‌ی بینیوه و به‌گوته‌ی خۆی "به‌دواداچوونى سه‌ره‌تاییم كرد، بۆم ده‌ركه‌وت خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه لێی سوودمه‌ند نه‌بوون و گومانم هه‌بوو یاسای دژی هه‌بووبێت، به‌ڵام دواى زیاتر به‌دواداچوون بۆم ده‌ركه‌وت هیچ یاسایه‌كى دژی نییه، بۆیه سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌م كرد و زانیم خه‌ڵك ئاگادارى ئه‌و یاسایه نین كه ده‌توانن قه‌ره‌بووی پێ وه‌ربگرنه‌وه".
"راستییه‌كه‌ی نازانم بۆ كار به‌و یاسایه نه‌كراوه، به‌ڵام گرنگه خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه به‌دوایدا بچن چونكه ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌یه و به‌پێی ئه‌م یاسایه هه‌ڵه‌بجه‌یییه‌كان وه‌ك زیندانى سیاسی سوودمه‌ند ده‌بن و حكوومه‌تی عێراق پابه‌ند كراوه به جێبه‌جێكردنی و هیچ پێوه‌ندی به كێشه‌ی هه‌رێم و به‌غداوه نییه". په‌رله‌مانتاره‌كه وای گوت.
ورده‌كاریی زیاتری خسته ڕوو، "هه‌موو ئه‌وانه‌ى له هه‌ڵه‌بجه‌وه ئاواره‌ی ئێران بوون، یان له ئێران له دایك بوون و تا ئه‌و ماوه‌ی له ئێران بوون سوودمه‌ند ده‌بن له‌م یاسا و مووچه‌یان بۆ ده‌بڕێته‌وه، نه‌ك ته‌نیا سه‌رۆك خێزان، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌یه، بۆیه پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ خه‌ڵك و نابێت كۆڵی لێ بدرێت تا خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه به‌و مافه ده‌گه‌ن".
هه‌ڵه‌بجه - شه‌فیق بانیشارى