یاریی به‌ دۆخی ته‌ناهی ده‌كه‌ن
شانه‌كانی داعش له‌ عێراق ده‌خه‌ون و هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌

:: AM:09:21:27/01/2018 ‌
لە نێوان بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە ویلایەتی كالیفۆرنیا و سەربازگەی فڕۆكەخانەی ڕۆژئاوای بەغدا، گرووپێك لە ئەفسەرانی ئەمەریكی و عێراق دەیانەوێ نەخشەڕێیەكی نوێ بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، دوای ئەوەی لە رووی سەربازییەوە شكستی تەواو بە تیرۆریستانی داعش هێنرا، توانرا تەواوی ناوچەكان لە دەست داعش ڕزگار بكرێنەوە، دەسەڵاتی سەربازیی عێراق هیواخوازە بە خێرایی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش جێبەجێ بكرێ و هەڵمەتی ڕووپێو و شرۆڤەی زانیاری بە یارمەتی یەكەیەكی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئەو كارە ئەنجام دەدرێ، ئامانج لێی كێوماڵكردنێكی ورد و گشتگیرە لە ناوچەكانی باكور و ڕۆژئاوای عێراق و بەغدا، كە پێشبینی دەكرێ پاشماوەكانی داعش لەو ناوچانە بوونیان مابێ و ژمارەی چەكدارەكانیشیان بە هەزار كەس مەزەندە دەكرێ.

جەنەراڵێكی سەربازیی عێراق بە ڕۆژنامەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاندووە، تا ناوەڕاستی ئەو مانگە ژمارەی چەكداران هەزار كەس مابوونەوە لە عێراق، لەو ڕێژەیەیش 20% چەكداری بیانی ناو ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بوون، ئەوان لەناوچە بیابانەكانی عێراق و زنجیرە چیای حەمرین و ناوچەكانی نێوان مووسڵ و حەدیسە لە باكور و ڕۆژئاوای عێراق كە بە ناوچەكانی جەزیرە و بادیە ناو دەبرێن، جێگیر بوون.

زیاتر گوتی، نیوەی ئەو چەكدارانەی داعش لە عێراق ماون، شانەی نوستوو و ناچالاكن، ئەوەی تریشیان بە ئاگان و هێرش دەكەن و گورز دەوەشێنن، ئەوەی لە دیالە و مووسڵ و كەركووك و هیت لە دوو هەفتەی ڕابردوو بینیمان، ئەوانەن كە چالاكن و جموجۆڵ ئەنجام دەدەن.

بەرپرسێكی تری عێراق بۆ ڕۆژنامەكە دووپاتی لەوە كردەوە، چەندان خاڵ و هەنگاوی گرنگ لە نێوان ئەمەریكی و عێراقییەكان دیاری كراون، بۆ نەهێشتنی پاشماوە و شوێنەوارەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، یەكێك لەوانە دامەزاندنی بانكێكی كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر هەر چەكدارێك و كەسانی نزیك لەو چەكدارە و شوێنی نیشتەجێبوون و چاودێری كەسە نزیكەكانی، جیا لەوەیش پاداشتی دارایی بۆ ئەو كەسانە تەرخان دەكرێ، كە یارمەتی هێزەكان دەدەن، جیا لەوەیش بە وردی چاودێری تەلەفۆنی كەسە نزیكەكان دەدەن و بڕیاری دادگایش بۆ ئەو مەبەستە هەیە و لەگەڵ كۆمپانیاكانی پێوەندیكردن و هەواڵگری عێراق گوێ لە پێوەندی ئەو كەسانە دەگیرێ كە گومانیان لەسەرە، پێشبینی دەكرێ چالاكییەكانی داعش بۆ ماوەی دوو ساڵی تریش لە عێراق بەردەوامیان هەبێ، بەڵام وردە وردە بەگوێرەی كات ڕوو لە كزی و بێهێزی زیاتر دەكەن.

بەشێك لە چەكدارەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیش وازیان لە ڕێكخراوەكە هێناوە، بە تایبەت لە پارێزگای ئەنبار و نەینەوا، ئەوان چەكیان لە ماڵەكانی خۆیان هێشتووەتەوە و بۆ حاڵەتی لەناكاو هانای بۆ دەبەن، لەگەڵ ئاوارەكانیش خۆیان تێكەڵ كردووە و چوونەتە كەمپەكانی نیشتەجێكردنی ئاوارەكان لە سەرانسەری وڵاتەكە، بۆیە بە وردی لێكۆڵینەوە لەم پرسەیش دەكرێ، هەموو ئەوانەی خۆیان حەشار داوە، دەدۆزرێنەوە و ئاشكرا دەكرێن.

عەقید فازڵ دلێمی فەرماندە لە سوپای عێراق و بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای عێراق، ژمارەیەكیان چەكیان لە ماڵەوە شاردووەتەوە و ڕیزی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان بەجێ هێشتووە، بەڵام بە شەڕ و كوشتنیش ئاڵوودە بوون و ڕۆژانە كردەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن، بە گشتی زیاتر لە سێ هەزار كەسی خەڵكی كەركووك و ئەنبار و نەینەوا و شارەكانی تر تێوەگلاون و پێوەندییان بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كردووە، بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریان بۆ كردوون، بەشێكیشیان لە دیوانەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كاریان كردووە، وەك دیوانی حەسەبە و زەكات و كشتوكاڵ، هاوكات هەندێك لەوانە لە بەشی چاككردنەوە و بەرهەمهێنانی چەك و مووشەك كاریان كردووە، ئەو بەشە پێویستە بە وردی كاریان لەسەر بكرێ و بەخێرایی بگیرێن و لە گرتووخانەكان بهێڵرێنەوە تا دادگا بڕیاریان لەسەر دەدات.

شەمووی ڕابردوو سەرۆكی یەكێك لە هۆزەكانی شارەدێی هیتی ڕۆژئاوای ئەنبار یەكێك لە ئەندامانی عەشیرەتەكەی ڕادەستی سوپای عێراق كرد و پێی ڕاگەیاندن، ئەو دەستی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش تێكەڵ كردووە و لە دیوانی حەسەبە لەگەڵیان كاری كردووە، ڕێی لە خەڵك گرتووە جگەرە بكێشن و جلی ڕۆژئاوایی لەبەر بكەن و هەمووانی ناچار كردووە نیقاب بپۆشن.

بەگوێرەی ئامار و زانیارییە هەواڵگرییەكان، لە سەرەتای كانوونی دووەم/یەنایەری ساڵی 2015 ژمارەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بە 29 هەزار تیرۆریست هەژمار كراوە و ئەو ژمارەیە لەسەر ڕووبەری 174 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی عێراق ماونەتەوە و دەسەڵاتیان هەبووە، ژمارەی ئەوانەیشی بە كردەیی كوژراون و بە بەڵگەوە دووپات لە كوشتنیان كراوەتەوه لەو كاتەوە تا ئێستە، بریتییە لە 12 هەزار كەس.

ڕۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 تیرۆریستانی داعش هاتنە عێراق و لە ماوەی چەند سەعاتێك دوای هەڵاتنی 60 هەزار چەكداری سوپا و هێزەكانی ناوخۆ، مووسڵیان داگیر كرد و دواتر بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد و تا دەروازەكانی بەغدایان كۆنتڕۆڵ كرد، پاشان لە مانگی ئاب/ئۆگستس دەستیان بە پەلاماردانی كوردستان كرد، بەڵام بۆ یەكەمجار تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگەی كوردستان تێكشكێنران و لە قۆناغی بەرگرییەوە پێشمەرگە دەستی بە هێرشكردن كرد و چەندان ناوچەیان لە تیرۆریستان پاك كردەوە.

لە مانگی ئۆكتۆبەری 2016 بە دەسپێشخەری پێشمەرگە و بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و پێشمەرگە بە قووڵایی 10 كیلۆمتر و بە درێژایی 200 كیلۆمەتر هێڵی پێشەوە و بەرگری تیرۆریستانی تێكشكاند و دواتر هێزەكانی عێراق دەستیان بە پێشڕەوی بۆ ناوەوەی مووسڵ كرد و تا لە 24 كانوونی دووەم/یەنایەری 2017 بەری چەپی مووسڵیان ڕزگار كردەوە و لە 19ی ئاب/ئۆگستسیش شەڕی ڕزگاركردنەوەی بەری ڕاستی شارەكە دەستی پێ كرد، لە 19 كانوونی یەكەم/دیسێمبەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆتایی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستەیش تیرۆریستانی داعش لە عێراق ماون و بەردەوام چالاكی لە ناوچە جیاجیاكان ئەنجام دەدەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د