گەندەڵی ڕێ لە گەیشتنی دەرمان بە تووشبوانی شێرپەنجە لە عێراق دەگرێ

:: PM:03:34:26/05/2018 ‌


لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، كابینەی حكوومەت خۆی بە كابینەی نوێ دەسپێرێت، بەڵام هیچ لە دۆخی نەخۆشانی تووشبوو بە شێرپەنجە نەگۆڕاوە و بە بەردەوام كەمی دەرمانیان هەیە، هەندێك جار هەر دەستیان ناكەوێت، ئەمە وایكردووە وەزارەتی تەندروستی بە وەزارەتی مەرگ ناو ببەن.

لەماوەی سێ هەڵبژاردنی رابردوودا كە بەدوای خۆیدا سێ حكوومەتی نوێی هەڵبژاردووە و ئێستەش مشتومڕ لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەكرێت، بەڵام هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە كابینەكانی حكوومەت لە ماوەی 15 ساڵی رووخانی رژێمی بەعس ئەنجام دراوە، بە وەزارەتی تەندروستیشەوە نەیتوانیوە هیچ لە دۆخی تووشبووان بە شێرپەنجە بگۆڕێت بە پێچەوانەوە بەهۆی كەمی یان نەبوونی دەرمان و پێداویستی تایبەت، نەخۆشەكان لە چاوەڕوانی مەرگن لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەكان یانیش رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن بەتایبەت ئوردن و توركیا و ئێران.

بەهۆی پیسبوونی ژینگەی عێراق بەتایبەت لەدوای هاتنی شەڕی داعش و لێكەوتەكانی شەڕەكانی لە 2003ەوە بەدواوە، ئەوا كاریگەری گەورەی داناوە لەسەر تووشبوونی هاووڵاتییان بە شێرپەنجە. ئامار و راپۆرتەكانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ساڵی 2017 ئاماژە بەوە دەكات تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە ساڵانە لە بەرزبوونەوەیەكی زۆر بەرچاودایە، ساڵی رابردووش دوو هەزار و 500 هاوڵاتی تووشی شێرپەنجە بوونە.

هەفتەی رابردوو سەتان تووشبوو بە نەخۆیشی شێرپەنجە لە بەردەم ناوچەی سەوز كە باڵەخانەكانی حكوومەتی لێیە، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، ماوەی چەند رۆژێكیشە لەسەر خۆپیشاندانەكانیان بەردەوامن و داوای چارەسەری دەكەن و داواش دەكەن لەو هەڵوەرینە و چوون بەرەو مەرگە رزگاریان بكەن، بەڵام حكوومەت هەر وەڵامیشی نەداونەتەوە.

حەسەن لازم یەكێك لە تووشبووان بە شێرپەنجە، دەڵێ ماوەی سێ ساڵە شێرپەنجەم لە خوێن هەیە، چارەسەری تەنیا لە نەخۆشخانەی "مدينة الطب"ی بەغدا هەیە.

حەسەن ئاماژەی بەوە دا ماوەی حەوت مانگە هیچ چارەسەرێكی وەرنەگرتووە، گوتی "هەندێك لە دكتۆرەكان چارەسەرەكانمان دەدزن و لە بازاڕی رەشدا دەیفرۆشنەوە، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كارگێڕی نەخۆشخانە و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی".

زیاتر گوتی "ویستم چەند سی سییەك بكڕم بۆ چارەسەری نیو مانگیم، بەڵام نەمتوانی بەهۆی گرانی نرخەكەی كە بازرگانەكانی بازاڕی رەشی پزیشكان داوای 650 هەزاریان لێ كردم بۆ یەك چەند سی سییەك كە بۆ یەكجار بەكار دەهێنرێت".

حەسەن یەكێك لەو نەخۆشخانەی لە "مدينة الطب" لە چاوەڕوانی چارەسەردایە، بەڵام رۆژ دوای رۆژ نەخۆشییەكەی تاوی بۆ دێنێ و نەبوونی چارەسەریش هاوشێوەی زۆرێكی تر نزیكتری دەكاتەوە لە مەرگ. ئەو زیاتر گوتی "لە ساڵانی رابردوودا هەرچی هەم بوو فرۆشتم و داومە بە چارەسەر، تەنانەت ئۆتۆمبێل و زەوییەكەشم فرۆشت، ئێستەش ئیفلاسم كردووە و پارەشم نییە نەخۆشییەكەمی پێ چارەسەر بكەم، بۆیە ئێستە هەر نەخۆشییەكەم ئازارم نادات، بەڵكو ئیفلاسبوون و بێ پارەیی و گەندەڵی پزیشك و وەزارەتی تەندورستی عێراقیش ئازارم دەدەن".

زەید ئەلهلالی 29 ساڵان، یەكێكی ترە لە تووشبووان بە نەخۆشیی شێرپەنجە، ئەو ناوی وەزارەتی تەندروستی بۆ وەزارەتی "مردن" گۆڕیوە كە پێی وایە دەرمانی نەخۆش و تووشبووانی بە شێرپەنجە شاردووەتەوە و نایداتە بە نەخۆشەكان، لەولاوەش هەمان دەرمان دەداتەوە بە بازرگانانی بازاڕی رەش و ئەوانیش بە نرخی خەیاڵی دەیانفرۆشن.

زەید گوتی "رۆژانە تووشبووان بە شێرپەنجە بەهۆی گەندەڵییەكانی وەزارەتی تەندروستی گیان لە دەست دەدەن، ئێمەش لێرە چاوەڕێی مەرگین، بۆیە ئەگەر زوو دەرمان و چارەسەریمان بۆ نەیەت، ئەوا مەرگمان بۆ دێت".

ئەو نەخۆشە 29 ساڵییە، بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە وەك خۆی دەڵێت كاری لە دەست داوە، ئەوەش دەخاتەڕوو ئێستەش چاوەڕێم گیانم لە دەست بدەم، گوتی "هەرچەند جارێك تەماشای خێزانەكەم دەكەم گریانم دێت كە بەمردنی من دەبێتە بێوەژن، سێ مناڵەكەشم دەكەونە خانەی بێ نەوایان"،. گوتی "پێش ئەوەی خۆپیشاندان بكەین، زۆرمان هاوار كرد، زۆرمان داوا كرد كەس گوێی لێ نەگرتین، بۆیە بەناچاری رژاینە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانمان كردووە، بە بەرپرسان دەڵێین ئێمەش ژیانمان خۆش دەوێت".

حاجی ئەبو عەلا‌و بە گریانەوە باس لە ئازاری كوڕە 13 ساڵەكەی دەكات كە دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجە بووە، ئەو قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ دووساڵ پێش ئێستە كوڕەكەی دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجەی مێشك بووە، هیوامان پێی هەبوو كە چارەسەر دەكرێت، بۆیە سەردانی دەرەوەی وڵاتمان كرد، هەرچی پارە هەمان بوو خەرجمان كرد، خوداش هێشتا شیفای كوڕەكەمی نەداوە.

حاجی ئەبو عەلا‌و روونی كردەوە كە بەهۆی خراپتربوونی دۆخی نەخۆشییەكەی، بەناچاری كوڕەكەی لە قوتابخانە و خوێندن هێناوەتەدەر، گوتی "ئاخر بەهۆی نەخۆشییەكەوە شێوە و رووخساری گۆڕان، هەرچی موو بە جەستەی هەبوو، هەموو لێ بووەتەوە، ئەمە وایكرد قوتابخانە بەجێ بهێڵێ".

زیاتر گوتی "خۆپیشاندانمان كردووە بەڵكو حكوومەت بەخۆیدا بچێتەوە و چارەسەری نەخۆشەكانمان بكات، هیوادارین هەموو ئەوانەی بەرپرسن لەو دۆخە بدرێنە دادگا".

پرسی نەبوونی دەرمان بۆ نەخۆشانی تووشبوو بە شێرپەنجە كە بەهای دەرمانەكانیان لە بازاڕدا زۆر گرانە، یەكێكە لەو پرسانەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستانیش بووەتەوە، لە 19ی شوباتی ئەمساڵ، سەدان نەخۆش و كەسوكاری نەخۆش خۆپیشاندانێكیان بۆ بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر رێكخست بەهۆی بڕین و نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە دەرمان بە گشتی و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەن و درمەكانی وەك شێرپەنجە بە تایبەت.

دكتۆر دۆستی نەجات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" رای گەیاند پشكی كوردستان لە دەرمانی شێرپەنجە، ئێستە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە تەنیا 20%ی رەوانە دەكرێت. گوتی "ئەوەی تری لە رێی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یان خێرخوازان یان ئەو سندووقەی دامانناوە و خەڵك  كۆمەكیمان دەكات، دەرمان بۆ نەخۆشەكانمان دابین دەكەین".



وشە - فه‌رمان سادق