سه‌ردانیكردنی به‌شی بووژانەوەی دڵ لە سلێمانی زۆرترین ڕێژه‌ى تێپه‌ڕاندووه‌

:: AM:08:56:18/05/2018 ‌
بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی كه‌ كۆپییه‌كى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، تێیدا هاتووه‌ لەماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا 3443 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی پسپۆڕییەكانی دڵیان لە شاری سلێمانی كردووە، كە لەو ڕێژەیە 983 نەخۆش قەستەرەیان بۆ كراوە و 745 حاڵەتی تریان باڵۆنی بۆ دانراوە.

بەپێی ئامارەكە لەمساڵدا لە نەخۆشخانەی پسپۆڕییەكانی دڵ 1484 ئیكۆ بۆ نەخۆش كراوە، جگە لەمەش 187 تردمیل و197 هۆلتەر كراوە، هەروەها 92 نەشتەرگەری جۆراوجۆر  ئەنجام دراوە و 1600 حاڵەتی بووژانەوەی دڵ ئەنجام دراوە.

نەخۆشییەكانی دڵ لە ئەنجامی كەمبوونەوەی لێدانی دڵ یان كەم ڕۆیشتنی خوێن و ئۆكسجین بۆ ماسوولكەی دڵ، هۆی سەرەكی بۆ تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكانی دڵە كە بە هۆی چەوری ناو بۆڕییەكانی خوێنەوە دروست دەبێت، بەپێی نوێترین توێژینەوە ئەوەیان بۆ دەركەوتووە كە ئێستە لە سەرانسەری دنیا 43.8 ملیۆن ئافرەت بەدەست نەخۆشییەكانی دڵەوە دەناڵێنن.

خانمان ڕێژەی توشبوونی نەخۆشی دڵی زیاترە وەك لە پیاوان و مەترسی مردنیشیان زیاترە، نەخۆشییەكانی دڵ كاتێك تووشی پیاوان دەبن  زۆر بەهێز و توند نین و ئەگەری ڕزگاربوون لێیان و چارەسەربوونیان زیاتر بە بەراورد لەگەڵ تووشبوونی ئافرەتان بەم نەخۆشیانە، بۆ ئەوەی تووشی ئەم نەخۆشیانە نەبن.


وشە - محەمەد میران