خواردنی خۆراكە ڕەنگ ئەرخەوانییەكان بۆچی باشە؟

:: PM:01:32:01/04/2018 ‌
میوە و سەوزەی ڕەنگدار پڕن لە دژە ئۆكسید كە توانای پاراستنی خانەكانی لەشیان هەیە لە كاریگەریی زیانبەخش و ڕەگە ئازارەكان دوورمان دەخەنەوە، لێرەدا باس لە سوودەكانی خواردنی خۆراكە ئەرخەوانییەكان دەكەین كە زۆر بەسوودن بۆ لەش و پێویستە لە خۆراكی رۆژانەدا هەبن.

میوە و سەوزە ئەرخەوانییەكان جۆرە ڕەنگێكی دیارییان هەیە و پڕن لە دژە ئۆكسیدی ئانتۆسانینس، ئەم جۆرەی دژە ئۆكسید تەنیا لەو میوە و سەوزانەدا هەیە كە ڕەنگێكی تۆخیان هەیە، شارەزایان دەڵێن، ئەم جۆرەی دژە ئۆكسید زۆر گرنگە لە لەشدا هەبێت، چونكە فشاری ئۆكسان لە خانەكانی خوێن كەم دەكەنەوە و ڕێگا لە هەوكردن دەگرن، دژە ڤایرۆس و دژە شێرپەنجەیەكی بەهێزن.

ئەو میوە و سەوزانەی ڕەنگێكی تۆخ یان ئەرخەوانیان هەیە و پڕن لەم جۆرەی دژە ئۆكسید بریتین لە "باینجان، ئاڵوباڵو، تووترك، چەوەندەر، گێلاس، تووی فەرەنگی، كەلەرمی سوور، سێوی سوور ، پیازی سوور.

سوودەكانی میوە ئەرخەوانییەكان بۆ لەش چییە؟
یەكەم: پیربوون دوا دەخەن، بەهۆی بوونی ئەو دژە ئۆكسیدەی تێیدایە، فشاری ئۆكسان كۆنتڕۆڵ دەكات، كرداری پیربوون هێواش دەكاتەوە و ڕێگا لە درووستبوونی چرچی پێست دەگرێت و نەرمی پێست زیاد دەكات و زۆر بەسوودە بۆ شلەی جومگەكانی لەش و ڕێگا لە وشكبوونەوەیان دەگرێت.

دووەم: مەترسییەكانی شێرپەنجە كەم دەكەنەوە، زانایان دەڵێن دژە ئۆكسیدی ئانتۆسانینس تایبەتمەندی دژە شێرپەنجەی نایابی هەیە و یارمەتی كەمكردنەوەی زیانەكانی قوورسترین جۆری شێرپەنجە دەدات و ڕێ لە زیادبوونی دەگرێت.

سێیەم: مەترسیەكانی نەخۆشی دڵ كەم دەكەنەوە، ئەو جۆرە میوە و سەوزانە مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ كەم دەكەنەوە، بەهۆی بوونی ئەو دژە ئۆكسیدەی تێیدایە یارمەتی كۆنتڕۆڵكردنی فشاری خوێن دەدەن و ڕێ لە بەرزبوونەوەی كۆڵیسترۆڵ دەگرێ.

چوارەم: جگەر لە زیان دەپارێزێت، جگەر گرنگترین ئەندامی لەشە هەموو ژەهری لەش لە جگەردا كۆ دەبێتەوە و چەندان فرمانی تری گرنگ ئەنجام دەدات، بەڵام خواردنی ئەو خۆراكانەی كە ئەم جۆرە دژە ئۆكسیدەیان تێدایە وەكو بەرگێكی پارێزەر پارێزگاری لە جگەر دەكات لە زیان دەیپارێزێت.



وشە - ئاوات ئازاد