خاوەنی 20 ملیار دۆلارە
وەلید بن تەلاڵ ئازاد دەكرێت

:: AM:09:51:27/01/2018 ‌

وەلید بن تەلاڵ شازادە و ملیاردێری سعوودیە كە لە ئاكامی هەڵمەتێكی چاكسازی حكوومەتی سعوودیە لەگەڵ دەیان شازادەی تر گیرا، ئاشكرای كرد لە چەند رۆژی داهاتوودا ئازاد دەكرێت.

رۆیتەرز سەردانی زیندانەكەی وەلیدی كردووە كە یەكێكە لە هوتێلە ناسراوەكانی ریاز، بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەو گوتوویەتی، بەمزووانە ئازاد دەكرێت و بێتاوانی خۆی سەلماندووە و هیواداریشە زوو بچێتەوە سەر كارەكەی.

وەلید بن تەلاڵ رەتی كردووەتەوە توندوتیژی بەرانبەر كرابێت. ئەو  یەكێكە لە دەوڵەمەندترین پیاوانی دنیا و بە فەرمانی كۆمیتەی خەبات دژی گەندەڵی سعوودیە دەستبەسەر كرابوو. كۆمیتەكە جگە لە وەلید بن تەلاڵ، دەیان شازادە و وەزیر و بەرپرسی باڵای تری گرتبوو و تەنانەت هەژماری بانكی سەرجەمیان داخستبوو.

وەلید بن تەلاڵ نەوەی عەبدولعەزیز ئال سعوودە كە بە دامەزرێنەری سعوودیە هەژمار دەكرێت. سامانی ئەو شازادەیە بەگوێرەی گۆڤاری فۆربس و دامەزراوەی بلوومبێرگ دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار. باپیری وەلید لە دایكەوە ریاز سوڵح سەرۆك وەزیرانی پێشتری لبنانە دوای سەربەخۆیی ئەو وڵاتە، بۆیە بنەچەی تەلاڵ كوڕی عەبدولعەزیز لە وەرگرتنی هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێبەش كراون و فتوای ئەوە لە لایەن شای سعوودیەوە درا، كوڕ و نەوەكانیشی هەتاهەتایە لە دەسەڵات بێبەش بكرێن، بەڵام نازناوی ئەمیریان لێ نەستێنرایەوە.

هۆكاری ئەو فەرمانە تەنیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تەلاڵی باوكی وەلید لە بنەماڵەیەكی لبنانی ژنی هێنا و فەرمانی شای پێشێل كربوو كە داوای كردبوو كچێكی تری بنەماڵەكە بخوازێت.

تەلاڵی باوكی وەلید كە بە شازادەی سوور ناوبانگی دەركردووە، لە دژبەرانی حكوومەت و سیاسەتەكانی پاشاكانی سعوودیە بووە و تەنیا لەگەڵ شا عەبدولعەزیزی دامەزرێنەر كۆك بووە، بۆیە چەندان ساڵ بۆ دەرەوەی وڵات دوور خراوەتەوە.

سەرەڕای ئەمە ئەو پێوەندییەكی خۆشی لەگەڵ شای سعوودیە و بنەماڵەی پاشایەتی هەبوو. دوای بەدەسەڵات گەیشتنی ئامۆزایەكی، پێگەی ئەویش گۆڕانكاری بەسەر هات.

وەلیدی كوڕی تەلاڵ هەرگیز رووی لە دەسەڵات نەكرد و بەدوای بازرگانی كەوت و ئەو سامانەی وەلید هەیەتی تەنیا بە بازرگانیكردن بەدەستی هێناوە.

 جگە لەوەی لە بوارەكانی  بازرگانی و هوتێلداری و بیناسازی و میدیادا وەبەرهێنانی كردووە، لە هەمان كاتدا لە زۆرێك لە كۆمپانیاكانی دنیاش پشكی هەیە و لە گرنگترینیان تویتەر و كورپورێشن و هوتێلەكانی فۆرسێنزە.

كۆمپانیای هۆلدینگ كینگدام هی ئەوە و پێشتریش لە هەریەك لە كۆمپانیاكانی مەكدۆناڵدز، كۆكاكۆلا، پیپسی، ئەی بی، ئەپڵ و ئامازۆن وەبەرهێنانی كردووە.

وەلید بن تەلاڵ بە هۆی ئەوەی كەسێكی لیبراڵە لە ناو بنەماڵەی پاشایەتی سعوودیە بەتایبەت ئەوانەی كۆنەپارێز و مەزەوین، دژایەتی دەكرێت.

  یەكێك لەوانە خالد بن تەلاڵی زڕبرایەتی كە وەلیدی بە درۆزن و پێشێلكردنی یاساكانی شەریعەت تۆمەتبار كردبوو و داوای كردبوو دەسەت بەسەر سامانەكەیدا بگیرێت.

وەلید كە تەمەنی ٦٢ ساڵە، لە هەمان كاتدا خەڵكێكی زۆری سعوودیە بەتایبەت ئەوانەی زۆر مەزەویی نین، خۆشیان دەوێت.

وەلید بن تەلاڵ بە كەسێكیش بە ناوبانگە كە دژایەتی سەرسەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات و چەندان جار داوای لە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی كردووە سزای ئێران بدەن و پاڵەپەستۆی بخەنە سەر. ئەو حەزی لە میدیایە و زۆرترین پشكەكانی هەریەك لە كەناڵەكانی فۆكس نیوز، رۆژنامەی تایمز و وال ستریت جۆرناڵ هی ئەون.

 ئەو چوار ساڵ لەمەوبەر كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی بە زمانی عەرەبی بنیات نا كە تەمەنی تەنیا یەك شەو بوو. كەناڵی ئەلعەرەب كە بڕیار بوو كەناڵێكی سەربەخۆ بێت، لە بەحرێن دەستی پێ كرد و دواتر بە بیانووی ئەوەی كێشەی تەكنیكی هەیە داخرا. دواتر باس لەوە كرا كە حكوومەتی سعوودیە گوشاری خستە سەر بەحرێن و پێی داخست.

وەلید سەردەمێك بە تایبەتی لە دەیەی نەوەتەكان دۆستایەتی لەگەڵ ترەمپدا هەبوو و تەنانەت كەشتییەكی بە دیاری بە ترەمپ دابوو، لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردنی ئەمەریكا ئەو دژایەتی ترەمپی كرد و بە فەرمیش داوای لە ترەمپ كرد واز لە خۆپاڵاوتن بهێنێت.

لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردن، وەلید بە ترەمپی گوت مایەی نەنگییە بۆ ئەمەریكا و ترەمپیش وەڵامی دایەوە و گوتی ئەگەر ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا، هەوڵ دەدات رێگری لە چالاكییەكانی وەلید بكات و لێ ناگەڕێت بە پارەی باوكی سیاسەتمەدارانی ئەمەریكا كۆنترۆڵ بكات.

كەسانی نزیك لە وەلیدیش هەڵبژاردنی ترەمپیان بە زیانێك بۆ سەر سعوودیە هەژمار كرد و گوتیان، ترەمپ تەنیا چاوی لە سامانی سعوودیەیە. هەڵبەت دوای ئەوەی ترەمپ بوو بە سەرۆكی ئەمەریكا وەلید بن تەلاڵ پیرۆزبایی لێ كرد.

وەلید بە ناسراوترین و گەورەترین كەسایەتی سعوودیە هەژمار دەكرێت كە هەموو كات حەزی كردووە لە وڵاتەكەی چاكسازی بكرێت.




وشە - سلێمان تاشان